ڕۆژ لێرە ئاوا دەبێ. برایم فەڕشی

تازە گەیشتووینەتەوە، سەیدۆ ماشێن ڕادەگرێ و دەردەپەڕێتە دەرێ، من فریا ناکەوم، ماشێن پشتاوپشت خلۆر دەبێتەوە، کە ئاوڕی دایەوە، پەشۆکا و بە ڕاکردن گەڕایەوە و لە دوا چرکەکانی نزیکبوونەوە لە کارەسات، ماشێنی ڕاگرت و ئەوجا بە قینەوە تورمز دەستی کێشا و پڕ لە خۆشەویستی گوتی ببوورە. لە سەر من ڕانەوەستا، بەرەو خەڵکەکەی کە لە دوورەوە دیاربوون ڕایدەکرد. من بە شەلە شل بە دوایدا دەچووم. هەناسەم سوار ببوو، قاچەکانم لە دوام نەدەهاتن.

من و سەیدۆ پاش سی ساڵ هاتتبووینەوە کوردستان، ئەو خەڵکی ئەفرین و من باژێڕێکی ڕۆژهەڵات. ساڵانێک بەیەکەوە کاری شانۆمان کردبوو، ئەو لە زنجیرە شانۆکانی تایبەت بە هەڵەبجە و کۆمەڵکوژییەکەی باکوور دەوری گێڕابوو.

خێزانی خەڵکی ئەو گوندە بوو. من و سەیدۆ چووبووینە ئەفرین بۆ ئەوەی سەری خزم و کەس و بنەماڵەکەی بدەین. ئێستا دوای ئازادبوونی وڵات گەڕابووە. نارینی کچی تازە چوارساڵی تەواو کردبوو، پار لە باخچەی منداڵان جێگای بەر نەکەوتبوو، هەر لە بەر ئەوە ٦ مانگ لە یانەکەی ئێمە زمانی ئاڵمانی فێردەبوو. نارین و دایکی و سەیدۆ بە کوردییەکی گەلێک خۆش قسەیان دەکرد، کوردێکی بێ گرێ و پاقژ. سەیدۆ ساڵانی هەشتا خوێندکاری زانستگای کۆڵن بوو، جگە لە کوردی و عەڕەبی، فەڕانسە و ئاڵمانی زۆر باش دەزانی. کوڕێکی دڵپاک، هێدی، کەم قسە، بیرمەند و تێگەیشتوو. دانیشتن لە گەڵ کۆنە دۆستەکانی لە شاری ئەفرین بو من پڕ لە ئەزموون بوو، ئێستا کە ئەو ڕادەکات و من بە هانسکە هانسک بە شوێنیدا هەڵدێم، بێ ئاگا لە خۆم بە سەر بیرەوەرییەکانی ڕابووردودا دەکەوم.

سەیدۆم لێ وون دەبێ، بەڵام خەڵکانی زۆرتر دەبینم کە بە شێوەیەکی ئاڵۆز دێن و دەچن، کە نزیک دەبمەوە ناتوانم باوەڕ بە چاوەکانم بکەم. پۆل پۆل تەرمی منداڵ، ژن و مرۆڤی بە ساڵاچوو لێرە و لەوێ کەوتوون. وەبیر منداڵەکانی گوندی عەنەب سەر بەشاری هەڵەبجە دەکەومەوە، ئەوان کە لە شیمیابارانەکە ڕزگاریان بووە و هەر کام زامی ئەو ڕۆژانەیان بە جەستەوە ماوە. دەستیان گرتووم، دەمگێڕن بە ناو گوندەکەدا و بەسەرهاتی مردووەکانم لە سەر کانی، پاڵ جوگەکان و ناو مەزراکان بۆ دەگێڕنەوە و گۆڕی بە کۆمەڵم نیشان دەدن، گۆڕستانی گوندەکەم نیشان دەدەن کە ژمارەی گۆڕەکانی لە ژمارەی دانیشتوانی زیندووی گوندەکە دوو هێندە زۆرترە.

