کوردو . جەعفەر کوردپور

چەند ساڵ لە مەوبەر لە گەڵ کورەکەم سیروان، بریارمان دا بۆ گەشتێکی ٦ رۆژی بچین بۆ وڵاتی میسر. یەکەم جار بو دەمەویست سەردانی ئەو وڵاتە بکەم و زۆر پرسیار لە مێشکمدا دەهاتو و دەچوو. وەک پۆلیسی ئەو وڵاتە چۆن لە فرۆکەخانە هەڵس و کەوتمان لە گەڵ دەکات و هەر وەها خەڵکی ئاسایی چۆن لە گەڵمان مامەلە دەکەن؟ پرسیاری گرینگ ئەوە بوو، کە من بە پاسی ولاتی نۆروێژیەوە دەچم، لە وێ خۆم بە خەڵکی چ وڵاتێک بناسێنم، ئاسودەترم. ئەوکات لە هێشتا قیر و قاری بەهاری عەربی میسر هەر بەردەوام بوو، بەڵام لە شوێنە سیاحیەکان ژیان هەر بە شێوەی ئاسایی دەرویشتە پێش.

بو ئەو مەبەستە لە ئنترنیت دا بە دوای زانیاری لە بارەی میسر و سەفەر کردن بو ئەو وەڵاتە دەگەرام.

لە ماڵپەرێکی ئینترنێتی دا بە زمانی فارسی خوێندەمەوە کە پۆلیسی میسر زور دژی ئێرانین، تەنانات دوای بێ رێزی زور، هەر لە فرۆکەخانەوە رێگای چوونە ژوری میسرت پێ نادەن و دەتگێرنەوە.

لە لایەکی تریشەوە من پاسپۆرتی وڵاتی نۆروێژم پێ بوو و ئەگەر بم گوتبا کە خەڵکی نۆروێژم باوەڕیان پێ نەکردبام، چوونکە رەنگ و روو و شێوازی من لە گەڵ خەڵکی نۆروێژ جیاوازی زۆرە. لە لایەکی تریشەوە دەمگوت ئەگەر لە وڵاتێکی عەربی دا بڵێم کوردم کێشەی بازجۆیی کردن و کورد کێیە و دەیان شتی تر، بە پێی تەجروبەی تاڵی رابردووم دا(١) لە مێشکم دا هاتوو چۆی دەکرد.

ئەمن بو خۆم لەو کاتی کە لە کوردستان هاتومەتە دەر هەمیشە هەوڵم داوە وەک کوردێک باسی میژو و کولتور و داب و نەریتی خومان بکەم و بە خەڵکی دەرەکی بناسێنم.

بە هەر حاڵ سەفرەکەم کرد و چووم بو ولاتی میسر. هەر وەک بیرم لی کرد بۆوە کە دەم گوت لە وڵاتی نۆروێژەوە هاتوم باوەریان پێ نە دەکردم، نەشم دەوێرا لە کولەکەی تەر دا باسی ئێران بکەم . بەڵام بە خۆشیەوە کاتێک کە گوتم کوردم زۆر بە رێز و ئیحترامەوە وەرگیرام. خەڵکی ئاسایش کوردیان دەناسی و باسی کانالە راگەیاندنەکانی کوردستان، وەک زاگروس و کوردستان تیڤی و کوردساتیان دەکرد.

سەفەرەکەم بە خۆشیەکی زۆر لە دڵ و دەرونم دا بردەسەر. لە دڵی خۆم دا زور سپاسی هەرێمی کوردستانم کرد کە کوردیان وەک میللەتێکی ئاشتی خواز ، رێک و پێک و جێ متمانە لە میسر و وڵاتانی عەربی ناساندوە.

