ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی دەورەیی یازدە هەمی سەرۆک کۆماری ئێران. محەممەد سولێمانی

لە رۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٥ی یونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی دەورەیی یازدەهەمی سەرۆک کۆماری ئێران لە لایەن وەزیری نێوخۆی ئەو ولاتە ئاشکراکراو بە پێی سەرچاوەفرمیەکانی ڕێژیمی نیزامی ئاخوندی حەسەن روحانی کاندیدای باڵی میانەڕەوی نێو سیستەمی سیاسی و ئیداری ئیران بەربژێرکرابوو . توانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بێنی و بەو شێوەیە وەک سەرۆکی نوێ ئێران ڕاگەیاندرا کە پشتیووانی هاشمی و خاتەمی لەو بوارەدا ناکرێت بەهێند وەرنەگیرێت لە سەر ئاکامی سەرکەوتنی سەرۆکی تازەهەڵبژێردروادا. پاش ڕاگەیاندنی ئاکامی هەڵبژاردن کە بەسەرکەوتنی حەسەن ڕوحانی کۆتای پێهات و هەڵبژرادنیش نەکەوتە قۆناخی دووهەم کە بێگوومان دەسەڵاتی ناوەندی لە سەرئێشە و گێچەڵ پاراست . بەوڕادەیەی کە چاوەڕوان نە دەکرا ،ژمارەی دەنگدەران زۆر زیاتر لە سەر سندوقەکانی دەنگدان دەرکەتن کە بێگوومان ئەو بەشداریەش بەلایەنگری ڕێفۆرمی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئیران سەیر دەکرێ و هاتنە مەیدان و پشتیووانی بەبڵاوی خەڵک لە کاندیدای میانەڕەو لە قۆناخی ئێستادا هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی هەیە کە دەکرێت لە دووخاڵدا کوردبکرێتەوە ، کە بە جەوهەری ئەساسی مەسەلەکە دەکرێ دەست نیشان بکرێن .

یەکەم ئەوەیە کە گەلانی بندەستی ڕێژیمی ئاخوندی ئیران بەگشتی لایەنگری گۆڕان و ڕێفۆرمی سیاسی و ئیداری دەکەن و هەر ئەوەش کە روحانی وەك پاڵێوراوی میانەڕەو زۆرینەی دەنگی بەشداربووانی هێنایەوە بۆ ئەو خاڵە دەگەڕێتەوە. هەر لەوکاتەشدا دەبێت سەرۆکی نوێ ئەو متمانەیەی خەڵک بە باشی لەبەرچاوبگرێ و هەنگاوی گۆڕانکاری و هێورکردنەوە ئەو بارگرژی و ئاڵۆزیەبدات کە بە هۆی سیاسەتی ئەحمەدی نژادیەوە دروست بووە و ئابووری وڵاتی بەرەو داڕمانبردوە.

 

دووهەم ئەوەیە زۆر بەروونی وبە ئاشکرای گەلانی ناڕازی و بێزار لە سەر شێوەی حوکمڕانی لە ئێراندا ئەو جار بە نەخێر وڵامی خامنەی و دارودەستەکانیانداوە کە ئەوان نیازیان بەئازادی و بەرانبەری لە ئێراندا هەیە و پشتیووانی لە حکوومەتی ڕەنگاو ڕەنگ و کراوەی سیاسی دەکەن کە نموونەکەش بەوهەڵبژاردنەوە گرێدەدەن.

هەرچەندە ڕوحانی بەڵێنی داوە بەگەلانی ئیران کە کار بکات لە بەرژەوەندی گشتی خەڵکی وڵاتەکەیدا و حکوومەتی ئیران لە قەیرانی سیاسی و ئابووری ڕزگاربکات و دەرگای دیالۆگ لەو پەیوەندیەدا بەرووی دونیای دەرەوەدا بکاتەوە و ئاستەنگەکانی سەر ڕێگای بەرنامە سیاسی و ئابووریەکانی لابەرێت. بەڵام ئەو کەسەی لە سەر مەسەلە ئەساسی و بنەڕەتیەکانی ئێران بڕیار دەدەت ڕێبەری ڕوحی ڕێژیمی ئاخوندی عەلی خامنەی یە نەوەک حکوومەت و پارلمانی ئەو ولاتە بە سەرۆک کۆماریشەوە ناتوانێت لەو بازنەیە بڕواتە دەروە بە بێ ئاگاداری و پەسەندی ڕێبەری نیزام.

لە هیچ کەس شاراوەنیە کە هیچ کام لە کاربەدەستینی باڵای ئێران نیازی باشترکردنی هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلانی ئێرانیان نیە و بیگوومان هەنگاوێک لە پێناو دابین کردنی ماف و ئازادی گەلانی ئەو وڵاتەدا نانرێ و سیاسەتی سەرکووت و تۆقاندن هەروەک پێشوو بەردەوام دەبێت و هەر دەستە و تاکێک لە نێو کۆمەلگادا لە چوار چێوەی فەلسەفەی فیکری نیزام دەربچێت سزای خۆی وەردەگرێت و دوچاری هەلومەرجی دژواری ژیان دەکرێتەوە.

سەرەڕایی بایکۆتی دەورەیی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران لە لایەن حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، دیتمان کە خەڵکێکی زۆر چوونە سەر سندقی دەنگدان و بەشداری ئەو هەڵبژاردنەیانکرد . دیارە بەشداری بەربڵاوی گەلی کورد بۆ زۆر هۆی ئابووری و کۆمەلایەتی دەگەرێتەوە و ئەو خەڵکەش کە بەشدارییان کردوە، بەو مانایە نیە کە ئەو ڕێژیمە و ئاکارەکانیان بەدڵی بێت. خەڵکی کوردستان زۆر بەر چاوروونانە هەلومەرجی سیاسی و ئیداری وڵاتیان لێکداوەتەوە و بەدڵنیایەوە دەزانن کە هیچ کام لە ماف و ئازادیەکانیان وەدی نایەت و هەر وەک ساڵانی پێشوو دووچاری هەڵاواردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبنەوە لە لایەن ڕێژیمی ئاخوندی ئێران بە هۆی کورد بوون و کوردستانی بوونیانەوە. بەڵام کە دەنگیانداوە زۆرتر بۆ هۆکاری ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەی خۆیان دەگەڕێتەوە . ئەگەر هەڵبژاردنی ئێران وەک ولاتیکی نۆڕویژ ئازاد بایە و زۆر سەربەت بای لە بەشداریکردن یان نەکردنی دەنگداندا، بەدڵنیایەوە ڕێژەیەکی زۆرکەم لە ڕۆژهەلاتی کوردستان لەسەر سندوقەکانی دەنگدان دەردەکەوتن.

پاشان خامنەی ڕێبەری روحی نیزامی ئاخوندی ئێران بەخێرای پیرۆزبای ئەو سەرکەوتنەی لە سەرۆک کۆماری نوێ و تازە هەڵبژێردروا وکرد و ڕایگەیاند کە هەموو لایەکیان دەبێت هاوکاری و پشتیوانی ڕوحانی و حکومەتی تازە بکەین لە بەر ئەوەی حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێرانە و گەلی ئیران دەنگی متمانەی پێداوە. لە پەیامەکەی خامنەی ڕادەردەکەوێت کە حەسەنی روحانی چووبێتە نێو دڵی ڕێبەرو زۆر بە نیزیک لە خۆی بزانێت کە پیرۆزبای سەرکەوتنی بە خێرای ئاڕاستەکرد. بێگوومان لە قۆناخیکی وەک ئێستا هەستیاری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا حکوومەتی ئاخوندی ئیران کەسێکی ئەو تۆی دەوێت کە بتوانێت لە قەیرانی سیاسی نێونەتەوەی کە بەهۆی بەرنامەی ناوەکی و سیاسەتی تونڕەوانەی ئەحمەدی نژاد سەری هەڵداوە چارەسەر بکات و لەو ڕێگایەوە هەلومەرجی بێکاری و داڕمانی ژیرخانی ئابووری نەهێڵێت لەوەی زۆرتر بەرەوژوربێتەوە و باڵانسی ئابووری ئیران لە بەرژەوندی خۆیاندا بەرزبکەنەوە و سەقامگیری حوکمڕانیان جێگیرتربکەن.

 

حەسەنی روحانی بەدوای سەرکەوتنی لە هەڵبژرادنی سەرۆک کۆماریدا، لە پەیامێکی کوررتدا کە رووی لە کۆمەڵگای جیهانی بوو ڕایگەیاند کە ئەوان ئامادەی دیالۆگ و دانیشتن لە گەل جیهانی دەرە ن بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیران و کێشە هەڵاوەسراوەکانیان. دیارە بەکردەوە بۆ هەموو لایەک و کۆڕوکۆمەڵی نێونەتەوەیش دەرکەوتووە کە ئەوەی بڕیار لە سەر مەسەلە هەستیارو گرینگەکانی حکوومەتی ئێراندەدا تەنیا ڕێبەرە و سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی ئەوەی نیە هەڵوێستی پێچەوانەی ڕێبەری هەبێت سەبارەت بە مەسەلە سیاسی و دیپلۆماسیەکان. ئەگەر بێت ئەوەبکات قەیرانی قوڵی سیاسی و ئیداری لە ولاتدا سەرهەڵدەدات و روداوەکانی شۆڕشی وڵاتانی عەڕەبی دەگاتە ئێران. حەسەنی ڕوحانی ڕاستە وەک کاندیدای هاشمی و خاتەمی دەرکەوت. بەلام شێوەی راگەیاندنی تاکتیکی سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆر شێوەی خیتابەکانی محمد خاتەمی هەیەو هەمەن ئەو ستڕاتیژیەی گرتۆتە بەر کە ناوبراو لە ماوەی سەرۆک کۆماری دا ئەنجامیدا بۆ ئەوەی ڕێژیمی ئێران لە مەترسیەکان دوربخاتەوە و متمانەی کۆڕوکۆمەڵە جیهانی و نێو خۆیەکان بۆ لای حکوومەتەکەیان ڕابکێشێت. دەرکەوت کە خاتەمی وەک میعماری ئەو بوارە سەقامگیری سیاسی و ئابووری بۆ وڵاتەکەی گەڕاندەوە و لە ڕێگای کۆمەڵێك تاکتیکی سیاسی لە مەیدانی مل ملانی ڕاگەیاند دا سیمایەکی تازەی بەڕێژیم و جینایەتەکانیدا.

سەرۆک کۆماری نوێ دەبێت هەڵوێستی ولاتەکەی لە هەمبەر قەیرانی سووریە دا یەکلا باکاتەوە و ئەگەر لەو پەیوەندیەدا بتوانێت هێزەکانی کە ژمارەیان ٤٠٠٠ پاستارە کە حەفتەیەک پێش دەست پێکرنی هەلبژاردن ڕەوانەی سووریە کراون هەتا هاوکاری حکوومەتی بەشار ئەسەد بکات، بگێڕێتەوە و سیاسەتی ولاتەکەی لەو پەیوەندیەدا بگۆڕێت. بێگوومان لە ڕوانگەی کۆمەڵگای جیهانیەوە بەسەرەتای هەنگاوێکی نوێ لە سەر سیاسەتی دەرەوەی رێژیمی ئێران بە حیساب دێت و ئەگەر لەوبارەوە نەتوانیت ستڕاتیژی سیاسی و دیپڵۆماسیان بگۆڕێت و هەر وەك دەورەی سەرۆک کۆماریەکانیتر خۆی بکات بە زەلیلی ژیردەستی خامنەی. ڕوحانیش ناتوانێت بەسەر بارودۆخی ئێستای وڵاتدا زاڵبێت و خۆی و حکوومەتەکەی وەك پاشکۆی ڕێبەر چاولێدەکرێن و متمانەی خەڵک و بیرمەندانی وڵات لە دەست دەدات.