چاو دەگێڕم ئێرە هەتا چاو دەبینێ، پەیکر کەوتووە، لە سەیدۆ خەبەرێک نییە، خۆم وەک عومەر خاوەر دێتە بەرچاو، قۆڵم شۆڕ بۆتەوە و بە ناو مردوواندا دەگەڕێم، نە هاوارم بۆ دەکرێ نە مەتەقم لێوە دێ، لە پڕ گوێم لە ناوی خۆم دەبێ، سەیدۆ یەک بە خۆی هاوار دەکا، بارام بێچارە بووم! سەیدۆ سەری نوورین و نارینی لە باوەش گرتووە، ڕایاندەمووسێ بە خۆیانیوە دەگووشێ و پەیتا پەیتا ماچیان دەکات و دەیانلاوێنێتەوە و دەگری. نارین و دایکی لە باوەشی یەکتردا گولەباران کراون!

 

هەموو بەیانییەک کە دەهات، بە ڕووی گەش و دەم بە پێکەنینەوە بە زمانیکی ناسک دەیگوت، گوتن مۆرگن کریستینا، گوتن مۆرگن ئاپۆ! شیرین شیرین دەدوا. نوورینی دایکی زۆرجار باسی ڕۆژئاوای کوردستانی بۆ دەکردم، عاجز بوو لە هەڵس و کەوتی سیاسییەکان، مەترسی هەبوو لە شەڕ وپێکدادانی حزبەکان. سەیدۆ کە بەساڵان لە یەکیەتی خوێندکارانی کورد و ڕێکخراوەکانی دی چالاک بوو، بە بێزاری باسی بشێوی و چەند بەرەکی ناو هێزەکانی دەکرد. سەیدۆ کاتی بیستنی باس و هەواڵی مەرگی خەڵکی وڵاتەکەی دەهەژا! ئێستا خۆی لەشی بێ گیانی نارین و نوورینی لە ئامێز گرتووە و تێکەڵ ئەو خەڵکە بۆتەوە کە سی ساڵ لێیان دوور بوو.

 

هیچم لە دەست نایات. نە دەتوانم بیلاوێنمەوە، نە قسەم بۆ دەکرێ و نە وشەیەک لە مێشکمدا دەبینمەوە بۆ گووتن. لە ماتی و بێدەنگیدا وێنەکانی قاڕنا و قەڵاتان و حوسێن مامە و سەردەشت و شنۆ و پیرانشار لە مێشکمدا دێن و دەچن. لە پڕ بیرێک بە مێشکمدا دێ، زەندەقم دەچێ، ئەگەر تاقە کوڕەکەم و دایکی لە جیاتی سنە لە گەڵ ئێمە هاتبایەن بۆ ئێرە، چ حاڵ و ڕۆژێکم دەبوو؟ کە سەر هەڵدەبڕم کوڕێکی جوانچاکی بەژن کەلەگەت، سەیدۆ لە ئامێز دەگرێ، چەکێکی بە شانەوەیە و چەند پێشمەرگە دەوریان داوە، برای پێشمەرگە منیش لە ئامێز دەگرێ. چاو دەگێڕم خەڵک مەیتەکان کۆ دەکەنەوە و لە چەند ماشێن دا جێیان دەکەنەوە، لە ناکاو چاوم بە دوربینی تەلەوزیۆنی ئەلجەزیرە دەکەوێ، پێم سەیرە، ئەوانە لە کویڕا ئاگادار کراون؟ دەچم بۆ لایان، پێشمەرگەکان وەشوێنم دەکەون. لەو کەسەی کامێراکەی بە دەستەوەیە دەپرسم چۆن ئاگادار کراون؟ دەڵێ دوو سەعات لەوە پێش کەسێک تەلەفونی بۆ کردووین. پێشمەرگەکە پێی دەڵێ کارەساتەکە کەمتر لە سەعاتێکە ڕووی داوە، ئێوە پێش ئەوە ئاگادار کراون؟! هیچ وڵامێک وەرناگرێتەوە. پێشمەرگەکە ڕوو وەردەگێڕیتەوە بۆ لای سەیدۆ، دەست لە سەر شانی من دادەنێ و دەست دەخاتە ناو دەستم و خۆی بە ڕوودین دەناسێنێ. روودین ڕوودەکاتە پێشمەرگەکان و دەڵێ ئێمە دەبێ بڕۆین ، سەیدۆ چاو لە من دەکات و بە ڕوودین دەڵی ئێمەش دێین.

