پەیامى دەفتەرى سیاسیى ح د ک بە بۆنەى 67 ساڵەى دامەزرانى یەکیەتیى ژنانى دێموکراتى کوردستان

ژنان وکچانى تێکۆشەر!
ئەندامانى بەرێزى یەکیەتیى ژنانى دێموکراتى کوردستان!
میوانە خۆشەویستەکان!
بە بۆنەى 24ى رەشەمە،67 ساڵەى دامەزرانى یەکیەتیى ژنانى دێموکراتى کوردستانەوە جوانترین پیرۆزبایى پێشکێشى ژنانى تێکۆشەر و

یەکسانیخوازى کوردستان بە گشتى و ژنانى نێو ریزەکانى یەکیەتیى ژنان بە تایبەتى دەکەین. هیوادارین یەکیەتیى ژنانى دێموکراتى کوردستان لە خەبات لە پێناوى گەیشتن بە ئامانجە کۆمەڵایەتى و سیاسیەکانى، بەتایبەتى توێژى ژنان لە کۆمەڵگادا سەرکەتوو بێ.
بەڕێزان!
67 ساڵ لەوەپێش لە 24ى رەشەمەى 1324ى هەتاوى دا یەکیەتیى ژنانى دێموکراتى کوردستان بە رێنوێنیى حیزبى دێموکراتى کوردستان وبە پشتیوانیى پێشەواى گەورە، قازى محەممەد لەلایەن کۆمەڵە ژنێکى تێکۆشەرەوە بە سەرۆکایەتیى مینا خانمى قازى، لە شارى مەهاباد دامەزرا. دامەزرانى یەکیەتیى ژنان لە مەودایەکى کەم دواى دامەزرانى حیزبى دیموکرات و لەسەردەمى کۆمارى کوردستان دا و بەردەوامیى خەباتى ژنان شانبەشانى بڕا تێکۆشەرەکانیان لە حیزبى دیموکراتى کوردستاندا، سروشتێکى دادپەروەرانە و لە عەینى کاتدا دیموکراتیکى بە بزووتنەوەى کورد و خەباتى حیزبى دێموکراتى کوردستان بەخشیوە.
زۆر جار لەم بۆنانەدا باسى ئەو هەلومەرجە لەبارە کراوە کە حیزبى دیموکراتى کوردستان بۆ یەکیەتیى ژنان و تێکۆشانى ژنان پێکى هێناوە و باس لەو پشتیوانییە بێدریغە کراوە کە لەم رێکخراوەیەى کردوە. جێى خۆیەتى لەم بۆنەیەدا ئاۆڕێک لە خزمەتەکانى یەکیەتیى ژنان بە تایبەتى و ژنان بە گشتى بدەینەوە کە بە بزووتنەوەى نەتەوایەتى و بە حیزبى دیموکراتیان کردوە.

