ساتێک له‌گه‌ڵ مه‌لا ئه‌حمه‌دى شلماشى (مه‌لا ئاواره) دا. نووسینى: حه‌مه‌ڕه‌سووڵ حه‌سه‌ن‌پوور
یادى یاران (1) ساتێک له‌گه‌ڵ مه‌لا ئه‌حمه‌دى شلماشى (مه‌لا ئاواره) دا
نووسینى: محمد رسول حسن پور
ره‌زبه‌رى 1380ى هه‌تاوى
تا که‌ى خه‌زێنه‌و نه‌وته‌که‌م
به بووکه‌ڵه و فیت فیته ده‌م
له سه‌ر گه‌نجى وڵاته‌که‌م
خاکى خۆشم ئاواره‌که‌م ؟ …
ئاواره
ماوه‌یه‌ک بوو هه‌ندێ دۆست و براده‌ر داوایان لێ ده‌کردم وه‌ک دۆست و هاو خه‌باتێکى مه‌لا ئه‌حمه‌د شڵماشی ( ئاواره) شتیکى له سه‌ر بنووسم و هه‌ڵبه‌سته‌کانى ئه‌وانه‌ى له ده‌ست دان بڵاویان بکه‌مه‌وه له پاش خۆ هێنان و بردنێکى زۆر و پاش سی و سێ ساڵ که به سه‌ر شه‌هید کرانى ئه‌و که‌ڵه پیاوه‌ى مه‌یدانى خه‌باتى کوردایه‌تى و مه‌ردایه‌تى دا تێپه‌ر ده‌بێ، نووسین له سه‌ر ( ئاواره) کارێکى هه‌روا ئاسان نیه لانى که‌م بۆ من.
به هه‌ر حاڵ، به نووسینى ئه‌م نامێلکه بچکۆڵانه‌یه هیوادارم توانیبێتم به‌شێکى بچووک له داخوازى ئه‌و دۆست و براده‌رانه جێ به جێ بکه‌م.
نووسه‌ر
چه‌ند وشه‌یه‌ک :
هه‌موو ساڵى له دووهه‌م مانگى به‌هارێدا ئه‌و کات و ساته شوومانه‌مان وه‌بیر دێنه‌وه که ده‌سته ره‌شه‌کانى ژاندارمه و قوڵه چۆماغه‌کانى رژێمى گۆڕ کراوى حه‌مه ره‌زاى په‌هله‌وى مه‌لا ئاواره‌ى فریشته‌یان به فێڵ و ته‌ڵه‌که به دیل گرت و له پاش چوار مانگ ئه‌شکه‌نجه دان به درندانه ترین شێوه له‌به‌ره به‌یانێکى تاریک و تنوک و سامناک‌دا شه‌هیدیان کرد.
ئه‌و ده‌سته خوێناویانه‌ى هه‌رده‌م ئاشناى ده‌سبه‌ندى قه‌پانى و که‌له‌بچه و ده‌مانچه و زنجیر و دار بوون بۆ به چۆک داهێنانى شۆرشگێرانى گه‌ل و وڵات، ئه‌و ده‌سته چه‌په‌ڵانه‌ى ئه‌و رۆژه‌ى له قۆڵى چه‌ند خۆ فرۆشێکى گورگ سیفه‌تى له پێستى مه‌ر هاتنه ده‌رێ و ئه‌ویان به ده‌رمانى گێژ که‌ر بۆ دوژمنى کورد کوژى ملهور راو کرد.
هه‌رچه‌نده بته‌وێ له باره‌ى ئاواره دا شت بنووسى و هه‌ر که‌سێک بیه‌وێ له لایه‌نه جۆرا و جۆره‌کانى ژیانى ئه‌و که‌سایه‌تییه بکۆڵێته‌وه، ناتوانى نرخى ته‌واوى بداتى. هه‌ڵبه‌ته منیش له نامێلکه‌یه‌کى به‌م بچووکیه دا هه‌ر ئه‌ونده‌م پێ ده‌کرى بڵێم: ئاواره مرۆڤێکى ئاشتیخواز و لا شه‌ر بوو و ئه‌و چه‌که‌ش که له شانى کردبوو بۆ پارێزگارى له شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تى گه‌له‌که‌ى و ئه‌ستاندنى مافى ره‌واى بوو.
ئه‌و کادرێکى به ئه‌زموون و واقیع بین و نه‌رم و نیان و به سه‌نگ، نیشتیمان په‌رورێکى راستگۆ و ئه‌مین، نه‌ته‌وه په‌روه‌رێکى ساغ و له عه‌ینى کات دا به ئه‌مه‌ک بوو. قه‌ت رۆژێک له رۆژان بیرى نه ده‌کرده‌وه ساتێک له شۆرش و خه‌بات و به‌رخۆدان سڵ بکاته‌وه. ئه‌و که‌سایه‌تییه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تیى سه‌نگین و بێ فیس و ئیفاده بوو و هه‌رگیز خۆى له که‌س به گه‌وره تر نه‌ده‌زانى.
مه‌لا ئاواره ئه‌و کاته به‌رپرسیارێتى ناوچه‌یه‌کى به ئه‌ستۆوه بوو، ببوو به کۆترێکى ئاشتى و هه‌موو هه‌وڵ و توانایه‌کى به کار ده‌برد بۆ ئه‌وه‌ى کێشه‌و ناکۆکى جووتیاران و زه‌حمه‌تکێشانى ناوچه‌که‌ى به هێدى و هێمنى چاره‌سه‌ر بکا.
ئه‌و مرۆڤێکى به ته‌واوه‌تى ره‌فتار دێمۆکرات و ده‌بێ بڵیم به هه‌ق دێمۆکرات بوو.
ئاواره یه‌کێک له‌و کادره تێکۆشه‌رانه‌ى حیزبى دێمۆکرات بوو که به‌راستگویى و به جورئه‌ته‌وه هه‌ڵس و که‌وتى له گه‌ڵ رووداوه‌کانى ده‌ورو به‌رى دا ده‌کرد و هه‌موو کات و له هه‌ر شوێنێک، داکۆکى له بیر و بۆ چوونه‌کانى حیزبه شۆڕشگێره‌که‌ى ده‌کرد. له یه‌ک قسه دا ئه‌و له پێناوى، دێمۆکراسی و داد په‌روه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى و له رێگاى کورد و کوردستاندا گیانى فیدا کرد و هاته ریزى بێ پسانه‌وه‌ى کاروانى شه‌هیدانى حیزب و گه‌ل.
ئێستا رۆحى پیرۆزى ئاواره و هه‌زاران شه‌هیدى رێگاى پیرۆزى دێمۆکرات وه‌ک کۆترێکى سپى باڵ نه‌خشین و به‌رزه فر هه‌موو به‌یانى و ئێواران له ئاسمانى کوردستان له شه‌قه‌ى شا باڵان ده‌دات و نان و ئازادى بۆ زه‌حمه‌تکێشان و جوتیاران و بۆ هه‌موو گه‌لى کورد ده‌خوازێ و تا ئه‌و ئامانجه‌ى که ئه‌و سه‌رى له پێناوى دا داناوه وه‌دى نه‌یه ئه‌و رووحه پاکه‌ى ناگه‌رێته‌وه نێو مه‌زاره پیرۆزه‌که‌ى له گۆرستانى (گرده سوور) ى شارى سه‌رده‌شتى سه‌ر سه‌وز و جوان و ئۆقره ناگرێ.
ئاواره ئه‌و که‌سایه‌تییه سیاسی، رۆشنبیرى، کۆمه‌ڵایه‌تى و له هه‌مان کات دا ئه‌ده‌بیه‌یه که پێویسته لێکدانه‌وه‌یه‌کى قووڵى له سه‌ر ژیان و خه‌باته‌که‌ى بکرێ و په‌ند و ئه‌نده‌رز له ره‌فتار و بیر‌و بۆچوونه‌کانى وه‌ربگیرێ.
رووحى شاد و رێگه‌ى پڕ رێبوار بێ .
نووسه‌ر
زێدى ئاواره
له رۆژ ئاواى شارى سه‌رده‌شت چیایه‌ک سه‌رى به‌رز راگرتوه و ئاسمانى شینى له باوه‌ش گرتووه که خه‌ڵکى ناوچه‌که پێى ده‌ڵێن ( هۆمل). هه‌ر که سه‌رما و سۆڵى زستان بارگه و بنه‌ى تێکه‌وه پێچا و بۆى ده‌رچوو و به‌هار به گاڵه گاڵ هات و گوڵى سوور و ئاڵ پشکوتن، ئه‌م چیا سه‌رکه‌ش و ره‌نگینه وه‌کوو (نیگارستانى ناهید) ده‌ڕازیته‌وه:
له لایه‌ک سوێسن و هه‌ڵاڵه و به‌یبوون، شللێر و وه‌نه‌وشه‌و شه‌ش‌په‌ڕ و گوڵه میللاقه سه‌ر پێکه‌وه ده‌نین و سه‌رنجى رێبواران بۆ لاى خۆیان راده‌کێشن.
له لایه‌کى دیکه بولبولى هه‌زار داستان و ئاشق له خۆشییان چڵاوچڵ ده‌کا و به چریکه هه‌ست بزوێنه‌که‌ى خه‌م له دڵان ده‌تارینى و ئۆقره له دڵان هه‌ڵده‌گرێ .خۆ قاسپه‌ى که‌وێ سه‌ر به‌ردان و ورته ورتى هه‌وێردانیش هێنده دڵگیر و به تام و چێژه که پێنووس له وه‌سفى دا بێ توانا و گێژه.
له‌م سه‌ر زه‌مینه رازاوه‌یه دا کیژوڵه‌ى چاو به کلى پشتێن شلى گوێ به گوار له گه‌ڵ دڵدارى خۆى به‌ره‌و کوێستان هه‌ڵده‌کشێ تاکوو که‌مێک هه‌واى سازگار هه‌ڵمژى و خه‌م و مه‌ینه‌تى سه‌رما و زه‌مهه‌ریرى زستان به باى نه‌مان دا بکات. کیژ و کور تێکه‌ڵى ره‌ش به‌ڵه‌ک و گۆڤه‌ند ده‌بن و پێکه‌و ده‌بنه میوانى هۆمڵى قه‌شه‌نگ و رازاوه له پاش راز و نیاز له گه‌ڵ یه‌کترى دا، پۆلى ئاشقانى شێت و شه‌یدا له سیبه‌ر شۆڕى ئێواریدا به کۆڵ و بار و توربێنى پڕ له گژ و گیاى به‌هارى شۆر ده‌بنه‌وه به‌ره‌و ماڵ و له کانیه سارد و زوڵاڵ و که‌لله ته‌زینه‌که‌ى ئۆمه‌ره تێر ئاو ده‌خۆنه‌وه.
خۆ تاڤگه قه‌شه‌نگ و دڵگیره‌که‌ى داوێنى هۆملیش که ده‌یان ده‌فته‌رى له عه‌شق و ئه‌وینى گه‌شتیاران و عاشقانى سه‌یران و گه‌شت و گوزارى له ژێر سه‌رى دایه و زۆربه‌ى رۆژانى به‌هارى کۆڵکه زیرینه سه‌ر سه‌رى به‌ر نادا، وه‌سفى به قه‌ڵه‌مێکى تاراوگه ناکرێ .
له هاوینى ورزى تێکۆشان دا دڵ بریندارانى ئۆقره لێ هه‌ڵگیرا و له ژێر سێبه‌رى هه‌نجیر و دار هه‌ناران به دوور له چاوى نه‌یاران تا ده‌مه‌ده‌مى ئێواران ده‌س له ملانى یه‌ک ده‌که‌ن و ده‌ست ده‌که‌ن به راز و نیاز له‌گه‌ڵ یاران .