 

پێشمەرگەکان خۆیان لە دوو ماشێندا جێ کردۆتەوە، ئێمەشیان لێ زیاد بووین، هەموو بێدەنگن، سەیدۆ سەری داخستووە و وەک هەمیشە نوقمی بیرکردنەوەیە، سەری بە ئەسپایی هەڵدێنێ و سەیری من دەکات، وەها تێمەدەڕوانێ خۆم کۆدەکەمەوە، چاوی لە چاوەکانم بڕیوە، خەمێکی قورس دایگرتووە،بە ئەسپایی دەمی دەکاتەوە و لە بەر خۆیەوە دەڵێ ئەگەر داواکەی نارینم بە جێ هێنابا، ئێستا زیندوو بوو! تەزوویەک بە ناو مێشکمدا دێ، نارێن خۆی هاویشتۆتە ناو باوەشی باوکی و دەڵێ ئەزیش دەخوازم بە وەڕا بێم. سەیدۆ سەری ڕادەوەشێنێ و هەر دوو کوڵمەی ماچ دەکات، نارینۆ تۆ لە جەنب نوورین بمێنێ، ئەز و بارام زوو دەچین و زوو وەدەگەڕین و سبەی بە هەوڕا دەچین قامشلو. نارین وەک هەمیشە خێرا ئەم لاو و ئەولای سەیدۆ ماچ دەکات و دەڵێ، باشە بابۆ، زوو وەگەڕین. دەهەژێم!

دەست دەخەمە ناو دەستی، زۆر بۆخۆم دێنم قسەیەک بکەم، بیلاوێنمەوە، هیچم بۆ ناگوترێ. پێشمەرگەکان هەموو سەریان داخستووە. ڕوودین وەها چۆتە باڵ خۆیەوە هەست بە بوونی ناکرێ، لە ناکاو سەر هەڵدەبڕێ، فرمێسک بە لا چاوەکانیدا شۆربوونەتەوە. سەیدۆ، تۆ ژن و زارۆکی خۆت لە دەست داوە، نوورین خوشکی من و نارین خوارزام بوو. ئەز و تو هەر دوو وەک یەک بریندارین، لێ باش بزانە، ئەز ئارام ناگرم هەتا قاتلێ وان پەیدا نەکەم. دوو گرووپی ئێمە لە تەعقیبی ئەوان دان، ئێمە ئەوانە پەیدا دەکەین و بە سزای خۆیان دەگەێنیین، ئەرخایەن بمێنە!

دیسان بێدەنگی زاڵ دەبێ. لە ناکاو تەلەفونی ناو گیرفانی روودین دەنگی لێ بەرز دەبێتەوە. ها، هەواڵ چ هەیە؟ هەموو گوێمان هەڵخستووە، بەڵام هیچ نابیستین. لە ناکاو ڕوودین دەڵێ باشە ئەمیژ نەها بەوەڕا پەیوەست ببین. هەواڵنۆ، ئەو ئیسلامییە پیس و قڕژانە کەوتوونەتە کەمینەوە. هێندێک لەوان کوژراون و شەڕ بەردەوامە. ڕوو لە شۆفیرکە دەکاو پێی دەڵێ، ئێمە لێیان دوور نیین، تۆ گەرەکە بە ئالی چییایەدا بادەیەوە. بە بیسیم ماشینەکەی پشت سەر ئاگادار دەکاتەوە. ڕوو دەکاتە من و سەیدۆ. دەزانم ئێوە شەڕوان نیین و بە مەجبووری کەوتوونە مەیدانی شەڕەوە، ئێوە ناتوانن لە شەڕدا بەشداری بکەن، بەڵام بۆ خۆپاراستن دەبێ چەکتان پێ بێ! بەو کەسەی کە لە پێشەوە دانیشتوو دەڵێ، هەواڵ سەرحەد دوو تەپانچە بدە من، سەرحەد دەست دەخاتە ناو کۆڵە پشتییەکەی بەردەمی و دوو دەمانچە ڕەشی دەسک قاوەی دەداتە دەست ڕوودین، دوو چاردەخۆر. ڕوو دەکاتە من و دەپرسێ، دەکاری مرۆڤ بکوژی؟ بەر لەوەی من وڵامی بدەمەوە، سەیدۆ بزێیەک دەکەوێتە سەر لێوی خەفتداگرتووی و دەڵێ، بارام پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. لە ناکاو ڕوودین ڕادەبێ و لە کاتی هەستاندا سەری لە میچی ماشینەکە دەکوتێ، لە ئامێزم دەگرێ و هەردوو لا ڕوومەتم ماچ دەکات و دەڵێ سەر سەران سەرچاوان. دەپرسێ، خەڵقی سنەی یان مەهاباد؟ پێش ئەوەی من وڵامی بدەمەوە، خۆی دەڵێ، بابی من گەلێک بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شانازی دەکرد، بە کۆمارە کوردستانێ، بە قازی! دەمانچەکەی دا دەستم، دانیشتەوە و ڕووی کردە سەیدۆ و گوتی ئەوەش هی تۆ. لە دوورەوە دەنگی تەقە دەهات بە شۆفیرەکەی گوت ماشێنەکە لە شوێنێک ڕاگرێ. هەموو دادەبەزین، تەلەفونەکەی لە گیرفانی دەرهێناو ژمارەیەکی گرت، چەند خولەکێک لە بێدەنگیدا تێپەڕی. پاشان ڕووی کردە پێشمەرگەکان و گوتی ئێمە دەبینە سێ گرووپ، هەواڵانی ئێمە لە دەستی باکوورەوە ڕووبەڕوو لە شەڕدان، ئێمە لە دەستی باشوورەوە لە پشتەوە هێرش دەبینە سەریان، ئەوان ئەگەر بیانەوەی پاشەکشە بکەن حەول دەدەن خۆیان بگەیینە ناو دارستانەکە، دوو گرووپ لە ئێمە لە پشتەوە هەڵدەکوتینە سەریان، یەک گرووپ دەبێ لە جەمسەری دارستانەکە بمێنێتەەوە، هەتا ١٥ خولەکی دی دوو گرووپی دیکە لە هەوڵان دەگەنە ئێرە و پەیوەست دەبن بە گرووپی سێی ناو دارستانەکە، ئەگەر پێویست بوو، یەک لە گرووپەکانی ناو دارستان پشتی ئەو دوو گرووپە دەگرن کە لە پشتەوە شەڕی دوژمن دەکەن. دوای کۆتایی قسەکانی دەپرسێ کەسێک پرسیاری هەیە؟ کە هیچ نابیستێ ڕوو دەکاتە من و سەیدۆ و دەڵێ ئێوە لە گەڵ گرووپی سێهەم لە ناو دارستانەکە دەمێننەوە.

فەرماندەی گرووپی سێهەم کچێکە بە ناوی بەریڤان، بە بێ ئەوەی قسەیەک بکات دێت و سەیدۆ لە ئامێز دەگرێت و هەر دوو لا ڕوومەتی ماچ دەکات و پێی دەڵی، هەواڵ سەیدۆ ئەز سۆز دەدەم تۆ، ئێمە ئەو جەنایەتکارانە بە سزای خۆیان دەگەیێنین. سەیدۆ دەست دەخاتە ناو دەستی بەریڤان و دەیەوێ دەستی ماچ بکات، بەریڤان بە خێرایی دەستی دەکێشێتەوە دواوە و ناوچاوانی سەیدۆ ماچ دەکات و لە ئامێزی دەگرێ. پێشمەرگەکان بە دیتنی ئەم وێنەیە هێندێکیان سەریان دادەخەن و لاوترینی ناویان بزەیەکی دێتە سەر لێوان.

ڕوودین و دوو گروپی یەک و دوو لە ئێمە دوور دەکەونەوە، بەریڤان بە بیسیم ئەو دوو وشەیە لە ژێر لێوەوە دەچرپێنێ، “هەواڵنۆ دوو هەڵۆ هاتنە باڵ هەڤ.” ئێمە لە جەمسەری دارستانەکە لە پاڵ دارەکان سەنگەر دەگرین و چاومان بڕیوەتە ڕوودین و پێشمەرگەکان. ئەوان هێدی هێدی هەڵدەکشێنە سەرێ، تەقەی نێوان پێشمەرگەکانی ئەو بەر و ئیسلامییەکان بەردەوامە. بە هاتنی پێشمەرگەکانی ڕوودین ڕەنگە وەزعەکە بە سوودی پێشمەرگەکان بگۆڕدرێ، لەو خەیاڵاتانە دابووم کە گیزە گیزێک لە بێسیمەکەی بەریڤان بەرز بووە، بێسیمێکی بچکۆلانە کە هەر بەقەرا قوتووە شەمچەیەک دەبوو. “سپاس هەواڵ، تێگەهیشتم.” بەریڤان بە ئەسپایی گوتی پێشمەرگەکانی دەستەی سێ گەیشتوونەتە ئەو سەری دارستانەکە، گرووپێکیان لەو بەر دەمێنێتەوە و گرووپێکیان بە ئێمە پەیوەست دەبن، هێشتا قسەکانی تەواو نەبووە خشەخشێک لە پشت سەرمانەوە دێ، هەموو ئاوڕ دەدەنەوە، بەریڤان بە گرووپەکە دەلێ بسەکنن. خۆی بەرەوە شوێنەکە دەچێ، لە پشت دارێک خۆی حەشار دەدات، دەنگی خشە خش زۆرتر دێتە گوێ، دەنگەکە لە ڕووبەڕووە دەهات، هەتا دەهات دەنگەکە نزیکتر دەبوو، لە ناکاو بەریڤان گێلەنگەدەنی کڵاشینکۆفەکەی لێدا و گوڕاندی” تۆ کیی؟” لە بن بنچکی دارێک کەسێک بەرز بووە، ئەزم هەواڵ بەریڤان. لە ئێمەوە تەنیا یەک کەس دەبیندرا، بەریڤان دەپرسێ چما تۆ بەتەنێ؟ پێشمەرگەکە بە ئەسپایی وڵامی داوە ئەز نە بەتەنیام. سرنجی بەریڤان بۆ دەستە ڕاست و چەپ ڕاکێشا لە ناکاو کۆمەڵێکی دە دوازدە کەسی کە هەموو کچ بوون، لە هەر دوو لاوە ڕابوونە سەر پێ. هیچکام لە ئێمە هەستمان بە هاتنی ئەوان نەکربوو. بەریڤان بە پێکەنینەوە بۆ لای یەک لە کچەکان چوو، لە ئامیزی گرت و پێیگوت، دیجلە، توو هەر دەم وەک جانەوەر دێ و دەچی. هێشتا قسەکەی تەواو نەبووە دەنگی تەقە لەو سەری دارستانەکەوە هاتە گوێ، بە ئیشارەی دیجلە پێنج کەس لە کچەکان لێی نزیک دەبنەوە، ڕوو دەکاتە بەریڤان و پێی دەلێ مە دەچین، ئەو هەواڵانەی دی باڵ تۆ دەمێنن. گیزەیەک لە بێ سیمەکەی بەریڤان بەرز دەبێتەوە، خێرا بێسیمەکە دادەخات و بە گرووپەکەی خۆی و ئەوانی نوێ دەلێ هێندێک لە ئیسلامیەکان بۆ پشتگیری ئەوانی سەر کێوەکە هاتوون و کەوتوونەتە بۆسەی هەواڵان، هێندێک لەوان هاتوونە کوشتن، لێ شەڕ بەردەوامە. ئێمە لێرە دەمێنین، ئەگەر پێویست بێ ئێمەش دەچین. لێ ئێستا نە پێویستە. هەم لە پێش و هەم لە پشت سەرمانەوە دەنگی تەقە بەرزتر دەبێتەوە، ئیسلامییەکانی سەر شاخەکە کە لە ئێمەوە دیارن بە بیستنی تەقەی ناو دارستانەکە، چەند کەسێکیان بە قونە خشکە بەرەو خوارەوە دەخزن، بێ خەبەر لەوەی کە لە پشت سەریانەوە گرووپی ڕوودین کەمینیان کردووە، هیچ تەقەیەک لە گرووپی ڕودینەوە نابیسترێ، کە نزیک دەبنەوە وەبەر دەستڕێژی پێشمەرگەکانی دەستەی ڕوودین دەکەون، لە شەڵەژاوی چەند کەسێکیان هەڵدەستنە سەر پێ و بەرەو لای پێشەوە دەچن، کە یەک لە دوای یەک سلار دبنەوە، بە شوین ئەوەدا ڕوودین و گرووپەکەی بەرەو سەر هەڵدەکشێن. گرووپی ئیسلامێکانی سەر شاخەکە لە هەر دوو لاوە دەکەونە گەمارۆوە، لە ناکاو ڕوودین دەگوڕینە، خۆ بدەنە دەست تەسیلم بن، دەنا دەکوژرێن. بەریڤان کە ئەوە دەبێنێ بە هەواڵەکانی دەلێ، ئێمە گەرکە ئالیکاری هەواڵەکانی خۆمان بکەین. بە نەزمێکی تایبەت بەرەو ئەو سەری دارستانەکە دەچن، من و سەیدۆ و دوو پێشمەرگە لە شوێنی خۆمان بەجێ دەمێنین. تەقە لە هەردوو لاوە بەردەوامە، من نوقمی بیرەوەرییەکانی خۆم بووم. لە سەر بەرزاییەکانی نزیک دوخانیاتی شاری سەقز لە شەڕداین، ئێمە کە شەڕکەر نەبووین و چمان لە تەکنیکی شەڕ نەدەزانی، پێشمەرگەکانی یەکیەتی نیشتمانی و کۆمەڵێک پێشمەرگەی دیکە یارمەتی دەرمان بوون و پێیان دەگوتین چی بکەین، لە پاڵ من پێشمەرگەیەکی بەتەمەن کە تێگەیشتبوو شەڕکەر نیم، پێی گووتم، سەرت بەرز مەکەوە. وژە وژی تێپەڕبوونی گوولە کە بە سەر سەرمان و بەر چاومانەوە دەهاتن و دەچوون، دەرفەتی ئەوەی نەدەدا خۆ ببزوێنین، ئێمە لە شوێنێک بووین کە لە دوورەوە پردەکەی سەقزمان دەبینی، هەرچەند هەوا تاریکی کردبوو، بەڵام تەیارە بە سەر ئاسمانی شاردا دەفڕی و منەوەری دەهاویشت و ئێمە لە ژێر منەوەردا دیار دەکەوتین. پێشمەرگەکەی پەنام گوتی ئەگەر تانکەکان بگەنە سەر پردەکە ئەوە دەبێ پاشەکشە بکەین، لە دەرووبەری پردەکە شەڕ بە گەرمی لە ئارادا بوو، پێشمەرگەکان پێشیان بەو لەشکرە گرتبوو کە لە سنەوە وەڕێ کەوتبوو، ئێمە خەمی پشت سەرمان نەبوو، لەبەر ئەوەی بۆکان لە دەست پێشمەرگەدا بوو، خەتری هاتنی ئەرتەش و موجاهید نەبوو، کە تانکەکان گەیشتنە سەر پردەکە، دەستووری پاشەکشە بەرەو بۆکان درا. کە لە هەورازەکەی سەر تەپکەکە شۆڕ بووینەوە بۆ ناو دۆڵەکە، کۆمەڵێک دۆست و ناسیاوم چاو پێکەوت، کوتیان چەند خولەکێک لێرە دەمێنیننەوە و خۆمان دەگەێننیننە ئێوە، کە لەوان دوور کەوتینەوە و خۆمان گەیاندە سەرجادەی بۆکان سەقز، لە ناکاو پشت سەرمان بە منەوەر ڕۆشن کرا، دوور لە چاوەڕوانی دیتمان لە هەموو لاێکەوە پاسدار و موجاهید ڕژانە ناو دۆڵەکەوە، هەموو ئەو ناسیاوانە لەو شەوەدا گیران و دواتر لە دار دران. جادەی نێوان بۆکان و سەقز ببوو بە مەیدانی شەڕ، من تەنیا لە فیلمەکانی شەڕی دووهەمدا وێنەی وام بینیبوو، ماشینی سووتاو خەڵکێکی ماندوو و بریندار، کە بێ ئاکام بە پای پەتی دەهاتن و دەچوون.

