ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن

خەڵکی خەباتکاری کورد
هاونیشتمانیانی خۆشەویست
ژنان و پیاوانی مافخواز
بە درێژایی زیاترلە سەد ساڵە کە رۆژی ٨ی مارس وەک رۆژی جیهانی ژن ناسراوە و لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان ئەو رۆژە بەرز دەنرخێندرێ و رێزی لێ دەگیرێ. لەو رۆژە جارێکی تر پێداگری لە سەر مافی بەرانبەری ژن و پیاو دەکرێتەوە و ئەو ڕاستییە چەندپات دەکرێتەوە کە هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێ ئازادی و دێمۆکراسی ڕاستەقینە بە خۆیەوە ببینێت ئەگەر مافی نیوەی دانیشتوانی خۆی لەبەر چاو نەگرێت.
لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوو بە هۆی گەشەی دێمۆکراسی و بەرز بوونەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگای بەشەری پێگەی ژنان هەڵکشانی بە خۆیەوە بینیوە و تا دێت ژنان پتر جێ پێی خۆیان قایمتر دەکەن. دیارە ئەمە تەنیا هەنگاوێکی کورتە کە هەڵگیراوەتەوە و ئەو مافە ڕەوایانە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت لە زۆربەی وڵاتانی دنیا هەر بە ئاشکرا پێشێل دەکرێ ، ڕوانینی نەریتخوازانەی پیاوان و تەنانەت بەشێکیش لە ژنانیش بەربەستێکی گەورە بووە لە بەر پێی بەرەوپێش چوونی دۆخی ژنان لە سەر ئاستی جیهانی دا.
کەم نین ئەو ژن و پیاوە ئازادیخوازانەی کە لە ساڵانی ڕابردوو بە باوەڕمەند بوون بە مافی ژنان و هەوڵ و تێکۆشانی زۆر، خزمەتی گەورەیان بە وەدی هاتنی ئەم دەسکەوتانەی هەتا ئێستاش کردووە و تا دێت لە سەردەمی نوێ دا بەرەنگاری و دژایەتی لەگەڵ ماف و ئازادییەکانی ژنان بۆ بەرهەڵستکارانی قورستر و دژوارتر دەبێتەوە. لە کەس شاراوە نییە کە مافی ژنان لە وڵاتانی پێشکەوتوو و یاسامەنددا زۆربەی هەرە زۆری لەمپەرەکانی وەپاش ناوە و رۆژ لە دوای رۆژ ژنانی خاوەن دەسەڵات و جێگەو پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتی روو لە هەڵکشانە بەڵام، لەو وڵاتانەی کە دێمۆکراسی نەیتوانی جێ بگرێت ئەم مافانەش پێشێل دەکرێت و گەشەی نەکردووە و لەبەر چاو نەگیراون.
بە داخەوە لە ئێران و کوردستانی ژێر دەسەڵاتی رەشی کۆماری ئیسلامیش هەتا ئێستا ئەو مافانە بایەخی زۆر کەمیان پێدراوە و ئەو ئاستەش لە پێشکەوتن کە هەیە دەسکەوتی ژنان و پیاوانی مافخواز و باوەڕمەند بە ئازادی و بەرابەری ژن و پیاوە. لە ژێر سێبەری ئەو دەسەڵاتە ئایینییە تا سەر ئێسقان دواکەوتوو و کۆنەپەرەستەی کۆماری ئیسلامی دا و بە پێی ئاسای دژە مرۆییانەی کە دایانمەزراندووە، ژن هەتا ئێستاش بە نیوەی پیاو دێتە ئەژمار و وەک ئامرازێک بۆ ژیانی ئاسوودەتری پیاوان چاوی لێدەکرێ و ژنانی لە هەموو مافەکانی بێبەش کردووە.
ئەگەر چاوێک بە مێژووی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بخشێنینەوە دەبینین کە هەزاران و بگرە میلیۆنان مرۆڤی ئازادیخواز لەم ماوەیەدا لێبڕاوانە خەباتیان بە وەدی هاتنی ئازادی و دێمۆکراسی لە ئێران کردووە کە مافی ژنان بەشی جیانەکراوەیەتی. بۆ وەدی هاتنی ئەو ئامانجانە قۆربانی زۆری بۆ دراوە،کۆت و بەند و زنجیری بۆ تەحەمول کراوە و سەختی زۆری لە پێناو دا کێشراوە بەڵام، هەتا ئێستاش ئەم خەباتە بەردەوامە. ژنان و کچانی کوردیش وەک سیمبولی بەرەنگاری بەرانبەر بە زۆڵم و زۆر و نەریتخوازی هەر دەم پێشڕەو بوون و شان بە شانی پیاوان سەنگەری پێشمەرگانەیان بۆ مۆقاوەمەت و خەبات ئاوەدان ڕاگرتووە و بوونەتە جێگەی شانازی و سەربڵیندی نەتەوەی کورد و لە هیچ تێکۆشانێک درێخیان نەکردووە.
ناوەندیی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی ئەم رۆژەبە باوەڕمەند بوون بە مافی یەکسانی و دادپەروەری بۆ ژنانی کۆمەڵگای ئێران، داوا دەکات کە ژنان لە رووبەروو بوونەوە لە گەڵ یاسا و ریساکانی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی وەک چۆن تا ئێستا پێشەنگ بوون، لە داهاتووشدا لە مەیدانی خەباتدا پێشڕەوی موبارزات بن.
بەرز و بەڕێز بێت ٨ی مارس، رۆژی جیهانیی ژن
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٧ی ڕەشەممەی ١٣٩٩ی هەتاوی
٨ی مارسی ٢٠٢١ زایینی