کەم نین ئەو کچ و ژنانەى راستەوخۆ بوون بە ئەندام و تێکۆشەرى حیزبى دێموکرات و بە بەشدارى و تێکۆشانى بەردەوامیان ریزەکانى حیزبى دێموکراتیان رەنگین و زیندووتر کردوە. زۆرن ئەو دایک و خوشک و هاوسەرانەى هانى خۆشەویستانیان داوە بۆ پەیوەست بوون و بەشداریان لە خەبات و رێزەکانى حیزبى دێموکراتى کوردستان دا،و بەکارى زۆرتر وتاقەت پرووکێن زەحمەتى بەڕێوەبردنى ماڵ و پێگەیاندنى منداڵەکانیان بە تەنیا خستۆتە سەر شانى خۆیان. جیا لەوەش هیچ سەنگەرێک و بوارێکى خەبات نابینى کچ و ژنى کوردى تێدا چالاک نەبووبێ و قوربانى و نرخى تێدا نەدابێ، وەک بەشداریى راستەوخۆ لە خەباتى سیاسى، شەڕى چەکدارى و بەرگریى خەڵکى کوردستان لە دژى هێرشکەران، خەبات و خۆراگریى ئازایانە لە زیندانەکان دا، خەباتى پێشمەرگانە و پشتیوانى لەو خەباتە، چ وەک پێشمەرگە و چ وەک یارمەتى و دابین کردنى تەداروکاتى پێشمەرگە لە سەنگەرى شەر و بەربەرەکانى دا.هەروەها ژنان لەگەڵ تێکۆشەرانى دێموکرات و هێزەکانى دیکەى کوردستان پێ بە پێى برا و کەسە پێشمەرگەکانیان شاخ و دۆڵ و دەشت و چیا و کوێستان و گەرمێنیان کردوە. بەشداریى ژنان لە مەیدانى راستەوخۆى خەباتدا ئەگەر بەشێکى دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامەى حیزبى دیموکرات لە راکێشانى ژنان بۆ نێو ریزەکانى دا، بێگومان بەشى زۆرترى دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵى یەکیەتیى ژنان لەم قۆناغەى خەباتى نەتەوایەتى دا.
بە کورتى دەتوانین بڵێین مانەوە و بەدەوامیى بزووتنەوى کورد بە فیداکاریى ژنان پشت ئەستوور بووە، بۆیە جێگەى خۆیەتى بە هەموو ئەو ژن و کچانەى راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە بەردەوامیى بزووتنەوەى رزگاریخوازى خەڵکى کوردستان و پاراستنى حیزبى دیموکراتى کوردستان دا بەشدار بوون ئافرین بڵێین.
خوشکانى تێکۆشەر!
ئەگەر حیزبى دێموکرات ئەرکى قورسى نەتەوەیى و نیشتمانى و سیاسیى لە ئەستۆیە کە بریتییە لە پێکهێنانى ئێرانێکى دیموکراتیک و فیدراڵ، ئەرکى ژنان قورستر و گرانتریشە. چونکە:
یەکەم، هەروەک باسمان کرد ژنان چالاکانە لە خەباتى سیاسیى خەڵکى کوردستان و حیزبى دێموکراتى کوردستان دا بەشدارن.
دووهەم، ژنان جیا لە تێکۆشانى سیاسى، دەبێ بۆ ویستە کۆمەڵایەتى و سینفى یەکانى خۆشیان لە کۆمەڵگاى سوننەتى و پیاوسالارى کوردستان دا تێبکۆشن و کار بۆ بەشدارى زیاترى ژنان لە خەباتى سیاسى و کۆمەڵایەتى دا بکەن. هەر وەها چالاکانە هەوڵ بدەن کەندوکۆسپە سوننەتى و باو و عورفى یەکانى دژ بە ژنان لە سەر رێگاى خۆیان لا بەرن، هەوڵ بدەن مافى ژنان لە قانوون دا بگونجێنن و نهادینەى بکەن.
سێیەم، خەباتى ژنانى کورد بە دابینبوونى مافە سیاسى و نەتەوەییەکان کۆتایى نایە، ئەوان رێگایەکى درێژیان لەپێشە بۆ ئەوەى جگە لە سڕینەوەى سوننەتە کۆنەکانى دژى ژنان، دەبێ تێ بکۆشن شوێنەوارى روانگەى کۆنەپەرستانەى کۆمارى ئیسلامى لە دژى ژنانیش کە دەیان ساڵە سەپاندوویەتى، بیسرنەوە.
ژنانى ئازادیخواز!
لە هەلومەرجى ئەمڕۆدا کە خەبات لە دژى کۆمارى ئیسلامى هەروا درێژەى هەیە، یەکیەتیى ژنانى دیموکراتى کوردستان و بەگشتى بزووتنەوەى ژنان لە کوردستان بۆ ئەوەى زیاتر خۆیان بەهێز بکەن و زۆرتر شوێندانەر بن، پێویستیان بە پشتیوانیى حیزبى دێموکراتى کوردستان و هەموو هێزێکى دیموکرات هەیە، هەر بۆیە بە ناوى دەفتەرى سیاسیى حیزبى دێموکراتەوە، یەکیەتیى ژنانى دێموکرات و هەموو ژنانى یەکسانیخوازى کورد دڵنیا دەکەینەوە هەتا سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکانیان، حیزبى دێموکرات پشتیوان و هاوکار و یاوەریان دەبێ. بەتایبەتى ئێستا کە کۆمارى ئیسلامى لە نێو خۆى دا تووشى چەند قۆڵى و دووبەرەکیى دیار و حاشا هەڵنەگر بووە، قەیرانى ئابوورى لە هەموولایەکەوە دەورى داوە، ناڕەزایەتیى بیروڕاى گشتى و کۆمەڵگاى جیهانى شانبەشانى ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان لە پەرەگرتن دایە. ئەم بارودۆخەچاوەڕوانیى ئاڵوگۆڕى لێ دەکرێ.
گومانى تێدا نییە خەڵکى ئێران هەرکە دەرفەتیان بۆ برەخسێ سێبەرى شوومى ئەو رێژیمە دژى ئینسانییە لە سەر خۆیان لا دەبەن و هەوڵ دەدەن نیزامێکى دێموکراتیک لە وڵاتەکەیان دابمەزرێنن. هەر بۆیە یەکیەتیى ژنانى دێموکراتى کوردستان و حیزبى دێموکراتى کوردستان دەبێ بە وشیارییەوە بڕواننە ئاڵوگۆڕەکان و خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکەن.
دڵنیاین ژنان لە ئاڵوگۆرەکانى داهاتوودا رۆڵى کاریگەریان دەبێ، چونکە لەماوەى دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامى دا زیاتر لە هەر توێژێکى دیکە بوونە قوربانیى هەڵاواردنى جینسى و سووکایەتیان پێ کراوە. ئەم سیاسەتە پوتانسیەلێکى بەهێزى لە نێو ژناندا پێک هێناوە کە دەتوانێ سەرچاوەى ئاڵوگۆڕە چاوەڕوانکراوەکان بێ، کە دەبێ یەکیەتیى ژنانى دێموکرات بەنۆرەى خۆى کەڵکى باشى لێ وەربگرێ.
سەرکەوێ خەباتى یەکیەتیى ژنانى دێموکراتى کوردستان لە رێگاى “ئازادى بۆ ژن و بەختیارى بۆ کۆمەڵ” دا.
سڵاو لە خەباتى یەکسانیخوازانەى ژنان لە کوردستان، ئێران و سەرانسەرى جیهان.

دەفتەرى سیاسى
حیزبى دیموکراتى کوردستان
24ى رەشەمەى 1391ى هەتاوى
( 14ى مارسى 2013ى زایینى)