وەها کەوتبوومە گێژاویی بیرەوەرییەکانمەوە هۆشم نەمابوو، نەمدەزانی لە دەوروبەرم چی ڕوودەدا. کە سەیری سەر شاخەکەم کرد، چاوم ڕێشکە وپێشکەی دەکرد، پێشمەرگەکان سەر شاخەکەیان ڕەش داگەڕاندبوو، لە پێشیانەوە خەڵکێکی سەروپرچ ئاڵۆزی ڕیش درێژ بەرەو خوارەوە پاڵە پەستێو دەدران. ژمارەیان دەگەیشتە دوزادە کەس. گشتیان چەک کرابوون و دەستیان بە سیم بەسترابوو. لە داوێنی گردەکە موڵ دران. ڕوودین هات بۆ لامان و ڕووی کردە سەیدۆ و گوتی من سۆزم دابوو کە ئەو جنایتکاران بگرم و سزا بدەم. من ئەوان ناکوژم، بەڵام دەرسێکیان دادەم هەتا هەتایە لە بیریان نەچێ. ئەگەر تو لە کوردستان بمێنێ بە چاوی خۆت دەبینی، گەر بچییەوە بۆ ئاڵمان من بۆت دەنووسم. سەیدۆ دەستی خستە سەر شانی ڕوودین، بەڵام هیچی نەگووت. ئەوانەی مۆڵ درابوون، زۆرتر لە درندەیەکی تووڕەی ناو قەفەس دوچوون، لە سەرو چاویاندا هیچ هەستێکی ئینسانی بەدی نەدەکرا، چاوەکانیان پڕ لە ڕق و کینە بوو. کە سەیری سەیدۆم کرد چاوی بە سەر ڕوخاساری یەخسیرەکاندا دەخوشی، قووڵ چووبووە ناوخۆیەوە. هەرچەند ئەو بێدەنگ بوو بەڵام مێشکی من پڕ لە پرسیار بوو، کۆمەڵکوژی منداڵ بۆچی و لە بەر چی؟ ئەوە چ ڕق و قین و ئایینێکە کە کوێرکوێرانە منداڵ دەکوژێ؟ ئەوە چ بارگایەکی ئاسمانییە، کە پەێڕەوەکانی قاتڵ و خوێنڕێژ و جنایەتکارن؟ ئەوە چ ئایینێکە بەهەشتەکەی بە جەنایەتکار پڕی دەکرێ؟ دیسان قسەکانی ڕوودین پەردەی خەیاڵاتم دەپچڕێنێ. ڕوو دەکاتە دوو کەس لە هەواڵەکانی و داوایان لێدەکات بیانپشکنن. جل و بەرگی هەمە جۆریان لەبەر دایە، پیس و چڵکن دەنوێنن. لە ماوەی چەند خولەکدا هەرچی لە گیرفان و باخەڵ و ناو جلەکانیان دابوو دەرهاویشتران. هەر کام ناسنامەیەکی تایبەتیان پێ بوو کە وێنەیانی بە سەرەوە بوو، ڕوودین دانە بە دانەی ناسنامەکانی دەخوێندەوە، زۆربەیان عیراقی و سووری بوون، لە پڕ هات بۆ لای من و دوو لە ناسنامەکانی دا دەستم. کە سەیرم کردن، تێکچووم، یەکیان ناوێکی کوردی و ئەوی دی ناوێکی ئیڕانی بوو، شوێنی لە دایکبوون، گوندێکی باشووری کوردستان و شارێکی ئایینی ئیران.