له پاییز‌ى وه‌رزى مێوه چنین دا کیژ و کوڕى هه‌رزه‌کار لێک وه‌کۆ ده‌بن و له گه‌ڵ چنینى میوه‌ى جۆراوجۆر دا کوڕى هه‌رزه‌کار ده‌س ده‌با بۆ سێوى لا سوور و هه‌نارى سه‌ر به گوولوکى نێو باخه‌ڵان که زه‌رد به‌ى له‌ولاوه به ناز سه‌رى به لاره‌و ناوه و سه‌رى له بن گه‌ڵاى سه‌وزى داران هه‌ڵهێناوه به سیله‌ى چاوان حاڵى خۆى به‌یان ده‌کا و به زمانى بێ زمانى ده‌ڵێ (ئه‌منیشت له بیر نه‌چێ!) کورى هه‌رزه‌کارى بێ ئارامى شه‌یدا سه‌رى لێ ده‌شێوێ و نازانێ ده‌س بۆ کامیان به‌رێ که ئه‌وى تر لیێ دڵگێر نه‌بێ و نه‌تورێ له پر ” باغه‌وان گازى ده‌کا و ده‌ڵى: نه‌یکه‌ى… ”
له شه‌وانى کرێوه و باکووتى زستان دا کوڕ و کیژ شه‌وگارى دور و درێژ به خواردنى شه‌وچه‌له‌ى وه‌ک مێوژ و گوێز و باسوق و سجوق به گاڵته و گه‌پ و جه‌فه‌نگ تێپه‌ر ده‌که‌ن و به چاو بڕکێنه له گه‌ڵ یه‌کترى دا عه‌شقێکى پاک و مه‌له‌کووتى پێک دێنن .
به‌ڵى! ئا له‌م مه‌ڵبه‌نده قه‌شه‌نگ و رازاویه دا له داوێنى چیای هۆمل دا گوندێک وه‌ک بووکێکى بێ ناز له ژێر تاراى سوره‌وه، خه‌مڵیوه.. ئه‌م گونده، ” شڵماش ” زێدى ئاواره‌ى مه‌رد و ره‌نده.
له‌م گونده دا بوو کۆرپه‌له‌یه‌ک چاوى به دونیاى پر له گێره و کێشه و نابه‌رامبه‌رى هه‌ڵهێنان که له ره‌گه‌زنامه‌که‌یدا ” احمد ” ى لێ نووسرابوو و له پاشان ناوى ” ئاواره” ى بۆ خۆى دیارى کرد. ئه‌و “که‌م ژیا به‌ڵام که‌ڵ ژیا “.
باوکى ئه‌حمه‌د له هۆزى هه‌مه‌وه‌ند بوو و به فه‌قییه‌تى رێگاى که‌وتبو ئه‌م گونده دڵى لێى گیر ببوو هه‌ر له‌وێ ژنى هێنا بوو و بنه‌ماڵه‌ى پێکه‌وه نابوو.
مه‌لا حه‌مه‌ده‌مینى باوکى ئاواره مرۆڤیکى له خواترس و زانا و عالم بوو له شه‌رعى ئیسلامی‌دا و له سه‌رف و نه‌حوى عه‌ره‌بیدا ده‌ستێکى باڵاى هه‌بوو زۆر مه‌سائیلى شه‌رعى له لا ده‌کرانه‌وه. بێجگه له‌وه‌ش خۆشه‌ویستى نیشتیمانى وه‌لا نه‌نا بوو ئۆگرى نه‌ته‌وه و نیشتیمانه‌که‌ى بوو.
له یه‌کێک له رۆژه‌کانى ساڵى 1313 هه‌تاوى ( 1934 ى ز ) بنه‌ماڵه‌ى مه‌لا” محمدامین” بوون به خاوه‌نى کورێکى چاوشین و خنجیلانه.
کاتێک مه‌لۆتکه‌یان پێچایه‌وه و به ره‌سمى ئه‌و کاتى کورده‌وارى له سه‌ر بێژینگ و له په‌ناى دایکى مێهره‌بان و دڵسۆزیان رۆنا له هۆده ساکاره‌که‌یان دا چاوى ده‌گێران و له بن میچه‌ره‌ش و قرماوی یه‌که ڕا مابوو چوو بۆ نێو ده‌ریاى خه‌یاڵات و خه‌مان. وا دیار بوو هه‌ر ئه‌و ده‌م بیرى له به‌ش مه‌ینه‌تى و چاره ره‌شى گه‌له چه‌وساوه‌که‌ى ده‌کرده‌وه و ده‌یزانى بۆ به‌ربه‌ره‌کانى ده‌گه‌ڵ ملهورى و نا به‌رامبه‌رى دا و بۆ وه‌ده‌ست هێنانى ئازادى گه‌له‌که‌ى و ده‌سته به‌ر کردنى داد په‌روه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌ر زۆر زوو کاڵه و پێتاوان هه‌ڵکێشێ و گۆچان تاو داتێ و رێگاى چیا و به‌نده‌نان بگرێته به‌رو ببێته رێبوارێکى رێگاى ئازادى گه‌ل و وڵاته‌که‌ى.
به سه‌رهات
به ره‌سمى ئه‌و کات و زمانى کورده‌وارى که حه‌وت شه‌و و رۆژ به سه‌ر له دایکبوونى ئه‌و کۆرپه‌یه دا تێپه‌ر بوو، میوانى‌یه‌ک بۆ ناو لێنانى رێکخرا و گشت ریش سپى و پیاوه ماقوڵانى دێ له سه‌ر خوانى مه‌لا محمد امین دانیشتن و چوکیان وه چۆکی یه‌ک دان. که نان خواردن ته‌واو بوو. مه‌لا محمد امین هه‌ستا کۆرپه ساواکه‌ى به ئه‌سپایى هه‌ڵگرت و له سه‌ر کۆشی خۆى داینا و حه‌وت بانگى “محمد”ى به گوێی دا لێدان و ناوى لێنا (( احمد )) سبه‌ى به‌یانى بێشکه ئاماده بوو ئه‌حمه‌دیان لێ شه‌ته‌کدا به ده‌سرازه و گوڵینگه‌ى به‌نى ره‌نگاو ره‌نگى کورده‌وارى له بێشکه‌ى تاینیان پێچا.
ئه‌حمه‌د به‌ره‌به‌ره ده‌ستى به ( گاڵ و گغه) کرد و له گاگۆڵه و داره داره تێپه‌رى و پێروچکه بوو هه‌ر زۆر زوو به ده‌یان کووژه‌که و نوشته و مت موورووى چاوه‌زارێى به پشت و لا شانى که‌وا شۆره بچکۆڵانه‌که‌یه‌وه شۆر بوونه‌وه.و ده‌سته‌سرێکى سپی گوڵینکه دارى گوڵدارى به ده‌رزیله به لا شانی‌دا شۆر بووه بۆ ئه‌وى ئه‌حمه‌دى خاوین و قه‌شه‌نگ لووتى پێ بسرێ.
ئه‌حمه‌دى خۆشه‌ویستى دایه و بابان ده‌وره‌ى منداڵى تێپه‌راند و پێى نایه تافى لاویتیه‌وه و گۆشه‌ى گویسوانانى گرت. کاتێک ئه‌و له‌م ته‌مه‌نه دا بوو هیچ مه‌دره‌سه‌یه‌ک نه‌بوو لێى بخوینى به‌ڵام ده‌سته وه‌ستان نه‌وه‌ستاو له مه‌کته‌بى باوکى زاناى دا له حوجره‌ى فه‌قێیان ده‌ستى کرد به خویندن و زۆر زوو فێرى خویندن و نووسین بوو و پله‌ى سه‌ره‌تایى بڕى تا واى لێ هات بۆ فیر بوونى شتى زیاتر رێگه‌ى گوند و شارى کوردستانى گرته به‌ر و له هه‌ر شوێنێک حوجره‌یه‌کى فه‌قیانى لێ بۆایه ئه‌و تێده‌کۆشا به‌رکوڵێکى له زانست و فێر بوونى لێ بکات .
ئاواره و سیاسه‌ت
له جه‌ریانى ئه‌و سه‌فه‌رانه دا مه‌لا ئه‌حمه‌د نه‌دارى و بێ به‌شى گه‌له‌که‌ى دیبوو ده‌ست ته‌نگى چێشتبوو هاتبۆ سه‌ر ئه‌و بروایه‌ى چاکى مه‌ردایه‌تى لێ به‌لادا بکا و بۆ گه‌یشتن به رزگارى گه‌له‌که‌ى و ده‌رباز بوون له که‌مده‌ستى و نه‌دارى شه‌و و رۆژ هه‌وڵ بدات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته شه‌ره‌فى ئه‌ندامه‌تى له حیزبى دێمۆکراتى کوردستانى ئێرانى وه‌رگرت. هه‌ر زۆر زوو شاقه‌لى که واى ده‌پانتۆڵى هاویشتن و خۆى گورج و گۆڵ کرد.
ئاواره له ساڵى 1340ى هه‌تاوى (1961 ى ز) به هۆى حیزبایه‌تى و ئیش وکارى سیاسی‌یه‌وه له به‌ر چاوى سیخوره‌کانى پاشایه‌تى بۆگه‌ن ئاشکرا بوو به‌ره‌و کوردستانى گه‌رمێن رێى داگرت که ئه‌و ده‌م تازه شۆرشێکى گه‌رم و گوڕى تێدا به‌رپابوو بوو. ئه‌و چالاکانه له‌و شۆرشه دا به‌شدارى کرد و هێنده‌ى نه‌خایاند له‌به‌ر ئه‌میندارى و ئۆگرى له راده به ده‌رى به خاک و وڵات بوو به جیى متمانه‌ى رێبه‌رایه‌تى شۆرش .
مه‌لا ئاواره له پاش ساڵه‌کانى (44 و 43 ى هه‌تاوى) له گه‌ڵ چه‌ند کادرى دیکه‌ى حیزب وه‌ک: سوله‌یمان موعینی، سمایل شه‌ریف‌زاده، قادر شه‌ریف … له کوردستانى گه‌رمێنه‌وه گه‌ڕایه‌وه کوردستانى ئێران و گۆچانێکى به ده‌سته‌وه گرت و له ناوچه‌کانى بانه و سه‌رده‌شت له نێو جوتیاران و زه‌حمه‌تکێشاندا ئه‌رکى نیشتیمانى خۆى به جێ ده‌گه‌یاند.
ئاواره له ماڵ و ژیانى خۆى دوور که‌وتبۆوه به‌ڵام هه‌موو جێگه‌یه‌کى ئه‌م کوردستانه‌ى به ماڵ و زێدى خۆى ده‌زانى و له‌و کاته‌یه‌وه له ماڵ دوور که‌وتبووه هه‌ستى به غه‌ریبى نه‌کرد بوو. چوونکه ئه‌و ته‌نیا خۆى به رۆڵه‌ى دایک و بابى نه‌ده‌زانى و خۆى به رۆڵه‌ى هه‌موو خه‌ڵکى کوردستان ده‌زانى هه‌ر بۆیه بوو ئه‌و ده‌م و ئێستاش ئه‌وانه‌ى ناو و ناوبانگى ئاواره‌یان بیستبوو رێزى تایبه‌تى یان بۆى هه‌یه.
ئاواره هه‌رده‌م خه‌ڵکى به دوا رۆژى پرشنگدارى گه‌له‌که‌ى هیوادار ده‌کرد و رێگاى ژیانێکى پر له به‌خته‌وه‌رى به خه‌ڵک نیشان ده‌دا.
ئه‌و بۆ خۆى له چینى زه‌حمه‌تکێش و نه‌دارى گه‌ل هه‌ڵقوڵا بوو و بێجگه له‌وه زولم و زۆرى ده‌ره‌به‌گه خوێنمژه خۆماڵیه‌کانیشى بۆ خه‌ڵک ئاشکرا ده‌کرد و ئه‌وانى له فرت و فێڵ و به‌ند و به‌ستى دژى گه‌لى‌یانه‌ى میرو ئاغا و به‌گله‌ره‌کان ئاگادار ده‌کرده‌وه.
ئاواره هه‌رده‌م به فه‌قێیانى ده‌گوت: ئه‌رکى ئێمه ته‌نیا خواردن و خویندن نیه نه‌ته‌وى کورد نه‌خوینده‌وار و دواکه‌وتووه ئێمه ده‌بێ شان به شانى روناکبیرانى شۆرشگێر زه‌ین و فیکرى خه‌ڵکى روون بکه‌ینه‌وه و رێگاى خه‌باتیان نیشان بده‌ین و هه‌موو لایه‌ک بۆ به‌ختیارى گه‌ل تێ بکۆشین.
ئاواره به‌راستى ئه‌م رێگه‌یه‌ى گرتبۆه به‌ر نه‌ک هه‌ر له دژى ڕێژیمه خوین مژ‌و کورد کوژه‌کانى کوردستان و ده‌ره‌به‌گه چڵکاوخۆره‌کان به‌ڵکوو له نێو حیزبیش دا دژى هه‌موو جۆره لادان و لارێى‌یه‌ک خه‌باتى ده‌کرد.
