گیارەنگ هەوڵی داوە کە سەکۆیەک بێت بۆ گەیاندنی هەواڵ و ڕووداوی ڕاستەقینە. شاخەوان عەزیزی

وێڕای سڵاو و ماندوو نەبوونی لە ئێوەی بەرێز و خۆشەویست کاک حەمەڕەسووڵی تێکۆشەر و ماندوویی نەناس، هیوای تەمەن درێژی و بەردەوامیتان لە ژیان دا بۆ بە ئاوات دەخوازم. پێشەکی بە بۆنەی هەڵکرانی دەهەمین مۆمی تەمەنی ماڵپەڕی گیاڕەنگ پیرۆزبایی لە ئێوە و لە هەموو خوێنەران و نووسەرانی ئەو ماڵپەڕە دەکەم و هیوای بەردەوامی و بەرەوپێش چوونی زیاتر ، بە ئاوات دەخوازم. لە سەر ئیزنی ئێوەی بەڕێز لەو چەند دێڕەی خوارەوەدا بیر و بۆچوونی خۆم لە سەر ماڵپەڕی خۆشەویستی گیاڕەنگ دەردەبڕم.

گومانی تێدا نیە کە میدیا بە هەموو بەشەکانیەوە لە سەردەمی ئەمڕۆ دا دەور و رۆڵی کاریگەر دەگێڕێ لە هەموو بوارەکاندا و پێ بە پێ لە گەڵ گۆڕانکاریەکاندا دەچێتە پێش و خۆی دەگونجێنێ. لەو نێوەدا ماڵپەڕە ئەنتەرنێتیەکان لەو سەردەمەدا و بە تایبەت لە ساڵانی دوایییدا جێی بەشەکانی دیکەی میدیاییان تا ڕادەیەک گرتۆتەوە و ڕکەبەرایەتیەکی زۆریش لە نێوانیان دا هەیە بۆ ئەوەی سەرنج و بیر و ڕای زیاتر بەرەو لای خۆیان ڕابکێشن و بتوانن کاریگەری بخەنە سەر ڕووداوەکان لەو چوارچێوەی کاری تێدا دەکەن یان بۆی لە هەوڵ دان. هەر وەکوو دەبینین جیهانی ماڵپەڕی ئەنتەرنێتی کوردی هەوڵی داوە کە لەو نێوەدا لە دواوە نەمێنێتەوە و بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت. ئەگەرچی لەو نێوەدا ڕەنگە بە ئاستی میدیای جیهانی نەگات ، بەڵام هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاستێکی بەرز بەو مەبەستە لە ئارادان.

ماڵپەڕی گیاڕەنگ کە لە بەرەبەری دەهەمین ساڵڕۆژی هاتنە نێو مەیدانی خەبات و تیکۆشانی خۆی دایە، لەو نێوەدا ئەوەندەی لە توانای دا بووە و ئیمکانی هەبووە، هەوڵی داوە کە سەکۆیەک بێت بۆ گەیاندنی هەواڵ و ڕووداوی ڕاستەقینە و بڵاو کردنەوەی بابەتی جۆراوجۆر کە هەر کامەیان هەڵگری ڕوانگەیەکی تایبەت و جیاواز بوون . گیاڕەنگ لە سەردەمێک دا و بە هەوڵی تاکە کەسێکی لێ بڕاو و لە خۆ بردوو، سەری هەڵدا کە بەو شێوەی ئێستا دەیبینین نەبوو و میدیای کوردی لە بواری ماڵپەڕ و سایتە ئەنتەرنێتیەکان لە سەرەتای ڕیگاکە دابوو و بە راست وێژی و هەوڵ دان بۆ بڵاو کردنەوەی جۆراوجۆریەکان ، وای کردبوو کە زوو بتوانێ سەرنجی خوێنەران بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و پشتیوانی لێ بکرێ و قەڵەم بە دەستان بە ماڵی خۆیانی بزانن بۆ بڵاو کردنەوەی بابەتەکانیان.
ئەگەرچی هەڵسووراندن و بەڕێوە بردنی ماڵپەڕێک کە هەڵگری چەندین بەش و پێک هاتەی جۆراوجۆرە، لە توانای تاکە کەسێک دا نیە و برەو پێدان و بەردەوامی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ، ئەوەندە ئاسان نیە، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش ، گیاڕەنگ بۆ ئەوەی بتوانێ درێژە بە ئەو ڕێچکەیە بدات کە گرتوویەتە پێش و بتوانێ خوێنەر و لایەنگرانی خۆی بپارێزێ و پێ بە پێی گۆڕانکاریەکان ، ئەویش خۆی بگۆڕێ و خۆی ڕێک بخاتەوە ، بە بڕوای من پێویستە لەو بوارانەی کە ئیشارەیان پێ دەکەم ، ئاڵ و گۆڕ لە خۆیدا پێک بێنی.

