گیاڕەنگ ئەو سەرچاوەیەی کە ڕۆژانە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری کەڵکی لێ وەردەگرم. ئازاد بانەیی

لە ڕۆژانەی سەرەتای ئاشنا بوونم بە ماڵپەڕی گیاڕەنگ هەموو کات بیرۆکەی ئەوەم لا درووست دەبوو کە تۆ بڵێی ڕۆژێک دا بێت منیش بتوانم ماڵپەڕێکی ئاوام هەبێ و ڕۆژانە هەواڵ و بابەت و نووسینەکانی خۆم و خەڵکانی دیکەشی تێدا بڵاو بکەمەوە؟

پاش چەندین ساڵ لە ماڵپەڕێکی سیاسی دا دەستم بە کار کرد و ڕۆژانە هەواڵ و کارو چالاکی تێدا بڵاو دەکەمەوە. ئیستا کە خۆم کەوتوومەتە ئەو بوارەوە هەست پێ دەکەم و دەزانم کە بەراستی بەڕێوەبردن و بەڕۆژ کردنەوەی ماڵپەڕێکی گشتی وەک گیاڕەنگ چەندەی کات و وزە دەوێت.

ماڵپەڕی گیارەنگ یەکێک لەو دەگمەن ماڵپەرە کوردییانە کە بۆتە نوێنگەی زۆر بیر و بۆچوونی جیاواز و تەنانەت خەڵکی بۆ ناساندنی کێشە و گرفتە سەخسییەکانی خۆشیان هانای بۆ دێنن. نازانم ئەوە لە سیاسەتی کاری ماڵپەڕەکەوە سەرچاوە دەگرێ یان لە دڵفراوانی و گەورەیی بەڕێوەبەرەکەیەوە کە بە درێژایی تەمەنی، هەم خۆی و هەم بنەماڵە و کەس و کاری لە خزمەت کردن بە خەڵک و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانی گەلەکەمان بێ سڵەمینەوە لە کەندوکۆسپەکان بەردەوام بوون.

گیاڕەنگ زۆر جاران تووشی قەیرانی دارایی و تەنانەت ڕووبەڕووی هەڵوێستی سیاسی و تەنگوو چەڵەمەی جیهانی بەربەرینی ڕایەڵە ئینتێرنێت بۆتەوە، بەڵام تاکوو ئێستاشێ لەگەڵ دا بێت هەر لە سەر سیاسەتی ڕاستەقینە و پاک و بێگەردی خۆی بەردەوام بووە و هیچکات ڕێگەی نەداوە کە گۆڕانکاری لە کەش و هەوای سیاسی دا کاربکاتە سەر سیاسەتی بەجێی.

ئێستا ئیتر گیاڕەنگ بۆتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و کەم کەس هەیە کە لەگەڵ یەکەم ساتەکانی ئاشنا بوون لەگەڵی دا بتوانێ کۆتایی بە دۆستایەتی و خۆشەویستی ئەو ماڵپەڕە ڕەنگینە بێنێت. من جگە لە پیرۆزبایی گەرمم بە بۆنەی هەڵکردنی مۆمی دەساڵەی تەمەنییەوە، لە قووڵایی دڵمەوە ئاواتی سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ دەخوازم و هیوادارم کە لە داهاتوویەکی نە زۆر دوور دا ببێتە ناوەندێکی گەورە بۆ وەشان و بڵاو کردنەوەی ئەدەبیاتی شۆڕش و خۆڕاگری و سڕینەوەی ئاسەواری زمانی بێگانە لە ناو زمانی کوردی دا و ببێتە لەمەپرێکی قاییم لە بەردەم هێرشی کولتووری بێگانە.

سڵاو لە گیاڕەنگ و بەڕێوەبەرانی

لەگەڵ ڕێزی بێ کۆتاییم

مستەفا مامە قالە ” ئازاد بانەیی”