ئاواره چۆن خانه بگیر کرا
له به‌هارى ساڵى 1347 ى هه‌تاوى ( 1968 ى ز ) دا به قه‌ولى خه‌ڵکى لێره‌وارى لاى خۆمان که بن ده‌وه‌ن شین بوون تێکۆشه‌رانى حیزب به‌ره‌به‌ره داوه‌رینه‌وه وڵاتى و ئه‌وانى تا ئێستا له په‌نا و په‌سیوان و ئه‌شکه‌وتى ته‌نگ و تاریک و تنوک و سارد و کادێن و وچخانه‌ى ته‌نگه‌به‌ر دا خۆیان حه‌شاردا بوو خۆیان وه‌به‌ر هه‌تاوێ دا.
ژاندارم و جاشه خۆفرۆشه‌کان و چڵکاو خۆره بۆده‌ڵه‌کانى حه‌مه ره‌زا که تواناى به‌ر به‌ره‌کانى روو به‌روویان له گه‌ڵ ئه‌م تێکۆشه‌ره له خۆ بوردوانه دانه‌بوو به شێوه‌ى کۆن و هه‌میشه‌یى ئاغاکانیان ده‌ستیان به فیڵ و دا‌و نانه‌وه بۆ ئه‌م تێکۆشه‌رانه کرد. پێویسته دوو وێنه‌ی زیندوو و به‌رچاو له‌م چه‌شنه فێل و ته‌ڵه‌که و داونانه‌وه‌ى ئه‌و ده‌م له به‌هارى ساڵى 1347 ى هه‌تاوى باس بکرێت.
کاک سمایلى شه‌ریف زاده خویند کارى دانیشکه‌ده‌ى (پلى‌تکنیک)ى زانستگه‌ى تاران و خه‌ڵکى شارى مه‌هاباد کادرێکى به وه‌ج و شاره‌زاى حیزبى بوو. به هۆى خۆفرۆشێک به ناوى کوێخا شه‌ریف که خۆى خزاند بوو نێو رێزى تێکۆشه‌ران، له ئه‌شکه‌وتى گوندى دارێنه‌ى سه‌ر به شارى بانه به خۆى و چوار تێکۆشه‌رى دیکه‌وه که‌وتنه داوى دوژمن و سه‌دان جاش و ژاندارم له ناکاو وله ناخافڵ به سه‌ریان دادان ئه‌و تێکۆشه‌ره گیان له سه‌ر ده‌ستانه‌ى حیزبى دێمۆکرات له پاش شه‌رێکى چه‌ند سه‌عاتى شه‌هید بوون و کوێخا شه‌ریفى خۆفرۆش گه‌ڕایه‌وه نێو کۆشى ئاغاکانى.
رووداوى دڵته‌زێنى دیکه‌ى له‌م بابه‌ته فێل وته‌له‌که و داونانه‌وه بۆ مه‌لا ئه‌حمه‌د شڵماشی (ئاواره) بوو. له چه‌ند گوندى ناوچه‌ى سه‌رده‌شت ئه‌و شوێنانه‌ى ئاواره تێکۆشانى هه‌بوو ده‌رمانى بێ هۆش که‌ریان له چه‌ند ماڵان دانا بوو.
له گوندى دیواڵان له ماڵى حه‌سه‌ن سه‌کر.
له‌م گونده دا بوو که ئاواره ده‌رمانداو کراو به نیوه بێهۆشی درایه‌وه ده‌ست رژیمى ملهۆڕى حه‌مه ره‌زا .
داستانه‌که‌ى به‌م چه‌شنه‌یه :
حه‌سه‌ن سه‌کر کویخاى گوندى دیواڵان به دنه‌دانى حاجى برایمى به‌ریاجى کێشه‌ى زه‌وى و زارى له نێو جوتیارانى گونده‌که سازکرد بوو له لایه‌کى دیکه داواى له ئاواره کرد بوو بۆ خۆى بێ و ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکات. ئاواره‌ش به پێى واجبى خۆى و به هه‌ست کردن به مسئولیه‌تى خۆى به‌م کاره هه‌ستا بوو و شه‌وێک له شه‌وانى مانگى بانه‌مه‌رى 1347 ى هه‌تاوى به خۆى و دوو پێشمه‌رگه‌وه بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌که ده‌چێته گوندى دیواڵان و له پاش راگه‌یشتن به کێشه‌که و چاره‌سه‌ر کردنى له لایه‌ن خۆفرۆش حه‌سه‌ن سه‌کرى دیواڵان مه‌لا ئاواره ده‌رمان دا‌و ده‌کرێ و هه‌ر ئه‌و شه‌وه حه‌سه‌ن سه‌کر پیاو ده‌نێرى بۆ دام و ده‌زگاى حکوومه‌تى و به‌یانى زوو مه‌لا ئاواره به هه‌لیکۆپته‌ر له گه‌ڵ دوو پێشمه‌رگه‌که‌ى ده‌به‌ن بۆ شارى سه‌رده‌شت و له پاشان له‌وێوه به‌رێ ده‌کرێن بۆ دادگاى سه‌حرایى جه‌ڵدیان که ئه‌و ده‌م بۆ تێکۆشه‌رانى حیزبى دێمۆکرات له لایه‌ن ژنیراڵ (اویسی) جه‌للادى شا پێک هاتبوو.
پێشمه‌رگه‌کان که ئه‌مه‌یان زانیبوو هاتبوون و ده‌ورى گوندى دیواڵان یان گرتبوو له گه‌ڵ جاش و ژاندارمه‌کان تێکهه‌ڵچوو بوون و شه‌ره‌که تا دواى نیورۆ درێژه‌ى کێشا بوو و سه‌روان (بنى عامیرى) فه‌رمانده‌ری ژاندارمه‌کان قاچى به گوله‌ى پێشمه‌رگه‌کان پێکرا بوو و چه‌ند ژاندارم وجاش جه‌نده‌کیان له مه‌یدانى شه‌ر له نێو کووچه و کۆڵانه‌کانی گوند که‌وتبوو. له پاشان شه‌ره‌که به پاشه‌کشه‌ى پێشمه‌رگه‌کان بۆ گوندى ئاغه‌ڵان دوایى پێ هاتبوو.
له پاشان هه‌ندێک ده‌نگۆ بڵاو بۆوه له کاتى تێکهه‌ڵچوونى پێشمه‌رگه و جاش و ژاندارمه‌کان یه‌ک دوو جار به یادداشت ناردن بۆ پێشمه‌رگه‌کان پیى راگه‌یاند بوون که گوایه ئه‌و بۆخۆى، خۆى ته‌سلیم کردوه و بۆیه ئه‌وان نابێ ته‌قه بکه‌ن و ده‌بێ بکشێنه‌وه؟
ته‌نانه‌ت هێندى که‌س که ئێستا له ده‌ره‌وى وڵات و له ئه‌وروپان و له پێش دا له گه‌ڵ حیزبى دێمۆکراتى کوردستان بوون و ئێستا له ده‌ره‌وه وه‌ک په‌نابه‌ر ده‌ژین و بیره‌وه‌رى خۆیان نووسیوه له یه‌کیان دا یادداشتێک گوایه به ئیمزاى مه‌لا ئاواره هه‌یه که ده‌بێ ئاواره بۆ پێشمه‌رگه‌کانى نووسیبێ به برواى نووسه‌رى ئه‌م دێرانه ئه‌مه راست نیه چوونکه ئاواره پێش ئه‌وه‌ى شه‌ر ده‌ست پێ بکا ده‌گه‌ڵ دوو هاورێیه‌که‌ى له تاریک و رونى به‌یانى دا ده‌گویزرێته‌وه بۆ پادگانى شارى سه‌رده‌شت .
شاعیرى هێژا کاک خالیدى حیسامى ( هێدى ) ئه‌و ده‌م له سه‌ر گیرانى ئاواره ئه‌م هه‌ڵبه‌سته‌ى دانا بوو و نووسه‌رى ئه‌م دێرانه له به‌رى کردوه .
هه‌ڵکشا ئیتر ئه‌وه زه‌رده‌ی خۆر زه‌رده‌یان گرت په‌مه‌یی و ئاڵ و مۆر
با له پێ تووند که‌مه‌وه به‌ن کاڵان لێره‌وه سه‌ربڕه بۆ “دیواڵان”1
ڕێ ده‌گه‌ڵ وه‌ش گه‌لێ که‌م مه‌ودایه هێنده باریکه ده‌ڵێی هه‌ودایه
من به چالاکی که وه‌ک تاوێرم2 که ده‌ڕۆم لێره شه‌قاو ده‌ژمێرم
له هه‌ر ئه‌شکه‌وت و خڕێ ڕاده‌برم ڕاده‌وستم بڕێ هه‌ست ڕا ده‌گرم
دیمه‌نی جوانه به‌ڵام وا دیاره ڕێی مه‌ترسی هه‌یه بۆ “ئاواره”
تا بڵێی گوندێ به دا‌و و که‌ڵه‌که به‌ده‌هۆن زۆر و به فێڵ و ته‌ڵه‌که
حه‌وشه‌یان تۆڕن و ماڵیان بنه‌یه هانده‌ری لێ‌یه خه‌ریکی دنه‌یه
زڕه کوردی وه‌کوو که‌و3 ده‌خوێنن ده‌س و دل پیسن و ده‌م به خوێنن
ناسره‌ون ساتێ نه ڕۆژێ نه شه‌وێ بانگ ده‌که‌ن خۆیی ئه‌ویش چه‌شنی که‌وێ
ده‌یبه‌ن و ده‌یخه‌نه داوی دوژمن دێته جێ مه‌رجی شه‌ڕه‌ف دۆڕاندن
کورده بۆ یه‌ک ده‌بنه نێچیروان کورد نه‌بێ کێی‌تره نێچیری وان
په‌ت و سێداره ئیتر هه‌ڵده‌خرێن لاوی تێکۆشه‌ری پێ دا ده‌کرێن
جاڕ ده‌ده‌ن جا هه‌موو گوند و گه‌ڕه‌کان بێن و ڕێ‌یه‌ک بخه‌نه ” سه‌رکه‌نه‌کان”4
بێن ببینن که شه‌هید “ئاواره” سه‌ری چه‌ند به‌رزه له سه‌ر سێداره
چۆن (حه‌مه‌د ئه‌حمه‌د و ڕه‌حمان وه‌تمان) بۆ وه‌ته‌ن مردن و سه‌ریان نه چه‌مان
هێشته هه‌روا له گه‌ڵی و دارستان ده‌گه‌ڕێ ده‌نگی ” بژی کوردستان”
گوند نیه بنکه‌یه بۆ ئاژاوه خۆ فرۆشتن له‌وێ ئێسته‌ش ماوه
نه‌ته‌ویی کوردن ئه‌گه‌رچی کوردن له به‌رامبه‌ر گه‌لی کورد ڕوو زه‌ردن
نابێ دڵ خۆش بێ به‌وه بێگانه کوردی کوشتن ئه‌وه کوردستانه
تا پتر خوێن بڕژێ له‌م ناوه شۆڕشی گه‌وره‌تری به دواوه
جوانمێرى مه‌لا ئاواره
کاتێک مه‌لا ئاواره‌یان گرت تا ئه‌و کاته‌ى شه‌هیدیان کرد زیاتر له چوار مانگى خایاند له‌و ماوه‌یه‌دا زۆرتر له قه‌سابخانه‌که‌ى جه‌ڵدیان راده‌گێرا، یه‌ک دوو جار هێنایانه‌وه پادگانى سه‌رده‌شت و له ژێر درندانه‌ترین و سامناک ترین ئه‌شکه‌نجه و ئازار دا بوو به‌ڵام به شه‌هامه‌ت و ئه‌مینداریه‌کى زۆره‌وه خۆى راگرت و ئه‌و ئه‌مانه‌ته‌ى دایکى نیشتیمان که به لایه‌و بوو نه‌ى درکاند و نهینیه‌کانى له‌گه‌ڵ خوێنى گه‌شى دا نه‌مامى ئازادى کوردستانى ره‌نگین و ده‌لالیان پاراو کرد .
