ڕووداوی شەری چەکدارانەی ئامول

سەلاح ئەسەدپوور

شەڕ و بەفر و سەرما . بەشی١٦ و ١٧
دەمڕاستە درشت و وردەکانی ڕێژیم لە خومەینی و ڕەفسەنجانی و خامنەیی، سەرکردەی جنایتکارانەوە تا مۆرە وردەکانی وەک بەرپرسانی نیزامی دەستیان بە وردە فەرمایشت کرد و ھەر یەکەو بە مەزەندەی ئاقڵی خۆی پەیامی بڵاو کردەوە.

پاش ڕۆیشتنی تیمەکە، سێ شەوی تر لەو گوندە ماینەوە. بەفرێکی زۆر باریبوو. ھەموو شوێن پێ‌یەکانی پڕ کرد بۆوە. بەیانی‌یەکی سەعاتی نزیک ٨ ، گوێمان لە ھاڕەی ھیلیکۆپتەر بوو، چەند دەورێکی بە سەر ئاوایی دالێدا. بە قسەی پاسدارەکان کە خۆێان نوسیویانە، خەریک بوون بگەڕێنەوە کە جێگا پێیان لە نێوان دوو ماڵ دا دەبینن و بۆ دڵنیابوون لەوە کە بزانن کەسی لێیە یان نا، بڕیاری نیشتن دەدەن.

ھیلیکۆپتەر لە فاسیلە چەند میتری ئێمە دەنیشێ. فەرماندەی سوپای ساری و دوو کەسی دیکە دێنە نزیک ئەو ماڵەی ئێمەی لێی بووین. بڕیارمان دا تا ئێوارە شەڕ بکەین، ھەر چەند فیشەکمان زۆر کەم بوو. پاسدارەکان ھاتنە بەر دەرگای ئەو ماڵەی ئێمەی لێ بووین. زانیان لە وێین، بە دەنگی بەرز ھاواریان کرد، وەرنە دەرێ قاتڵەکان، تەسلیم بن. بە قونداغی تفەنگ شوشەکانیان شکاند.

زۆربەمان چووینە خۆارێ تا لە ژێر زەمینەکەو بچینە دەر و ناو ئاوایی. سێ نەفەرمان لە ژورێ مانەوە تا جوابیان دەنەوە. لە پڕ ڕا پاسداریان دایە بەر گوللە، یەکیان کوژرا، یەک بریندار و ئەوی دیکەش بۆ لای ھیلکۆپتەرەکە ڕایکرد. ئێمەش بە سەلامەت دەرباز بووین. دەستەیەکی دیکەی پاسدار بە خومپارەی ٦٠ کە چەند کەسێک دەبوو و لە گەڵ ھیلیکۆپتەرەکە بوون، شوێنی پاشەکشەی ئێمەیان ئاگر باران دەکرد کە بە ھۆی زۆری بەفرەکە نەدەتەقینەوە. ڕێژیم لە ڕێگای ھەواوە بەردەوام ھێزی دێنا. بە ناچاری بەرەو جەنگەڵ لە چیا ھەڵ بووین.

بەفر تا نێو قەد و لە ھێندێک شوێن تا سەر سینگمان دەھات.ڕێگای ٤٠ دەقیقەمان بە ٤ ساعەت بڕی. ھەر چەند کەسەوە بۆ ماوەیەکی کورت وەپێش دەکەوتین. جگە لە چەکەکانمان ھیچی ترمان پێ نەھات. دیسان برسیەتی، کە برسی بووی، نە مێشک کار دەکا و نە لەش و نە ھیچ. ھیلیکۆپتەر لە سەر سەرمان دەسوڕایەوە. ، ھەر سەرمان و بەشێکی کەم لە لەشمان لە ناو بەفر دا ڕەش دەچوو. ٢٨ کەس ببوینە ٢٨ خاڵی بە دوای یەک دا. کەوش و گۆرەوی و لیباس پارچەیەک سەھۆڵی ڕەق بوو. نە دەکرا بوەستین. وەستان و مەرگ یەک بوون. کە ھەوا بەرەو تاریکی چوو. سەرما فشاری زیاتری ھێنا، سەھۆڵ بە سەر ھەموو لەشمانەوە قورسایی دەکرد. چیا سڕ، لەشمان سڕ، شەو سڕ بوو. بۆنی سڕی و سەرما و مەرگ دەھات. لە دورەوە “تەلار” ێکمان ( تەویلەی خۆمان) دیت. جەماعەتێک لە دەوری ئاگرێکی گەورە دیار بوون، لە ترسی ئەوەی کە نەکا پاسدار بن بە ناچاری درێژەمان بە ڕێگا دا. کەس تاقەتی نەما بوو. بە لا دا دەھاتین، بێ ھێز و برسی و سەرما بردوو، گێژ و کاس. ھەنگاوھەڵێنانەوە دژوار بووە. لە بەیانیەوە بەڕێوەین.

