كورده په‌رته‌وازه‌كانی رۆژهه‌ڵات له ژێر ره‌حمه‌تی پارتی، یه‌كێتی و په‌كه‌كه‌دا. عه‌زیز شێخانی
بنه‌مای بیركردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و هاوپێوه‌ندی نیشتمانی كورده رۆژهه‌ڵاتییه‌كان له باقی كوردی پارچه‌كانی دیكه كه‌متر نیه. ئه‌وان له رابردووی دوور و نیزیكدا، له شاخ و شار پێشانیان داوه، كه له خه‌باتی كورد له هه‌موو پارچه‌كان به گوێره‌ی توانا پشتیوانی ده‌كه‌ن. مێژووی كۆماری كوردستان، ئاڵۆزییه‌كانی سه‌ره‌تای ناسراو به شۆڕشی ئه‌یلول،سه‌روبه‌ندی ئاشبه‌تاڵ و سازبوونه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی نوێ له باشوور، سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران و عێراق و به تایبه‌ت هه‌ڵه‌بجه و كۆڕه‌و له گه‌ڵ هاوكاری هێزه كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵات بۆ باشوور و باكور ده‌رخه‌ر و سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌ن.
خه‌ڵك و خه‌باتكارانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو خاڵه ئه‌رێنی و پێشاندانی سۆزی هاونیشتمانی بۆ كوردی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، به‌ڵام به شایه‌تی مێژوو له سه‌رده‌می جۆراوجۆردا كه‌وتونه به‌ر په‌لامار و بۆنه ده‌سته‌چیله‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی چه‌ند پارتێك له باشوور و باكور. كوشتن و راده‌ستكردنه‌وه‌ی كورده رۆژهه‌ڵاتییه‌كان له لایه‌ن پارتی و مه‌لا مسته‌فا، كه ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان بون و دژ به رێژیمی حه‌مه ره‌زا شا خه‌باتیان ده‌كرد، یه‌كێك له‌و رووداوانه‌یه. تێكه‌ڵبوونی پارتی له گه‌ڵ سوپای پاسدارانی ئێران و شه‌ڕكردن له گه‌ڵ كوردی رۆژهه‌ڵات له دوای هاتنه سه‌ركاری رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌ڵوێستی پارتی و كوڕه‌كانی مه‌لا مسته‌فا له مه‌ڕ كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه.
له دوای راپه‌ڕین كوشتن و تیرۆركردنی ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌ی پارته رۆژهه‌ڵاتییه‌كان له باشووری كوردستاندا ئه‌وه‌نده په‌ره‌ی سه‌ند، كه مێژوویه‌كی تاڵی له پێوه‌ندیی نێوان كوردانی گه‌رمێن و كوێستاندا خوڵقاند. داخستنی رادیۆی ده‌نگی كوردستان له لایه‌ن یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و هێنانی هێزێكی زیاتر له ٢٠٠٠ كه‌سی له جاش و پاسداڕی ئێرانی بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی حیزبی دێموكڕاتی كوردستانی ئێران له ده‌شتی كۆیه به‌ڵگه‌ی زۆرترن، له بێ وه‌فایی به‌رامبه‌ر به باوه‌ڕه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و خوشك و برا هاوڕه‌گه‌زه‌كانیان. حیكایه‌تی بازرگانی كردن به كوردی رۆژهه‌ڵات و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه له كوردستان هه‌ر به به‌ژنی پارتی و یه‌كێتی نه‌بڕاوه و زۆر لایه‌نی دیكه، وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و حیزبوڵڵای شۆڕشگێڕ و هتد. كه‌وتنه ئه‌و خه‌رمانه پڕ له به‌ره‌كه‌ته‌وه. بۆ وێنه كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی، كه بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه به ناوی میوادانداری و حه‌وانه‌وه حه‌وت كادر و پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێموكڕاتی كوردستانی ئێران چه‌ك كه‌ن و بۆ رۆژی دوایی راده‌ستی هێزه دژی گه‌لییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان بكه‌نه‌وه.
نه‌ریتی بازرگانی كردن به كورد و هاوڵاتیان هه‌ر له‌و بازنه‌یه‌دا نه‌مایه‌وه و به‌ره‌و پارچه‌كانی دیكه په‌ل و پۆی هاویشت. پاراستنی ستاتوسی پارتایه‌تی له رێگای بازرگانی كردن به كورد و بزوتنه‌وه‌ی كورد هه‌ر به به‌ژن و باڵای باشووریه‌كان نه‌بڕاوه و پارتی كرێكارانی كوردستان پاش هاتنیان بۆ سه‌ر سنووری رۆژهه‌ڵات و باشوور، بوونه پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رێژیمی تاران. ئه‌وان هه‌ر له سه‌ره‌تای جێگیربوونیان له سنووری نێوان باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوونه هاوكاری كاربه‌ده‌ستانی رێژیم. عه‌بدوڵڵا ئوجالانی سه‌رۆكی ئه‌و پارته، له وته‌یه‌كی ته‌له‌ویزیۆنیدا (له نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا)، به پانه‌وه ده‌ڵێ، كه كوردی رۆژهه‌ڵات كێشه‌یان نیه. له ژێر تیشكی ئه‌و سیاسه‌ت و خوێندنه‌وه‌یه‌دا بو، كه كادر و ئه‌ندامه‌كانیان به ئازادی به شار و زانكۆكانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتدا ده‌سووڕانه‌وه و كاری راگه‌یاندنیان دژ به هێز كوردییه‌كان ده‌كرد.
رێژیمی ئێران بۆ لێدان له بزوتنه‌وه‌ی كوردانی رۆژهه‌ڵات، بوونی پارتی و یه‌كێتی و تێكه‌ڵبوونی په‌كه‌كه‌ی به‌و خه‌رمانه به نیعمه‌تی ئیلاهی ده‌زانی. به‌رپرسانی رێژیم به‌و په‌ڕی لێزانیه‌وه له سیاسه‌تی خۆیاندا سه‌ركه‌وتن و پارته كوردییه رۆژهه‌ڵاتیه‌كانیان له باشوور كپ و بێده‌نگ كرد. له ئاكامی ئه‌و سیاسه‌تدا پارته رۆژهه‌ڵاتیه‌كان گۆڕه‌پانی خه‌باتیان به‌رته‌سك بۆوه و تێكۆشانی خۆیان له چوارچێوه‌ی دیدار و كۆبوونه‌وه و سه‌ردانی ئه‌م و ئه‌و كورت كرده‌وه. له ژێر سێبه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌دا گه‌وره‌ترین هێزی رۆژهه‌ڵات و ئه‌وانی دیكه‌ش به هێواشی كه‌وتنه ژێر سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی پاوانخوازی پارتی دێموكڕاتی كوردستان، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان. سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆیی هێزه كوردییه‌كان و به تایبه‌ت حیزبی دێموكڕات ره‌نگیان كاڵ بۆوه و دوای له‌تبوون و په‌رته‌وازه‌بوونی زیاتر، زۆرتر كه‌وتنه ژێر چه‌نگی پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان. خه‌واندنی خه‌باتی چه‌كداری له پێناوی باشووردا كه زیاتر له ١٧ ساڵ تێپه‌ڕ ده‌كا، ئیراده و وزه‌ی پارته رۆژهه‌ڵاتیه‌كانی گه‌یاندۆته ئه‌وپه‌ڕی نه‌رێنی. به‌شێك له‌وان كه رۆژانێك له ناوچه و ده‌ره‌وه‌دا حیسابیان له سه‌ر ده‌كرا، ئه‌مڕۆ بوونه پاشكۆی سیاسه‌تی ئه‌وانی دیكه. پارتی تازه دروست ده‌كرێن و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌یان له به‌رنامه‌ی زیندوودا ده‌ڵێ، با بگه‌ینه خزمه‌ت بارزانی با بزانین كارێكمان له ئێران بۆ ناكا! پاش رووخانی رێژیمی عێڕاق ژماره‌ی پارت و كۆمپانیا سیاسیه‌كان چوونه سه‌ر و بێجگه له لێكجابوونه‌وه و له‌تبوونه‌كان ده‌زگای به‌رهه‌مهێنانی پارته‌كان به‌رده‌وام مۆدیلی تازه به‌رهه‌م دێنێ.
رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا بۆ پارتی بارزانی، یه‌كێتی تاڵه‌بانی و پارتی ئوجا‌لان بوونه گۆڕه‌پانی بێنه و به‌رده. هه‌ركامه و به جۆرێك خوازیاره ده‌سه‌ڵاتی خۆی به سه‌ر ئه‌و پارچانه‌دا پسه‌پێنێ و له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا به‌كاری بێنن. رۆژئاوا به هۆی لاوازبوونی پاشخانی خه‌باتی رابردوو، نه‌بوونی مێژووی خه‌باتی چه‌كداری و ده‌سته‌مۆكرانی له لایه‌ن پارتی كرێكارانی كوردستان له سه‌رده‌می حافز و به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه، به ئاسانی كه‌وتۆته داوی ته‌نراوی جاڵجاڵۆكه‌كانی سیاسه‌ت. ئه‌وان له سه‌ره‌تاوه خراونه ته‌رازووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و له سه‌رده‌می ته‌ق و توقی ئه‌یلول ودواتر جێگیربوونی په‌كه‌كه له سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو له سووریا، به شێوازێكی سیسته‌ماتیك كاریان له سه‌ر كراوه و ده‌كرێ. له درێژه‌ی سیاسه‌تی رابردوودا، پارتی بارزانی و ئوجا‌لان له سه‌ر ده‌ستداگرتن به سه‌ر پارته سیاسییه‌كانی رۆژئاوا له شه‌ڕی راگه‌یاندن و دیپلۆماسی و شاراوه‌دان.
رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئه‌گه‌رچی خاوه‌نی پاشخانێكی ده‌وڵه‌مه‌ند له خه‌بات و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌دایه، به‌ڵام هاوشێوه‌ی رۆژ ئاوا كاری له سه‌ر ده‌كرێ. په‌كه‌كه بۆ سه‌پاندنی بیرۆكه و باوه‌ڕه‌كانی خۆی له ساڵانی رابردوودا پارتێكی بۆ ئه‌و پارچه‌یه قوت كردۆته‌وه و له كاتی پێویستدا ده‌یله‌رێنه‌ته‌وه. په‌كه‌كه به ئامانجی خۆسه‌پاندن له رۆژهه‌ڵات له ماوه‌ی ٢٠ ساڵی رابردوودا به‌جۆرێك كاری كردوه، كه به هه‌ر نرخێك بوه پاشخانی كوردان له‌و پارچه‌یه به شێوازی جیاواز له به‌ریه‌ك هه‌ڵته‌كێنێ. پارتی بارزانی له لایه‌ن كۆمه‌ڵێك پارت و كۆمپانیای به ناوی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، خه‌ریكی داسه‌پاندنی بیرۆكه‌ی رابه‌ربوونی خۆی و پێشڕه‌وبوونی پارتی و سه‌رۆكایه‌تی بارزانین. پارتی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره پاره و ئه‌گه‌ری زۆری له به‌رده‌ستدایه و له ساڵانی رابردوودا تاك و لایه‌نی جۆراوجۆر له‌و سیاسه‌ته‌دا ئه‌وه‌نده چوونه پێش، كه رۆژهه‌ڵات و رزگاركردنی ئه‌و پارچه‌یان هه‌ر له بیر چۆته‌وه و به‌رده‌وام له بیری ئه‌وه‌دان، چۆن له كۆبوونه‌وه زۆر و زه‌وه‌نده‌كانی هه‌ولێر و سلێمانیدا به‌شدار بن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، یه‌كێتی و پارتی هه‌وڵده‌ده‌ن ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی ئه‌و پارچانه بۆ مه‌به‌ستی ده‌نگدان به‌كاربێنن و ئازادی و هه‌ڵوێستی ئه‌وان به بارمته بگرن.
رۆژهه‌ڵاتیه‌كان له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا سه‌ریان بێ كوڵاو ماوه‌ته‌وه. ئه‌وان هاواری ئاشبه‌تاڵی خه‌باتی خۆیان راگه‌یاندوه و وه‌ك ئاردی نێو دڕوانیان لێهاتوه. هه‌ر رۆژه‌ی و به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی كورتماوه له دوای پارتێكی دیكه‌ن و خاوه‌نی روانگه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ دواڕۆژی پرسی گه‌له‌كه‌یان نین. خۆیان و پارته‌كانیان له ده‌وری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌م و ئه‌و سووڕ ده‌خۆن و خه‌می دواڕۆژی خۆیان له‌بیر كردوه. به‌شێك له‌وان باس له خۆفیداكردن بۆ باشوور و باكور ده‌كه‌ن، كه‌چی له رۆژهه‌ڵات كه گۆڕه‌پانی سه‌ره‌كی كار و تێكۆشانه، خۆیان بێده‌نگ كردوه. بوونه كلكه‌ی پارته سیاسیه‌كانی دیكه، ده‌ردێك له دواڕۆژی ئازاری رۆژهه‌ڵات كه‌م ناكات و كاریگه‌ری ئه‌رێنی له سه‌ر ستراتیژی خه‌بات نیه. وه‌دواكه‌وتنی دروشمه ته‌مومژواوییه‌كانی پارتی، یه‌كێتی و په‌كه‌كه ده‌ستێكی یارمه‌تیده‌ر نین و هه‌ڵگری هیچجۆره وزه و توانایه‌كی ئه‌رێنی بۆ رۆژهه‌ڵات نین.
كاتی خۆیه‌تی، كه پارته رۆژهه‌ڵاتیه‌كان بیر له‌وه بكه‌نه‌وه، كه مێژوو چۆن له سه‌ر كردار و هه‌ڵوێسته‌كانیان هه‌ڵوێسته ده‌كا. گه‌ڕان له هه‌ولێر، سلێمانی، سه‌ردانی ئامێد و قه‌ندیل كردن و وێنه هه‌ڵگرتن له كۆبوونه‌وه سواوه‌كان دارێك له سه‌ر به‌ردی تێكۆشان بۆ رزگاری نه‌ته‌وه‌ی كورددا نانێ. ئه‌گه‌ر خه‌بات و تێكۆشان بو به سه‌فه‌ر و گه‌ڕان و میوانداری، گونجاوه كه دوكان و كۆمپانیا سیاسیه‌كان به یه‌كجاری له كار بكه‌ون. بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی زۆری كۆبوونه‌وه‌ی بێ كۆتاییه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌یان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك فه‌یسبووك و هتد. چاره‌ی پرسی بنده‌ستی كوردان له رۆژهه‌ڵات ناكا. بازرگانی كردن به پارتایه‌تی و پێكهێنانی كۆمپانیا بۆ خۆژیاندن و باس له خۆكردن نه كرده‌یه‌كی خه‌باتكارانه‌یه و نه كوردایه‌تیه‌كی بێ غه‌ل و غه‌ش. هیچ دوور نیه، كه سبه‌ینێ وه‌ك تێكۆشه‌ری دێرین و پێشمه‌رگه‌ی هه‌موو شۆڕشه‌كان نه‌چنه‌وه رۆژهه‌ڵات و به ناوی كوردایه‌تی و سیاسه‌ته‌وه درێژه به كایه‌ی خۆتان نه‌ده‌ن!