ئاخره‌که‌ى کاتێک دوژمنه‌کان بۆیان روون بۆوه که مه‌لا ئه‌حمه‌د شڵماشی خزمه‌ت به گه‌ل و نه‌ته‌وکه‌ى ده‌گه‌ڵ چۆر چۆر شیرى مه‌مکى دایکى دا به گه‌رووى داکراوه و ده‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌ماره‌کانى له‌شی و له نێو دڵۆپ دڵۆپى خوێنى نێو له‌شیدایه تا کاتێک گیان له جه‌سته‌ى دا بێ خه‌یانه‌ت به گه‌ل و نه‌ته‌وه و وڵات ناکا، زۆر بێ به‌زه‌یى‌یانه له‌به‌ره به‌یانى رۆژى 11 ى خه‌رمانانى ساڵى 1347 هه‌تاوى ( 1968 ى ز ) له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێیه‌که‌ى به ناوه‌کانى:
ره‌حمانى حه‌مه‌دى وه‌تمان چاوشین و مه‌لا که‌چه ” محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌دی” هه‌ردووکیان خه‌ڵکى گوندى دیواڵان‌ى ناوچه‌ى سه‌رده‌شت) له خوار نه‌خۆشخانه‌ى شار له شوێنێک به ناوى “خڕى کانى ساردێ ” ئیعدام کران.
به پێچه‌وانه‌ى، ئه‌وه‌ى ته‌رمى شه‌هیده‌کانى جووڵانه‌وه‌ى ساڵه‌کانى (47 – 46ى هه‌تاوى) یان بۆ چاو ترسێن کردنى خه‌ڵک به شار و گوندى کوردستان داده‌گێرا. به کریگیراوانى رژیم هه‌ر به‌و به‌یانیه زووه ته‌رتیبى ناشتنى ته‌رمى ئه‌و سێ شه‌هیده‌یان دابوو له قبرستانى گرده سوورى شارى سه‌رده‌شت و تا چه‌ند مانگ دواتر شوینى ناشتنه‌که‌یان ئاشکرا نه‌بوو به‌ڵام له پاشان گلکوى پیرۆزیان بوو به جی نه‌زرگه‌ى پیر و لاوى کورد.
کاتێک جه‌لاده‌کان ویستبوویان ئاواره ئیعدام بکه‌ن به سه‌رى دا نه‌راند بوون و به قه‌وت هاوارى کردبوو (بژى کوردستان) .
ئاواره و هه‌ڵبه‌ست
ئاواره له ده‌ورانى فه‌قێ‌یه‌تى له حوجره‌ى فه‌قێیان و پاشانیش به خویندنه‌وى شێعرى شاعیرانى نیشتیمان په‌روه‌رى کورد ئۆگرى‌یه‌کى زۆرى به شێعرى پاراو و ره‌سه‌نى کوردى په‌یدا کرد بوو و له کاتى پێشمه‌رگایه‌تى زۆر جار به زمانى خه‌ڵک شێعرى ده‌گوتن و زۆر زوو شێعره‌کانى ده‌ما و ده‌م له نێو خه‌ڵکى دا بڵاو ده‌بونه‌وه و خه‌ڵک شێعره‌کانى ئه‌ویان بۆ یه‌کترى له به‌ر ده‌گووته‌وه .
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به ناخى شێعره‌کانى ئاواره دا بچینه خواره‌وه و دابه‌ش کردنێکیان لێ بکه‌ین بۆمان ده‌رده‌که‌وێ ئه‌و دوو جۆره هه‌ڵبه‌ستى هۆنیوه‌ته‌وه.
هه‌ڵبه‌ستى نیشتیمان په‌روه‌رى وه‌ک هه‌ڵبه‌ستى “کوردم کوردستانم ده‌وێ ” و ” توتنه‌وان”، ره‌ش بگیرى و لاى لایه، هه‌ڵبه‌ستى توتنه‌وان له دیارده کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه ده‌چێته سه‌ر دیارده‌ى سیاسی. دیاره ئاواره هۆی به‌ش مه‌ینه‌تیه‌کانى گه‌له‌که‌ى به هۆى سیاسی داده‌نێ . هه‌روه‌ها له هه‌ڵبه‌ستى لاى لایه دا که لاوانه‌وه‌یه دوباره ئامانجى ده‌ربرینى نیشتیمان په‌روه‌رییه. هه‌ڵبه‌ستى وه‌سفى وه‌ک “هه‌ڵبه‌ستى وه‌سفى ئالان ” ئاواره له هه‌ڵبه‌ستى ” کوردم کوردستانم ده‌وێ ” دا که نموونه‌ى شێعرى نیشتیمان په‌روه‌رییه، ده‌ڵێ :
هه‌دا ناده‌م رۆژ و شه‌وێ
خۆم بسره‌وم دڵ ناسره‌وێ
تاکوو هه‌لم ده‌ست ده‌که‌وێ
دونیا گشتى سه‌ر یه‌ک که‌وێ
لێم ببرن خۆراک و خه‌وێ
کوردم کوردستانم ده‌وێ
هیواى به‌رزم قه‌ت نانه‌وێ له‌م کۆپڵه‌یه له هه‌ڵبه‌ستى مه‌لا ئاواره دا نیشتیمان په‌روریه‌کى به ته‌واوى شۆرشگێرانه‌ى پێوه دیاره به تایبه‌تى که له دوایین دێرى ئه‌م کۆپله‌یه‌دا ده‌ڵى: ( هیواى به‌رزم قه‌ت نانه‌وێ)
واته ئه‌و هیوایه‌ى که له به‌رزى و له لوتکه دایه قه‌ت نه‌وى نابێ.
ئاواره له کۆپڵه‌یه‌کى دیکه‌ى هه‌ر ئه‌م هه‌ڵبه‌سته دا ده‌چێته سه‌ر ئه‌وه‌ى که مافى خوراو بۆ نیشتیمانه‌که‌ى وه‌ستێنى هه‌ر وه‌ک ده‌ڵێ :
ده‌ستێنمه‌وه مافى خوراو
بۆ نیشتیمانى به‌ش کراو
هه‌زاران دایکى زگ سوتاو
هه‌زاران باوکى کوڕ کوژراو
ده‌ژێنمه‌وه وه‌ک گوڵ به ئاو
کوردم کورستانم ده‌وێ
هیواى به‌رزم قه‌ت نانه‌وێ
له کۆپڵه‌یه‌کى دیکه‌ى ئه‌م هه‌ڵبه‌سته‌دا ئاواره ئیشاره به‌وه ده‌کا که چۆن سه‌روه‌ت و سامانى وڵاته‌که‌ى به تاڵان ده‌چێ و ده‌ڵى :
تا که‌ى خه‌زینه و نه‌وته‌که‌م
به بووکه‌ڵه و فیت فیته ده‌م
له سه‌ر گه‌نجى وڵاته‌که‌م
خاکى خۆشم ئاواره که‌م
خه‌ڵکى شاد و من دڵ به خه‌م
کوردم کوردستانم ده‌وێ
هیواى به‌رزم قه‌ت نانه‌وێ
له ( هاوارى توتنه‌وان ) دا ئاواره ده‌چێته سه‌ر بنج و بناوانى چاره ره‌شى و بێ به‌شى وه‌رزیرانى کوردستان و ده‌ڵى :
توتنه‌وانێکى هه‌ژارم
بێ خانوو و بێ زه‌وى و زارم
بێ پوڵ و باخ و بزن و مه‌ر
دوور له خێرم نزیک له شه‌ر
منداڵم رووت و برسییه
ژینم پر له مه‌ترسییه
قه‌رزدارم ده‌رده‌دارم
شه‌رمه‌نده‌ى خه‌ڵکى دێ و شارم
رووم نیه بچمه نێو خه‌ڵک
بێ به‌رگ و پێڵاو و بێ که‌ڵک
خه‌ڵکى پێى وایه ته‌مبه‌ڵم
بێ که‌سپ و کار و چه‌په‌ڵم
به‌ڵام چ بکه‌م چاره ره‌شم
خه‌رمانم زۆره و بێ به‌شم
له هه‌ڵبه‌ستى توتنه‌وانى دا ئاواره ئیشاره به‌وى ده‌کا که چۆن کاتێک توتنه‌وان به گیان کێشانى خۆى و ماڵ و منداڵى توتنه‌که به‌رهه‌م دێنێ، ئیداره‌ى دوخانیه‌ى ده‌وڵه‌تى ره‌نجى ساڵى به فیرۆ ده‌با و بۆ رزگارى له‌م زیلله‌ته روو ده‌کاته دوژمن و ده‌ڵى:
دوژمن تاکه‌ى بده‌م باجت
ده‌ک وه‌رگه‌رى ته‌خت و تاجت
له پاشان روو ده‌کاته وه‌رزێران و ده‌ڵى :
ئه‌ى وه‌رزێران، ئه‌ى جووتێران
ئه‌ى توتنه‌وانى ماڵ وێران
با به یه‌ک دڵ و به یه‌ک زوبان
به خه‌باتى شێلگیرمان
تا دوا پشوو هه‌وڵ ده‌ین
شه‌ق ده‌و رژێمه هه‌ڵ ده‌ین
یه‌کگرتن هۆى سه‌رکه‌وتنه
خه‌بات رێگه‌ى ده‌سکه‌وتنه
ئه‌گه‌ر یه‌ک بین و یه‌ک بگرین
ده‌گه‌ڵ یه‌ک دا بژین بمرین
زاڵ ده‌بین و سه‌ر ده‌که‌وین
به‌رز ده‌بین و نانه‌وین
هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵلاى بێ وچان
بێ ماندو بوون و پشوو دان
تاقه رێگه‌ى رزگاری‌یه
هێنه‌رى رۆژى شادی‌یه
ئاواره وه‌ک زۆر شاعیرى کوردى نیشتیمان په‌روه‌ر هه‌ست و سۆزى کوردانه‌ى خۆى له چوارچیوه‌ى لاى لایه‌ى دایکه کوردیک بۆ کۆرپه ساواکه‌ى دا دێنێته سه‌ر تابلویه‌ک هه‌ر وه‌ک ده‌ڵێ:
رۆڵه کۆرپه‌که‌م ئارامى گیانم
خونچه‌ى گوڵزارى باخچه‌ى ژیانم
جگه‌ر گۆشه‌که‌م به‌رهه‌مى ژینم
سه‌روه‌ت و ماڵم ئاین و دینم
هێز و ته‌وژمم بیناى چاوانم
هاوده‌نگى به‌زمى رۆژ و شه‌وانم
رۆڵه گیان مه‌گرى مه‌گره به‌هانه
بنوو دره‌نگه به‌رى به‌یانه
له کۆپڵه‌یه‌کى دیکه‌ى ئه‌م هه‌ڵبه‌سته دا ده‌ڵى :
کوڕم تۆ کوردى تۆ بێچوه شێرى
نه‌ته‌وه‌ى کاوه‌ى ئازا و دلێرى
باب و باپیرت خزم و که‌س و کار
زۆریان کێشاوه مه‌ینه‌تى و ئازار
بۆ پارێزگارى ناموس و ماڵیان
قه‌ت نه‌وه‌ستاوه ده‌ست و گۆپاڵیان
تۆش وه‌ک ئه‌وان به نه‌ترس و نه‌به‌ز
بازى کێوى به نه‌ک که‌وى قه‌فه‌س
هه‌ى لای لایه رۆڵه لاى لایه
هیواى دوا رۆژم له ده‌ست تۆ دایه
ناوچه‌ى ئالان له کوردستانى ئێران له شوێنێکى سه‌ر سنوورى نیوان کوردستانى ئێران و کوردستانى گه‌رمێن دایه و تێکۆشه‌رانى کوردى هه‌ر دوو به‌شى کوردستان به راره‌وى یان به مانه‌وه رێ‌یان تێ که‌وتوه شوێنیکى شاخاوى و زه‌وى و زاری که‌مه خه‌ڵکه‌که‌ى ده‌وڵه‌مه‌ند نین به‌ڵام دڵ ئاوڵا و خاون خوان و میوان خۆشه‌ویستن. مه‌لا ئاواره له کاتى پێشمه‌رگایه‌تى دا زۆرتر له‌و ناوچه‌یه دا ماوه‌ته‌وه و ده‌گه‌ڵ خه‌ڵکى گونده‌کانى ئه‌م ده‌ڤه‌ره دا زۆر تێکه‌ڵاوى هه‌بووه، ئه‌و له وه‌سفى ئالان دا ده‌ڵى :
ئالان ئه‌ى باغ وبیستان
ئه‌ى ناوچه‌که‌ى کوردستان
ئه‌ى به‌هه‌شتى سه‌ر زه‌مین
ئه‌ى نه‌خشی جان ئافه‌رین
من به‌شی خۆم گه‌راوم
جیهان هاته به‌رچاوم
نه‌مدى وێنه‌ى تۆ چ شوین
له کویستان وله گه‌رمێن
خۆش و له به‌ر دڵانى
تا دڵ حه‌ز ده‌کا جوانى
له پاشان به گوند‌و موچه‌کانییدا دێ وده‌ڵێ :
له ” هه‌رزنێ ” دێته به‌رچاو
مێوژ و خۆشاو به لێشاو
“گاکێ “و ” تێیه‌ت ” و ” به‌ردان”
جێى مه‌ڕ و ماڵ و وه‌ردان
توتنه‌که‌ى ” زه‌رده‌کانى ”
“رۆزمه‌ن ” بێ به قوربانى
“بێتووش ” باغچه‌ى گوڵانه
هێلانه‌ى بولبولانه
مه‌لا عه‌وڵاى بێتووشى
هه‌زار ره‌حمه‌ت بێ تووشى
رۆڵه‌ى ئه‌م خاک و ئاوه
له دونیا خاون ناوه
“دولکان ” و ” کانیلانى ”
سه‌د دڵ ده‌بێ حه‌یرانى
گه‌یشته بێژوێ نوبه
جیێ زیکر و دین و تۆبه
“شیخه ئه‌مینى ” ئه‌میندار
پیاوى خودا و خۆینده‌وار
زۆر به ناو بانگ و ناو بوو
قیبله گاى پیر و لاو بوو
هه‌رکه‌س ئه‌وى ناسیبوو
فیرى خودا ناسی بوو
پیت و به‌هره‌ى خودا بوو
بۆ سه‌ر زه‌وى رژا بوو
سه‌ر چاوه‌ى نه‌قشبه‌ندى
خۆزگه‌م به‌وه‌ى چۆ به‌ندى
هه‌زار ره‌حمه‌ت له گۆڕى
یه‌زدان بێ چاوه نۆرى
گروێس له به‌ر دڵانى
وه‌ک گوڵى سه‌ر چڵانى
خاوه‌نى زه‌وى و زارى
جیێ هه‌نجیر و هه‌نارى
له پاشان له‌م وه‌سفه دا ده‌گاته دوایین گوندى ناوچه‌ى ئالان و ده‌ڵى :
” گڵه‌سپى ” و ” مێرگان ” و ” زێوه”
شێخه سوورى کرێوه
ده‌ورى ” ئاڵمان “ى داوه
یا خوا هه‌ر ببن ئاوا
زۆر جار به به‌زم و ئاهه‌نگ
کۆر و کچى شۆخ و شه‌نگ
ده‌گرن ده‌ستى ره‌شبه‌ڵه‌ک
زه‌رد و سوور و چاو به‌ڵه‌ک
با لێره ده‌ست هه‌ڵگرین
بچین ره‌ش به‌ڵه‌ک بگرین
به‌م حاڵه‌ش ئاواره خۆى به شاعیر نه ده‌زانى و ده‌یگووت ئه‌م ناوه گه‌وره و گرانه‌م پێ هه‌ڵناگیرێ .
مه‌لا ئاواره ده‌فته‌رێکى بچکۆڵانه‌ى باخه‌ڵى هه‌بوو و له نێو هه‌گبه‌که‌ى دابوو زۆربه‌ى هه‌ڵبه‌سته‌کانى تێدا نووسرا بوون ئه‌و ده‌فته‌ره له لاى نووسه‌رى ئه‌م دێڕانه بوو و زۆربه‌ى هه‌ڵبه‌سته‌کانم له به‌ر کرد بوون ئێستاش هه‌ر له به‌رمن. له مانگى خاکه‌لێوه‌ى ساڵى 1347 ى هه‌تاوى ( 1968 ى ز ) ئاواره ده‌فته‌ره‌که‌ى لێ وه‌رگرتمه‌وه. که شۆرشی گه‌لانى ئێرانى به سه‌ر دا هات ساڵى 1358 ى هه‌تاوى شێعره‌کانى ئه‌وانى له‌م ده‌فته‌ره‌دا بوون له لایه‌ن که‌سێکه‌وه به ناوى (عبدالله مینایى) یه‌وه چاپ و بڵاو بوونه‌وه. دووباره بڵاو بوونه‌وى هه‌ڵبه‌سته‌کانى وه‌بیر هێنانه‌وه‌ى گه‌نجێکى له بیر کراوه.
باسی ئه‌ومان کرد که مه‌لا ئاواره له نێو وه‌رزیران و جووتیارانى ناوچه‌کانى سه‌رده‌شت و بانه دا ده‌گه‌ڕا و ئه‌رکى نیشتیمانى خۆى که روون کردنه‌وه‌ى ئه‌وان له سه‌ر مافه ره‌واکانى گه‌له سته‌م‌دیده‌که‌ى بوو به‌جێ ده‌هێنا، ئه‌و جووتیارانه‌ى که له چوار وه‌رزى ساڵدا به زه‌حمه‌ت و ماندوو بوون و به‌رهه‌مه‌کانیان زگى خه‌ڵک تێر ده‌که‌ن و له هه‌مان کاتدا بۆ خۆیان برسین .
دوو نمونه‌ى زیندوو له‌م که‌سانه له ناوچه‌ى سه‌رده‌شت که ئه‌و کات مه‌لا ئاواره هامو و شۆی ده‌کردن کاک خدر (خاوه‌نى تووتنه‌وانى ئاواره) و سه‌لیم پێ خواسن .
سه‌لیم پێخواس خه‌ڵکى ناوچه‌ى ئالانى سه‌رده‌شت بوو. ئه‌و ته‌واوى سه‌روه‌ت و دارایه‌که‌ى بریتى بوو له ” دوو سێ فرووج و دوو دارى هه‌رزاڵه کۆن و دیزه‌یه‌ک خاڵی له ڕۆن و گاسنێکى تێک شکاو و”…. گوێدرێژێک و ده‌ستێک کۆنه پێخه‌ف و کاتێک له گوندێک ماڵی بۆ گوندێکى دى بارى ده‌کرد و له گوێدرێژه‌که‌ى ده‌نا، گوێدرێژى تایین زۆر به هاسانى باره‌که‌ى هه‌ڵده‌گرت و ریگه‌ى داده‌گرت.
مام سه‌لیم پیشه‌ی ڕاو و شکار بوو و هێنده‌ى باڵنده و ده‌عباى کێوى کوشتبوون هیچ ده‌عبا و په‌له‌وه‌رێک له به‌رى هه‌ڵنه‌ده‌هات ساچمه زه‌نێکى هه‌بوو هێنده‌ى ده‌بن تاشه به‌رد و ئه‌شکه‌وتان گێرا بوو قۆنداغه‌که‌ى سوا بوو، به‌و حاڵه‌ش ژاندارمه‌ى شا زۆریان له‌م ساچمه زه‌نه زه‌نده‌قیان چوو بوو و زۆریان به‌رۆک پێ ده‌گرت بۆ ساچمه زه‌نى تایین .
ئه‌وه‌ش ئێوه و ئه‌مه‌ش هه‌ڵبه‌سته‌کانى ئاواره :
کوردم کوردستانم ده‌وێ
هه‌دا ناده‌م رۆژ و شه‌وێ
خۆم بسره‌وم دڵ ناسره‌وێ
تاکوو هه‌لم ده‌ست ده‌که‌وێ
لێم ببرن خۆراک و خه‌وێ
دونیا گشتى سه‌ر یه‌ک که‌وێ
کوردم کوردستانم ده‌وێ
هیواى به‌رزم قه‌ت نانه‌وێ
تاکوو قۆناغى سه‌ربه‌ستى
ئه‌سپی خه‌باتم ناوه‌ستى
تا ده‌رنه‌چم له ژێر ده‌ستى
نامه‌وێ سه‌رمایه‌و هه‌ستى
مه‌رگ نه‌ک ژینى ژێر ده‌ستى
کوردم کوردستانم ده‌وێ
هیواى به‌رزم قه‌ت نانه‌وێ
بۆ ئازادى و به‌خته‌ورى
بۆ سه‌ربه‌خۆیى و رزگارى
به سه‌ر به‌رزى و به‌ختیارى
به‌گیان ده‌که‌م فیداکارى
تا ده‌برم ده‌ستى زۆر دارى
کوردم کوردستانم ده‌وێ
هیواى به‌رزم قه‌ت نانه‌وێ
ده‌ستى زۆردار ده‌قرتێنم
قه‌ڵاى سه‌ختى ده‌ڕوخێنم
به‌ردى بناغه‌ى ده‌ردێنم
وه‌ک دێڵه سه‌گ ده‌یتۆپێنم
که نه‌ش تۆپی ده‌ی ره‌تێنم
تۆڵه‌ى کوردى لێ ده‌ستێنم
کوردم کوردستانم ده‌وێ
هیواى به‌رزم قه‌ت نانه‌وێ
ده‌ى ره‌تێنم تا کێوى قاف
جیهانى پێ ده‌که‌م ته‌واف
به بێ گاڵته و لاف و گه‌زاف
شه‌رته نه‌که‌م وه‌عده به خیلاف
یا بمرم یا بستێنم ماف
کوردم کوردستانم ده‌وێ
هیواى به‌رزم قه‌ت نانه‌وێ
ده‌ستێنمه‌وه مافى خوراو
بۆ نیشتیمانى له‌ت کراو
هه‌زاران دایکى زگ سوتاو
هه‌زاران باوکى کوڕ کوژراو
ده‌ژێنمه‌وه وه‌ک گوڵ به ئاو
کوردم کوردستانم ده‌وێ
هیواى به‌رزم قه‌ت نانه‌وێ
ناهێڵم نه‌سلى به‌دکار
وه‌ک هه‌ڵۆ لێى ده‌که‌ومه کار
له ژێر زه‌وى بۆى ده‌چمه خوار
بچێته ئاسمان نایکه‌م قوتار
کوردم کوردستانم ده‌وێ
هیواى به‌رزم قه‌ت نانه‌وێ
جووقه وارى لێ ناهێڵم
وڵاتى پێ به جێ دێڵم
خاکى خۆم بۆ خۆم ده‌کێڵم
سوودى بزن ومه‌ر و چێڵم
چى دى نایده‌م به فرو فێڵم
کوردم کوردستانم ده‌وێ
هیواى به‌رزم قه‌ت نانه‌وێ
تاکه‌ى خه‌زێنه و نه‌وته‌که‌م
به بۆکه‌ڵه و فیت فیته ده‌م
له سه‌ر گه‌نجى وڵاته‌که‌م
خه‌ڵک شاد و من دڵ به خه‌م
خاکى خۆشم ئاواره که‌م
کوردم کوردستانم ده‌وێ
هیواى به‌رزم قه‌ت نانه‌وێ
ئاواره 1346 ى هه‌تاوى
ئاواره له مووچه‌یه‌کى گوندى بیژویێ ئالانى سه‌رده‌شت ده‌بێ و به دووربین چاو له دێیه‌که ده‌کا و ده‌بینێ ئاپۆرایه، هێنده‌ى پێ ناچى براده‌رێک نان و چاى بۆ دێنى. ئاواره ده‌پرسێ :
ـ ئه‌و ئاپۆرایه چیه له نێو دێ
ـ چ نیه عه‌جه‌م هاتوون بۆ سه‌رباز گیرى و دوو که‌سیان به ره‌ش بگیر گرتوون یه‌کیان سه‌لیم پێخواسه که هه‌ر زوو خۆى له ده‌ستیان رزگار کردوو ئه‌وى دیکه‌یان میرزا برایمى حاجى حوسێنه ژن و منداڵ به په‌یاغان ئه‌ویشیان لێ ئه‌ستاند نه‌وه، ئێستا ژاندارمه له کونه مشکێکى ده‌گه‌رێین خۆى تێ راکه‌ن.
