سەمفۆنیای ژیان

د. عەزیز شێخانی

بنەماڵە و ئازیزانی کاک ئەبوبەکر سەرەخۆشیتان لێدەکەم و لەو کۆچەدا هاوبەشی خەمتانین.  ماڵئاواییەکانی ئێمەی کورد لە غوربەتدا جیاوازن و ژانی تایبەت بە خۆیان هەیە. ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان یەکەمین نەوەیین، کە لە مێژووی هاوچەرخدا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە ژینگە و خەڵکەکەمان دادەبڕین. راد و زۆر هاونیشتمانی دیکە نموونەیەکی زیندوو لە بارودۆخی کوردەکانن. رێژەیەک لە بنەماڵەکان کە بنەماڵەی قازی عەلی یەکێک لەوانە لە سەر بناخەی هەڵوێستی کوردانە و ئازایانە لە ژیانی ئاسایی هەڵقەندراون و کەوتوونەتە ژێر پاڵەپەستۆ. ژیان هەڵوێستە و لە گۆڕەپانی خەباتی رزگاریخوانەدا هەڵوێست لوتکەی دەربڕینە. بنەماڵەی راد لەو مەیدانەدا دیارن و ئەرکی خۆیان بە زیادەوە جێبەجێکردوە.  وشەکان لە بەرامبەر زۆر دیاردە و رووداودا کولن. ئەوان ناتوانن وێنەی خەم و ئازاری کۆچی ئازیزان بە شێوازێکی کۆنکرێت دەرببڕن.  بۆیە لێرەدا بە خوێندنەوەی ئەو نووسراوەیە تێکەڵ بە خەمی ئەم کۆچە دەبم.

سەمفۆنیای ژیان

– لە نەبوونەوە دێین و تێکەڵ بە رایەڵکەی  بوون دەبین

وەرزەکان تێپەڕدەکەین

سەرئەنجام، یەکە یەکە لەو کاروانە

دەڕۆینەدەر و ئۆغر دەکەین

– لە هەناوی رەشەشەو و رۆژە رووناکەکاندا

لە باوەشی سارد و گەرمییەکانی رۆژگاردا

دەخارێین و بەرەو رۆژانی کۆچ

هەنگاو هەڵدەگرین

– لێرە، خەم و شادییەکان

کەوتن و هەستانەوەکان

داری ژیانمان دەڕەنگێنن

روخسار و تێروانیمان دەخەمڵێنن

– کاروانی ژیان دەڕوا و رەنگ دەگۆڕێ

ریزە چۆڵبوەکان پڕدەبنەوە

دڵی تازە لێدەدەن و

روخساری نوێ دەردەکەون

– ئێمە لێرە،لە نیشتمانی دایک یان غوربەتدا

گەڕیدەیەکی چاوەڕوانین

بە سەر سینگی گۆی زەویدا رادەبڕین و

وەرزەکانی تەمەن تێپەڕ دەکەین

– لێرە لە سەر گۆی زەوی

بۆ  رزگاربوون لە تانوپۆی ژیان و مردن

پەنا بۆ قەڵای خەونەکان دەبەین

ئەو خەونانەی کە هەتا مردن لە گەڵمانن

– لە پێناوی ئامانجەکانماندا

نیشتمان بە غوربەت دەگۆڕینەوە

دژ بە یاسای چەوسانەوە دەوەستینەوە و

ژیان بە مردن دەسپێرین

– لێرە سێ تەوەر و سێ وشەی

هاتن، گەڕان و چوون

کۆبەندی هزر و تێڕوانینمان دەخوڵقێنن

روخساری راستەقینەی حەقیقەت دەڕەنگێنن

– هاتن، هاتنێکی پڕ بە ئازاڕ، بەڵام پڕ لە بزەی شادیی

گەڕان، گەڕانێکی پڕ لە چەرمەسەریی و خۆشی

کۆچ، چوون و کۆچێکی بێدەنگ

پڕ لە شەپۆلەکانی چاوەڕوانی، گومان و پرسیار

– لێرە، ئێمە گەڕیدەیەکی چاوەڕوانین

گەڕیدەیەکی پڕ لە ژان و ژینین

لە هەناوی قۆناخی هاتن و کۆچدا

سڕ و دەستەوەستانین

– بۆ ساغبوونەوە وێڵی هزرە جیاوازەکانین و

شاڕێ و کوێرەرێگاکانی گەیشتن بە ئامانج

کە ئاوێتەی هاتن، گەڕان و کۆچی یەکجارەکیمانە

بە هەموو هێزەوە دەپێوین

– ژیان لێرە لە ئامێزی نیشتمانی دایک و غوربەتدا

لێواولێوە لە خەونی مانەوە،گەڕانەوە و نەڕۆیشتن

ژیان لێرە پڕاوپڕە

لە  ترسی رۆیشتن، نەگەڕانەوە و  مژاویبوون رێگا و ئامانج

– ئێمە بە رێچکە و  هەناوی هزرێکی مژاویدا

تێکەڵ بە شەپۆلەکانی ژیان دەبین

لە ناخی گەڕانێکی تەژی لە ئالەنگاری

بەرەو لێواری کۆچ شۆڕ دەبینەوە

– لە هەناسە دەکەوین و

دەکەوینە باوەشی نهێنیەکی گەورە

نهێنییەک، کە بێدەنگیی و سڕ دەخوڵقێنێ و

هاتن و ژیان دەتاسێنێ

– لێرە وشەکان بڕناکەن

بیرۆکەکان لاق ناگرن

تاقیکارییەکان سەرناگرن

ئێرە قۆناخی کۆچی راستەقینەیە

–  کۆچێک، کە هیچ سنوورێک ناناسێت

نیشتمان و غوربەت تێدەپەڕێنێ و

تەنیا لە گەڵ بێدەنگی

هاوڕەنگ و هاوتایە

-ئێرە لێڕەواڕی چڕی هزر و بیری دیلکراوە

لێرە، ماڵئاوایی یەکجاری دوا هەناسەی شمشاڵی ژیانە

چاوەکان لەهێز دەکەون

و زمان لە گەڕان دەوەستێ

– ئێرە کۆتایی قۆناخێک و

سەرەتای وەرزێکی دیکەیە

گۆڕەپانی سەرکەوتنی وەستان و

تەواوبوونی زەمەنە

–  چاوەڕوانییەکانی ئێمە بە داهاتوو دەسپێرێ

لە دواڕۆژ نادڵنیاترمان دەکات

پرسیارە ئەستەمەکان دەورووژێنێ  و

بازنەی لێکدانەوەکانمان تەماویتر دەکات

– لێرە سەمفۆنیای ژیان

پڕ بە دەنگی هاتن و هاواری گەڕان و بێدەنگی کۆچ

بە گوێی منداڵدان و گۆڕدا دەچریکێنێ و

ئازارەکانی زانین مانا دەکاتەوە

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت