چەکدانان .. دۆڕاندنە . رەزا شوان

STOCKHOLM 20070601 : Vapenamnestin gick ut vid midnatt sista maj, här samlas de inlämnade vapnen ihop i polishusets källare av Roland Strömberg Foto: Gunnar Lundmark / SvD / SCANPIX / Kod: 30102 ** OUT DN (även arkiv), Metro, Dagens Industri och Stockholms City)**

ئێمەی کورد، لە ئێستا و لە رابردوودا، تا جامی ستەم و چەوسانەوەمان پڕ نەبووبێت، تا داگیرکەرانی کوردستان ناچاریان نەکرووبێتین، چەکمان هەڵنەگرتوو ، چەک هەڵگرتنیشمان لە پێناوی ، بەرگری کردنبووە لە گەلەکەمان و لە خاکی کوردستانمان ، ئەمەش مافێکی رەوای هەر گەلێکی ماف خوراو و نیشتمان داگیرکراوە .

تا ئەمڕۆش ئەو چەکانەی بە دەستی شۆڕشگێڕانی کوردەوەن، چەکی سادەن و مەودا کورتن، گرنگترینان ” کڵاشینکۆف ” ـە ، کە لە وڵاتانی تردا، وەکو چەکێکی ئاسایی، شوان و جوتیار و راوکەرەکان بە کاری دەهێنن .

بەڵام بە پێچەوانەی کوردەوە ، هەردەم داگیرکەرانی کوردستان پەلاماری گەلەکەمانیان داوە و ، کوشندەترین چەکی کۆمەڵکوژی و وێرانکاری و سووتێنەری قەدەغەکراوی نێودەوڵەتیان لە کوشتنی کورد و کاولکردنی کوردستان تاقیکردوونەتەوە .. بۆنموونە : بۆمبی ناپاڵم ، فسفۆری سووتێنەر ، دەبە تیزاب ، کیمیاوی ، بۆڵە بۆمب ، مین ، فرۆکەی مێگ ، فانتۆم ، سیخۆی ، هێنتەر ، فرۆکەی بێ فرۆکەوان ، راجیمە ، قورسترین تۆپی دوورهاوێژ ، تازەترین تانک و زرێپۆش … هتد . لە سێدارەدان و ئەنفال ، گۆڕی بە کۆمەڵ ، تا ئێستا بەهەزاران کوردی بێ تاوانمان هە لەبەر ئەوەی کە کوردبوون شەهید کران .. تا ئەمڕۆش داگیرکەرانی کوردستان دەستیان لە کوشتن و دەربەدەرکردنی کورد هەڵنەگرتووە .. درێژە بە هەمان سیاسەت دەدەن .. هەموو هەوڵێکیان ئەوە بووە کە ناسنامەی کورد بسڕنەوە .

بەڵام هیچ کاتێک ێێمەی كورد ، حەزمان بە کوشتن و خوێن رشتن نەبووە ، هێچ کاتێک لەگەڵ تۆڵسەندنەوەدا نەبووینە ، هەردەم لەگەڵ زمانی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەدا بووینە ، لە رابدوو و ئێستاشدا لەگەڵ ئەو رایەداین ، کە ” سەد ساڵی گفتوگۆ لە رۆژێکی شەر باشترە ” .

بەڵام بە داخەوە ، هەردەم ناحەزان و داگیرکەرانی کوردستان ، دڵپاکی و نیەتباشی و خۆشبڕوایی ئێمەی کوردیان قۆستۆتەوە و ، بە خاڵی لاوازمانیان زانیوە .. تا ئێستا چەندین جار فڕوفێڵیان لێ کردووین و ، بە بەڵینی درۆ و زەردەخەنەی ژاراویان بڕومان کردووە و ، تێکەوتووین ، زۆر کەمیش وانە و پەندمان لەم هەڵخەڵەتاندن و شکستییانەمان وەرگرتووە.

لەم ماوەیەدا ، دوو جار ئۆردوگانی سەرۆک وەزیرانی تورکیا ، داوای لە شۆڕشگێڕانی باکووری کوردستان کرد ، کە بەبێ هیچ مەرجێک چەک دابنێن .. هەر دوای قسەکانی لەم ماوەیەدا هێلیکۆپتەر و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ، زۆر بە خەستی و بە شێوەیەکی دڕندانە و بێ بەزەییانە ، چەندین جار ، بۆ ماوەی زیاتر لە پانزە کاژمێر.. دێیەکانی بناری قەندیل و چەندین ناوچەی تری باشووری کوردستانیان بۆردوومان کرد ، کە زیانێکی گیانی و ئابووری و ژینگەیی زۆریان بەو ناوچانە گەیاند ، بە داخە وە ، نە حکومەتی عێراق و نە حکومەتی کوردستان و نە پەڕلەمانی کوردستانیش ، بە فەرمی پرۆتستۆی ئەم تاوانانەیان نەکرد و ، خۆیان ڵێ کەڕ و لاڵ کرد .. هەر لەم کاتەشدا بوو کە وەفدی کوردی ، سەردانی تێکۆشەر عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان کرد ، لە ئیمرالی کرد بە مەبەستی دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە شێوەیەکی ئاشتییانە .

