چەند دێڕێک لە سەر مەرحوم “خدری شێخە پوور” ناسراو بە خدری کوێخا ئەحمەدی قەڵەڕەشێ!

چارەنووسی گەڵ و زروف و زەمەن گەنج و لاوی کوردی لێک کۆ کردەوە، وایکرد لە یەک سەنگەر دا لە بەرامبەر نەیارانی خاک و گەلدا هەڵوێست بگرین و یەک بگرین، لەو بەیەک گەیشتنە دا کەسانی بە ئەمەگ و بە شەهامەت و خۆنەویست و ماندونەناسمان ناسین و لە گەڵیاندا بووینە هاوڕێی گیانی

بە گیانی یەک ڕەنگ بوون لە جل و بەرگ و پێڵاو خواردن و ئامانج دا، بەداخەوە زروف و زەمەن هەڵیپێچاین و هەر یەکەی لە قوژبنێکی خزاندین، وەک دەبینین تا ئێستا لە گەڵ بەشێکی زۆر لەو هاوڕێ و هاوسەنگەرە بەوەفایانە بۆ هەتا هەتایە دابڕاین و نەمان توانی بۆ جارێکیش یەکتر ببینینەوە، ئەوە خۆی ناسۆڕەێکە لە سەر دڵمان ئەگەر دەرکی کەین و بە ڕابردوودا بچینەوە. حیزبەکانمان و پێشمەرگە قارەمانەکان نابێ هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی پێشوویان لەبیر بچێتەوە! خۆتان دەزانن سروشتی قەتاری ژیان و خەبات تا سەر بۆ کەس نابێ هەر کەس بە نۆرە ڕۆژێک لێی دادەبەزێ، کە وابوو با واز لە خۆ بەخۆ لە خۆ نەکردن بێنین، وابکەین کە ئەو کەسانەی ساڵانێک خەباتیان کردوە و تێکۆشاون و ماندوو بوون قارەمانەتیان بۆ گەلەکەیان لە خۆیان نیشان داوە، بە هی خۆمانیان بزانین. وەک دەبینین بەشێک لەو پێشمەرگە دێرینانە کەم ئەندام بوون و لە رووی ناچاری گەڕاونەوە ناوخۆی وڵات و بەشێکیش زروف و زەمەن لە هەندەران لە قوژبنانی پێچاون، ئەوان کە چەند ساڵێک لە ناو ڕێزەکانی هێزی پێشمەرگە دا خەبات و بەرخۆدانیان دژی دوژمنانی گەلەکەیان کردووە، هەرگیز دەست لە ڕابردووی پڕ لە شانازی خۆیان هەڵناگرن و بەو ڕێبازەی کە بۆی تێکۆشاون وەفادار دەمێنەوە، ئەوان بۆ حیزب و گەل ڕەنگە سەنگەرێکی کۆن بن، بەڵام نابێ لێیان ناهومێد بن، ئەوانیش بنەچەیان هەیە و ئاوەدانی دەکەنەوە و خاڵی نابێ.

خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە بنکەی پیشمەرگەکانی لکی ٣ی شەهید سمایلی سەلیمی سەر بە هێزی شەهید موعێنی ئەوکات جێگیر لە گوندی قەلەڕەشە، کاک خدری کوێخا ئەحمەدیم ناسی، ڕوخسارێکی جوان و شێرین پڕ لە شەهامەت، پیاوێکی ئارام، پێشمەرگە خۆشەویست، ئاشقێکی سەوداسەری ئازادی و مڕۆڤێکی بە ئەمەگ و بەوەفا تێکەڵ بە ورەی بەرز، ئەو پێشمەرگە خۆشەویستە کوڕی کوێخا ئەحمەدی قەلەڕەشێ بوو. بنەماڵەی کوێخا ئەحمەدی لە ناو گوندی قەلەڕەشە دا بنەماڵەیەکی ناسیاو خانەدان و بەرز و بەڕێز و شەریفن، ئەوان تا هاوینی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی بە بنەماڵەوە تێکەڵی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بوون و شانبەشانی هێزی پێشمەرگە سەنگەریان لە دوژمن گرت و چەند ساڵ نانیان بۆ پیشمەرگە کرد و جلکیان بۆ شۆرین و سفرەشیان بۆ پێشمەرگە لە هەموو کات و ساتێک دا ڕاخراو بوو.

