شێت. ڕ. پ. چەکۆ

‌بازاڕێکی پڕ لە سەوداو ئاڵ و وێر مەقۆ مەقۆی دەست بڕین و مەزات، ڕۆژێکی نەوسنی پاییزی خۆم بە باوەشی سواڵکەرێ داکرد کە بۆ خۆشەویستەکەی سواڵی دەکرد.

لە گۆشە نیگای شپرزەی بازار دا پیاوێکی ڕەزا سووک شەدەکەی ڕاخست بوو پەیتا پەیتا داوای یارمەتی لە چاوەکان دەکرد. دەتگوت هەورێکی شەڵاڵی خوێنە و بۆ باران نزا دەکات. گەڵای شەرم چوار دەورەیان تەنیبوو. هەرچی بە لای دادەهات پێی لە ئازەرەکان دەخست یا شانێکی هەڵدەتەکاند وە یا یارمەتییکی پێ دەبەخشی.

‌زرینگەی پوڵ و زایەڵەی هەناسەی سواڵکەر دەبوون بە دووکەڵ و دەچوونە چاوی ژیانەوە. هەر گوڵ بوو دەباری وڕەجم دەکرا، هەر ژیان بوو دەبوو بە فرمێسکێکی لە دار دراو لە چاوانی سواڵکەرە دا.

‌بووم بە سێبەرێکی ئارام و لە پەنای دانیشتم. دوای چەند هەناسەی بێزاری وتم: سڵاو خاڵە. چاوێکی سەربەرزانەی لێ کردم و هیچی تر.

‌سواڵکەرێکی بەپەلە بوو، تاو نا تاوێ دەیبژارد و دەیکردە بۆڵەبۆڵ. کەمە هەهوو زۆریشی کەمە، نا…. نا….. نامدەنەوە! وتم نات دەنەوە یا ناتدەنێ؟

‌وتی: نەدەمدەنێ و نە دەمدەنەوە. هیچ شکم نەما کە شێتە.

‌کات بۆ من زۆر بە زەحمەت دەرباز دەبوو بەڵام شێتە هەر دەیگوت شەو داهات، چی بکەم بە خوای نام دەنەوە.

‌دەتگوت پاییزە زەردهەڵاتووە. وتم ناوت چییە؟ وتی:

‌پاییزێکی چەندە لە من بەدرەنگە

‌پاییزێکی چەندە لەمن بە برینە برینە!

‌لەپڕ نەرمە بارانێکی فرمێسک دایکرد. خەڵک تا دەهات تەسکەی دەکرد. دەتگوت درەختێکی ڕووتە لە ژوانی بەفردا چاوەڕێیە!

‌لەپڕ رووی تێکردم و وتی: کوڕە شەو داهات شەو، هەر ماویەتی ببێتە پێنج هەزار. کات وای پاڵە پەستۆ دابوو

‌خەریک بوو دەخنکا.

‌وتم ئەرێ خاڵە پێنج هەزار تمەنەکەت بۆ تەواو کەم دەتدەنەوە؟

‌تەرزەی پێکەنینێکی تاڵ وەدەنگ هات و وتی: بڵێی نەمدەنەوە! بەپەلە شەدەکەی لەسەر نایەوەو وتی: بۆ کڕینی گوللەم دەوێ گوللە!

‌کاکی خۆم دوێنێ شەو کوڕەکەم ئێعدام کراوە، تەرمەکەم نادەنەوە دەبێ گوڵڵەکانیان قەرەبوو بکەمەوە ئەو جار تێگەییشتی؟

‌بۆ ڕزگارە شێتم دەوێ ڕزگارە شێت!

‌کوڕەکەم شێت بوو شێت

‌شێتی ڕزگاری

‌شێتی

‌ڕ…

‌ز…

‌گ…

‌ا…

‌ر…

‌ی…

‌ڕ. پ. چەکۆ