رۆژی شەهیدانی کوردستان و چەند ئەرکێک. کەریم ئەڵڵاوەیسی

نەتەوەی زوڵم لێکراوی کورد لە تەمەنی پڕ لە چەرمەسەریی خۆی دا تۆوشی زۆر کارەسات بووە، یەک لە وان کارەساتی رۆژی 10 خاكەلێوەی سالی 1326 هەتاوی‌یە.

لەم رۆژە تاڵە دا یەکەم سەرۆک کۆماری کورستان پێشەوا قازی محمد و سەیفی قازی وەزیری دیفاع و سەدری قازی نوێنەری خەڵكی مەھاباد لە مەجلیسی ئەو کاتی ئێران،لە پێتەختی کۆمار، مەهاباد هەر لەو شۆینە کە کۆماری کوردستان راگەیێندرابوو لە سێدارە دران.

هه‌ر وه‌ک شەهید دوکتور قاسملوو گووتویه‌تی، ئەوە شەخسی قازی محمد نەبوو کە لە دادگای محمد رەزاشا دامحاکمە دەکرا، بەڵکوو جووڵانەوەی دێموکراتی خەڵکی کوردستان بوو کە دادگایی کرا، ئاوات وئامانجەکانی کۆمەڵانی زۆرلێکراوای گەلی کورد بوو کە دادگا بە تاوانی دانان. هەربۆیەش پێشەوا وەک رێبەرێكی هەڵکەوتوو بەرامبەر بە جەللادەکانی رێژیمی شا قارەمانانە ڕاوەستا و دیفاعی لە کۆماری کورستان کرد.

پێشەوا قازی محمد سیمبولی نەتەوەیی کورد کە جاروبار بە گاندی کوردستان ناو براوە زۆر تایبەتمەندیی گەورەی لە خۆی دا کۆ کردبۆوە. ئەو وەك کاریزمایەکی نەتەوەیی لە قوناغێکی مێژوویی کورد دا ڕۆڵی سەرەکی بینی و پاش لە سێدارە دانیشی توانی پانتایەکی مەزن لە مێژووی نەتەوەی کورد دا داگرێ. هێندیک لە تایبەتمەندییەکانی ئەوانەن :

کوردستانی بوون، سەربەخۆییخوازی، دێموکڕات بوون، یەکیەتی خۆازی و ڕێزدانان بۆ برایەتی گەلانی ئازاد، پێشکەوتنخوازی، لێبوردوەیی و بۆێری.

پێشەوا لە کاتێکدا سەدا٩٠ ی خەڵکی کوردستان نەخۆیندەواربوون، جگە لە زانست لە زۆر بواری دیکە دا زمانەکانی عەڕەبی، تورکی، فارسی ، ئینگلیسی ، ڕووسی وفەرانسەوی زانیوە.

با قسەی چەند غیر کوردێک بێنینە بەرباس، ئەوان بەم شێوەیە لە سەر پێشەوا باس دەکەن: سەروان شەریفی یەکێک لە بەشدارانی دادگاە دەڵێ: ئەوە پێشەوا بوو بەرپرس و ئەفسەرانی دادگای محاکمە کرد و لە هەموو بارێکەوە هێنانیە ژێرپرسیار.

سەروان کیومەرس سالحی بەشداری دادگاە و هەواڵنووسی ئەو کاتی گۆڤاری ئەرتەش دەڵێ:

من لە زۆر مەحکەمە دا بەشدار بووم، بەڵام کەسی ئاوا بەجەرگ و ڕووڕاستم نەدیوە، هەر ئەو لەخۆبوردوویی ونەترسی‌یە ش بوو کە کاتی ئێعدام کردن نەیهێشت چاوی ببەستن و فەرمووی حەزدەکەم لە دوایین لەحزەی ژیانم دا بە سەربەرزی و پڕ بە چاوەکانم لە نێشتیمانەکەی خۆم بڕوانم.

ئارچی رۆزوێلت ئەمریکایی کە خۆی هاتبووە مەهاباد وچاوی بە پێشەوا کەوتبوو لە کتێبی کۆماری کوردستان لە مەهاباد دەنووسێ:

وا دەردەکەوێ کە قازی محمد بیرو باوەرێکی زۆر پتەوی هەیە و ئامادەیە خۆی لە پێناوی دا فیدا بکا، لەهەمان کاتیشدا رۆناکبیرێکی لەسەرەخۆ بوو.

لەشۆنێکی دیکە باس دەکا :

پێشەوا چوارچێوەیەکی فکری زۆر بەرینی هەبوو و نێونەتەوەیی بیری دەکردەوە.

هەرکوردێک کە جگە لە تێکۆشەرانی دێرین لە زاری بەرپرسانی رێژیمی شایەتی، باسی گەورەیی و خۆڕاگری پێشەوا دەبیسێ کە چلۆن سەرۆک کۆماری کورد لەو دادگایە دا بەرامبەر بە دوژمن ڕاوستاوە ودیفاعی لە کورد و داوا ڕەواکانی کردوە و ئەوە پێشەوابووە کە محاکمەی دوژمنانی کوردی کردوە، بەحەق هەزاران ئافەرین بە پێشەوا وهاوڕێیانی دەڵێ و فەخر دەکا کە پێشەوا پێک هێنەری حیزبی دیموکڕاتی کوردستان و کۆماری کوردستان لە هەموو بۆارەکان دا جێگەی فخرو سەربڵیندی بووە بۆ کورد وکوردستان.

جیاوازی رێبەرانی کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان:

پێشەوا لە کاتی ماڵ ئاوایی لەگەل مەلا مستەفای نەمر دا لە رۆژە ڕەشەکانی تێکچوونی کۆمار دا دەفەمووی:

من خۆم فیدای خەڵک دەکەم و هیچ کات وەک پیشەوەری ناکەم و ناهێڵم وڵاتەکەم لە خۆیندا شەڵاڵ بێ و هەزاران کەسی تێکۆشەر و خەڵکی ئاسایی بە کۆشت بچن و ببنە قوربانی.

لە سەر پێشەوا و کۆماری کوردستان و دەستكەوتەكانی کە زۆر لاپەڕەیان لە مێژووی پڕ لە عیززەت و شەڕەفی کورد بە خۆوە گرتووە و زۆر خاڵی نەگوتراویش هەیە بۆ وێنە وەک زۆر کەس باس دەکەن پێشەوا بۆخۆی نووسەری دوو نەماشینامەی گەورە و بە بایخی ١. سوڵتان صلاح الدین ٢. دایکی نیشتیمان ـە کە لە سالی ١٣٢٤ لە مەهاباد و چەند شاری دیکە نیشان دراون و ئێجگار تەئسیریان لە سەر بەرزکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی جەماوەری کوردستان هەبوو.

پێشەوا دامەزرێنەری حیزبی دێموکراتی کورستان و کۆماری کوردستان ، زۆرکتیب و نووسراوەی لە سەر نووسراوە و دەیان کەس تێزی ماستەر و دوکتورایان لە سەر کارو هەنگاوەکانی پێشەوا بە تایبەت کۆماری کوردستان نووسیووە. پێکهێنانی کۆماری کوردستان و شێوە بەڕێوەبردنی دادپەروەرانەی کۆمار وئەو هەموو کارە بە نرخ وبە بایخانەی کە لە ماوەی نزیک بە ١١ مانگ ئەنجام دران و هەروەها دادگای پێشەوا وهاوڕێیانی کە ڕاست دادگای کردنی دۆژمنانی کورد وکوردستان بوو، کە هەمووی جێی خۆیەتی وەك درس و ئاموژگاری بۆ کورد كەڵكیان لێ وەربگیرێ.