کاک خدر لە دایک بووی ساڵی ١٣٣١ هەتاوی بوو، کاتێک ئەوم ناسی سەردەستەی دەستەی ١ی شەهیدانی ٨ی گەلاوێژ بوو، زۆری نەخایاند منیان دا بە دستەی یەک و بووینە هاوڕێکی بەوەفا، بەداخەوە زروفی منداڵی کاک خدر واببوو نەیتوانیبوو بچیتە قوتابخانە، ئەمە ببۆ گرێ کوێرە لە ژیانی دا و هەمیشە باسی دەکرد و خەمی پێوە دەخوارد، زۆر جار دەیگووت: ئاخ منداڵ دەبوومەوە و دەچوومەوە قوتابخانە! کاک خدر پێشمەرگەیەکی زۆر ڕووخۆش و دەم بە پێکەنین بوو، هەرگیز بۆ جارێکیش نەمبینی لە کەس عاجز بێ و دەنگ بەرز کاتەوە. کاک خدر لە تەواوی شەڕەکانی ناوچە دا بەشداری چاڵاکانەی کرد و فەرمەندەی زۆربەی شەڕەکانیشی وە ئەستۆ گرت، هەر لە دارساوێنەوە بگرە تا ناو شاری سەردەشت و دەشتی کەپران، کۆڵەسە، شەڕی قوچ و مارەغان لە ڕۆژی ٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦١ هەتاوی کە لەو شەڕە دا بەداخەوە چەند پێشمەرگەی قارەمانی حیزب و گەڵ شەهید بوون بە ناوەکانی: “سەعید ئیبڕاهیمی” ناسراو بە “ڕێبوار” خەڵکی گوندی بێتوش، “عزیزی مولانپور” خەڵکی گوندی ڕەشەهەرمێ، “حوسێن سادقی” خەڵکی گوندی مێرگاسێ، “حمید ئەلیاسی” خەڵکی گوندی قەلەڕەشێ، “عوسمانی ئیبڕایم زادە” خەڵکی گوندی بەردەسپیان، “محەممەدی عەلی زادە “خەڵکی گوندی بێورانی خوارێ، “محەممەد شێخە پور” خەڵکی گوندی کاولەکۆنان، “ئەحمەدی مەحمودیان” خەڵکی گوندی هەرزنێ، “ئەبوبەکری حەمە سێوی” و “خدر شاکری” خەڵکی گوندی سنجوێ ئالان مەرحوم “مەلا برایم” دۆڵەگەرمیش لەو شەڕەدا بریندار بوو. شەڕەکانی ناو گوندی قەلەڕەشە لە شەوی ٢٧ ڕەشەمەی ساڵی ١٣٦٢بۆ سەر مۆڵگەی پاسدارەکان لە ناو قوتابخانەی گوندی قەلەڕەشە دا کە زەربەیەکی باش لە هێزی دوژمن وەشێندرا.

ئەوجا لە ڕۆژی ٢٧ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٣ لە دۆڵی باژار کە زەربەیەکی بەژان لە پەیکەری هێزی دوژمن درا، کاک خدر دەوری فەرمەندەیەکی ئازاو بەجەرگی بینی کە جێ پەنجەی دیار و بەرچاو بوو. هەروەها لە شەڕی شەش ڕۆژەی هێرشی ڕێژیم کە لە شەوی ٢٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٢هەتاوی دەستی پێکرد تا ٣ی سەرماوەز درێژەی هەبوو، لە باژاڕ و قەلەڕەشەوە بگرە تا دۆڵی دەرمانئاوە، لەوێشەوە هەتا ناوچەی ئالان بەشداری چالاکانەی کردو دوژمنی لە خوێن گەوزاند. لە مەئموریەتی یەک مانگەی بانە کە لە ٢٧ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٣هەتاوی دەستی پێکرد تا ٢٩ی بانەمەڕی ئەوێ ساڵێ کاک خدر دەوری بەرچاوی گێرا لە سەرڕافەتی و جوڵاندنی هێزی پێشمەرگە و پاراستنی دیسیپلین و ئەخلاقی شۆڕشگێرانە لە ناو پێشمەرگە و کۆمەڵ دا، کاک خدر لە داڕشتن و گەڵاڵە کردنی عەمەلیاتی ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٤ هەتاوی لە سەر جادەی دۆڵەگەرم و ئەسپەمێزە و مۆڵگەی پشتی گوندی قوڵەسوێرو دەوری بەرچاوی بینی زەربەی باشی لە هێزەکانی ڕێژیم وەشاند. لە شەڕکانی ناوچەی باژار تا چۆلکردنی ناوچەکە و گواستنەوە بۆ ناوچەی”سوونێ” کاک خدر شۆڕشگێڕانە و قارەمانانە درێژی بە ئەرکی سەرشانی داو بۆ ساتێکیش لە تێکۆشان نەوەستا.