ـ ئاواره‌ش قه‌ڵه‌م تاو ده‌داتێ و ده‌نووسێ :
ره‌ش بگیرى
قه‌ڵه‌م ئه‌ى نوورى چاوم کزه‌ى جه‌رگ و هه‌ناوم
ئه‌ى مایه‌ى ژیانم ئه‌ى هێزى دڵ و گیانم
هه‌سته له خه‌و دره‌نگه ئه‌مرۆ دڵم زۆر ته‌نگه
دڵم زۆر ماته‌مینه پر له زام و برینه
چیت پێ ده‌ڵیم به کوردى بینووسه زۆر به ووردى
وام زانیوه ده‌نگ و باس سێ جه‌ندرمه‌ى خوا نه‌ناس
له سێى پێنجى چل و سی هاتنه بێژوێ سێ به سێ
به‌رگیان سپى وه‌ک خێوى ترسنۆک چه‌شنى رێوى
گه‌ینه قه‌برستانى دێ ” سه‌لیم” یان گرت ده‌ستبه‌جێ
که گرتیان سه‌لیم پێ خواس خه‌ڵک هه‌موو وه‌ک هه‌یاس
له فیتى خۆ گه‌یشتن رایان کرد و رۆیشتن
هاتن گه‌ینه نێو ئالان گه‌ران کۆڵان و داڵان
وه‌ک سه‌گى هار و برسی هه‌رچى دییان لێیان پرسی
له ناکاو بێ خه‌به‌ر یه‌کێک له ژوور هاته ده‌ر
نه‌یزانى ئه‌و فه‌قیره که حه‌وزه‌یه و ره‌شبگیره
نه‌یزانى به‌شى کوردان گرتن و کوشتنه و زیندانه
وه‌ک سه‌گ بۆی چوون ده‌م‌وده‌ست گرتیان هه‌ردووک ده‌ستیان به‌ست
به خۆشی و شادمانى هاتن گه‌ینه سه‌ربانى
غه‌یرى ئه‌و دوو نێچیره که‌سیان نه‌بوو ده‌ستگیره
هه‌رچۆنى بوو مام پێخواس خۆى له ده‌س کردن خه‌لاس
ئه‌وى تریان پێش خۆدا بۆ وه‌تاغى مام کوێخا
(اى کدخدا بیا پیش ) ( بیا بیرون میندیش )
به‌ڵام کوێخا مه‌ردانه ده‌رچوو له‌و جێ و مه‌کانه
زوو گره‌وى خۆى برده‌وه بۆى ده‌رچوو خۆى شارده‌وه
ئه‌و شه‌و تاکوو به‌یان پیر و ئافره‌ت ده‌وره‌ى دان
زۆریان لێ پارانه‌وه دیلیان وێ نه‌دانه‌وه
به به‌رتیل و پاره نه‌کرا عیلاج و چاره
تا به‌یانى ده‌سته به‌سته خستیاننه ژوور وه‌ک خه‌سته
چه‌ند و چوونى پێ ناوێ ده‌گه‌ڵ گزنگى تاوێ
سێ جه‌ندرمه و یه‌ک ئه‌سیر هاتنه خوازێ چه‌پ و چیڕ
هاتنه خوارى چوار به چوار که‌وتنه رێگا به‌ره‌و شار
خه‌ڵکى نێو دێ ژن و پیاو کور و کچ و پیر و لاو
هه‌موو مات و خه‌فه‌تبار وه‌ک دییه‌کى تازیه بار
به‌ڵام هه‌رگیز خودایه شوکرى تۆم له ده‌ست نایه
کوردت وه‌ها داناوه بۆ ته‌نگانه ژن پیاوه
ئافره‌تانى قاره‌مان دایان نابوو یه‌ک پیلان
نه‌خشه و پیلانێکى جوان وه‌ک داستانى ئه‌رسه‌لان
گه‌ینه ده‌رکى مام باپیر پێش خۆیان دابوو ئه‌سیر
پوور فاتمیان نارده کردى به مرخێش مرخێش !
کورى منه و به‌رى ده‌ن سه‌گباب ئه‌زیه‌تى مه‌ده‌ن
تێک هاڵان و تێک نووسان وه‌ک جۆخین که‌ن پێ خوسان
زۆریان یه‌کتر هێنا و برد زه‌فه‌ریان له یه‌ک نه‌برد
پوورم نه‌عره‌ته‌ى کێشا هێزى ئافره‌ت خرۆشا
بگره‌وبه‌رده و گیر ودار په‌یدا بوو له چوار که‌نار
یه‌ک ده‌یگووت تێ‌یان هه‌ڵده‌ن زوو براکه‌میان پێ به‌رده‌ن
یه‌ک ده‌یگووت من هه‌ر ده‌یکه‌م تا رزگار ده‌بێ کوڕه‌که‌م
یه‌ک ده‌یگووت ئاموزا گیان ئه‌توو سه‌ربازى ئێران
یه‌ک ده‌یگووت کورى خوشکه بۆیه لێوم وا ویشکه
یه‌ک ده‌یگووت ئه‌ى ئاموزا جه‌رگم له بۆت هه‌ڵپرووزا
که هات خورشیدى کچى ده‌یدا له سه‌ر و پرچى
هاوارى کرد دایه گیان بێ مرادت کردم له ژیان
شه‌رته له پاش تۆ دایه ته‌رک که‌م ئه‌و دونیایه
تا خه‌وم نه‌یه نه‌نووم تا بنێشتم نه‌بێ نه‌جووم
تا برسیم نه‌بێ نه‌خۆم تا نه‌که‌ومه رێ نه‌رۆم
مه‌گه‌ر هه‌ر نه‌بێ ماستاو ده‌نا ناخۆم به‌فر و ئاو
مه‌گه‌ر له به‌ر هه‌ژارى کۆشت که‌م به ژه‌هرى مارى
چا ناخوم تا تێ نه‌کرێ نان ناخوم تا دانه‌نرێ
له‌م هه‌موو باس وخواسه ژاندارم بوون گێژ و کاسه
له پاش شین و گریان وزار خورشید ده‌ستى دایه دار
وه‌ک شێره ژنى زه‌مانه گرتى جه‌رگه‌ى مه‌یدانه
ژاندارم له‌و ترس و له‌رزه له بیریان چۆوه حه‌وزه
به سه‌د فێڵ و ده‌ردى سه‌ر خۆیان له ده‌ست برده ده‌ر
چوونه ژوورى دانیشتن وه‌ک مریشک لێێ هه‌ڵنیشتن
ئه‌مجار پوور فاتمى مردوو له‌سه‌ر خۆى لادا په‌توو
رزگارى بوو له مردن بۆ توتن پێوه کردن
داستانم ته‌واو نه‌بوو داخه‌که‌م رۆژ ئاوا بوو
جێم چۆل و بیابانه نیمه چرا و دیوه‌خانه
گه‌لى خوشک و برایان ته‌مه‌ننا ده‌که‌م لێتان
ئه‌وه‌ى نزیک و دوورن له ته‌قسیرم ببوورن
1342 ى هه‌تاوى
ئاواره
شه‌وى چارده‌ى گه‌لاوێژى ساڵى 1346 له مووچه‌یه‌کى سه‌ره‌وه‌ى دێى بێتووشى ئالانى سه‌رده‌شت به ناوى “دۆلان ” بۆ دیده‌نى چوومه لاى ئاواره ئه‌م شوینه زۆر خۆش و ئاوى سارد و زوڵاڵى هه‌یه ئه‌گه‌ر فارسێکى که‌ویرى یان عاره‌بێکى ده‌شته‌کى له‌و ئاوه وه‌خوا وا ده‌زانێ سه‌هۆڵى تێدایه دوڵان شوێنێکى به‌رزه و له داوێن چیای زه‌رتکه‌یه و به‌سه‌ر ئالانى ئه‌م به‌ر و ئه‌و به‌ران دا ده‌روانێ .
شه‌و درنگانێک له پاش قسه و باسێکى زۆر به ده‌ردى فارس ده‌ڵێن: (از هر درى سخنى)
من لێى خه‌وتم ئاواره له به‌ر شه‌وقى مانگه شه‌و تا کازیوه‌ى به‌یانى به خه‌به‌ر بوو .
به‌یانى که له خه‌و هه‌ستام ده‌فته‌ره‌که‌ى له پشت سه‌رم دانا بوو و بۆ خۆى لێ ى دابوو رویشتبوو خواحافیزێه‌کى لێ نوسیبوو. پیویسته بڵێم له‌م سه‌فه‌ره‌دا کاک “محمد محمدى “یشم له‌گه‌ڵ بوو که له جه‌ره‌یانى خۆپێشاندانه‌کانى ساڵى 1357 دژى رژێمى پاشایه‌تى شه‌هید بوو. ئه‌مه‌ش شێعره‌که :
وه‌سفى ئالان
ئالان ئه‌ى باغ و بێستان ئه‌ى ناوچه‌که‌ى کوردستان
ئه‌ى به‌هه‌شتى سه‌ر زه‌مین ئه‌ى نه‌خشی جان ئافه‌رین
من به‌شی خۆم گه‌راوم جیهان هاته پێش چاوم
نه‌مدى وێنه‌ى تۆ چ شوێن له کوێستان و له گه‌رمێن
خۆشی له‌به‌ر دڵانى تا دڵ حه‌ز ده‌کا جوانى
له هه‌رزنى دێته به‌رچاو مێوژ و دۆشاو به لێشاو
“گاکێ ” و ” تێیه‌ت ” و ” به‌ردان ” جێى مه‌ڕ و ماڵ و وه‌ردان
توتنه‌که‌ى ” زه‌رده‌کانى ” رۆزمه‌ن بێ به قوربانى
“پیر بابا ” پیرى مه‌شهوور خه‌ڵک له نزیک و دوور
له کویستان و له گه‌رمێن به‌ره‌و پیلى ده‌چن و دێن
بادار و سه‌ر به هه‌وێ جێێ وایان ده‌س ناکه‌وێ
ئاوه‌دان بێ ” مه‌زناوه ” مه‌ڵبه‌ندى به‌ڵه‌ک چاوه
له کیو له مازوو چنین به هه‌ڵپه‌رکه و پێکه‌نین
به دابی هه‌رزه‌کارى دوور له دونیای غه‌مبارى
شه‌و و رۆژ راده‌بوێرن ده‌ست و دڵ چاو تێرن
خواره‌وى ” خواره مێر “ه کۆنه جێێ مه‌زن و میره
“ئه‌شکان ” و ” مه‌زرێ ” و” گه‌رماو ” خاوه‌ن ده‌غڵ و توتن و ئاو
(بێتووش)
بێتووش باغچه‌ى گوڵانه هێلانه‌ى بولبولانه
کوڕ و کچ و لاو و پیر هه‌موو دڵخۆش و دڵگیر
باغ و باغاتى جوانى مزگه‌وت و حه‌وز و کانى
دار و دره‌خت و سه‌وزه ئاوى ساردى بێ قه‌وزه
هه‌تا دونیا دونیا بێ وێنه‌یان په‌یدا نابێ
مێوه‌جاتى جۆر به جۆر زه‌رد وشین و ئاڵ و مۆر
شیرین و مزر و مه‌زه خۆش پیاو ده‌که‌ن مه‌ست و سه‌رخۆش
خو خوره‌ى ئاوى کوێستان دێته خوار بۆ نێو بێستان
چریکه‌ى بولبول قاسپه‌ى که‌و هه‌ر له به‌یان تاکوو شه‌و
به ئاواز و سازى خۆش دڵ دێننه جۆش و خرۆش
شاخى به به‌فر و به‌رزى ده‌روانێته سه‌ر ئه‌رزى
“مه‌لا عه‌وڵاى بێتووشی ” (1) هه‌زار ره‌حمه‌ت بێ تووشی
رۆڵه‌ى ئه‌م خاک و ئاوه له دونیا خاوه‌ن ناوه
نه به زمان نه به قه‌ڵه‌م ناتوانم وه‌سفى بکه‌م
تورک و فارس و ئه‌رمه‌نى کورد و روم و یه‌مه‌نى
که‌س نیه ناوى نه‌زانى چم داوه له به‌یانى
بێتووش به‌راستى خۆشی مه‌ڵبه‌ندى عه‌یش و نۆشی
چۆن مه‌تحت به‌من ده‌کرێ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م پێ ده‌کرێ
قه‌ت ده‌رناچى له یادم هه‌ر به‌وه‌نده‌ش دڵشادم
