وەڵامەکانی مامۆستا گەلاوێژ حەسەن‌زادە

قادر وریا لە ئارشیوی خۆمەوە(١٦). وەڵامەکانی مامۆستا گەلاوێژ حەسەن‌زادە بە پرسیارەکانی قادر وریا لە بارەی کۆڕی پەروەردە و فێر کردنی کوردستان گەلاوێژ حەسەن زادە،  نزیک بە ٣٠ساڵ ڕابردوو  و ئەزموونی وانەوتنەوە و تێکۆشان وەک مامۆستایەکی شۆڕشی لە قوتابخانەکانی کۆڕی پەروەردە و فێر کردنی کوردستان هەیە. جگە لە مامۆستایەتی لە گوندەکانی کوردستان، نزیک بە ٢٥ ساڵیش لە قوتابخانەکانی “نیشتمان” و “ئازادی” و “رۆژهەڵات” کە تایبەت بوون بە خوێندنی بنەماڵەکانی سەر بە حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب، کاری مامۆستایەتیی کردوە. گەلاوێژ خانم یەکێک بوو لەو مامۆستایانەی ساڵی ٢٠١٠، بۆ دەوڵەمەند کردنی توێژینەوەکەم لە بارەی “خوێندنی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان” کۆمەڵێک پرسیارم ڕووبەروو کردەوە.  ئەمەش دەقی وڵامەکانی:

 

ـ کتێبی ژیان و خەبات هەر بەرگێک بوو یان دوو ؟ چونکە لە سەر بەرگی ئەم کتێبەی تایبەت بە فێربوونی خوێندنەوە و نووسینی گەورە ساڵان ( ساڵی ١٣٦٣ ) چاپ بووە نووسراوە: ” ژیان و خەبات” (١)؟

ـ کتێبی ژیان و خەبات قەرار بوو لە دوو بەرگ دا چاپ ببێ. بەرگی دووهەمی نووسراش بەڵام چاپ نەکرا.

ـ ئایا هەروا کە “ژیان و خەبات” کتێبی ” ڕێنوێنی مامۆستا”ی هەبوو ، کتێبی خوێندنی زمانی کوردی (١) ، (تایبەت بە منداڵان) یش کتێبی “ڕێنوێنی مامۆستا” ی هەبوو؟

ـ کتێبی خوێندنی زمانی کوردی بۆ منداڵان ڕێنوێنی مامۆستای لەگەڵ نەبوو، بەڵام دەورەی تایبەتی بۆ مامۆستاکانی شۆرش دانرابوو تا لە چۆنیەتی دەرس دانی ئەو کتێبەدا ڕێنوێنی بکرێن.

ساڵی خوێندنی ١٣٦٠ ـ ١٣٥٩ کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی گەمارۆی خستبووە سەر ناوچە ئازادەکانی کوردستان، ئایا خوێندن لە ناوچە ئازادەکان هەبوو؟ لە کام ناوچە هەبوو؟ لە چ ئاستێک دا هەبوو ( سەرەتایی، ناوەندی و ….)؟

ـ قوتابخانەکانی شۆڕش تا ئەو وەختەی لە ناوچە ئازادەکانی کوردستان بووین تەنیا دەورەی سەرەتاییان هەبوو. دوای ئەوە دەفتەری سیاسی گوێزرایەوە بۆ ئەو دیوی سنوور، قوتابخانەکانی شۆڕش دەورەی راهنماییشیان هەبوو و بۆ ماوەیەکی کورتیش ساڵی یەکی نەزەری لە قوتابخانەی نیشتمان لە ئێندزێ تەدریس دەکرا.

پێش ئەوەی کتێبەکانی ” کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەراسەری کوردستان” بگەنە دەست مامۆستایان، خوێندنی کوردی و زانستەکانی دیکە ( زانستی ئەزموون ، بیرکاری و …. ) بە هۆی ( بە یارمەتی) چ جۆرە کتێبێک تەدریس دەکران؟

ـ پێش ئەو وەختە فارسی دەخوێندرا و کوردی تەنیا لە ڕووی هێندێک نامیلکەوە دەخوێندرا.