شەوی ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٤ کاتێک بنکەکانمان لە شوێنێک بەناوی” بێدەلان” بوون، بە دیدەبانی چەند خۆفرۆش و زۆڵە کوردێک بۆ ڕێژیمی ئاخوندی بنکەکانمان تۆپباران کران! ئەوکات کاک خدر لە پێش دەرگای بنکەی پێشمەرگەکان لە نۆرەی خۆی نیگابان بوو، دوای ئەویش نۆرەی من بوو، خۆم پێچایەوەو بەرەو دەرگایەکە ڕۆیشتم ئیتر هەر ئەوەندە لە تۆزو دوکەڵدا ون بووین و بوو بە شەوی ڕەش، کاک خدر کەوتە ناو داروپەردووە ڕوخاوەکە و قاچی بە چەند جێ شکابوو بە پەلە بەڕێکرا بۆ نەخۆشخانە، بێجگە لە کاک خدر، عەلی خلکانی ناسراو بە “عەلیەچکۆل” بە زۆری بریندار ببوو، بەڵام بە خۆشیەوە برینەکانی سووک بوون. بەداخەوە بەوشێوە کاک خدر لە ڕیزی پێشمەرگەکان دابڕاو نەیتوانی جارێکیتر بگەڕێتەوە سەر ئەرکەکانی، بۆیە بۆ ماوەی چەند ساڵێک وەک کەم ئەندامێکی حیزب لە شاری “ڕانییە”ی باشووری کوردستان مایەوە، دواێش کە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ ناوچەی “سوونێیان” بەجێ هێشت، کاک خدر لە ڕووی ناچاری گەڕایەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاک خدر لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی کە گەڕابۆوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر سەربەرزانە و شەرافەتمەندانە سەرگەرمی کارو کاسبی خۆی بوو، هەمیشەش فکر و زەینی لای هێزی پێشمەرگە بوو، ئەو زۆر سەربەرزانە ژیاو هەرگیز نەکەوتە داو و تەڵەی دوژمنانی گەڵی کوردەوە.

بە پێی لێدوانی هێندێک کەس گویا لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە بە دەرزی ژەهراوی تووشی نەخۆشی بووە و هەزار حەیف و مەخابن ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٧٢هەتاوی لە پڕ دڵە گەورەکەی لە لێدان دەکەوێ و ماڵئاوای لە خۆشەویستان و دۆستان و ژیان دەکا. کاک خدر هەر وەک ئەو هەموو ساڵانە بێ ئیدیعا خزمەتی گەل و شۆڕشی کردو هەرگیز ڕۆژێکیش بیزاری لە شۆڕش لە ڕوخساری ئەو پیاوە خۆنەویستە دەرنەکەوت زۆر ئارام بوو، هەر واش بە ئارامی وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە کەل ئاوابوو. گەلی کورد بە نەمانی کاک خدر کەسێکی دڵسۆزی و بە ئەمەگ و کەسێک کە هەگبەی ژیانی مۆرکی شۆڕشی خەباتی گەلە چەوساوەکەی پێوە بوو لە دەست دا. هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی مەرحوم کاک خدر و هەموو ڕێبواران و ئاشقانی ڕێگای ئازادی گەل.

ئەبوبەکر سێوەتاڵی

٢٦.٤.٢٠١٣ فینلەن