راگه‌یه‌ندراوی حیزبی دیموکراتی کوردستان به بۆنه‌ی کۆچی دوایی که‌سایه‌تییه‌کی گه‌وره‌ی سیاسی‌و حوقوقیی کورد له تاران
به‌داخ و که‌سه‌رێکی زۆره‌وه ئاگادار بووین که دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی سێ‌شه‌ممه‌ی ڕابردوو ڕێکه‌وتی 10ی ڕێبه‌ندانی 1391ی هه‌تاوی، به‌رامبه‌ر 29ی ژانویه‌ی 2013ی زایینی که‌سایه‌تیی به‌ناوبانگی کورد جه‌نابی یه‌حیا خانی سادق‌وه‌زیری، دادوه‌ری پایه‌به‌رزی دادگوسته‌ری له ته‌مه‌نی سه‌دویه‌ک ساڵی‌دا له تاران کۆچی دوایی کرد. یه‌حیاخان که له مانگی ڕه‌زبه‌ری 1290ی هه‌تاوی‌دا له گه‌ڕه‌کی خوسره‌وئابادی شاری سنه‌و له بنه‌ماڵه‌یه‌کی زۆر به‌ناوبانگی ئه‌و شاره‌دا هاتبووه سه‌ر دنیا، یه‌کێک له دادوه‌ره هه‌ره ناسراوو به‌تواناکانی سه‌رانسه‌ری ئێران بوو. ناوبراو زۆر پۆستی گرنگی له ده‌زگای قه‌زایی ئێران‌دا به‌ده‌ست هێنان که له‌وانه ده‌توانین پۆستی دادستانی دیوانی که‌یفه‌ری، دادستانی ئینتیزامیی دادوه‌ران، ڕاوێژکاری دیوانی وڵات‌و سه‌ره‌نجام پۆستی وه‌زاره‌تی دادگوسته‌ری ناوبه‌رین.
ئه‌م که‌سایه‌تی‌یه پایه‌به‌رزه هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی له پارێزگاری له دادپه‌وه‌ری‌و ماف‌په‌رستی‌دا به‌سه‌ر برد‌و بۆیه‌ش هه‌م له‌ڕێژیمی شاهه‌نشاهی‌و هه‌م له‌کۆماری ئیسلامی‌دا زۆرجار تووشی زیندان‌و ئه‌زیه‌ت‌و ئازار هات. یه‌حیاخان ته‌واوی دارایی خۆی که‌م‌وزۆر وه‌قفی زانکۆی کوردستان‌و خه‌وگه‌ی خوێندکاران کرد‌و ده‌گه‌ڵ خوشک‌و براکانی دیکه‌ی ته‌نانه‌ت ئه‌و خانووه‌شیان که له باوکیانه‌وه بۆیان به‌میرات مابوو، به ئیداره‌ی په‌روه‌رده‌و فێرکردنی کوردستان به‌خشی که له‌وێ ده‌بیرستانێک به‌ناوی ده‌بیرستانی سادق‌وه‌زیری کرایه‌وه.
جێگای باسه ساڵی 1357 کاتێک ئاغای شاپووری به‌ختیار وه‌ک دوا سه‌رۆک‌وه‌زیری ڕێژیمی پاشایه‌تی دیاری کراو له وتاری ده‌ست‌به‌کاربوونی‌دا بێ‌ئه‌وه‌ی ناو به‌رێ، هێرشی کرده سه‌ر گه‌لی کورد‌و گه‌لانی زۆرلێکراوی دیکه‌ی ئێران‌و حیزبی دێموکڕات ناڕه‌زایی له‌و قسانه ده‌ربڕی، ئه‌وه یه‌حیاخانی سادق‌وه‌زیری بوو که به که‌لک‌وه‌رگرتن له جێگه‌وپێگه‌ی خۆی په‌یامی حیزبی ئێمه‌ی به سه‌رۆک‌وه‌زیر ڕاگه‌یاندو ته‌نانه‌ت به‌ڵێنیشی لێ‌وه‌رگرت که جارێکی دیکه هه‌ڵوێستی وا دووپاته نه‌کاته‌وه‌و به‌هه‌قیش هه‌تا ئه‌وکاته‌ی تێڕۆر کرا هه‌رگیز شتی وای لێ نه‌بینراو نه‌بیسرا.
شایانی باسه یه‌حیاخان براگه‌وره‌ی جه‌نابی سارم‌خانی سادق‌وه‌زیری که‌سایه‌تیی سه‌ربه‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستان‌و سه‌راسه‌ری ئێران بوو که ئه‌ویش هه‌روه‌ک یه‌حیاخان دادوه‌رێکی به‌تواناو به‌ناوبانگ بوو که بۆماوه‌ی چه‌ند ساڵ بوو به سه‌رۆکی کانوونی وه‌کیلانی ئێران. جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه که جه‌نابی سارم‌خانیش ڕابردوویه‌کی پڕشانازیی له خه‌بات دژی دیکتاتۆری‌و سه‌ره‌ڕۆیی‌و دیفاع له ئازادی‌و دادپه‌روه‌ری‌دا هه‌یه‌و ناوی بۆ تێکۆشه‌رانی دێموکڕات‌و ئازادیخوازانی کورد ناوێکی ئاشنایه. ساڵی 1330ی هه‌تاوی، بوو به‌کاندیدای خه‌ڵکی مه‌هاباد بۆ مه‌جلیسی شووڕای میللی‌و به زۆرایه‌تی‌یه‌کی به‌رچاوی ده‌نگه‌کان به نوێنه‌ری ئه‌و شاره هه‌ڵ‌بژێرا، که دیاره وه‌ک هه‌میشه کۆنه‌په‌رستی نه‌ی‌توانی مه‌جلیسێک به نوێنه‌رانی وه‌ک سارم‌خانه‌وه قبووڵ بکا.
بێجگه له‌وه پێوه‌ندیی جه‌نابی سارم خان ده‌گه‌ڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان‌و بزووتنه‌وه‌ی کورد پێوه‌ندی‌یه‌کی پته‌وو له‌مێژینه‌یه. له ساڵه‌کانی سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی‌دا ئه‌و کاته‌ی هه‌وڵ‌و ته‌قه‌لایه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتی‌خوازانه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد له‌ئارادا بوو، سارم‌خان هه‌میشه له‌پشتی داخوازه ڕه‌واکانی کورد ڕاده‌وه‌ستاو ته‌نانه‌ت گه‌ڵاڵه‌ی 26 مادده‌یی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تیی گه‌لی کورد بۆ چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کوردیش له‌لایه‌ن ئه‌و به‌ڕێزه‌وه ئاماده کرا. هه‌تا ئێستاش پێوه‌ندیی ئه‌وان ده‌گه‌ڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هه‌روا دۆستانه‌و پشتگیرانه‌یه.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌بۆنه‌ی کۆچی دوایی جه‌نابی یه‌حیاخانه‌وه به‌گه‌رمی سه‌ره‌خۆشی له جه‌نابی سارم‌خان‌و تێکڕای ئه‌ندامانی ئه‌و بنه‌ماڵه مه‌زنه ده‌کاو سڵاو بۆ گیانی پاکی یه‌حیاخانی نه‌مر ده‌نێرێ. ڕووحی یه‌حیاخانی کۆچکردوو شاد‌و سڵامه‌تی‌و ژیانی به‌ختیارانه بۆ هه‌موو ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی‌و خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌فی شاری سنه‌و خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان به‌گشتی.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
ناوه‌ندی راگه‌یاندن
11ی رێبه‌ندانی 1391
30ی ژانویه‌ی 2013