کورد و دژکردەوە کاتییەکان. فەریدوون حەسەن ئازەرپوور

بە دوای رووداوەکەی مەریوان کە “بە فەرمانی دادستانی ئەو شارە جلی ژنانە لە بەر تۆمەتبارێک کرا” دیسان شاهیدی دژکردەوەی “واکنش” کاتیی لە لایەن هەندێک لە چالاکانی سیاسیی و مەدەنی کورد بووینەوە. رێکخراوی ژنانی مەریوان رێپێوانێکی کرد و چالاکانی سیاسیی و مەدەنیش لە دەرەوە کەمپەنێکیان وەڕێ خست. لیرە دا نامەوێ باس لەو رووداوەکە و تەنانەت کەمپەینەکەش بکەم، بەڵکوو چەند پرسیارێک لە زەینی من دا هاتۆتە ئاراوە کە بۆچی ئێمەی کورد فێر بووین بەردەوام لە بەرامبەر هەر کێشەیەکی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، رۆناکبیری…هتد، دژکردەوەیەکمان دەبێ و ئیدی تەواو؟ بۆچی نابێ ئێمە پلانێکی درووستمان بۆ سەرجەم مەسەلەکان هەبێ؟

دەتوانین بە دەیان نموونەی جۆراوجۆر بێنینەوە کە لە کوردستان دا دەیان زوڵمی گەورە لە خەڵکی کورد کراوە و تەنیا دژکردەویەکی کاتیی بەدوای خۆی دا هێناوە و دواتر مەسەلەکە کۆتایی پێ هاتووە. مەسەلەی شوانەی سەید قادر یەکێک لەو نمونایە. کۆماری ئیسلامی لاوێکی کوردی بەو شێوە دڕندانەیە کوشت و دواتر شاهیدی دژکردەوەیەکی کاتیی لە لایەن خەڵکەوە بووین، کە دیسان لەوێش چەندین کەسی دیکە بە شێوەی جۆراوجۆر بوونە قوربانی، بە بێ ئەوەی کە ئەنجامێکی باشی لێ بکەوێتەوە.

دژکردەوە کاتییەکانی ئێمەی کورد تەنیا بۆ ئەو زوڵم و زۆرانە نییە کە رێژمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دەرحەق بە خەڵکی ئێمەی دەکا، بەڵکوو کۆمەڵگای خۆشمان تەنراوە لە زوڵم و زۆر بەرامبەر بە یەکتری کە ژن کوشتن یەکێک لەو نمونانەیە و بە داخەوە ئێمە وەک هەمیشە لە بەرابەر ئەو کێشە گەورەیەش تەنیا کارمان بووەتە ئاخ هەڵکێشانێکی یەک چرکەیی، یان دژکردەوەیەکی یەک رۆژە یان یەک مانگە و دواتر دیسان هەمان حاڵەت لە شوێنێکی دیکەی ئەو کوردستانە سەرهەڵدەداتەوە. کوشتنی کچێکی تەمەن سێزدە ساڵ لە سەردەشت بە دەست باوکی دەتوانێ نموونەیەکی باش بێ کە دژکردەوەیەکی بۆ ماوەیی لە لایەن هەندێک لە کۆمێنت نووسانی فەیس بووکی لێکەوتەوە و دواتر وەک هەموو کارەساتەکانی دیکەی لەو شێوەیە لە بیر چوویەوە.

رەنگە قسە زۆر لە سەر ئەوەکرابێ کە ئێمە لە ماوەیەکی کورت دا چ جۆرە دژکردەوەیەکمان لە بەرامبەر رووداوێک یان کارەساتێکی دژ بە کۆمەڵگاکەمان یان نێو کۆمەڵگاکەمان هەبێ. گەلۆ تا ئێستا بیر کردنەوە لە دژکردەوەیەکی کورت ماوە چ دەرئەنجامێکی باشی بۆ کۆمەڵگاکەمان لە راستای لانیکەم کەم کردنەوەی ئەو هەمووە کارەساتەی بە سەرمان داهاتووە و دیاردەدزێوەکانی نێو کۆمەڵگاکەمان دا بووە. ئەوانەو زۆر پرسیاری گرنگی دیکە، دەزانم لە مێشکی زۆریەک لە خوێنەرانی ئەو بابەتە دا هەیە. وڵام دانەوە بەو پرسیارانە و بە زۆر پرسیاری دیکەی لەو راستایە دا دەتوانرێ بە ساڵان لە سەری دابنیشرێ و قسەی لە سەر بکرێ. بەڵام ئەوەی کە من مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە کە با چی دیکە بیر لە پرۆژەی کورت ماوە بۆ رووداوێک یان دیاردەیەک نەکەینەوە. گرنگ ئەوەیە کە ئەو دیاردانە فام بکەین و بەدوای میکانیزمگەلێکی باش دا بگەڕێین تا بتوانین رێگا چارە بدۆزینەوە.

من پێموایە کەم نین خەڵکی خوێندەواری ئێمە کە دەتوانن لە سەر ئەو مەسەلانە هەڵوێستە بکەن. کەم نین کۆمەڵناسانێکی کورد کە کۆمەڵگای خۆشیان باش دەناسن و دەتوانن بە خوێندنەوەیەکی وردی کۆمەڵناسیانە، پلانێکی درێژماوە بۆ چارەسەری دیاردە کۆمەڵایەتییەکمان دارێژن. کەم نین ئەو سیاسیی و رووناکبیرو خوێندەوارە کوردانەی کە دەتوانن بە پێی تێگەیشتن و ناسیاویان لە مەسەلە سیاسیەکانی خەڵکی کورد بیر لە دارشتنی سیاسەتێکی درێژ ماوە و کاریگەر بۆ مەسەلە سیاسیەکانمان بکەنەوە.

بۆیە لە کۆتایی دا دەڵێم، دەبێ هەوڵ بدەین خۆمان لە دژکردەوەگەلی کورت ماوە و بۆماوەیی دەرباز بکەین و ئیدی کاتی ئەوە هاتووە و پرۆژەی گەورەمان بۆ چارەسەری سەرجەم مەسەلەکانمان هەبێ و هەوڵ بدەین کە هەر کارێکی کە دەستی پێدەکەین بۆ چارەسەری کێشەکانمان، دەبێ تا بنبڕکردنی کێشەکان لە سەری بەردەوام بین.