عەمەلیاتی نیزامی مەلامستەفای بارزانی بە تایبەت لە کاتی تێپەڕبوون لە مەهاباد هەتا یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو بە ناوی ( از مهاباد خۆنین تا كنارەھای رود ارس) لە زانکوکانی نیزامی ئێران بە درس دەگوتراوە کە جێگای فخر بوو بۆ کورد، پێویستە خەبات وتیکۆشان و باس لە کۆماری پر لە كەڕامەتی کورد و دادگای پێشەوا و وەسیەتی ئەو گەورە پیاوەی مێژوو لە هەموو کلاسەکانی سیاسیی حیزب وسازمانەکانی سیاسیی کوردی هەر چوار بەشی کوردستان بە درس بگۆترێنەوە و هەروەها دایک و بابەکان ئەو میراتە بۆ نەوەی ئەمڕۆ و سبەی بگوێزنەوە!
بە وتەی مسعود تەک سیاسەتمەداری کوردی باکوور: کورد شەهیدێکی زۆری لە رێگەی ڕزگاری وڵات دا داوە هەموو رۆژێک رۆژی شەهیدانی کوردستانە، بەڵام بە هۆی ئەوە قازی محمد یەکەمین سەرۆک کۆماری کورد و کۆماری کوردستانە و کەسایەتی پێشەوا قازی محمد جێگەی رەزامەندی هەموو کوردە بۆیە باشترین و گۆنجاوترین رۆژ بۆ شەهیدانی کوردستان ، رۆژی لە سێدارەدانی سەرۆک کۆماری کوردستان قازی محمد ە.
ئەرکەکانمان:
١. هەر کوردێکی دڵسوز بە گه‌ل و وڵات پێوستە ئامۆژگاریەکانی پێشەوا کە لە وسیەتنامەکەی دا هاتووە گرینگی پێ بدا کە کاکڵی باسەکە ئەوەیە: خۆیندن وگرینگی دان بە زانست و فێربوون. یەکیەتی و تەبایی. یەكێتی و پشت نەبستن بە دوژمنانی گەلی کورد. دەرس فێربوون لە مێژووی نەتەوەی کورد. خەیانەت نەکردن بە یەکتر. پێویستە ئەو وانانە ببێتە چرای رێ نیشاندان بۆ خەبات و تیکۆشانی هەر کۆردێک.

٢. بەهەزاران جار گوتراوە و پێشەواش ڕووی لە هەر تاکێکی کوردە کە تەبایی ویەکگرتن گرینگە، دیارە لە زۆربەی جووڵانەوەکانی کوردیش ئەمە یەکێک لە هۆیەکانی شکانی بوو کە چی لە هەزارەی سیهەم وسەدەی بیست ویەکم هەمان هەڵەکانی پیشوو دوو پات و سەدپات دەبێتەوە. کاتی ئەوە هاتووە بۆ بەرژوەندیی گشتی و نەتەوەیی بەرژوندی تاکی و حیزبی گرینگیەکەی زۆر کەم بێتەوە.

٣. رۆژی شەهیدانی کوردستان ، ١٠خاکەلێوە پێوستە ببێتەرۆژی شەهیدانی هەمووی کوردستان واتە ئی هەر چوار پارچەی کوردستان و کاری بۆ بکرێ بە تایبەتی دووحیزب، حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران ئەم داوایە بۆ حکۆمەتی هەرێمی کوردستان بەرز بکەنەوە و حیزب و رێکخراوەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش پشتیوانی لەم داوایە بکەن. پێوستە پارلەمانی کوردستان بریاری لەسەر بدا. چالاکانی کورد لە هەر حیزب و رێکخراوێک کە کار بۆ ئەو مەسەلە بە ناوی کەمپین یان هەرناوێک دەکەن، پێوستە ئەوانیش لەم ئەرکە دا بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو بگرن .

لە ٦٦ مین ساڵیادی شەهید بوونی پێشەوا سەری قەدرزانی و حورمەت دادەنوێنم بۆ هەموو شەهیدانی کوردستان بە تایبەت شەهیدانی رۆژی ١٠ خاكەلێوە و پڕ بە دڵ ئارەزو دەکەم ئاوات و ئارەزوی هەمووی ئەو شەهیدانە ودی بێ و کورد بە ئاوات وئامانجەکانی بگا.