ڕوودین ڕووی کردە سەیدۆ و من، کوتی ئێوە دەچنەوە بۆ ناشتنی تەرمەکان، من دوای چەند ڕۆژی دیکە دێم بۆ لاتان. بەریڤان تەرتیبی ئەو کارە دەدات. بەریڤان چوو بۆ لای دیجلە و شتێکی بە گوێدا چرپاند. من و سەیدۆ و سێ پێشمەرگە سواری ماشێن بووین. شۆفیری ماشێن کاسێتێکی خستە ناو زەبتی ماشینەکە، جوان حاجۆ گۆرانییەکی کۆنی خۆی دەچڕی، بە بیستنی گۆرانییەکە، سەیدۆ سەری بەرز کردەوە، چاوێکی لە من کرد، دێتەوە بیرت؟ ئەوە هەمان سترانە کە لە جەژنی دووی ڕێبەندانی ساڵی ٨٨ لە زانستگەی کوڵن چڕێبووی. جوان بۆ یەکەمجار لە سەر سەوزاییەکەی پارکی نزیک مێنزا(ڕێستوڕانی دانشگا) ئەو گۆرانییەی بۆ ئێمە گوتبوو. ئەوە هەر ئەو ڕۆژەیە کە ئێمە باسی پێکهێنانی گرووپێکی شانۆی کوردیمان کردبوو، لە ڕاستیدا ئیدەکە هی سەیدۆ بوو.