“مێرگاسی “جوان و ره‌نگین سازگارو جێگه‌ى هاوین
جێى ئاهه‌نگ و سه‌یرانه دڵگیرى پیر و جوانه
“دولکان “و”کانیلان “ى سه‌د دڵ ده‌بێ حه‌یرانى
له”مێشکه‌په” و”ره‌جاکه” مام حاجى پیاوى چاکه
“بێشکه ” و” دێگه”و”بالێتان” ” شیرانیان ” و “دیناران”
سه‌رووى “دنیاران” ” بناوه” دێیه‌کى خاوه‌ن ناوه
بێژوێ
گه‌یشته ” بێژوێ ” نۆبه جێ ى زیکر و دین و تۆبه
“شێخ ئه‌مین “ى(2) ئه‌میندار پیاوى خودا و خوێنده‌وار
زۆر به ناو بانگ و ناو بوو قیبله‌گاى پیر و لاو بوو
هه‌ر که‌س ئه‌وى ناسیبوو فێرى خودا ناسی بوو
پیت و به‌هره‌ى خودا بوو بۆ سه‌ر زه‌وى رژابوو
سه‌رچاوه‌ى نه‌قشبه‌ندى خۆزگه‌م به‌وه‌ى چۆ به‌ندى
هه‌زار ره‌حمه‌ت له گۆرى یه‌زدان بێ چاوه نۆرى
“قوڵه” و “موونه”و” به‌رده سوور” مه‌زرێ هه‌مووى خواروژوور
هه‌م ” گۆجار” و ” سێ کووزو” په‌ڵک چنار و مازوو
له ” گویزڵێ” هه‌نجیر و ترێ هێند زۆره ناگوترێ
“گرتکى ” هه‌ر ئاوه‌دان بێ هه‌تا سه‌ر خانه دان بێ
“کاوژان ” له‌و به‌رى ” گرتکى ” زورن مێوژى به که‌ڵکێ
هه‌زار سڵاو له‌و گوونده له‌و بێژووه ره‌ند و مه‌نده
بێژوێ به‌هارى شادى له ئالان بۆته نادى
سه‌دو بیست ماڵ باڵایه هه‌مووى ئاڵ و واڵایه
کور و کچ لاو و پیر هه‌موو زانا و ئاقڵ و ژێر
دڵخۆش و ده‌م به خه‌نده شینى وێنه‌ى گوۆه‌نده
پیرى به که‌یف و دڵ جوان له ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌پان
هه‌موو شیرین که‌لامن به عه‌قڵ و هۆش وفامن
کور کچى هه‌رزه‌کار فێرى گۆنگه‌ڵ و قومار
لاوى گورج و گوڵ وتوند دێنه به‌ر چاو له نێو گوند
کوران شێر‌و پڵینگن کچان قازو و قورَینگن
کانى مزگه‌وت و چنار مه‌لا فه‌قی و خوێنده‌وار
هه‌ر له بێژوى جوانن پێکه‌وه شانه و شانن
بێژووى هه‌تاکوو مابم لا ناچى له به‌ر چاوم
با له‌و سه‌رى دونیا بم ئه‌گه‌ر له تۆ دڵنیا بم
هه‌ر پێم وایه له لاتم هاو ده‌نگى خاک و پاتم
ئه‌و جار به خوات ده‌سپێرم بێژوێێ به خێر و بێرم
خوات له گه‌ڵ بێ بێژوێ خۆش شه‌رته نه‌تکه‌م فه‌رامۆش
“سنجووێ “و “دۆلى”و “ره‌شه‌کان” بمبورن به هه‌ر سێکان
هه‌ر ئه‌ونده ده‌زانم بڵێم هه‌تا ده‌توانم
جێى گه‌وره و خانه دانن خاوه‌ن قۆناغ و نانن
“گروێس ” له به‌ر دڵانى وه‌ک گووڵى سه‌رچڵانى
خاوه‌نى زه‌وى و زارى جێ ى هه‌نجیر و هه‌نارى
ته‌ماته‌ى هاوینانت موره‌بباى هه‌نارانت
مه‌زه‌ى دڵ و گیانن به‌شی ئاغا و سه‌پانن
“گڵه‌سپی ” و ” مێرگان ” و ” زیوه ” شێخه سوورى کرێوه ”
ده‌ورى ” ئاڵمان ” ى داوه یاخوا هه‌ر ببن ئاوا
“مه‌لا پیره ” و ” شێخه سوور ” دوو مه‌رقه‌دى پر له نور
جێگاى راز و نیازن دوعایان لێ ده‌خوازن
له هه‌موو گۆشه و که‌نار له دێهات و له نێو شار
پۆل پۆل و ده‌سته ده‌سته بێ ماندو و بوون و خه‌سته
به‌ره‌و پیلیان دێن له دوور زیاتر له به‌ر (شێخه سوور)
به تایبه‌تى به‌هاران به کۆڵه پشتى و باران
کولێره و نانه چه‌وره به لێشاون له‌و ده‌وره
زۆر جار به به‌زم و ئاهه‌نگ کور و کچى شۆخ و شه‌نگ
ده‌گرن ده‌ستى ره‌ش به‌ڵه‌ک زه‌رد و سوور و چاو به‌ڵه‌ک
با لێره ده‌س هه‌ڵگرین بچین ره‌ش به‌ڵه‌ک بگرین
(14 ى گه‌لاوێژى 1346 ) ى هه‌تاوى
ئاواره
له پێشه‌وه وتمان مه‌لا ئاواره له نێو زه‌حمه‌تکێشانى کوردستان ده‌گه‌را و ئه‌وانى له سه‌ر داخوازیه ره‌واکانى گه‌له‌که‌ى رێنمایى ده‌کرد گوندى نه‌ڵاس (که ئێستا بۆته شاروچکه) یه‌کێکه له‌و گوندانه‌ى ده‌مچۆمى که‌ڵوێى سه‌رده‌شته که مه‌لا ئاواره له‌وێ زۆر ده‌چوو ماڵى جووتیاران و له کاتى ئه‌وه‌ى ژاندارمه و سیخوره‌کانى رژیمى پاشایه‌تى به شوێنى داده‌گه‌ران له‌و ماڵانه له نێو مووچه و مه‌زراکانیان دا ده‌حه‌وایه‌وه.
( خله که‌چه‌ڵ ) یه‌کیک له‌و توتنه‌وانه زه‌حمه‌تکێشانه‌ى نه‌ڵاس بوو که ئاواره زۆرى به سه‌ر ده‌کرده‌وه و ته‌نانه‌ت له ئاودان و نێو گوڵ کردن و توتن پێوه کردن دا یاریده‌ى ده‌دا …
هاوارى توتنه‌وانێکى سه‌رده‌شت یه‌کێک له‌و هه‌ڵبه‌ستانه‌یه که به زمانى ساده‌و ساکارى گوندىیانه هونراوه‌ته‌وه.
توتنه‌وانێکى هه‌ژارم بێ خانوو و بێ زه‌وى و زارم
بێ پوڵ و باغ و بزن و مه‌ر دوور له خێرم نزیک له شه‌ر
منداڵم رووت و برسییه ژینم پر له مه‌ترسییه
قه‌رز دارم ده‌رده‌دارم شه‌رمه‌نده‌ى خه‌ڵکى دێ و شارم
روم نیه بچمه نێو خه‌ڵک بێ به‌رگ و پێڵاو و بێ که‌ڵک
خه‌ڵک پێى وایه ته‌مبه‌ڵم بێ که‌سپ و کار و چه‌په‌ڵم
به‌ڵام چ بکه‌م چاره ره‌شم خه‌رمانم زۆره و بێ به‌شم
هه‌ر که گوتیان سه‌رى ساڵه واده‌ى جووت و کشت و کاڵه
خۆم و خێزان ، گه‌وره و بچووک راده‌په‌ریین وه‌کوو هه‌للووک
هه‌ڵده‌په‌رین لێره و له‌وێ به‌ڵکوو کارێکمان ده‌س که‌وێ
یا قوره‌کارى و خشته برین یا جووت و زه‌وى هه‌ڵدڕین
وا به‌هاره ده‌رکه‌وت گوڵ جێگه خۆش ده‌گرێ بۆ شتڵ
به گاسن به پێمه‌ره به پاچ به چنگ و نینوک و قاچ
ده‌ى بژێرین و خۆشی ده‌که‌ین تێکه‌ڵ ده‌بێ ده‌گه‌ڵ په‌ین
ئه‌مجار تۆ شتڵى پى ده‌کرێ به چیلکه‌و چاڵ سه‌رى ده‌گرى
دوو رۆژ جارێک ئاوى ده‌وێ تا شین ده‌بێ و ده‌رده‌که‌وێ
بژارى چه‌ند ناخۆش وورده پیشه‌ى کور و کچى کورده
شه‌و و رۆژ خه‌و ناچێته چاو که‌نگى به‌رم ده‌که‌وێ ئاو
زه‌ویه‌که‌م بۆره دێر بکه‌م نه‌وه‌ک سیس ببن شتڵه‌که‌م
به شی‌و برین و وه‌ردو خه‌ت کێلان ده‌گاته پێنج که‌رت
دێراو هه‌ڵدان خاکاو کردن کور و کچ وه‌کوو کردن
ناخۆشه توتن چه‌قاندن هه‌ڵتروشکان پشت چه‌ماندن
له ئاو داشتن سستى نه‌که‌ى تا ده‌گوورێ ووشکى نه‌که‌ى
نۆره‌ى پێشک و بژار بره جه‌رگ بره بژار پڕه
وا نیو گوڵ کرا ئاو درا له دووره‌وه به چاو کرا
کڵاو گه‌ڕگه‌رى وه‌ده‌ر که‌وت ئه‌ژنۆم شکا نێوکم که‌وت
ره‌بى کوێر بێ و چاوى نوسێ به زیادم له سه‌ر نه‌نووسێ
ده‌ردى پێرارم نه‌داتێ نه که‌سریم بێ و نه‌چم داتێ
توتن نووس بۆ خاترى خودا روحمى بکه به‌منى گه‌دا
مه‌ى سووتینه ره‌نجى ساڵم خاوه‌نێ کۆشێ منداڵم
توتن نووس :
تازه هه‌ڵى وه‌شێنمه‌وه بشمرى نایکوژێنمه‌وه
من کار به ده‌ستى ده‌وڵه‌تم دوژمنى خاک و میلله‌تم
توتنه‌وان :
زۆرى له به‌ر پاڕامه‌وه بێ پووڵ جوابى نه‌دامه‌وه
نووسی به چل پوتى ته‌واو ته‌پله به سه‌رى دوابراو
به فیزه‌وه سوار بوو رۆیى بۆ من جێ‌ما ره‌نجه‌رۆیى
ئه‌و جا بارین ده‌رد و به‌ڵا بۆ توتنه‌وانى بێ سه‌ڵا
به له‌رز و تا به ده‌ردى چاو سیس بووم وه‌ک توتنى به‌ر تاو
بێ پوڵ و پاره وبێ خه‌رمان بێ دوکتۆر و ده‌وا و ده‌رمان
کرم و مڵه‌ش ، که‌ڵه و گه‌زۆ له توتنى تایپن بوون وه کۆ
ئه‌ویش وه‌ک خۆم سیس و داماو چرچ و بێ شه‌فاف و ژاکاو
نه‌خۆشى و هه‌ژاریم بران کارم زۆرن، ده‌ردم گران
جووچکه‌و وه‌چه،سه‌ر سپاندن بن په‌ل، ته‌ڕه داشکاندن
چار داخ وبه‌ن پێوه‌کردن وه‌به‌ر تاودان و یشک کردن
ته‌لیس، شریت و حه‌مباڵى خه‌سار نه‌که‌ى نیو مسقاڵى
ئه‌وا داگیرا، دانرا په‌ته‌ى بارکردن وه‌رگیرا
خۆشی خۆشی دڵم شاده خاون قه‌رز به‌س خۆ باده
توتنه‌که‌م زۆر جوان و ره‌نده بۆن خۆش و باش و په‌سه‌نده
له‌ورۆ و له سبه‌ى بارى ده‌که‌م وارید به نێو شارى ده‌که‌م
دووخانیه چاکم لێ ده‌کرێ پووڵێکى باشم پێ ده‌برێ
هه‌ر قه‌رزێکى به سه‌رمه‌وه ده‌یده‌مه‌وه به گه‌رمه‌وه