سەعاتی ١ ی نیوە شەوە، خۆمان لە لای”تەلار”یکی دیکە دیتەوە. دوو ڕێگامان ھەبوو، یان مردن لە ناو بەفر و سەرما یان مانەوە لەو شوێنە. بڕیار درا ئەگەر ھاتنە سەرمان تا ئاخر نەفەر شەڕ بکەین. ئاگرێکی گەوەرەمان ساز کرد و گەرما ھێندێک ئارامی کردینەوە، نەفەرێکمان ھێندێک کولیچەی ھێنا بوو، لەنێو ٢٨ کەسەکە دا بەشی کرد و نان و گەرمایی وەخۆی خستین. ٢ سەعاتێک پشویەکمان دا و بەر لە ڕووناکی ھەوا تەلارە بۆرمان بە جێھێشت. دارستان دەرکەوت، جەنگەڵەکە دیدی ھیلیکۆپتەرەکانی کەم دەکردەوە، ھەوا تەم و مژاوی و جار و بارە پروشەی دەکرد. لە ٨ و نیوی بەیانیەوە کۆپتەر بە ئاسمان وەر بوون تا بەڵکوو شوێنمان دیاری بکەن .

ھەرکەسیکمان خۆمان لە بن دارێک رۆ دەکرد تا دەڕۆیشتن.. ڕێگا سەخت و ھەڵدێر بوو. لە ھێندێک شوێن و وەک باگردێن بە خلیسکێن و قوونە خشکە خۆمان فڕێ دەدا خۆارێ. تا ئێوارە بە ترسەوە و بەبرسیایەتی، ڕێگامان بڕی ولە قوڵایی دارستان تەلارێکی ویشکمان دیتەوە بۆ حەسانەوە. مرۆڤ گیان لەبەرێکی سەیرە، کە لێ بڕا کارێک بکا، بە ھەزار زەحمەتیش بێ ئەنجامی دەدا.

ئێستا کە بیر لەو کاتە دەکەمەوە، پێم سەیرە، تۆانیمان لە نێوان گورگی بەفر ، سەرما و ماندویی و پاسدار و برسیەتی دا دەرباز بین. بەرپرسانی ڕێژیم ھەر ئەو کات بڵاویان کردەوە، کە ئاخرین پاشماوەکانی سەربەداران لە نێو بەفر و سەرما دا ڕەق ھەڵاتن. سێ ڕۆژ ڕێگا، سێ ڕۆژ برسیەتی، سێ ڕۆژ سەرما، بڕستیان لێ بڕیبوین. پاش سێ ڕۆژ گەیشتینە ئەو شوێنانەی لێی شارەزا بووین. شۆانێکمان دۆزیوە و لە لای ماینەو، مەڕیکمان کرێ و ھەر کابرا خۆی بۆی لێناێن. کۆپتەر بە سەر ھەموو دارستانە کە دا دەگەڕا. دوو جار ھاتە شوێنی مانەوەمان ، کابرای شوان خۆی بە شکاندنی چیلکە و چاڵ خەریک کرد و ئیشارەی بە کۆپتەرەکە دەکرد کە لێرە ھیچ خەبەر نییە. پاسدار وەک مێرولە بە جەنگەڵ وەر ببون ، قوژبن و کەلێنان دەگەڕان. جاسوس، ھێزی پیادە، کۆپتەر، ژاندارم، بەسیج و حزبوڵا بە دوامانەوە بوون.