هەروا کە ئێمە باسی ئەو ڕۆژانە و جوان حاجۆمان دەکرد، دیجلە چاوی بڕیبووە ئێمە و بزەی لە سەر لێو بوو، لە ناکاو پرسی، بەهرام تۆ لەوەر چ دەکەی؟ حەپەسرام! دیسان پرسی” تۆ چما عەشقا خۆ لە بیر کرییە؟” هەموو چاویان بڕیبووە، سەروچاوە پر لە پرسیارەکەی من! مێشکم داخرابوو، گەر بە کوتک لێتدابایە وەک دەهۆڵ دەنگی دەدایەوە. چما شتێکی نابێژی؟ لێم دەپرسێ. تۆ لەوەر چ دەکەی؟ تەنیا شتێکی کە بە مێشکمدا هات ئەوە بوو بڵێم، باوەڕ دەکەم تۆ منت لە گەڵ کەسێکی دیکە لێ گۆڕاوە. شێوەی ئاخافتنەکەی گۆڕی و وەک مەهابادیان گوتی، نەخێر تۆم لێ نەگۆڕاوە. تۆ بەهرامی ژمارەی ماڵەکەت، ١٦یە. سەیدۆ سەری بەرز کردەوە و بزە کەوتە سەر لێوی. شۆفیرەکە کە ئەویش هەر کەنیشکێک بوو، ئاوڕێکی داوە، پێشمەرگەکەی پەنا خۆم، کە ئەویش هەر کەنیشک بوو، ئەنیشکێکی تێسرەواندم و گوتی چما بەرسڤ نادەی؟ گوتم، چ ببێژم. ئەو وەک مەئمورێکی ئیستخبارات خەبەر دەدات. دیجلە دیسان ڕووی تێکردم و پرسی “چما تە عەشقا خۆ وندا کرییە؟ چما؟” هەردوو کچەکان پێکەنین. لە ناکاو کڵاوەکەی سەری لابرد، چاویلکەکەی لادا و پرچی پەرێشان کرد. بێ ئەوەی زمانم بگەڕێ و قسەیەک بکەم، فرمێسک بە لاچاوەکانمدا هاتنە خوار، قسەکەی لە گوێمدا دەزرینگایەوە” تۆ چما عەشقا خۆ بیر کرییە؟” بێ ئەوەی بە خۆ بزانم هێرشی بۆ دەبەم و لە ئامێزی دەگرم ماچ بارانی دەکەم، ئەگەر بە خۆم بایە هەر لەوێ بە ڕووتی لە تەپڵی سەر هەتا بەری پێی ڕامدەمووسی، دەملێستەوە. لە مێشکمدا تەنیا ئەو ڕستەیە دەزرینگایەوە “تۆ چما عەشقا خۆ بیر کرییە؟” کە وەخۆم هاتمەوە، دەمم لە کەوشەکانی چەقاندبوو! بە ئەسپایی خوشیمە سەر جێگاکەم، بێدەنگی زاڵ ببوو، دەنگ لە کەسەوە نەدەهات، زەبتەکە بێدەنگ کرابوو، دیجلە هەر وا لە جێگای خۆی چەقیبوو، کە سەیری سەیدۆم کرد چەمابووە، گرمۆڵە ببوو، مەتەق لە کەسەوە نەدەهات، کەنیشکەکەی تەنیشتم بە ئەسپایی فرمێسکەکانی خۆی دەسڕی. دیجلە خۆی گەیاندە سەر کورسییەکەی و سەری بەردایەوە. لە ناکاو دەستێک خوشییە ناو دەستم، کە لام کردەوە سەیدۆ دەمی دەکێشا بۆ لای ڕوومەتم. نازانم چۆن کەوتینە ئامێزی یەکترییەوە، فرمێسک بە چاوی هەرکماندا دەهاتە خوار. سەیدۆ گوتی ، هاواڵی منی هێژا، ئەو چ سەرهاتییە؟

درێژەی هەیە…