جلک و پێڵاو ده‌سره و کڵاو برنج و رۆن بۆ چه‌ڵاو پڵاو
هه‌رچى پێویسته بۆ ماڵم بۆ خۆم و ژن و منداڵم
هه‌مووى ده‌کرم به هه‌رزانى له چاو جاران به مه‌رجانى
قه‌رز دار نیم نه‌غد کڕم چی دى ناڵێم به‌رگ شڕم
حاجى قادر”(3) “عه‌لى قه‌ساب”(4) چایی بێنن ده‌گه‌ڵ که‌باب
شه‌و له هوتیل له‌سه‌ر فه‌نه‌ر ده‌خۆم ده‌نووم به بێ خه‌ته‌ر
به‌رۆژ تا شه‌و بازار پێوان به فیزه‌وه قه‌ده‌م لێدان
ده‌گه‌رێم دووکان به دووکان سه‌ودا ده‌که‌م جلکى بووکان
له ده‌رزى تاکوو په‌شمینه هه‌ر شتێ جوان و ره‌نگینه
نرخ و قیمه‌تى ده‌پرسم توتنم هه‌یه چاو نه‌ترسم
مندالیش تلى لیلیانه له ماڵێ خۆشی خۆشیانه
باب له شار ده‌گه‌رێته‌وه هه‌موو شتێکمان بۆ دێته‌وه
ده رۆژ به‌م جۆره رامبوارد به قه‌رز نان و چام خوارد
دڵ پر ئاهه‌نگ و خۆشم ئه‌مرو توتنه‌که‌م ده‌فرۆشم
ئاغاى ره‌ییس وده‌رکه‌وت ئۆخه‌ى نۆره‌م وه‌به‌ر که‌وت
ده فه‌رده توتن ریز کراو له به‌ر شه‌وقی هه‌ڵنایه چاو
بۆ دیتن و چاو لێکردن هه‌مووى په‌رت و بڵاو کردن
سه‌ر و بنى هه‌ڵته‌کاندن نیویه‌کى لێ وه‌راندن
منیش له جێى خۆ هه‌ستاوم به بێ زمان راوه‌ستاوم
له ناکاو هاته گویم ده‌نگێ داى له جه‌رگم وه‌ک خه‌ده‌نگێ
گوتى: لێى ده‌ن به واگوزار ئه‌مساڵ خه‌راپتره له پار
به‌رویه‌کى ترش و تاڵه‌وه گوتى: زوو بگه‌وه ماڵه‌وه
ده‌پووتت که‌سری له سه‌ره بی هێنه بێ بێنه و به‌ره
که گویم گرت له‌م ده‌نگ و سه‌دا ره‌ق بووم له‌وێ وه‌ک موقه‌ببا
پاش تاوى تاسان حه‌به‌سان به ده‌نگێکى پر له ترسان
هاتمه زمان، هاوارم کرد گوتم ئه‌ى دادء ئه‌ى هاوار
ئه‌ى له رێگه‌ى په‌روه‌ردگار لێم وه‌کۆ بوون درشت وورد
ئاغاى ره‌ییس قه‌رزدارم نه‌خۆشم برسیم هه‌ژارم
هیچ نه‌بێ قه‌رزى ئه‌مساڵم قوتى خێزان و منداڵم
بمده‌نێ با ئه‌ربابه‌که‌م حه‌قى چایى و که‌بابه‌که‌م
رازى بکه‌م ، بی ده‌مه‌وه رێم ببێ بۆ شار بێمه‌وه
یان بمگرن یان بمکوژن یان که‌سه‌ریم له سه‌ر هه‌ڵگرن
بمبه‌خشن له رێگه‌ى خودا خه‌رجیم نیه بۆ دادگا
هه‌ڵده‌لرزێم هه‌ڵده چوقام نه‌راندى به سه‌رما توقام
ره‌ییس :
ئه‌ى بێ شه‌رمى په‌رده دراو ئه‌ى چڵنگى پیسى گڵاو
بێ ده‌نگ نه‌بی بێ ئابڕو تێت هه‌ڵده‌ده‌م به ئاره‌زوو
دا کوڕینه لێره ده‌رى که‌ن نه‌ک لێره، شار به‌ده‌رى که‌ن
به‌م چه‌شنه ده‌ریان په‌راندم به‌رهه‌مى ساڵیان رفاندم
به دزى خاوه‌ن قه‌رز و ئه‌رباب بێ پووڵی قاوه‌چى و که‌باب
ملم بۆ نایه لاره‌وه ده‌رکه‌وتم له نێو شاره‌وه
به چاوى پر گریانه‌وه به دڵیکى وه‌ک بریانه‌وه
هاتمه‌وه نێو خاو و خێزان وه‌ک بارانى گه‌ڵا رێزان
فرمێسکى رووتى و هه‌ژارى له چاوى گشتمان ده‌بارى
توتنه‌وان
دوژمن تا که‌ى بده‌م باجت ده‌ک وه‌رگه‌رێ ته‌خت و تاجت
ئه‌ى وه‌رزێران ئه‌ى جووتێران ئه‌ى توتنه‌وانى ماڵ وێران
با به یه‌ک دڵ و یه‌ک زوبان به خه‌باتى شێڵگیرمان
تا دوا پشوو هه‌وڵ ده‌ین شه‌ق ده‌و رژێمه هه‌ڵده‌ین
یه‌گگرتن هۆی سه‌رکه‌وتنه خه‌بات رێگه‌ى ده‌ستکه‌وتنه
ئه‌گه‌ر یه‌کبین و یه‌ک بگرین له‌گه‌ڵ یه‌کدا بژین بمرین
زاڵ ده‌بین و سه‌ر ده‌که‌وین به‌رز ده‌بین و نانه‌وین
هه‌وڵ و ته‌قه‌لاى بێ وچان بێ ماندوو بوون و پشوو دان
تاقه رێگه‌ى رزگارى یه هێنه‌رى رۆژى شادی‌یه
1342ى هه‌تاوى (1964 ز)
ئاواره
ئاواره گێرایه‌وه وتى شه‌وێک له ئالۆتى بانه له مووچه‌ى براده‌رێک خه‌وتبووم، هاوین بوو. نیوه شه‌و له مووچه‌یه‌کى ئه‌ولا تره‌وه گویم له ده‌نگى گریانى کۆرپه‌یه‌ک بوو که دایکى خۆشه‌ویستى به ده‌نگیکى خۆش لای لایه‌ى بۆى ده‌کرد بۆ ئه‌وى جگه‌ر گۆشه‌که‌ى بخه‌وێ.
گوتى لای لایه‌ى ئه‌م دایکه کورده ده‌روونى هه‌ژاندم و ئیلهامى دامێ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م شێعره بنووسم :
لای لایه‌ى دایکه کوردێک بۆ کۆرپه ساواکه‌ى
رۆڵه کۆرپه‌که‌م ئارامى گیانم خونچه‌ى گوڵزارى باغچه‌ى ژیانم
جگه‌ر گۆشه‌که‌م به‌رهه‌مى ژینم سه‌روه‌ت و ماڵم ئایین و دینم
هێز و ته‌وژمم بیناى چاوانم هاوده‌نگى به‌زمى رۆژ و شه‌وانم
رۆڵه گیان مه‌گرى مه‌گره به‌هانه بنوو دره‌نگه به‌رى به‌یانه
هه‌ى لای لایه کۆرپه‌ى ساوایه کویر بێ ئه‌و چاوه‌ى به تۆ هه‌ڵنایه
هه‌رچه‌ند تۆ ده‌گرى جه‌رگم که‌بابه من بۆ تۆ چۆنم تۆش بۆ من وابه
تۆ شاگوڵى باغ من باغه‌وانم نازت ده‌کێشم هه‌تا ده‌توانم
دایک ئه‌و کاته‌ى دڵى ده‌سره‌وێ که‌کۆرپه‌ى ساواى بێخه‌م وه‌رکه‌وێ
یان به بزه‌ى لێو به خه‌نده‌ى زارى ئاڵ وگۆڕیان کا گریان و زارى
هه‌ى لاى لایه کۆرپه‌ى ساوایه قه‌زات له گیانم تاقانه‌ى دایه
هه‌تا ئێستا که منداڵى ووردى خه‌ڵف و نه‌مامى بێستانى کوردى
شلکى ناسکى نه‌ت داوه باى باڵ ده‌رت نه‌کردووه په‌ڕو خه‌ت وخاڵ
بێ زمان و بیر بێ هۆش و تاقه‌ت غه‌مبارم ده‌که‌ى به گریه‌و زاقه‌ت
به‌ڵام به هیواى دوا رۆژم ساده‌ى نه‌که‌ى رۆڵه گیان ره‌نجم به باده‌ى
هه‌ى لاى لایه کۆرپه‌ى ساوایه بنوو دره‌نگه بۆچ خه‌وت نایه
هیوام زۆر پێته وه‌ک باب و کاکت ببیه سه‌ربازى نه‌ته‌وه و خاکت
به‌خیوت ده‌که‌م به گیان و به دڵ نه‌که‌ى بترسی وله‌هیچ بکه‌ى سڵ
زانا و خۆینده‌وار چاوو دڵتێر بی رۆژى ته‌نگانه پڵنگ وشێر بی
لاوێکى گورج و خاوه‌ن هۆش و بیر نه‌ترسی له به‌ند له کۆت و زنجیر
هه‌ى لاى لایه رۆڵه لای لایه بنوو درنگه تاقانه‌ى دایه
کورم تۆ کوردى تۆ بێچوه شێرى نه‌ته‌وه‌ى کاوه‌ى ئازا و دلێرى
باب و باپیرت خزم و که‌س وکار زۆریان کێشاوه مه‌ینه‌تى وئازار
بۆ پارێزگارى نامووس و ماڵیان قه‌ت نه‌وه‌ستاوه‌ده‌ست وگۆپاڵیان
تۆش وه‌ک ئه‌وان به نه‌ترس و نه‌به‌ز بازى کێوى به نه‌ک که‌وى قه‌فه‌س
هه‌ى لاى لایه رۆڵه لای لایه هیواى دوا رۆژم له ده‌ست تۆ دایه
په‌راوێزه‌کان :
1ـ زانایه‌کى به ناوبانگ و شاره‌زا بوو و له گوندى بێتووش له دایک بووه (بۆ زیاتر شاره‌زا بوون له ژیان و به‌سه‌ر هاتى بروانه (تاریخ مشاهیر کورد نووسینى بابا مردوخ روحانى جلد اول) لاپه‌ره‌کانى 384-276).
2 ـ مه‌لا حه‌مه‌ده‌مین ناسراو به (شێخى بێژووى ن) کورى مه‌لا ئه‌حمه‌دى سه‌راوى له ساڵى 1277ى کۆچى مانگى له بیژوێ له دایک بوو ( بۆ زیاتر شاره‌زا بوون له ژیان و به‌سه‌ر هاتى بروانه: ( تاریخ مه‌شاهیر کورد لاپه‌ره‌ى 356) .
3 ـ قاوه‌چیه‌کى شارى سه‌رده‌شت بوو، قاوخانه‌یه‌کى به‌رینى هه‌بوو و چایه‌که‌ى به تام و خۆش و به له‌زه‌ت بوو، پاییزان وه‌ختى توتن( فه‌حس کردن) قاوه‌خانه‌که‌ى هه‌ر جمه‌ى ده‌هات و خه‌ڵک به تایبه‌تى خه‌ڵکى دێهات زۆریان روو تێ ده‌کرد خواى لێ رازى بێ .
4 ـ که‌بابچى‌یه‌کى شارى سه‌رده‌شته که‌بابه‌که‌ى زۆر خالیس و بێ غه‌شه پێی ده‌ڵێن ( عه‌لى مینه‌ى شێخه‌ى) پاییزان وه‌ختى توتن فرۆشتن له دوکانه‌که‌ى دا ڕێ وه به‌ر رێدار ناکه‌وێ به تایبه‌تى که که‌بابخانه‌که‌ى له نزیک قاوه‌خانه‌که‌ى حاجى قادر بوو. هه‌ر که‌س نان و که‌بابى خواردبا بۆ چا خواردنه‌وه‌که‌ى ده‌چووه قاوه‌خانه‌ى حاجى قادرى.
سوپاس:
1ـ بۆ خوشکه چنور مهرپرور که مونتاژى وه ئه‌ستۆ گرت.
2ـ بۆ شاهۆى جگه‌رگۆشه‌م که پێى‌داچۆته‌وه.
تایبه‌ت به ماڵپه‌ری گیاره‌نگ
تایبەت بە ٣٨ ساڵەی شەهیدبوونی مەلا ئاوارە