دێوەزمەی مەرگ و ماندوویی لێمان دور نەدەکەوتەوە.کەوش دڕاو، بێ گۆرەوی، لیباسی شڕ، دووکەڵاوی، چڵکن، چاو لە ژێڵا ھاتوو، بێ ھیوا، بێ دەرتان و گەمارۆ دراو بووین. یەک دوو نەفەر قاچیان سەرما بردبووی. کەسێک بە ناوی محمد معادی لاقی دوو ھێندە ئەستوور ببوو، ڕەش ھەڵگەڕا بوو. زۆر ھەوڵ درا بە کۆڵ بیبەین. خۆی ڕازی نەبوو، دیگووت با نەبمە سەر بار ، ئێوە بڕۆن من فکرێک بە حاڵی خۆم دەکەمەوە. محمد خەڵکی ئامول بوو. چەند ڕۆژ پاشتر بە ھاوکاری شوانێک دەیھەوێ بچێتە ناو شار کە لە بازگەیەک دەیگرن و پاش چەند مانگ ئێعدامی دەکەن.

پاسدار فێر ببوون لە بازگەکان خەڵکیان لە ماشێن دەھێنایە خوارێ و دەچوونە سەر قاچی بزانن ئەو کەسە ھاوار دەکا یان لاقی سەرما بردویەتی. بەرەو شوێنیک بە ناوی درەی کلیرد وەڕی کەوتین. پەیوەندیمان لە گەڵ تاران و لەگەڵ ئەو دە کەسەی برینداریان برد بوە سەر جادە پسابوو . پاش ڕۆژێک بە ماندویی، گەیشتینە درەی کلیرد، لەوی دووکەسیان بردە سەر جادە تا بچنە تاران و پەیوەندی بگرن و ھێندێک خواردنمان بۆ بێنن. ئەو دوو کەسە بە ماشێنێیکی ئاسایی بەرەو تاران دەچن بەڵام لە بەر ھاتنی ڕنوو لە جادە ماتڵ دەبن و تا ٣ ڕۆژ ناگەنە تاران. ئێمە ئەو سێ ڕۆژە چاوەڕوان بووین، ھیچمان بۆ خواردن پێ نەبوو.دۆڵێکی چۆڵ و ھۆڵ بوو، نە مرۆڤی لێ بوو نە گیان لە بەر. برسیەتی ھەراسانی کرد بووین. کە برسی بووی سەرما زیاتر ھێرش دێنێ. بە زەحمەت دەمانتۆانی لە سەر پێ بوەستین. چاو بێ ھێز، مێشک بێ ھێز، جەستە بێ ھێز. نیگابانیمان بۆ نەدەدرا. لێرە مەرگمان بە چاوی خۆمان دەدیت کە چلۆن ددانمان لێ گڕ دەکاتەوە. کز و داماو، لە پێ کەوتوو ھەر کەس لە پەنایەک لە نێوان ژیان و مەرگ دا ئەو بەر ئەو بەر دەکا. نەتزانی ماوی یان مردویی. شتێک بووین لە نێوان ژیان و مەرگ. دونیا، چۆڵ ، چیا و جەنگەڵ ودارستان کپ. لە پڕ دەورمان گیرا، خۆ ڕاوەشاندنێکی بێھودە، تا ویستمان بجوڵێین. ھاوڕێیان خۆمان، ئەو ١٠ کەسەی بریندارەکانیان بردبوو لە تەنیشت خۆمان دیت، کە گەمارۆیان دابووین.