١. بەر لە هەموو شتێک پێویستە چوارچێوە و شکڵی ماڵپەڕەکە ئاڵ و گۆڕی بە سەر دا بێت. ئەو شکڵ و شێوازەی ئێستا بۆ گیاڕەنگ تەرخان کراوە ، چەندین ساڵە یان وەلا نراوە یان زۆر بە کەمی کەڵکی لێوەردەگیرێ . بۆیە پێویستە لە گەڵ ساڵڕۆژی دەهەمینی خۆیدا لە بواری ڕووکار و چوارچێوە وە، بە ڕووخسارێکی نوێ درێژە بە خەباتی میدیایی خۆی بدات.

٢. پێویستە بەشەکانی ماڵپەڕ لە یەک جیا بکرێنەوە و بە سەر بەشی جۆراوجۆر دا دابەش بکرێن و هەر بابەتەی لە شوێنی پێوەندیدار بە بەشی خۆیەوە دابنرێ.

٣. هەوڵ بدرێت تا ئەو جێیەی ئیمکانی هەیە ڕوانگە و بیر و بۆچوونی حیزب یان لایەنێکی تایبەتی لە ماڵپەڕەکەدا ڕەنگ نەداتەوە و هەڵگری جۆراوجۆری و تێکەڵاوێک لە هەموو ڕەنگەکان و بیر و باوەڕە جیاوازەکان بێت.

٤. پێویستە بەشی بۆچوونی هەندێک لە بابەتەکان بۆ خوێنەران کراوە بێت و بۆ ئەوەی بتوانن لە سەر بابەتی دیاری کراو ڕوانگەی خۆیان بە دوور لە بە کار هێنانی وشەی نابەجێ یان هێرش کردنە سەر کەس یان لایەنێک ، دەرببڕن.

٥ . هەوڵ بدرێ دەستەیەکی بەڕێوەبەر بۆ ماڵپەڕەکە هەڵبژێردرێ و ناوەکانیان بۆ خوێنەران ئاشنا بن بۆ ئەوەی متمانەی زیاتریان لە لا درووست ببێت. بۆ ئەو مەبەستە دەکرێ داوا لە کەسانی شارەزا و قەڵەم بە دەست بکرێ بۆ ئەوەی ئەرکێک لە ماڵپەرەکەدا وە ئەستۆی خۆیان بگرن و ئەو قورساییەی لە سەر شانی تاکە کەسێکە کەم بکرێتەوە.

٦. بەشی تایبەت بە وتووێژ و چاو پێ کەوتن لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەدەبی ، هونەری ، سیاسی و … دا بکرێتەوە و هەوڵ بدرێ ئەو چاو پێکەوتنانە بە دەنگ و ڕەنگیش بڵاو بکرێنەوە.

٧. بەشی تایبەت بە ڕیکلام و تەبلیغات بکرێتەوە و داهاتی ئەم بەشە تەرخان بکرێت بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەچوونی ماڵپەڕەکە.

بەو هیوایەی هەموو ساڵێک لە هەل و مەرجێکی تایبەت و لە بەرەوپێش چوونێکی تایبەت و دیاری کراودا، ماڵپەڕی گیاڕەنگ بتوانێ یادی دەست بە کار بوونی بکاتەوە و بە ڕەخنەوە لە ساڵی پێشووی تێکۆشانی بڕوانێت. بەو هیوایەوە ، سەرکەوتن و بەرەوپێش چوونی هەرچی زیاتری گیاڕەنگ بە ئاوات دەخوازم.

شاخەوان عەزیزی

سویس