ئێستاش لە گەڵ گروپێکی ١٥ نەفەرەی خوێندکاری نۆروێژی لە وڵاتە یەکگرتوەکانی میکزیک لە ئەمریکای لاتینم. ئیمە لێرە بو کاری تەحقیقی لە سەر کەیسی جیاواز کار دەکەین و دەبێت دواتر راپۆرتەکەی بو زانکۆی ئۆسلۆ بنووسین . لە نێو ئەو ١٥ نەفەرەدا من و خوێندکارێکی دیکە کە خەلکی بلوچستانی ئێرانە، بە رەگەز نۆروێژی نین. پێش هاتنم بۆ مکزیک بڕێک پرسیارم کرد کە بتوانم هاوزمانێک لە میکزیک بۆ خۆم بدۆزمەوە، جا چ کورد بیت یان فارس. بەڵام کەسم نەدوزیەوە و وا دیارە کورد زۆر بۆ ئەم لایە نەهاتووە. زۆریش گرینگ نەبوو بۆم، چوونکە من لە گەل ئەو گروپە دەبایە خەریکی ئیش و کاری خۆمان بین. لێرە زۆر شوێن کە دەچوین پێویست بوو کە خومان بناسێنین ، تەنانەت لە بازار و ناو خەڵکیش خٶ ناساندن شتێکی زور ئاساییە . پێش هاتنم پێم وا بو مکزیک و ئەو وڵاتانەی ئەمریکای لاتین زۆر لە ئیمەوە دورن و نەشم بیستبوو کە کورد لەو وڵاتانەدا بژی و هەرێمی کوردستانی باشوریش زور پێوەندی لە گەڵ ئەم وڵاتانە هەبێت وەک ئەوەی لە گەڵ ئوروپا و کوریا و چین، هەیەتی.

لە کاتی خو ناساندن دا ئەو هاورێ بلوچەم مەجبور بوو کە خۆی بە رەگەز ئێرانی بناسێنێت، لە بەر ئەوی کەس نێوی بلوچی نەبیستبوو و هەر وەها تەلەفوز کردنی بلوچ لای خەڵکی ئەم وڵاتە وەشەیەکی زور زەحمەت بوو. بەڵام بە شانازیەوە وشەی کورد لای ئەوان زور ئاسایی و رەوان بوو. ئەوان وشەی کوردیان بە شێوازێکی گراماتیکی زمانەوانی خویان تەلەفوز دەکرد و دیان گوت کوردو. منیشیان فێر کرد کە بڵێم (سوی اون کوردو) یانی من کوردم.

شتێکی دیکە کە لێرە باشە باسی بکەم ئەوەی کە ئەم وڵاتە ٦٢ زمانی رەسمی تێدایە و وڵاتێکە کە بە شێوی فیدرالی بەڕێوە دەچیت. یانی هەر ناوچە، ئوستان و شارێک، تەنانەت گوندەکانیش سەربەخۆن لە بریار دان دا کە بە چ زمانێک لە سەرتاییەوە بیگرە تا زانکۆ، دەرسی پێ بخوێنن . هەر وەها دەسەڵاتی تەواویان هەیە بۆ بەرێوە بردنی سەر بەخۆیانە و دانانی قانون و بەریوەبردنی ناوچەی خویان. ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ ئەو کاتی کە قەبیلە سور پێستەکان سەربەخۆیانە ناوچەکانی خویان بەرێوە دەبرد. هەر ناوچەیەک و رەسەنێک چ زور و چ کەم هۆویەت و یاسای خۆی لە سەر بنەمای کولتور و داب و نەریتی خۆی هەیە. ئەو بەریوە بردن و سیستمە بە شێوەیەکی زور ئاسایی بەریوە دەچێت. وەک چون ئێمە هەر بنەماڵەیەک بۆ خۆی خانوو و ئادرەس و نێوی خٶی لەو شوێنەی کە دادەنیشین هەیە. ئەگەر نامەیەک بە ئادرەسی کەسیک بنیردرێت نامەکە ناچێت بو ئادرەسی دراوسێکەی. لێرە من زورم پی سەیر بوو کە لە وڵاتانی خۆمان ئەگەر کەسێک باسی رەسم و داب و نەریت و زمانی خۆی بکات ، دەیان تومەت و کێشەی بو دروست دەکەن. تەنانت باس کردن لە فیدرالیسم لە فارس و عەرب وتورک وەک کوتنی بیسم اللە لە لای جندوکە وایە، روت لی وەردەگیرن و رادەکەن.

بە خۆشیەوە ە لە وڵاتی مکزیک زور ئاسایی وەک کوردێک وەرگیرام و زوریان پێ خۆش بوو کە باسی کوردستان و داب و نەریتی خۆمانیان بۆ بکەم. لە لایەکی دیکەشەوە زۆر بە داخ بووم بۆ ئەو هاورێ بلوچەم کە بەڵگەی هوویەتی خۆی پێ نەبوو.

هەر وەها زۆر هەستم بە خۆشی کرد کە هەم لە نیو هاواڵە نۆروێژیەکانم و هەم لە گەل خەڵکی مکزیک بە بەڵگە و هەوییە کوردی یان بە زمانی مکزیکی کوردو خوم دەناسان

23,02,2013
جەعفەر کوردپور. مکزیک