 

گەڕانەوە بۆ کوردستان( بەشی١٧)

یەکترمان ناسیەوە، ھاوڕێیان خۆمان بوون کە لە دەورمان بوون. ھەر ئەوانەی لە “گزناسە” را بریندارەکانیان برد بوو. ورە و وزە ھاوکات ڕوویان تێکردینەوە. ئەوان ھێندێک خواردنیان پێ بوو. زیندوو بووینەوە، گیانی نوێ، و ژیانی نوێمان بۆ گەڕایەوە. جارێکی دیکە ئازادم دیتەوە. ئەو تیمە کە بریندارەکانی برد بوو، پاش چەند ڕۆژ بە زەحمەت بە شەو دەگەڕێنەوە گزنا سەرا، بزانن، چیمان بە سەر ھاتووە. دەبینن، ئەو ماڵەی ئێمەی لێ بووین، جێگای گوللەی پێوە دیارە و دەرکە و پەنجەرە شکاون. دەزانن تووشی شەڕ بووین. ھێندێک خواردن ھەڵدەگرن بەرەو جەنگەڵ دێنە خۆار. لە ترسی ھلیکوپتەر ، ملافەی سپی لە ماڵەكان ڕا دێنن و لە کاتی ھاتنی کۆپتەر لە ناو بەفر بە خۆێانی دادەن تا نەبیندرێن.

ھیوا جێگای بێ ئومیدی گرتەوە. تا دوو سەعات لەوە پێش مەرگ لێمان نزیکتر دەبۆوە، ئێستا ژیان بە ھەموو خۆشیەکانی باوەشی بۆ کردوینەتەوە، ئاگرەکە خۆشتر کرا، چا و پەنیر و نان فەزای ترسی گۆڕی. کە پارۆ لە دەم ئاو دیو بوو، ھەموو شتێک دەگۆڕدرێ. خانەکانی لەش وە جوڵە دەکەون، مێشک دەحەسێتەوە. دەتۆانی بیر بکەیەوە. ئەو قوڕاوەی بە چاوەمان دا دەھاتە خۆار بەو سابوونەی ھاوڕێیانمان پێیان بوو، لە کانی‌یە بچوکەکەی تەنیشتمان، شۆردران، بزە جێگای نێو چاوان گرژی گرتەوە.

ئێستا ئێتر ھەر کەسەو لە لایەک لە تەک نەفەری تەنیشتی خەریکی قسەیە. لە گەڵ ئازاد دانیشتین، چاوێکمان لە یەکتر کرد. ھەر دووکمان دەمانزا نی چیمان لە دڵ دایە، مەرگی ھاوڕێیانی نزیکمان فرمێسکی بە چاو دا ھێناینە خۆار. بۆ ماوەیەک نەمان زانی چ بڵێین. باسی کاک سمایل و کاک محمدمان کرد با یان ناسر و قادر. باشە چ پێویستیەک ئێمە گەیاندە ئێرە.

دڵم نەھات بڵێم نەزەرەکەی من دروستر بوو، چیلکەیەکەێ پێ بوو ھەر لە کوونی دارێکی ڕۆ دەکرد و لە دەریای خەیاڵات دا نوقم ببوو. قەت نا ئومید و بێ ھیوا نەدەبوو . دیار بوو ئەو شکستە شوێنی خراپی لە سەر داناوە. کوتم ، من باوەڕم بەو شێوە خەباتە نەماوە، دیارە بۆ خۆت دەزانی کە ئەوەڵیش پێم وانەبوو سەرکەوتوو دەبێ. بۆیە بڕیارم داوە بڕۆمەوە.

