کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ٢٠١٣ . جەماڵ عەڵیاڵی

سەرەرای کەندوکۆسپ و دڕدۆنگی داگیرکەران و ناحەزان، سەرەرای ناتەبایی لایەنەکانی کوردی، ئاواتێکی لەمێژینەی نەتەوەی کورد بەدی هات! کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بەرەو ئامادەکاری بۆ خۆ رێکخستن وەڕێ کەوت. زۆر تاکی ناسراو، دەیان و سەدان هەزار تاکی نەناسراو بەو ئاواتەوە سەریان نایەوە. بەڵام ئەرکی کۆنگرەی نەتەوەیی چییە؟ پرسیارێکی مەنتیقی، لە هەمان کاتدا شاراوە. فرەچەشنی لە پێداویستییەکانی هەنووکەیی نەتەوەی کورد مەنتیقیە بەڵام فرەچەشنی لە تایبەتمەندییەکانی دۆخی کۆمەڵایەتی سیاسی کوردستان پرسیارەکە شاراوە دەکات بە هۆی ئەوە کە مرۆڤ دەستەوەستان دەوەستێ و نازانێ لە چ لایەکەوە دەست پێ بکات. مەبەستی ئەو کورتە بابەتە چارە دۆزینەوە نیە بەڵکو وەبەرچاو خستنی دوو فاکتەرە کە لە پێ نەگەیشتنی یێکێتی نەتەوەییدا دەوری گێڕاوە و سەڕەڕای دەسپێکی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی، دووبارە هەر دەور دەگێڕێ و دەتوانێ بە هاسانی کۆسپ و تەگەرەی گران بخاتە سەر ڕێگەی کونگرەی نەتەوەیی.

یەکەم ئەوە کە تا ئێستا هەر کات لایەنەکانی کوردی بە تەوژمی مێژوو هاتوونەتە سەر دانوستان هەردەم مشت و مڕیان لە سەر خاڵە ناکۆکییەکان بووە، واتە بە دەگمەن باس و خواس هاتۆتە سەر خاڵی هاوبەش. بە زمانێکیتر هەر پرسیارێک دەتوانی لە ڕوانگەی لایەنەکانی دانوستان لە دوو خانە جێ بگرێ، پۆزیتیڤ یان نێگاتیڤ. هەر لایەنێک سەربەستە لە ڕوانگەی خۆیەوە خاڵێک بخاتە ناو خانەی پۆزیتیڤ یان نێگاتیڤ. بە شایەتی مێژوو ئەو لایەنانەی کە لە هەر خاڵێکدا تۆسقاڵێک ڕووناکایی دەبینن و بە پۆزیتیڤ هەڵیدەسەنگێنن کەمتر داکەوتوون، زیاتر براوە بوونە. بیرمەندی و پێگەیشتوویی سیاسی لەو لایەنانەدا بەدی دەکرێ کە داهاتوو لە سەر خاڵی پۆزیتیڤ دادەمەزرێنن، ئەوان براوەن!

دووهەم ئەوە کە تا ئێستا بە زۆر هۆکاران زۆربەی هەرە زۆری هەوڵ و تێکۆشانی نەتەوەی کورد بە ئاکامێکی لە بڕ خۆبەخشینەکاندا نەگەیشتووە. زۆربەی هەرە زۆری ئەو هەوڵ و تێکۆشانانەش دووپات و سەدپات دەبنەوە بێ ئەوەی کە بە ئاکامێک بگەن. ئێستا ئێتر کاتی ئەوەیە کە بە تێروانینێکی قووڵ لە سەر مێژووی ڕابووردوو، ئامراز و کەرەستە، تەنانەت شێوازی نۆێ بێتە ئاراوە. ئەو سیاسەتەی تا دۆێنی هەبوو و بە ئاکام نەگەیشت، دەگمەنە ئەوڕۆ با ئاکام بگات.

لە سەردەمی نۆێدا تاکەکان، سازەکان و بە گشتی کۆمەڵگە خۆی بۆ شێوازی نۆێ ئامادە دەکات. نەتەوەی کورد لەوە جیاواز نیە. داگیرکەران تا ئێستا کوردیان بە خودموختاری … و یاری مناڵانەی لەو چەشنە سەرقاڵ کردووە. هەمووکەس ئاگادارە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ئاڵ و گۆڕی سیاسی بێ بەشداری کورد سەرناکەوێ، کەواتە پێویستە نەتەوەی کورد داخوازی سەروەری خۆی بکات. ئەگەر داگیرانی کوردستان لە هەمبەر سەروەری نەتەوەی کورد وەکوو هاوتای خۆیان سەر دانەنۆێنن ئەوکات پێویستە سیاسەتێکیتر بگرێتە بەر. پێویستە کۆنگرەی نەتەوەیی ڕێگە دزە بە خاڵی نێگاتیڤ بۆ نێو کۆنگرەکە نەدات و بە گرتنە بەری شێوازی نۆێ پێگەیشتوویی سیاسی خۆی بنۆێنێ و سەروەری خۆی بە داگیرکەراندا بسەپێنێ.

جەماڵی عەڵیاڵی ١٠/٠٨/٢٠١٣