په‌یامی حیزبی دیموکراتی کوردستان به بۆنه‌ی 24 ساڵه‌ی تیرۆری ڕێبه‌ری شه‌هید د. عه‌بدوڵڕه‌حمان قاسملووه‌وه.
خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان!
تێکۆشه‌ران، ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دیموکرات!
هۆگرانی ڕێگا و بیر و ئامانجه‌کانی د.قاسملوو له کوردستان، ئێران و جیهان!
22ی پووشپه‌ڕی هه‌موو ساڵێک وەبیرهێنه‌ره‌وه‌ی زامێکی قووڵه که به ده‌ستی ڕێبه‌ران و ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی له جه‌سته‌ی گه‌لی کورد درا. 24 ساڵ له مه‌وبه‌ر له 22ی پووشپه‌ڕی سالی 1368ی هه‌تاوی( 13ی ژوئیه‌ی 1989ی زایینی)دا، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات هاوڕێ لەگەڵ عه‌بدوڵلا قادری‌ئازه‌ر ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزب و د. فازڵ ره‌سووڵ له وییه‌ن پێته‌ختی وڵاتی ئوتریش شه‌هید کران.
دوکتور قاسملوو به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌یه‌کی ئاشتیانه بۆ چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌رده‌وام له هه‌وڵ و تێکۆشان‌دا بوو. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی له ئاشتیخوازی و نیه‌ت‌پاکیی د. قاسملوو که‌لکیان وه‌رگرت و وتووێژ‌و دانوستانیان کرده وه‌سیله‌یه‌ک بۆ گه‌یشتن به ئامانجه دزێوه‌که‌یان که تیرۆری ئه‌و ڕێبه‌ره مه‌زنه بوو. ئه‌وان له نه‌خش و ده‌وری کاریگه‌ری د. قاسملوو له بزووتنه‌وەی کورد و تێکۆشانی دیپلۆماسیی ئه‌و بۆ ناساندنی جووڵانه‌وه‌ی کورد نیگه‌ران و هه‌راسان بوون. هه‌ر بۆیه دوکتور قاسملوویان کرد به ئامانجی له نێوبردن و بۆ جێبه‌جێکردنی پیلانه‌که‌یان چه‌ند تیرۆریستێکیان به ناوی دیپلۆمات بۆ شه‌هیدکردنی سیاسه‌تمه‌داری به توانای نێو گۆڕه‌پانی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد، و سیمای هه‌ره دیاری خه‌باتی دژی دیکتاتۆری له ئێران، ڕاسپارد. ئه‌وان به‌و خه‌یاڵه بوون که به شه‌هید کردنی د. قاسملوو، خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی و حه‌قخوازانه‌ی گه‌له‌که‌مان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کۆتایی دێ. به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پیلانه تیرۆریستیه‌که‌یان سه‌رکه‌وتوو بوو، خه‌یاڵ و خه‌ونه‌که‌یان نه‌هاته دی. به شه‌هید کردنی د. قاسملوو، خه‌باتی گه‌لی کورد‌و حیزبی دیموکرات کۆتایی نه‌هات، به‌ڵکوو ڕێبواران و خه‌باتکارانی ڕێگای ئه‌و ڕێبه‌ره لێهاتووه، شیلگیرانه‌تر له جاران درێژه‌یان به ڕیگاکه‌ی دا.
ئێمه له کاتێکدا یادی ئه‌و تاوانه گه‌وره‌یه‌ی کۆماری ئیسلامی له دژی خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ینه‌وه که زیاتر له 34 ساڵ به سه‌ر ته‌مه‌نی ئه‌و ڕێژیمه دا ڕابردوه و 24 ساڵیش له شه‌هیدکرانی د. قاسملووی ڕێبه‌رمان ڕاده‌برێ. به داخه‌وه ئه‌و ڕێژیمه، هه‌ر وا درێژه‌ده‌ر و هه‌ڵگری بیرکردنه‌وه و ڕوانین و سیاسه‌تێكه که له سه‌رده‌می تیرۆرکردنی د. قاسملوو دا هه‌یبوو، که ئه‌ویش بریتیه له ئینکاری مه‌سه‌له‌یه‌ک به ناوی مه‌سه‌له‌ی کورد و سه‌رکوتکردنی خه‌باتی تێکۆشه‌رانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له پێناوی به ده‌ستهێنانی مافه ڕه‌واکانیاندا.
له بواره‌کانی دیکه‌ش دا ئاڵوگۆڕێکی باش له‌م ڕێژیمه دا پێک نه‌هاتوه. وه‌زعی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایه‌تی و زۆر بواری دیکه‌ی ئێران له ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی دا ساڵ به ساڵ قه‌یرانیتر بووه و زیاتر به‌ره‌و شپرزه‌یی ڕۆیشتوه. پێو‌ه‌ندییه سیاسی و دیپلۆماسییه‌کانی ئه‌و ڕێژیمه له‌گه‌ڵ دنیای ده‌رەوه، به پێی ویستی تاقمێکی کۆنه‌پارێز به‌ڕێوه چووه که ته‌نیا به‌رژه‌وه‌نده‌کانی نیزامه‌که‌یان، نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی خه‌ڵکی ئێرانیان، به‌لاوه گرنگه. هه‌ر بۆیه‌ش وڵاتی ئێران له سۆنگه‌ی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌و تاقمه، به‌ره‌وڕووی گه‌مارۆ و گوشاری جۆراوجۆری نێوده‌وڵه‌تی بۆته‌وه و پێوه‌ندییه‌کانی کۆماری ئیسلامی له گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه، گه‌یشتوونه نزمترین ئاست. ئابووریی وڵات به ته‌واوی پووکاوه‌ته‌وه، گه‌مارۆ ئابوورییه‌کانی ڕۆژئاوا که به‌رهه‌می سوور بوونی ئه‌و ڕێژیمه له سه‌ر درێژەدانی به‌رنامه ناوکییه‌کانیه‌تی، ڕۆژ به ڕۆژ ئاسه‌واری خراپتر له دوای خۆیان به جێ دێڵن. دابه‌زینی بێوێنه‌ی بایی تمه‌ن له به‌رامبه‌ر دراوه بیانیه‌کان دا بۆته هۆی گرانیی سه‌ر سوڕهێنه‌ر. بێ‌کاری، گرانی، نه‌بوون و نایاببوونی سه‌ره‌تاییترین که‌لوپه‌ل و پێویستییه‌کانی ژیان و به‌ڕێچوون، ده‌ستیان وه‌ده‌ستی کێشه و دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی وه‌ک ئیعتیاد، ناهومێدی له ژیان، لێکترازانی شیرازه‌ی بنه‌ماڵه و ده‌یان کێشه و گرفتی دیکه داوه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، وێڕای ئه‌م هه‌لومه‌رجه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه، له چه‌ند ساڵی ڕابردوو دا له باری سیاسییشه‌وه که‌شێکی پڕ له ترس و تۆقانیان به سه‌ر وڵات دا زاڵ کردوه و به توندی به‌رهه‌ڵستی هه‌ر چه‌شنه ده‌نگێکی نارازی بوونه‌ته‌وه. گرتن و زیندان و ئه‌شکه‌نجه‌ی ئازادیخوازان و داواکارانی گۆڕان به توندی درێژه‌ی هه‌یه. له کوردستان که‌شوهه‌وایه‌کی به ته‌واوی ئه‌منییه‌تییان زاڵ کردوه و له‌چاو ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران گوشار‌و توندوتیژی به‌رامبه‌ر به خه‌ڵک له‌و په‌ڕی خۆی دایه. ڕۆژ نه‌بووه خه‌ڵک نه‌گیرێ و ئه‌شکه‌نجه نه‌درێ، کاسبکاران و کۆڵبه‌ران که به‌دوای بژێوی ژیانی ماڵ و منداڵیانه‌وە‌ن، نه‌درێنه به‌رده‌سڕێژ و گیانیان لێ نه‌ستێندرێ و ماڵیان به تاڵان نه‌برێ.