تکایە ئەو ناوچانە و ئەو گوندانەی کە کۆڕی پەروەردە، قوتابخانەی لێ کردبوونەوە، وێرای ژمارەی تەقریبی قوتابیانیان، ناوبەرە؟

ـ لەو ناوچە ئازادانەی کوردستانی ئێران دا خوێندن هەبوو: سەردەشت، بانە، پیرانشار، مەهاباد، شنۆ، نەغەدە و بۆکان و هتد. جگە لە موکریان لە ناوچەی دیکەش کۆڕی پەروەردە تێکۆشانی هەبوو، بەلام کەمتر. لە هەورامان، نۆدشە و پاوە هەبوو. ڕاپۆرتی کۆنگرەی شەش، لاپەرەی ٤٢،(دەڵێ) پێش هێرشی ئەمساڵ ٢٥٠ مەدرەسە و هەشت هەزار ساگرد(هەبوو). تەنیا لە ناوچەی مەهاباد زیاتر لە ١٤٠ قوتابخانەی شۆڕش هەبوو ( راپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگری پێنج لاپەرەی ٦٥ ).

لەو کلاسە تایبەتییانەدا کە کۆڕی پەروەردە بۆ پێگەیاندنی مامۆستا پێکی دێنان، چ ئامووزشێک دەدرا؟

ـ گرینگترین بابەت کە دەگوترایەوە ئەلفووبێی کوردی بوو  و کلاسی یەک گرینگی‌یەکی زۆرتری پێدەدرا. هەروەها هەندێک بابەتی دیکەش وەک ڕەوانشناسیی منداڵ و بە گشتی پێداگۆژی‌ یان زانستی پەروەردەش هەبوو.

کۆڕی پەروەردە تەنیا کتێبەکانی پۆلی یەکەم و دووەمی سەرەتایی و کتێبی ” ژیان و خەبات ” ی ئامادەو چاپ کرد. ئەدی خوێندن لە پۆلەکانی سێهەم و چوارەم و پێنجەم دا چۆن بوو؟ کتێبەکان ئایا هەمان کتێبەکانی “آموزش و پرورش” ی ئێران بوون؟ شەرحی دەرس بە کوردی یان بە فارسی بوو؟

ـ بە فارسی بوو و لە ڕووی کتێبەکانی ئاموزش و پەروەرشی ئێرانەوە بوو.

مێتۆدی ئەو کات کە بە ڕەوشی باخچەبان ناسراو بوو بریتی بوو لە فێرکردنی منداڵان لە ڕێگای کەرت و دەنگ و سەرکەوتووترە. دەکرێ بڵێین کە هەم کتێبی کلاسی یەکی خوێندنی زمانی کوردی و هەم سیستمی دەرس گوتنەوەی ئەو کتێبە کە لە بەراورد لەگەڵ کلاسەکانی سەرتردا بە بەرهەمتر و سەرکەوتووتر بوو. بۆ نموونە کتێبی کلاسی دوو زۆر سەخت بوو و ئەو دەمی بۆ خۆمان دەمانگووت کە هێندێک مەتنی بۆ دانشگا دەبوو. لە چاپیشیدا کتێبەکانی کلاسەکانی سەرو کەموکوریان بە تایبەتی لە وێنەکاندا هەبوو.

٠ ـ ئایا لە ناوچەکانی دیکە ( جگە لە موکریان ) کوڕی پەروەردە، تێکۆشانی هەبوو؟ ( مەبەستم لە سەقز بۆ خوارەوەیە: سەقز، سنە، مەریوان، دیواندەرە، سنە کامیاران و هەورامان و …. )

ـ موکریان ناوەندی سەرەکیی چالاکی و تێکۆشانی کۆڕی پەروەردە بوو. بەڵام لە ناوچەی دیکەی کوردستانیش ئەگەرچی بە پلەیەکی کەمتر بەڵام قوتابخانەی شۆڕشمان هەبوو لەو پەیوەندی‌یەدا دەکرێ بە تایبەت ئیشارە بە ناوچەی هەورامان بکەین.

نووسینەوە: حەمەرەسووڵ کەریمی

ماڵپەری گیارەنگ

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت