بەشێک لە پیاوانی کورد بۆ رێز گرتن لە کەسایەتی ژن جلوبەرگی ژنان دەپۆشن.
وەک لە هەواڵەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاو کرایەوە، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ سزادانی چەند گیراوێک لە بەندیخانەی شاری مەریوان دا، بە خەیاڵی خۆیان، بریاریان دا کە بۆ شکاندنی کەسایەتی و سزادانی ئەو گیراوانە جلوبەرگی ژنانیان لەبەر بکەن و بە شەقامەکانی شار دا بیان گێرن.
دوای بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە و هێنانەدەری یەکێک لە گیراوەکان بە جلوبەرگی ژنانەوە بۆ سەر شەقامەکانی شاری مەریوان، ژنانی ئەو شارە بە نارزایەتی دەربرین لەوەها کردەوەیەک هاتنە سەر شەقام و خۆپێشاندانیان ساز کرد و دواتریش ٣ ئەنجوومەنی مەدەنی و فەرهەنگی شاری مەریوان بە نیشانەی نارزایەتی بە بریاری ئەو کەسانەی ئەو بریارەیان داوە و بۆ پێشگیری بەو بریارە و هەروەها بەکەم گرتن و سووکایەتی بە کەسایەتیی ژنی کورد و جلوبەرگی ژنی کورد، نووسراەیەکیان وەک ڕاگەیاندراو بڵاو کردەوە.
لەو نووسین و ڕاگەیاندراوە دا هاتووە کە بۆ پشتگیری لە ژنان و پێش گرتن بە سووکایەتی بە ژنانی کورد، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین کە هاوکاریمان بکەن بۆ پێکهێنانی کەمپینی پۆشینی جلوبەرگی ژنانە. لەهەمان کاتدا داوا لە پیاوان کراوە کە بە پۆشینی جلوبەرگی ژنانە بەگژ ئەو سووکایەتییەدا بچنەوە.
لەو پەیوەندییەدا بە دەیان کەس لە پیاوانی یەکسانیخواز و تێکۆشەری کورد لە ناوخۆی کوردستان و لە دەرەوەی وەڵات بە پۆشینی جلوبەرگی ژنانە پشتیوانی خۆیان لەو کەمپینە دەربری و بەو پشتیوانییەیان نیشانیان دا کە ژن وەک مرۆڤ هیچی لە پیاوان کەمتر نییە و بەڵکوو ژنان بە گشتی توێژێکی دیاری کۆمەڵگان و تەنیا لە باری ڕەگەزییەوە جیاوازیان هەیە و بەس.
ئەم چەند وێنەیە وەک جوانترین و بە هەستترین وێنەی ساڵ دەبێ چاو لێبکردرێ و باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی بە کۆمەڵگای مەدەنی دونیا و ئێران و جیهان نیشان بدرێ کە پیاوی کوردی خاوەن ویژدان هەموو کات و لە کۆنەوە ژنیان وەک سیمبولی هاوکاری و پێکەوە ژیان دیتوە و نموونەی ژنانی کوردیش لە مێژووی کورد دا دیارو بەرچاون.