کێشه و ململانێی نێوان باڵه‌کانی ڕێژێم له سه‌ر پێگه و مه‌وقعییه‌تی ویلایه‌تی فه‌قیه و دامه‌زراوه جۆراوجۆره‌کانی ده‌سه‌ڵات و چۆنیه‌تیی پێوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ قه‌یرانه نێوخۆییه‌کان و دنیای ده‌ره‌وه، به‌رده‌وام بووه. به‌و جیاوازییه که تا هاتوه ده‌ستی سوپای پاسداران له به‌ڕ‌ێوه‌بردن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی بواره جۆراوجۆره‌کانی کاروباری وڵات‌دا، ئاوه‌ڵاتر کراوه. ئه‌مه‌ش وای کردوه که ناره‌زایه‌تی و بێزاریی خه‌ڵکی وه‌زاڵه‌هاتووی ئێران به هه‌موو چین و تۆێژه‌کانیه‌وە قووڵتر بێته‌وه. له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژێم بۆ بێ‌دەنگ کردنی خەڵک و پێشگیری لە ته‌قینه‌وه‌ی هەرجۆرە نارەزایەتییەک پێش بەهەر جموجۆڵ و خۆپێشاندانێک دەگرن و بەربەستی زۆریان لەسەر چالاکی و تێکۆشانی خەڵک و ڕێکخراوه‌کانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی داناوە، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش خەڵک لەسەر ویست و داخوازە ڕه‌واکانی خۆیان سوورن و له هه‌ر ده‌رفه‌تێک که بۆیان هاتووه‌ته پێش، له دژایه‌تیی سه‌ره‌ڕۆیی و زۆرداری درێغیان نه‌کردوه‌و ئه‌وه‌نده‌ی مومکین بووه، له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارا‌ن و بڕیاربه‌ده‌ستانی سه‌ره‌کیی ئه‌و نیزامه که وه‌لیی فه‌قیه و سوپای پاسداران و دامه‌زراوه ناخه‌ڵکیه‌کانن، ڕاوه‌ستاون.
هەڵبژاردنی یازدەیەمین دەورەی سەرکۆماری و هەڵبژاردنی شووڕاکانی شار‌و دێ کە لە 24ی جۆزەردانی ئەمساڵ‌دا بەڕێوەچوون، مه‌یدان و ده‌رفه‌تێکی دیکه بوون بۆ ململانێ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانی ئه‌و ڕێژیمه. ئه‌گه‌ر چی هه‌ر له‌ئه‌ساس دا هه‌ڵبژاردن له کۆماری ئیسلامی‌دا، ئازاد و دیموکراتیک نیه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕێبه‌ری و دام‌و دەزگاکانی سەر بە بەیتی ڕێبه‌ری و شوورای نیگابان بەربەستی زۆریان لەبەردەم بەربژێرەکانی سەرکۆماری دانا و سەلاحییەتی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئەوانیان ڕەت کردەوە، به‌و حاڵه‌ش خه‌ڵکی ئێران به ده‌نگدانی واتاداری خۆیان، جارێکی دیکه په‌یامی خۆیان به گوێی دنیا گه‌یاند. ئه‌وان ده‌نگیان به کاندیدایه‌ک دا که ئه‌گه‌رچی هه‌ر له هه‌ناوی ئه‌و نیزامه هاتووه‌ته‌ده‌ر، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی خامه‌نه‌یی و توندڕه‌وان و کۆنه‌پارێزانی ئه‌و نیزامه، له به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی خۆی دا، باسی له ئیعتیدال و میانه‌ڕه‌وی ده‌کرد و له پێویستیی چاوخشاندنه‌وه به سیاسه‌ته نێوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ده‌دوا. ده‌نگدانی خه‌ڵک به حه‌سه‌ن ڕۆ‌حانی بۆ پۆستی سه‌رکۆماری هه‌وڵێکی مومکین له چوارچێوه‌ی ده‌رفه‌تێکی به‌رته‌سک دابوو بۆ دەرباز بوون لەهه‌لومه‌رجێکی سیاسی و ئابووریی دژوار و قه‌یراناوی. بەرهەمی ئیراده‌ی گۆڕانخوازانه‌ی خه‌ڵکی ئێران و نیشانه‌ی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی دووباره‌ی ئه‌و سیاسه‌ته نیوخۆیی و ده‌ره‌کیانه‌ی کۆماری ئیسلامی بوو که خامنه‌یی به ڕاشکاوی پشتیوان و لایه‌نگریی لێ کردوون.
به‌ڵام ئێستا و له به‌ره‌به‌ری ده‌ستپیکردنی ده‌وره‌ی سه‌رکۆماریی حه‌سه‌ن رۆحانی دا پرسیار ئه‌وه‌یه که ئایاسه‌رکۆماری هه‌ڵبژێردراو، په‌یامی ڕاشکاوانه‌ی خه‌ڵکی ئێرانی به‌و جۆره که هه‌یه، وه‌رگرتوه و خۆی له به‌رامبه‌ریان دا به به‌رپرس و به‌رعۆده ده‌زانێ؟ ئایا به واده و به‌ڵێنه‌کانی خۆی که به‌شێکی زۆر که‌م له داخوازه‌کانی گه‌لانی ئێرانیان گرتبووه خۆ، وه‌فادار ده‌بێ؟
ئاغای ڕۆ‌حانی و خه‌ڵکی ئێران پێویسته ئه‌زموونی سه‌رده‌می سه‌رکۆماریی ئاغای خاته‌می و وانه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌م وه‌بیر خۆیان بێننه‌وه. بۆ وێنه سه‌رکۆماری تازه، ده‌بێ له بیری بێت که هه‌ر کات که‌سانێک، لایه‌نی خه‌ڵکیان گرتوه و بایه‌خیان به ویست و داخوازه‌کانی کۆمه‌ڵگه داوه، خه‌لک به ده‌نگی خۆیان سه‌ریان خستوون و گه‌یاندوویاننه پارلمان و سه‌رکۆماری. هه‌ر کاتێکیش ئه‌و که‌سانه، ویستی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگه‌یان له پێناوی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی نیزام یا هه‌ر هۆکارێکی دیکه دا، پشتگوێ خستوه و پاشه‌کشه‌یان له واده و به‌ڵێن و به‌رپرسیاره‌تییه‌کانیان کردوه، به ته‌نیا ماونه‌وه و مایه‌پووچ ده‌رچوون. خه‌ڵکیش ده‌بێ له بیریان بێت، ئه‌وه له‌مه‌یداندابوون و پێداگریی ئه‌وان له سه‌ر ویست و داخوازه‌کانیانه که‌ده‌کرێ هیوای پێ ببه‌ستن نه‌ک چاوه‌ڕوانیی لوتف و که‌ره‌م له ده‌سه‌ڵات و نیزامێک که هیچ کات نه‌یویستوه په‌یامی خه‌ڵک ببیسێ و ڕێزی لێ بگرێ، یا هه‌ر کات ئیراده‌ی خه‌ڵک سه‌رکه‌وتوه، به که‌لکوه‌رگرتن له‌ده‌سه‌ڵاتی ڕێبه‌ری و نیهاده داسه‌پاوه‌کان،سه‌رکه‌وتنه‌کانی خه‌ڵکیان بێ ئاکام کردوه‌ته‌وه.
به‌م جۆره ئه‌رکی خه‌ڵک و به تایبه‌تی که‌سایه‌تی و هێز و لایه‌نه‌کانی ڕێنوێن و پێشڕه‌وی خه‌باتی خه‌ڵک له نیوخۆی وڵات له دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ، ده‌چێته نیو قۆناغێکی نوێوه که ئه‌ویش پاشه‌کشه‌کردنی زیاتر به کۆماری ئیسلامی و خستنه‌ڕووی ویست و داخوازه‌کانیان و ئه‌رکدارکردنی سه‌رکۆمار و ده‌وڵه‌ت و مه‌جلیس و دامه‌زراوه جۆراوجۆره‌کان به گوێ لێگرتن و جێبه‌جیکردنیانه.
خه‌ڵکی خه‌باتکاری کوردستان!
