ڕێککەوتنی ئادار (مارس)ی ١٩٧٠ و بووژانەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان. عەبدوڵڵا حەسەن زادە

ساڵی ١٩٧٠ی زایینی (١٣٤٨ی هەتاوی) دوای نیزیک بە ٩ ساڵ بەربەرەکانی قارەمانانەی بزووتنەوەی کوردی عێڕاق بەرامبەر بە پەلاماری بێڕەحمانەی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئەو وڵاتە، بەعسییەکان بۆیان دەرکەوت کە بە پەلاماری نیزامی و بە زەبری ئاگر و ئاسن ناتوانن ئیرادەی کوردەکان بۆ وەدەست­هێنانی ماف و ئازادییەکانیان تێک­بشکێنن و ئەگەر بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆشیان بووە پێویستە ڕێگای ئاشتیخوازانە بۆ جۆرێک چارەسەری مەسەلەی کورد لە عێڕاق بگرنە بەر. بۆیە بە ناردنی دەستەیەکی نوێنەرایەتی پێشنیاریان بە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی کورد بە سەرۆکایەتیی سەرکردەی ناودار خوالێخۆشبوو مەلامستەفای بارزانی کرد بۆ چارەسەری مەسەلەکە دەگەڵ دەوڵەت بکەوێتە وتوێژەوە. سروشتییە کە ڕێبەریی بزووتنەوەش کە هەمیشە خوازیاری وەدیهاتنی داخوازەکانی گەلی کورد بێ پەنابردن بۆ شەڕ و خوێنڕێژی بوو، ئەو پێشنیارەی قبووڵ کرد.

بەم­جۆرە بێ­ئەوەی (ئاگربەس)ێکی ڕەسمی ڕابگەیەندرێ، وتووێژێکی بەردەوام و جیددی دەستی پێکرد کە دەستەی نوێنەرایەتیی دەوڵەت لەلایەن خودی سەددام حوسێن، جێگری ئەحمەد حەسەن بەکر و دەسەڵاتی بەکردەوەی عێڕاقەوە سەرۆکایەتی دەکرا. هەوڵەکان لە ماوەیەکی کورت‌دا بە ئاکام گەیشتن و سەعات ٧ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١١ی ئادار بەیاننامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش کە بەرهەمی ڕێککەوتنی نێوان سەرکردایەتیی بزووتنەوەی کورد و حکوومەتی عێڕاق بوو، لەلایەن ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرکۆماری ئەو وڵاتەوە خوێندرایەوە.

دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئادار کە مافی ئۆتۆنۆمیی کوردستانی عێڕاقی بەڕەسمی ناسیبوو، هەر بۆ کوردانی ئەو بەشەی کوردستان کە داری ڕەنج و ئاواتیان هاتبووە سەر بەر، مایەی خۆشحاڵی و جێژن و شادی نەبوو. بەڵکوو لە هەموو پارچەکانی کوردستان وەک دەسکەوتێکی نەتەوەیی سەیر کرا. بەڵام لەو نێوەدا بۆ کوردی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان نوختەئومێدێکی گەورەتر بوو. لە سەرەتاکانی هەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلوولەوە چارەنووسی ئەم حیزبە بە چارەنووسی بزووتنەوەی کوردی عێراق (باشووری کوردستان)ەوە گرێ درابوو. چونکە لەلایەک تێکۆشەرانی دێموکرات لە گەرمێن بەکردەوە ببوونە بەشێک لە هێزی ئەو بزووتنەوەیە و لەلای دیکەش بەپێی باری ژیئۆپۆلیتیکیی کوردستان و پێوەندیی بزووتنەوەی کوردی عێڕاق دەگەڵ دەوڵەتی ئێران، حیزبی دێموکرات تێکۆشانی نێوخۆی تا ڕادەیەکی زۆر بەرتەسک کردبۆوە و بەتایبەتی دوای شکانی بزووتنەوە چەکدارییەکەی ساڵانی ٤٧-١٣٤٦ (٦٨-١٩٦٧) بە تەواوی پێشی پێ­گیرابوو.

بۆیە پاش دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئادار بە ماوەیەک شاندێکی حیزبی دێموکرات چوونە سەردانی سەرۆک بارزانی و وێڕای پیرۆزبایی ڕێککەوتنەکە داوایان لێ کرد لەوە بەدوا قەدەغەوقۆرغ لەسەر چالاکیی ئەو حیزبە هەڵگیرێ بۆ ئەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی لە خۆرهەڵاتی کوردستانیش جۆرێک بووژانەوە بەخۆیەوە ببینێ. بارزانی کە پیاوێکی دووربین بوو و دیار بوو لە سەرگرتنی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداریش بەگومانە، نەیەویست بیانوو بداتە دەست دەوڵەتی حەمەڕەزاشا. بۆیە ئەو داوایەی ڕەت کردەوە و بەجێی ئەوە، پێشنیاری کرد کە حیزبی دێموکرات پێوەندی دەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق دامەزرێنێ و لەو ڕێگایەوە چالاکیی سیاسیی خۆی ببووژێنێتەوە.

ئەم پێشنیارە بۆ ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان قورس و بە مانای بێبەشبوون لە پێگەیەکی بەهێزی پێوەندیی ڕێکخراوەیی دەگەڵ خەڵکی نێوخۆی خۆرهەڵاتی کوردستان بوو. بەوحاڵە گرتنەبەری ئەو ڕێگایە دەرفەتێکی زێڕینی بۆ تێکۆشانی حیزب لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ڕەخساند. پێش هەموو شتێک بە کەلک­وەرگرتن لەو دەرەتانە، دەستە و تاقمە پەرش­وبڵاوەکانی کادر و ئەندامانی حیزب، کە هەرچەند لە ململانە دەگەڵ یەکتردا نەبوون بەڵام هیچ پێوەندییەکی تەشکیلاتی بە یەکتریەوە نەدەبەستنەوە، کەوتنە دیدار و وتووێژ و توانیان ڕێبەرییەکی یەکگرتوو دروست بکەن و دەلاقەیەکی هیوا بە ڕووی یەکپارچەیی سیاسی و ڕێکخراوەیی حیزبدا بکەنەوە.

میکانیزمی پێکهێنانی ئەو ڕێبەرییە بۆ ئەوە نابێ بەپەلە بەسەریدا تێ­پەڕین و ئاوڕی لێ نەدەینەوە. چونکە ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەو ڕێبەرییە لەسەر هیچ بناخەیەکی ڕێکخراوەیی و ئەساسنامەیی پێک­نەهات و تەنیا پێویستیی قۆناغەکە هەموو لایەنەکانی هان دا ئازایەتی و لێبووردەیی لە خۆیان نیشان بدەن و لاپەڕەیەکی تازەی پێکەوەبوون و پێکەوەکارکردن بکەنەوە. لە کۆبوونەوەیەکی شەش کەسیدا کە ماوەی سێ ڕۆژی خایاند و هەرجارەی لە کافەیەکی بەغدای پێتەختی عێڕاق پێک‌هات، کۆمیتەیەکی ناوەندی دروست کرا و بڕیار درا پێکەوە کار بکەن تا دەگەنە کۆنفڕانس و کۆنگرەیەک کە لەوێدا بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزب پەسند بکرێ و ڕێبەرییەکی شەرعی هەڵ­­بژێردرێ. ئەندامانی ئەو کۆمیتە ناوەندییە بریتی بوون لە: دوکتۆر قاسملوو، کەریم حیسامی، ئەمیر قازی، حەمەدەمین شێخولئیسلامی (هێمنی شاعیر)، حەسەن ڕەستگار، عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، حەمەدەمین سیڕاجی و یووسف ڕیزوانی. هێمنی شاعیر و کەریم حیسامی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار نەبوون.

کۆمیتە ناوەندیی (دەستکرد) بە بڕیار و پەیمانەکەی وەفادار مایەوە و هەروەک پێشبڕکە دەگەڵ ڕۆژگار بکا لە هەموو بوارەکاندا چالاکانە کەوتە کار. دەگەڵ ئەوەی چەند ساڵ بوو حیزب خاوەنی ڕۆژنامە و بڵاوکراوەیەکی نێوخۆیی نەبوو کە ناسێنەری سیاسەت و بۆچوونەکانی بێ بەزوویی هەنگاوی بەرەو دەرکردنی ڕۆژنامە و زیندووکردنەوەی «کوردستان»، ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی سەردەمی کۆماری کوردستان هەڵێنایەوە و ڕۆژنامەیەکی ئۆرگانی دەرکرد کە هەرچەند مانگێ تەنیا جارێک و ئەویش بە تاقە چوار لاپەڕە و لە تیڕاژێکی کەمدا چاپ دەکرا، بەڵام زۆر زوو لە نێو کۆڕوکۆمەڵە سیاسییەکان و کەسایەتییە سیاسی و ئەدەبییەکانی کورددا وەک بڵاوکراوەیەکی سەنگین جێگای خۆی کردەوە.

لە حاڵێکدا ماوەیەکی چەند ساڵی بوو ئەم حیزبە کەمترین ڕادەی پێوەندیی دەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانی و ئێرانی و بێگانەکاندا هەبوو، بە کەلک­وەرگرتن لە بارودۆخەکە و بەهرەوەرگرتن لە ناسراوی و شارەزایی شەهید د. قاسملوو (بە پلەی یەکەم) و چەند هاوڕێیەکی دیکە (بە پلەی دووهەم) پێوەندییەکی بەرینی دەگەڵ زۆر حیزب و ڕێکخراو و کۆڕوکۆمەڵی کورد و ئێرانی و بێگانە دامەزراند و بەزوویەکی زوو وەک حیزبێکی موعتەبەری سیاسی سەری لە نێو سەراندا بەدەر کەوت.

لەوانە گرنگتر، بەپەلە دەستبەکاری ئامادەکردنی گەڵاڵەی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزب و کاردروستایی بۆ گەیشتن بە ڕێبەرایەتییەکی شەرعی و ئەساسنامەیی بوو و کەمتر لە ساڵێک دواتر کۆنفڕانسی سێیەمی پێک­هێنا کە لەودا بەرنامە و پێڕەو و خەت و ڕێبازی سیاسی پەسند کرا و کۆمیتەی ناوەندی هەڵ­بژێردرا. دوو ساڵ دواتریش کۆنگرەی سێیەمی حیزب بەسترا و بەم­جۆرە حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک یەکێک لە حیزبە گەورە و بەنفووزەکان پێی نایە گۆڕەپانی سیاسەت و خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی لە کوردستان.

دەسکەوتی زۆر گەورەی دیکەی ئەو دەورانە، دامەزراندن و بووژاندندنەوەی ڕێکخراوەکانی حیزب نەک­هەر لە نێوخۆی کوردستانی ئێران، بەڵکوو لەنێو کوردانی دانیشتووی شارە ئێرانییەکانی دەرەوەی کوردستانیش بوو. بە تایبەتی دەکرێ بڵێین بۆ یەکەم­جار بوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە شێوەی ڕێکخراوەیی دەچووە زانستگەکان و توێژی ڕووناکبیر و وشیاری خوێندکارانی لە دەوری دروشم و داخوازەکانی کۆ دەکردەوە.

ئاکامی هەمووی ئەمانە ئەوە بوو کە کاتێک ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی پادشایەتی وەڕێ­کەوت، حیزبی دێموکراتی کوردستان دەگەڵ ئەوەی زۆربەی ئەندامانی ڕێبەرییەکەی لە دەرەوەی وڵات بوون، ئاگاداری تازەترین ڕووداوەکان و پێشکەوتنەکانی ڕاپەڕین بوو و بە بەشی خۆی ئیلهامی لە تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵات وەردەگرت و ئیلهامی دەدانێ. خۆ ئەوەشمان لەبیرە کە پاش ڕووخانی ڕێژیمی شا حیزبی دێموکراتی کوردستان چەند بەخێرایی لە کوردستان گوڵی کرد و جێگای شیاوی خۆی وەک گەورەترین ڕێکخراوی کوردی ئێران بەدەست هێنایەوە.

بەو پێیە بە ئاسانی دەکرێ بڵێین کە دەگەڵ ئەوەی ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و ئێران یارمەتیدەرێکی گەورە بوون زۆربەی پێشکەوتنەکانی دەیەی ١٣٥٠ی ئەم حیزبە بەرهەمی کاروتێکۆشانی ڕێبەرییەک بوون کە لە دەسپێکی کاری خۆیدا بە شێوەیەکی ناسروشتی لەدایک بوو. ئەم قسەیەم بۆ ئەوەیە بڵێم ئێستە کە بەخۆشییەوە هەوڵی وەسەریەکخستنەوەی بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێموکڕات لەئارادایە، دروست نییە ڕێبەرایەتیی دوو حیزبی دێموکرات هێندێ وردە تێبینیی ئەساسنامەیی بکەنە کۆسپ یان باشتر بڵێم بیانووی دواخستنی ئەو کارە پیرۆزە کە لەمێژە بۆتە ویستی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەموو دۆستانی گەلی کورد. با ئەوان لەسەر بناخەیەکی پتەو یەکڕیزی بۆ بنەماڵە گەورەکە بگێڕنەوە، ئەودەم دەبینن کە نەک­هەر هیچ ­کەس سەرکۆنەیان ناکا، بەڵکوو هەموو لا و کۆنگرەکانی دواتریش دەستخۆشییان لێ ­دەکەن و مێژووش بە خەتی زێڕین بۆیان تۆمار دەکا.