“جهاد النکاح” کەڵک وەرگرتنی جینسی لە ژنانی تونسی لە شەڕی سووریەدا! وەرگێڕانی بۆ کوردی: حەسەن ئەهوەن

کاتێک بە خۆ ئاور تێبەردانی لاوێکی کرێکار لە وڵاتی تونس، ئاپۆڕەیەک لە نارەزایەتی‌و شۆڕشەکان، ناوچەکانی باکووری ئەفریق‌و رۆژهەڵاتی ناوەراستی گرتەوە، چاودێرانی سیاسی، تێکۆشان‌و خەباتی خەڵکی ئەو وڵاتانەیان، بە مەبەستی دەستەبەر کردنی ژیانێکی باشتر شێرۆڤە دەکرد.

خەڵکی وڵاتەکانی تونس، میسرو لیبی، بە ژن و پیاوەوە، بە یەکەوە رژانە سەر شەقامەکان‌و هاودەنگ بۆ رووخان و ئاڵووگۆڕی حکوومەتەکانی پێشوو بەشدارو هاریکار بوون، بەڵام ئەوە پتر لە دوو ساڵ تێدەپەڕێ‌و لە هەواڵەکان‌ڕا وادەردەکەوێ کە بەهاری عەرەبی ئاڵوگۆڕێکی زۆری لە ژیانی ژنانی ناوچە دا پێکهێناوە. بۆ وێنە هەواڵ‌و دەنگ‌و باسەکان لە تونسەوە، باس لە فتوای کەسایەتیەکی توندئاژۆی ئیسلامی دەکەن کە ژنان و کچانی تەڵاق دراوی ئەو وڵاتە هاندەدا بۆ کردەوەی “جیهادی نیکاح ” لە وڵاتی سووریە.

توند مەزاجەکانی ئیسلامیی تونس، داوا لە ژنان و کچانی جیابووە لە هاوسەرەکانیان دەکەن کە بۆ دابینکردنی نیازەکانی جینسی و سێکسی خەباتکارە ئیسلامییەکانی سووریەی دژ بە بەشار ئەسەد، برۆنە سوریەو بەڵێنێ چوونە بەهەشتیان پێداون. توند ئاژۆکانی مەزهەبی ئەو کردەوەیان بە “جهاد نکاح” نێودێر کردووەو بەو فتوایە کچان و ژنانی تونسی رەوانەی وڵاتی شەڕلێدراوی سووریە دەکەن. ئەو بانگەوازە لە کاتێکدایە کە لە رۆژی ٩ی مانگی مای ٢٠٠٧ دا یاسایەک لە وڵاتی تونس دەرچوو کە بەپێی ئەو یاسایە لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کۆڕان و کچانی ئەو وڵاتە دەبێ ١٨ ساڵ بێ و پێچەوانەی ئەو بڕیارە پێشێلکردنی یاسایە و بە تاڵە.

ایلیا جزایری، هەواڵنێری رادیو فەردا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بابەت چۆنیەتی شکڵ گرتنی “جهاد نکاح” لە تونس دەڵێ: رووداوەکە بە فتوایەک دەستی پێکرد، مەلایەکی توندئاژۆ بەنێوی “محمد العریفی”لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینترنێت، وەک فەیسبووک و راگەیەنە گشتییەکان، ئەو فتوایەی دەرکردو وتویەتی “جهاد نکاح” حەڵاڵەو کچان و ژنان دەتوانن بۆ یارمەتی کردنی شۆڕشوانانی ئیسلامی کە دژی رێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە خەباتی چەکداری دەکەن، بچن و بە شوو پێکردنی سەعاتی ( سیغە ) بە شەڕکەرانی موسوڵمانی دژ بە ئەسەد، رێگای چوونە بەهەشت بۆخۆیان خۆش و دەستەبەر بکەن.