ئەم کارە قێزەوەنانەی تورکیا ، ئەوە دەگەیەنن کە ئۆردوگان و دەسەڵاتدارنی تورکیا ، ئەوەی لە دڵیاندایە ، ئەوە نییە کە لەسەر زاریاندایە .. دڵیان پڕە لە رق و کینە ، تا ئەمڕۆش لەگەڵ مەنتیقی لەشکرتاری و هێز و خوێن ڕشتندان.

تا ئەمڕۆ بچووکترین هەنگاوی پراکتیکیان نە ناوە ، تا نیەتباشی و راستگۆیی خویان بسەلمێنن .. بۆیە تا ئێستاش کورد گومان لە راستی و نیەتپاکیان دەکا.

تا ئێستا یەک لایەنانە، پارتی کرێکارانی کوردستان، چەند جارێک شەڕی راگرتووە و ، داوای گفتوکۆ و چارەسەرێکی ئاشتیانەی بۆ دۆزی کورد لە باکووری کوردستاندا کردووە .. بەڵام تورکیا ئەم هەڵوێستانەی شۆڕشگێڕانی باکووری کوردستانی ، بە لاوازییان زانیووە ، بە هێزێکی گەورەتر و ، بە شێوەیەکی دڕندانەتر پەلاماری کوردستانیان داوە .. کوشتن و کاولکاریی زیاتریان لە کوردستان کردووە .. بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە ، بڕوای پۆڵایینی گریلەکان و ، هەستی کوردسانپەروەری لە دڵی کوردا خامۆش بکەن .

کورد لە پێناوی لێبووردندا و چەکداناندا ، چەکی هەڵنەگرتووە ، چی وەرگرتووە ، تا بەبێ مەرج چەک دابنێ ؟ چەندین هەزار لاومان لە پێناوی چیدا شەهید بوون ..؟ ئەگەر تۆرکیا راست دەکا و بەراستی دەیەوێت بە رێگای گفتوگۆ و ئاشتییانە کێشەی کورد کۆتایی پێ بهێنێت .. با وەکو نیەتباشی . هەزاران زیندانی بێ تاوانی کوردمان ئازادبکەن ، با سەرۆکی زیندانی کراومان عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بکەن ، با شەڕ رابگرن ، با بۆردوومان کردنی گوند و ئاوەدانی و ، کوشتنی گوندنشینەکان رابگرن.

پێویستە شۆڕشگێڕانی باکووری کوردستان ، هەڵەی شۆڕشی ئەیلوولی باشووری کوردستان دووبارە نەکەنەوە ، کە بەبێ هیچ ، مەرجێک لە ساڵی (١٩٧٥) دا چەکیان دانا ـ ئەگەر چی بە پیلانێکی نیۆ دەوڵەتی ناچار کردین. بە بۆچوونی من ئەگەر هەزار پێشمەرگەمان لە شاخدا بمانایەتەوە و ، شەڕی پارتی زانیان بکردایە ، شۆڕش گەورەتر دەبۆوە و ، حکومەتی عێراقیش نەیدەتوانی هێڕشەکانی ئەنفالی بەدناو ئەنجام بدات .. ناچار دەبوون کە ملکەچی بەشێک لە داخوازییەکانی کورد بن .

وەکو دەڵێن : ” ئازادی لە لوولەی تفەنگدا هەڵدێ ” بۆیە تا کردارەکانیان بە چاو نەبینین ، نابی بڕوای تەوامان بە تورکیا هەبێ ، چونکە جێی متمانە نین. بۆ ئەوەی ئەمجارەش تێ نەکەوین .. نابێت بە بەڵێنی زاری و زەردەخەنەی درۆ بخەڵەتێین .. كردارەکانیان شەرتە نەک قسە و بەڵێنەکایان .

من حەز بە ڕشتنی تنۆکە خوێنێکی نە کورد و نە تورکیش دەکەم ، لەگەڵ راگرتنی شەڕدام ، لە گەڵ زمانی گفتوگۆ و ئاشتیدام ، بە مەرجی کە تورکیاش پێ بەندبێ ، بە رێکەوتنی راگرتنی شەڕ . هەموو هێڕش و بۆردوومان و جمووجووڵێکی سەربازی رابگرێت .. ئەگینا مافی شۆڕشگێرڕانی باکووری کوردستانە ، کە بەرگری لە خۆیان بکەن و، وەڵامی پێشێلکارییەکانی سوپای تورکیا بدەنەوە.

بەڵام تا نەگەنە رێکەوتنێکی تەواو ، لەگەڵ ئەوەدا نیم ، شۆڕشگێڕانی باکووری کوردستانمان چەک دابنێن و، قەندیل چۆڵ بکەن .. دڵنیام کە ئەمە مەرجی ئەمانیشە چونکە ، ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵ حکومەتەکانی پێشوو و ئێستای تورکیادا هەیە و دەیاناسن ، کە دەیانەوێت سوود لە کات وەربگرن. بەڵێن دەدەن ، بەڵام کرداریان نییە .. بەڵکو رەفتارەکانان بە تەواوێ بە پێچەوانەی بەڵێنەکانیانەوەن .