ھەناسەیەکی ھەڵکێشاو گوتی، بەڵام با ھەردوکمان بە یەکەوە نەڕۆینەوە. شوێنی خراپ لە سەر ئەو کەسانە دا دەنێ کە لێرەن. من جارێ دەمێنمەوە، تۆش بڕۆوە و خەبەری سەلامەتی منیش بە دایک و باوکم بدە. نە دەکرا زیاتری لە سەر بڕۆم، دەمزا نی چی گوتوە ھەر ئەوەیە. گوتم ، ئیتر ناتۆانم بۆ شتێک خۆم ماندوو کەم کە ھیچ ئاکامێکی نییە. لەو یەک دوو شەوە دا ھێندێک بریندار و پەک کەوتەیان ناردەوە. ڕێخستنەوەیەکمان کرد بوو، فەرماندە و بەرپرسی تازە دیاری کرابوون ئەو بیرۆکەیە کە بڵاوەی لێ بکەین، وھەر کەسەو بۆ شاری خۆی بگەڕێتەوە ، پەرەی گرتبوو. کوتیان حسین ریاحی دەڵێ با جارێ لە وێ بمێننەوە، وەزعی شارەکان خراپە. لە جەنگەڵ ھەڵسەنگاندنێکی عەمەلیاتەکان بکەن، جا فکرێک بۆ ھاتنە خۆارەوە دەکەینەوە. پێم گوتن پێم خۆشە بڕۆمەوە، بڕوام بەو حەرەکەتە نییە و ھیچ ئاکامێکی نیە. پەیوەندییەکانمان گرێ درابوونەوە. جێگاکە بێ شک و چۆڵ بوو. لە تارانەوە ھێندێک خواردنمان بۆ ھات. سەرەتاکانی مانگی ڕەشەمۆ پێیان ڕاگەیاندم ئەو شەو لە گەڵ سێ کەسی دیکە دەڕۆنەوە بۆ تاران . زۆر خۆشحاڵ نەبووم بەو ھەواڵە، دەبوو ئەو کەسانە بە تایبەتی ئازاد بە جێ بێڵم کە داھاتویان ڕوون نەبوو.

لە گەڵ ئازاد لە سەر بەرزاییەک و لە ژێر دارێک کە ھیچ گەڵای پێوە نەمابوو دانیشتین. بۆ مەرگی ئازیزانی لە دەست چوو دەستی غەممان گرتە باوەش .باسی ڕابردوو، بۆکان، جوتیار و ھەژاری موکریان و باسی ھەڤاڵ و برا و خوشک و زۆر شتی ترمان کرد کزەی سەرما وە لێوە لەرزەی خستبووین بە ناچار بۆ لای ئاگرە کە لە نێو تەلارەکە دا دایسا داگەڕاین.

ھێندێک سەر و گوێلاکم خاوێن کردەوە، بەرگە سەوزەکانم داکەند و بە جێگای ئەوان لیباسی باشترم لە بەر کرد، کە لەو ڕۆژانەی دوایی دا لە تارانەوە ناردرا بوون. کەوشەکانم بۆ ئەوەی قوڕاوی نەبن لە پێ نەکرد و دامنا لە سەرجادە بیانگۆڕم. شاڵوارەکە گەورەتر و کراس وبلوزەکە چووک تر لە بەژنی خۆم بوون. بە باڵتۆیەکی باش توانیم کەم و کوڕییەکانی جلەکانم داپۆشم. زیاتر وەک کاردارێکی کابرایەکی دەوڵەمەند دەچووم، کە بە نا بەدڵی لیباسی بۆ کارەکەرەکەی کڕیوە.

سەعاتی ٣ی پاش نێوەڕۆ تیمێکی ١٠ نەفەرە ھەر چوار نەفەرمانیان بەرەو جادە وەڕێ خست. کەوشەکانم لە بن ھەنگڵم نا و بە دوایان دا بەرەو جادە ھەراز شۆڕ بووینەوە. بە بێ دەنگی ڕێگامان دەبڕی، کەس ورتەی نەدەھات. تیمی پێشڕەو بە وریایی و لە سەر ھەست چەند میترێک لە پێش ئێمەوە دەڕۆیشت. پاش دوو سەعات جادە مان لێ وەدەر کەوت ، جادە و ئاوەدانی و چێشتخانەکانی سەر ڕێگا لە نێو ھات و چوێ دەیان ماشێنی جور بە جۆر وە دیار کەوتن. دەبوو کەس نەمان بینێ، تا دەگەینە شوێنی قەرار. قەرارەکەش بێ کێشە بەڕێوە چوو، ماشێنەکە لەو شوێنەی کە دەبوو ڕاوەستێ، ڕاوەستا. بە پەلە خۆمان لە ماشێنەکە ھاویشت و ھێندێک کەرەسەیان ھێنابوو، دایانگرت و لە ماوەی کەمتر لە ٥ دەقیقە دا ماشێن وەری سوڕاندەوە و بۆ لای تاران گەڕایەوە.

