٧٥ ساڵ خەبات و تێکۆشانی یەکیەتیی ژنان نیشانەی بەردەوامی خەباتی نەتەوەیی و یەکسانیخوازی ژنانە

پەیامی پیرۆزبایی بۆ یادی دامەزرانی ٧٥ ساڵەی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان

بەرێزان کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنان

سەرەتا بە بۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی ڕیکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنان و کادر و ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوەکەتان دەکەم و هیوادارم کە هەردەم لە گەشە و لە پێشکەوتن دابن.

دامەزرانی رێکخراوەی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان یەکێک لە دەسکەوتە گرینگ و دیارەکانی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانە. ڕۆژی ٢٤ ی ڕەشەمەی ١٣٢٤ ی هەتاوی پێش ئەوەی بەهاری ڕەنگینی کوردستان دەست پێ بکات، بەهاری کوردان لە ٢ی ڕێبەندانی ئەو ساڵەدا جوانی و سەوزایی و بۆن و بەرامی تازەی لە کوردستان دا بڵاو کردبۆوە و گوڵێکی جوان و ڕازەوەی بە ناوی ” حیزبی ژنانی دیموکڕاتی کوردستان ” لە بەرۆکی ژنانی کورد و مرۆڤە یەکسانیخوازەکان دابوو، ئەو دەسکەوتە گرینگە بوو بە چەخماخەی شۆڕشێکی نوێ بۆ ژنان و بە تایبەت ئەوانەی خولیای کاری ڕێکخراوەیی بوون.

لە ٧٥ ساڵ پێش ئێستا دا دامەزرانی ڕێکخراوەی ژنان وێرای تابۆ شکاندنی کۆمەڵگای کوردستان لە هەمان کاتدا بیری پێشکەوتنخوازانەی کۆماری کوردستان و شەخسی شەهید پێشەوا قازی محەممەد و ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی نیشان دەدا. هەر لەم کات و ساتەدا ناکرێ ڕۆڵی پێشەنگی و بوێری نەمر زیندەیاد خاتوو مینا قازی و بەشێک لە ژنانی بوێری ئەو سەردەم نەبینن، هاتنە مەیدانی پۆلێک ژنی یەکسانیخواز نیشانەی هەست بە بەرپرسایەتی کردن بوو لە ئاست کۆمەڵێک پێشێلکاری لە کۆمەلگای داخراوی ئەو کاتدا و لە هەمانکاتدا بەشداری کردن لە کایەی سیاسی و مەدەنی و ڕێکخراوەیی دا بوو.

حەفتاو و پێنج ساڵ خەبات و تێکۆشانی ڕێکخراوەی ژنان نیشانەی بەردەوامی خەباتی نەتەوەیی و یەکسانیخوازی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، وێرای ئەوە کە لە ماوەی ٧٥ ساڵ دا ڕێکخراوەی ژنان سەرکەوتن و دەسکەوتی مەعنەوی و سیاسی تایبەت بە خۆی هەبووە، لە هەمان کاتدا رێکخراوەی ژنان تووشی نسکۆ و پاشەکشە و وەستانی کاتیش بووە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بۆ ساتێک لە ئامانجەکانی خۆی دەستبەردار نەبووە و پاشەکشەی لە ویست و داخوازی‌یەکانی نەکردووە و لە پێناو ئامانج و درووشمەکانی دا خەباتێکی سەخت و خوێناوی و بەرحەقی بەرێوەبردووە.

لە درێژەی ئەو خەباتە سەختەدا، شەهید بوونی دوو سکرتێری یەک بە دوای یەکی ئەو ڕێکخراوەیە لە مووشەکبارانی ١٧ی خەرمانان دا شەهیدان خاتوو نەسرین حەدداد و خاتوو سوهەیلا قادری ئەگەرچی ئازارێکی بەژان بوو، بەڵام درێژەدانی ڕێگای پڕ سەروەری و هەستانەوەی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە ژێر ئەو بارە قورسەدا، هیوا و ئومێدی زیاتری بە ژنان و بە یەکسانیخوازان بەخشی و ئەو ڕێکخراوەیە کە یادگاری کۆماری کوردستانە زیاتر خۆشەویست کرد و بە خۆشیەوە هەر ئێستا بە هەزاران ژن و پیاوی یەکسانیخواز لە دەوری بازنەی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان دا کۆبوونەوە و خەباتی خۆیان بۆ وەدەستهێنانی ماف و ئازادی‌یەکانیان درێژە دەدەن.

لەو یادە پیرۆزەدا سەری ڕێز بۆ هەموو ئەو ژنە خەباتکارانە دادەنوێنم کە لە سەنگەری پێشمەرگایەتی و لە سەنگەری ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنان دا خەبات دەکەن و لەو ریگایەدا شەهید بوون، سەری ڕێز بۆ ئەو ژنە بوێر و خەباتکارانەی کورد دادەنوێنم کە لە سەر بیری سیاسی و ئازادیخوازی ، یەکسانی ، کاری ڕێکخراوەیی و مەدەنی لە نێوخۆی وڵات دا لە ژێر هەڕەشەی گیران و زیندان دا خەباتی خۆیان درێژە دەدەن و ئێستا بە تاوانی کاری خۆبەخشانە لە گرتووخانەکانی رژێمی ئێران دان.

سڵاو لە ژنانی خەباتکاری کورد

سڵاو لە یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان

جارێکی دیکەش ئەم ڕۆژە لە گشت لایەک پیرۆز دەکەم و بە هیوای ئەو کە ژنی کورد بە ئامانجەکانی خۆی کە ئازادی و یەکسانی‌یە بگات.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٢٤ ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ ی هەتاوی

بەرامبەر بە ١٤ ـ ٠٣ ـ ٢٠٢١ ی زائینی