هۆگران و ئه‌ویندارانی ڕێگا و بیر و ئامانجه‌کانی د. قاسملوو!
ئێمه لە هەلومەرجێکدایادی ئه‌و ڕێبه‌ره گه‌وره‌یه ده‌که‌ینه‌وه که ئامانجه‌کانی ئازادی و دیموکراسی و ڕزگاریی گه‌لان و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی که د. قاسملوو، ته‌مه‌نێک خه‌باتی له پێناویان دا کرد، ناوچه‌ی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان ڕاپه‌راندوه. ڕووداوەکانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی له شیمالی ئه‌فریقا و ڕۆژهه‌ڵاتی نیوه‌راست ئەوەیان سەلمانده‌وه کە گه‌لان بە بنده‌ستی و دەسەڵاتی زۆرەملێ و دیکتاتۆری قایل نابن و لەهەر جێگایەک چه‌و‌ساندنه‌وه و ستەم هەبێ، خەبات و بەربەرەکانی و شۆرش لە دژیان سەرهەڵ‌دەدا. ڕاپەڕینی خەڵک و رووخانی یەک له دوا یەکی دیکتاتۆرەکان لە وڵاتانی میسر، تونس و لیبی، ڕاستیی ئه‌م قسه‌یه ده‌سه‌لمێنن. با ئه‌و ڕاستییه‌ش ببینین و پێی خۆشحاڵ بین که گه‌لانی ڕاپه‌ڕیوی ناوچه، ته‌نیا به جێگۆڕکێی ڕێژیمه‌کان ناوه‌ستن به‌ڵکوو له گه‌ڵ گۆڕینی ڕێژیم و ده‌سه‌ڵاته جۆراوجۆره‌کاندا، مافه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی مرۆڤی ئه‌م سه‌ده و هه‌زاره‌یان ده‌وێ. ئه‌مه‌ش جێگای شانازی و خۆشحاڵییه که نه‌ته‌وه‌ی کورد له هه‌موو به‌شه‌کانی نیشتمانه دابه‌شکراوه‌که‌ی، خاوه‌نی بزووتنه‌وه‌یه‌کی له‌مێژینه‌ی دژبه دیکتاتۆری و بنده‌ستییه. هه‌ر وه‌ها له‌هه‌رکام له وڵاتانه‌ش که کوردستانیان به سه‌ر خۆیان دا دابه‌ش کردوه، گه‌لی کورد له خه‌باتی گشتی و سه‌رانسه‌ری له پێناوی گۆڕان و به ده‌ستهێنانی ئازادی، دیموکراسی و هێنانه سه‌رکاری سیسته‌مێکی سیاسیی وڵامده‌ری سه‌رده‌می ئێستا، له ڕیزی پێشه‌وه دایه.
له ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گه‌لی کورد و هێزه سیاسی و خه‌باتکاره‌کانی، ئه‌زموونی زیاتر له 34 سال خه‌بات و تیکۆشان دژی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی و قوربانیدان له پێناوی ئازادییان هه‌یه و به چۆک دا نه‌هاتوون. ئه‌گه‌ر حیزب و ڕێکخراوه سیاسییه‌کان، له هه‌لومه‌رجێکی نه‌خوازراوو له دووره‌وڵاتی دا درێژه به خه‌بات و تێکۆشان ده‌ده‌ن، له نێوخۆی وڵاتیش، خه‌ڵکی وشیار و زیندووی کوردستان، له هه‌ر ڕێگاو ده‌رفه‌تێکی ته‌نانه‌ت به‌رته‌سکی وه‌ک هه‌ڵبژاردنه‌کانی کۆماری ئیسلامی‌یش، بۆ سه‌لماندنی بوونی خۆیان و بۆ خستنه‌ڕووی داخوازه‌کانیان و بۆ ده‌نگ هه‌ڵبڕین دژی سته‌م و هه‌ڵاواردن و چه‌وسانه‌وه، که‌لک وه‌رده‌گرن. ئه‌م ڕاستییه ده‌بێ هانده‌ری حیزب و ڕێکخراوه سیاسییه‌کان بێ بۆ تێگه‌یشتن له‌واقیعی نێوخۆ، بۆ یه‌کیه‌تی و یه‌کگرتوویی و هاوکاری و هاوخه‌باتی له گه‌ڵ یه‌کترو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کارتێکه‌رانه له گه‌ڵ‌ده‌رفه‌ته‌کان و شانسه‌کان. ئێمه به نۆره‌ی خۆمان، هاتنه مه‌یدانی خه‌ڵک و تێکۆشانی دڵسۆزانی گه‌له‌که‌مان له نێوخۆی وڵات له چوارچێوه‌ی شانس و ده‌رفه‌ته به‌رته‌سکه‌کان دا، به نیشانه‌یی وریایی سیاسی و نەتەوەیی ئه‌وان داده‌نێین، نه‌ک به دژایه‌تیکردنی ئه‌وان له گه‌ڵ حیزب و ڕێکخراوه سیاسیه‌کانی کوردستان. به باوه‌ڕی ئێمه هه‌وڵه‌کانی دڵسۆزانی نێوخۆ و خه‌بات و تێکۆشانی هێزه سیاسییه‌کان، ده‌بێ وه‌ک دوو ڕووی جیاوازی خه‌باتی تێکۆشه‌رانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و وه‌ک ته‌واوکه‌ری یه‌کتر سه‌یر بکرێن. پێشمان وایه له هه‌ر جێگایه‌ک، یه‌کیان پێویستی به پشتیوانیی ئه‌وی دیکه هه‌بوو، ده‌بێ درێغی لێ نه‌کرێ.
24 ساڵه‌ی تیرۆری د. قاسملووی ڕێبه‌ر به بۆنه‌یه‌کی گونجاو ده‌زانین بۆ ئه‌وه‌ی له ئاست خۆشه‌ویستی و وه‌فاداریی خه‌ڵکی کوردستان بۆ ئه‌و ڕێبه‌ره مه‌زنه، سه‌ری ڕێز دانه‌وێنین. به ئه‌رکی خۆشمانی ده‌زانین له‌و یاده دا پێداگری و به‌رده‌وامیی حیزبی دیموکراتی کوردستان له‌سه‌ر خه‌بات تا ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌ی کورد له ژێرده‌ستی، دووپات بکه‌ینه‌وه. هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌شدا به ئیلهام وه‌رگرتن له ئامۆژگارییه‌کانی ئه‌و ڕێبه‌ره شه‌هیده، و به هه‌ستکردن به هه‌ستیاربوونی قۆناغی ئێستای خه‌باتی سیاسی له گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی، هه‌موو حیزب و ڕێکخراوه سیاسییه‌کان و هه‌ر وه‌ها سه‌رجه‌م خه‌باتکاران له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بۆ لێکنزیکبوونه‌وه و یه‌کگرتوویی بانگه‌واز ده‌که‌ین.
دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان!
له‌مێژه یادی شه‌هید بوونی ڕێبه‌ری لێوه‌شاوه د. قاسملووی نه‌مر ، له گه‌ڵ بیره‌وه‌ریی کۆچی دوایی هاوڕێی به‌وه‌ج، سه‌ید سه‌لامی عه‌زیزی، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دیموکڕات ئاوێته بووه. به‌م بۆنه‌یه‌وه له گه‌ڵ شه‌هیدانی 22ی پووشپه‌ڕ دا، به‌ڕێزه‌وه یادی کاک سه‌لامی نه‌مر ده‌که‌ینه‌وه که 14 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ماڵاوایی یه‌کجاریی لێ‌کردین.
بەرز و بەڕێز بێ یادی ڕێبه‌ری شه‌هید د.عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو،
ڕسوایی هه‌میشه‌یی بۆ خوڵقێنه‌رانی تاوانی 22ی پووشپه‌ڕ،
سەرکەوتن بۆ خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی کورد وبه‌رقه‌رای بۆ ئامانجه به‌رزه‌کانی د.قاسملووی هه‌میشه له یاد.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
22ی پووشپه‌ڕی1392
13ی ژوئیه‌ی 2013