كۆچی نا به‌وه‌ختی جه‌ماڵ قادری

ئه‌مڕۆ ده‌ورو به‌ری پاش بانگی عه‌سری، له‌ كاتێك دا له‌ گه‌ڵ چه‌ند كه‌س له‌ هاوڕێیانم سه‌ر گه‌رمی قسه‌ وباس و گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریه‌كانی رابردوومان بووین، له‌ پڕ ئاگادار كرام كه‌ ئه‌مرڕۆ ساعه‌ت 7ی به‌یانی رۆژی 1/2/1392ی هه‌تاوی‌جه‌ماڵ قادری، برازای قادر قادری (قادر مه‌كڵاوه‌یی) هاوسه‌نگه‌ری رۆژانی سه‌ختی شه‌ره‌كانی پارتیزانی ، له‌ جاده‌ی سه‌رده‌شت بۆ بانه به‌ هۆی ڕووداوی هاتووچۆوە كۆچی دوایی كردوه‌.

له‌و كاته‌ دا بیر و فكرم باڵێان گرت و به‌ره‌و لای قادر كه‌وتنه‌ ڕێ و له‌ دووره‌وه‌ ناره‌حه‌تیه‌كانی ئه‌وم بۆ له‌ ده‌ست چوونی برازا خۆشه‌ویسته‌كه‌ی كه‌ ئێستا ته‌مه‌نی درووست 33 ساڵ بوو، له‌ شێوه‌ خه‌ماویه‌كه‌یدا خوێنده‌وه‌.

كه‌ماڵ هه‌ر چه‌ند ئه‌و كات كه‌ قادری مامی له‌ ناوچه‌دا بوو، تازه‌ لاوێك زیاتر نه‌بوو، به‌ڵام كه‌ خه‌ڵك باسیان له‌ خۆراگریه‌كانی مامی ده‌كرد شانازی پێوه‌ ده‌كردو خۆی پێوه‌ راده‌نا و به‌و هۆیه‌وه‌ هێنده‌ی دیكه‌ له‌ ناو هاوڕێیانی دا خۆشه‌ویست ببوو.

كه‌ماڵ وێڕای ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌یان زۆر جاران ‌له‌ لایه‌ن جاش و پاسداره‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌وته‌ به‌ر ئه‌زیه‌ت و ئازار، به‌ڵام قه‌ت به‌ چۆك دانه‌هات و هه‌روا شانازی به‌ رێبازه‌كه‌ی مامیه‌وه‌ ده‌كرد و تا كۆتایی ته‌مه‌نی، كورد و كوردستانی له‌ رووحی خۆی خۆشتر ویست.

من به‌ بۆنه‌ی ئه‌م رووداوه‌ ناخۆشه‌وه‌، له‌ رێگه‌ی دوره‌وه‌ و به‌ نووسینی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌وه‌، سه‌ره‌خۆشی خۆم ئاراسته‌ی هاوسه‌نگه‌ری دێرینم قاد مه‌كڵاوه‌یی ده‌كه‌م و له‌ یه‌زدانی مه‌زنیش داواكارم كه‌ رووحی ئه‌م جوانه‌مه‌رگه، به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شاد بكات

ئه‌حمه‌د مه‌كڵاوه‌یی