ئەو فتوایە هەڵڵایەکی گەورەی لە تونس لێکەوتۆتەوە. بە گوێرەی راپۆرتەکانی گەیشتوو کۆمەڵێک لە ژنان و کچانی تونسی بەپێی ئەو فتوایە “جهاد نکاح” لە تونسەوە چوونە میسر. رووداوەکە هەر بەوە کۆتایی نایەو تەنانەت لاوێکی توندئاژۆی مەزهەبی ژنەکەی خۆی بۆ ئەوەی بتوانێ بەشداریی ئەو جیهادە بێ، تەڵاق دەدا. بەپێی هەڵسەنگاندنی راگەیەنەرەکان و هەروەها هیندێک لەو تونسیانەی لە سووریەن، رادەی ئەو کچ و ژنانەی لە تونسەوە بۆ ئەو مەبەستە چوونە سووریە، دەگاتە ١٣ کەس. دەنگۆکان لەو چوارچێوەدا دەخولێنەوە. هەر چەند تاقمێک لە نیزیکانی مەلا عریفی دان بە وەها فتوایەکی دراو نادەن، بەڵام خاوەن فتوا تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەوبارەوە لە خۆی نیشان نەداوە.

“حسین بن احمد السراجی” لە وتارێکدا لە ژێر ناوی”جهاد نکاح لە سووریە”، وەها جیهادێک بە ریس‌و گوریسی فتوا دروستکەرانی نەزم تێکدەر پێناسە دەکاو دەنووسێ: دەرکردنی ئەم شێوە فتوا هەڵڵا ساز کەرو نەزم شێوێنەرانە، لە کۆمەڵگادا کە بە نێوی ئیسلام دەردەچن، دزێون، چونکە ئەو جۆرە فتوایانە زەرەر بە ئیسلام دەگەیەنن‌و دەبنە هۆی ناساندنی موسوڵمانان بە چاوچنۆکی و تامەزرۆ بوونی هەواو هەوەس. لەحالێکدا جیهاد لە رێگای خودا دەکرێ نەک بۆ وەدیهێنانی ویستەکانی نەفسی.

بە وتەی ایلیا جزایری ئەوە جاری یەکەم نیە کە باسی جهاد نکاح لە وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتی دوای جووڵانەوەکانی ئەم دوایانە لەم ناوچانەی کە بە “بەهاری عەرەبی” ناسراون روو دەدا. لە درێژەی ئەو باسە دا هەروەها دەڵێ: ئەو فتوایە بە وتەی وەزیری کاروباری دینی تونس فتوایەکی سەیرو بێ پێشینەیە. فتوایەکی لەو چەشنە هیچ پێشینەیەکی لە رابردوو دا لە وڵاتانی عەرەبی نەبووە، بەتایبەت لە نێو سوننی مەزهەبەکان‌دا. چونکە سوننی‌یەکان لایەنی سیغە بە حەرام دەزانن و بۆیە ئەو فتوایە ئەوانی تووشی سەرسووڕمان کردووە.

لەکاتی باسی سەرهەڵدانی شۆڕشی تونس، ئەو پرسیارە لە ئارا دا بوو کە یاسا لە بارەی ژنانی تونسەوە پێشکەوتوو و پێشرەو بوو و کۆمەڵێکی زۆری ژنان لەو وڵاتە چالاک وجێکەوتوو بوون و تەنانەت ئەگەر پشتیوانی دەوڵەت بووبێتە هۆی ئەوەی کە ژنان بتوانن چالاکیی بەربڵاوتریان بووبێ، بەڵام ئێستا هێنانە گۆڕی فتوایەکی لەو چەشنە لە وڵاتێکی بەو پێشینەوە برێک سەرسووڕهێنەرە.

گەلۆ، لە نێوان دوو ساڵی رابردوودا لە وڵاتی تونس چ قەوماوە، ئەو وڵاتەی، بە وڵاتی ژنانی پێشرەو و پێشکەوتوو ناسرا بوو، ئێستا کار بەو جێیە گەیوە کە فتوای ئاوا دەردەچێ و بەشێک لە ژنانیش وەدوای بکەون؟

وەڵامی “ایلیا جزایری” لەمەر ئەو پرسیارە ئەوەیە: ساڵیانێک لە تونس حکوومەتی سێکولار حاکم بووە. حکوومەتێک کە تێکۆشاوە لە بوارەکانی جۆراجۆرو لەو نێوەدا سەبارەت بە پرسی ژنان، بگاتە ئاستی ستانداردی نێونەتەوەیی، بەڵام ئەو حکوومەتە نەیتوانیوە هەلومەرجێکی لەبار بۆ چالاکییە دێمۆکراتیکەکان دابین بکا. ئەو سیاسەتەی دەوڵەت بەشێکی زۆری لە چینەکانی کۆمەڵگا، لەو نێوەدا ئیسلامییەکانی لە پەراوێز خستبوو و سەرکوتی دەکردن. هەر بۆیە بەدوای رووخانی رێژیمی پێشوو، ئیسلامگەرایانی توند ئاژۆ، مەیدانی چالاکییان بەربڵاو بوو و بە کەڵک وەرگرتن لەو بارودۆخە لەبارە، دەرەتانی دەربڕینی بیرورای دژ بە ژنانیان پتر بۆ رەخساوەو هەوڵ بۆ دامەزرانی بیرۆکەی خۆیان دەدەن. ئەوان بارو دۆخەکەیان لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان گرتوەو تەنانەت لە بنکەو بنیادە یاسایی کانیش لە هەوڵی ئەوە دان بە ناردنی نوێنەرانیان بۆ پەرلەمان، بیرو باوەری خۆیان داسەپێنن. ئەو بارودۆخە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە وەزعی ژنان بەرەو خرابتر بروا.

“جاد اللە صفا” نووسەری عەرەب لە دژ کردەوەیەک بەو شێخانەی وەها فتواگەلێک دەردەکەن، ئەوان بە “شێخانی قەحبە” نێو دەبا کە تەنیا هەست و مەرامیان بە حەڵاڵ کردنی قەحبەگەرییە، پێداگرە “تا ئەو کاتەی کۆمەڵگا ژن بە چاوی کاڵا، ببینێ، ئەو کۆمەڵگایە شەڕافەتی نیە”.

“صفا” هەروەها ئەو پرسیارەی خستۆتە روو کە “تا کەی بە ناوی دین، دەستدرێژی بە نامووس‌و شەرەفمان دەکەن‌و ئێمە بێدەنگ بین؟ ”

بەڵام بەو جۆرەی “ایلیا جزایری” دەڵێ: “ژنانی عەرەب سەبارەت بەم فتوایە بێدەنگ نەماوەنەوە. جگە لەو دژکردەوانەی لێرەو لەوێ کە چاوەڕوان دەکرێ پەرە بگرێ، خاتوو سلمە علامی الرقی یەکێک لە رێبەرانی ناسراوی جووڵانەوەی دەنگی تونس گووتویە ئەو فتوایە پەڵە و شەرمەزارێکی گەورەیە بۆ تونسیەکان‌و لەسەر ئەو باوەرەیە کە بارودۆخی ژنانی تونس بەرەو خراپی دەرواو هەروەها گووتویە کە کۆمەڵە هەوڵێک بۆ پاراستنی ئەو مافە مەدەنییانەی کە ساڵیانێک لەو وڵاتەدا حاکم بووەو یاسایەک کە پێشتر مافی ژن و پیاو تێیدا وەک یەک بووە، لە ئارا دایە. بە وتەی ناوبراو هۆکاری ئەو بارودۆخە نالەبارە لەلایەن لایەنگرانی وهابیت و یەک لەوان العریفی‌و تاقمێک لە رێبەرانی سیاسین کە لە دوو ساڵی رابردووە هەوڵ دەدەن بۆ گۆڕینی یاسا مەدەنییەکان، یەک لەو هەوڵاانەیان لابردنی یاسای هاوسەرگیری ژێر تەمەنی یاسایی و هەروەها چەسباندنی مافی چەند ژنی‌یە بۆ پیاوان. ئەو دەڵێ پێویستە تەواوی چالاکوانانی مەدەنی بەدژی ئەو هەوڵانە راوەستن، ئەگینا ئەگەر وەزعەکە بەو شێوە بڕواتە پێش، مەترسیی ئەوەی لێدەکرێ تونس ببێتە یەکێک لە هەرە دواکەوتووترین وڵاتانی عەرەبی.

بەپێی هەواڵی راگەیەنەرەکان، “تێعداد” بنەماڵەیەکی تونسی داوای گەڕانەوەی رۆڵەکانیان لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کردووە، نورالدین الخادمی، وەزیری کاروباری دینی تونسیش گووتویە نە خەڵکی تونس و نە هیچ ئۆرگانێکی ئەو وڵاتە بە فتوای جیهادی نیکاح کار ناکا. ئەو بەرپرسە هەروەها لە درێژی ئەو باسە لە وتوووێژێکی رادیۆی تونس دا، لە رەدی ئەو فتوایە دەدوێ و دەڵێ: ” ئەو واژانە دروست کراو و ساختەیە و لە بنەڕەت ڕا بێ مانایە “.

سەرچاوە: رادیو فردا ـــ رویا کریمی مجد