شوفیرەکە بە بزەیەکی شیرین بە خێر ھاتنی کردین و ھەر یەکەو بابۆڵەیەکی کالباسی پێداین و گوتی ئەگەر بازگەکان ڕایانگرتین، بڵێن چووبوینە زیارەتی مەشھەد و یەکتر ناناسین. شوفیرەکەمان دیار بوو کادرێکی پلە بەرزی “اتحادیە” یە گوتی خۆتان سەغڵەت مەکەن ، ھەوڵ دەدەم بێ کێشە دەربازبین.

دەیان ماشێن ڕاگیرابوون. یەکە یەک دەیان پشکنین. لە پشتەوە دانیشتبووم. تا نۆبەمان ھات ماوەیەکی پێچوو، کابرای پاسدار لێمان ھاتە پێش و چاوێکی بە نێو ماشێنەکە دا گێرا و پرسیاری کرد چیتان پێیە. شۆفیرەکە جوابی دایەوە برادر ھیچمان پێ نییە و ئەوانە لە زیارەتی ئیمام ڕەزا ڕا گەڕاونەتەوە . نەزری ئیمامیان بۆ ئێوەش پێیە. بە پەلە دابەزی و قوتویەک شیرینی پێدان ، کابرای پاسدار بە دوو دەست تێی ڕۆ ھات و کوتی ” خدا نگھدار برادر” .

ھەستێکی خۆشی ھەموو لەشمانی داگرت. شۆفیرەکە نەوارێکی شجریانی وەسەر خست و ماشێن لە ناو پێچاو پیێچەکانی جادەی ھەراز بەرەو تاران لە نێو دۆڵ و چیا دا ڕێگای دەبڕی. شارۆچکەکانی سەر ڕێگا ، چرا و ئاوەدانی و ھاتو چوێ ، لامان سەیر بوو جگە لەو شەو و ڕۆژەی ناو شاری ئامول، ماوی زیاتر لە دوو مانگ دەبوو ،نە چرا و و نە ئاوەدانی و نە کەسێکی وامان دیبوو لە دوورەو تارانمان لێ وەدەر کەوت.

دەریایەک چرا، ، چرای سور و زەرد و شین، بە سەدان ماشین لە ھاتو و چوێ دابوون. ئاوەدانی و مرۆڤ. بازار و بەشەر و بۆنی خواردن. ھەرا ھەرا و سرودی کۆنە پەرەستانە، پاسدار و ڕیش و بەسیج ، مەلا و عەمامە و ژ-٣ دوکاندار و داشقەچی، ماتۆر سوار و ژنی داپۆشراو بە چارشێوی رەش. تاران یەک پارچە ھەرا و ھەنگامە بوو.

ماشێنەکە لە ” تھرانپارس” وە بەرەو خۆاروی تاران چەندشەقام و ڕاستە ڕێگای بڕی. منیان لە موسافیر خانەیەکی باشوری تاران دابەزاند و چوم تختێکم گرت. پێیان گوتم کە سەعایی ١٠ی بەیانی فڵان کەس کە لە پێشدا دەمناسی و خەڵکی سنە بوو لە شەقامی فردوسی دەتبینێ.

٨ نەفەر لە جێگایەکی گەورەی وەک کاروانسرای ڕەحمان سنجوو باریان لێ خستبوو. خەڵکی شارە دوورەکان بوون. لە سەر بێکاری و گڕانی و تفاق و شەڕە کەڵ قسەیان دەکرد. پاش ماوەیەک بەلا داھاتن و خەوتن. لە سەر جێگاکەم درێژ بووم. دەمێک بوو لێفە و دوشەگم نەدیبوو. و چوومە ناو دەریای خەیاڵات.

(درێژەی ھەیە)

 

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت