لەبارەی شێرکۆ بێکەس‌ـەوە. نامەیەکی تایبەت بۆ بەڕێز مەسعود بازانی..

بەڕێز جەنابی مەسعود بارزانی

پاش سڵاو.. ھیوادارم کە ئەم نامەیە دەخوێننەوە باش و ئارام بن.. وەک دەزانن ٤ی ئۆگەستی ژیانی ئەستێرەیەکی گەورەی ڕۆژھەڵات لە ڕۆژئاوا کوژایەوە.. بەم نامەیە پێمخۆشە یادتان بخەمەوە، شێرکۆ بێکەس تەنیا باوکی قۆناغێک

لە شیعری کوردی و نوێکەرەوی زمانی کوردی نییە، ئەو گەورەترە لە ناوێک کە ئاماژە بێ بەکەسێک یان تەنیا شوێنێکمان بیربخاتەوە.. ئێوە دەزانن ھەموو نووسەرە گەورەکانی دنیا سەروەرین لە پێشدا بۆ وڵات ناوچە و شارەکانی خۆیان ئەوسا بۆ مرۆڤایەتی؛ بەشێوەیەک شوناسی شارەکان شوناسی نووسەرەکانە و ناوچەکان ڕەنگ‌‌وڕووی ئەدیبە گەورەکانی خۆیان دەگرن، سەرنج‌بفەرموون؛ دۆستۆیۆڤسکی بخوێننەوە و (پترزبۆرگ)تان نەیەتەوە پێشچاو، چیخۆف بێ (یاڵتا)، جێمس‌جویس بخوێننەوە و (دبلن) لەیاد بکەن، دیکنز و شێکسپیر بخوێننەوە و بیر لە (لەندەن) مەکەنەوە.. نیکۆس‌کازانتزاکیس بێ (کریت)، پاموک بێ (ئیستانبوڵ)، (تەنجە) ‌بێ ‌تاھیر بن‌جەلون، (جۆھانسبێرگ) بێ گۆردیمەر، (‌بۆینس‌ئایرس) ‌بێ ‌بۆرخیس، خۆسەسێلا ‌بێ (سالامانکا)، کافکا بێ (پراگ)، (ستۆکھۆڵم) بێ ستریندبێری.. دەبینی ناکرێ، چونکە پەیوەندییەکی قووڵ فرەلۆچ و ‌قژقژ لەنێوان نووسەرەکان و شارەکانیاندا هەیە، بەڵام شێرکۆ بێکەس ڕیزپەڕێکی ئاوارتەیە، ئەگەرچی خەڵکی سلێمانییە، بەڵام شیعری ئەو؛ بۆ مەھاباد و بۆ قامیشلی و بۆ دیاربەکر و بۆ ھەولێر و بۆ دھۆکی ئازیز و بەشی شێریشی وەک ھەمیشە بۆ کەرکوکی خوێناوی و بریندارە.. شێرکۆ بێکەس زیاترە لە ناوێک، زیاترە لە فەرهەنگێکی مەزنی زمانی کورد، زیاتر لە پێشمەرگەیەک و زیاترە لە نیشتیمانپەروەرێکی ڕاستەقینە، کە ٧٠ ساڵی ژیانی بۆ وشە و زمانی کوردی تەرخان کرد و لای بەڕێزیشتان ڕوونە چ گەنجینەیەکی گەورە و گرانی بۆ ئەم زمانی کوردییە جێهێشتووە، گەنجینەیەک؛ کە ساڵانێکی زۆری دەوێت تا توێژەر و شێرکۆناسەکان، دووڕی یەتیم لەو قووڵاییەی جیهانی بێکەس هەڵگۆزن.

ئامانجی ئەم نامەیە ئەوەیە؛ کە پایەی بڵندی شێرکۆ بێکەس وەک پێویستییەکی زانستی-وێژەیی ئێستامان بە حەق بناسین.. شیرکۆ بێکەس سەروەتێکی ڕۆحی و نیشتیمانییە بۆ گەلی کورد لە ھەرشوێنێکی ئەم سەر زەوییە.. با لە مەرگی شێرکۆدا ئەم سەرەوەتە گەورەیە وەک خۆی نازبکەین، هەر بۆیەش لە حزوری جەنابتاندا، بەندە پێشنیار دەکەم بۆ دروستکردنی ئەکادیمیایەکی تایبەت بە شێرکۆ بێکەس. ئەو زاتە خۆشی لەوەسیتەکەیدا پێشنیاری دانانی خەڵاتێکی ساڵانەی بەناوی (بێکەس)ـەوە کردووە بۆ جوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی ساڵ، کە خەرجییەکەی لە میراتی بەجێهێڵراوی خۆی بدرێت.. ئەوە وەک خەڵاتێکی لۆکاڵی بۆ داهێنراوێکی ئەدەبیی کوردی جێی ستایش و دڵفراوانی و خەمخۆری بێکەسە بۆ شیعر و زمانی ئازیزی کوردی لەپاش نەمانی خۆشی.. من پێشنیار دەکەم جەنابت فەرمان بە دروستکردنی (ئەکادیمیای شێرکۆ بێکەس) بدەیت..

کە ئەو ئەکادیمیایە وەک ناوەندێکی توێژینەوەی وێژەیی ساڵانە (خەڵاتی شێرکۆ بێکەس –Sherko Bekas Prize) بۆ ھەردوو بواری (ئەدەب) و (ئاشتی) بدات بە نووسەرێک و ئاشتیخوازێکی گەورەی جیھانیی، بەجۆرێ خەڵاتەکە ئەگەر لە ئاستی نۆبڵیشدا نەبێ، ئەوا لە ئاستی خەڵاتە ئەدەبییە گەورەکانی وەک خەڵاتی گۆتە، گۆنکۆر، بۆکەر، فلۆر، سێرڤانتسدا بێ.. بەخشینی ئەو خەڵاتە ھەم نییەتی خەڵکی کوردستان بۆ یادکردنی مرۆڤە گەورەکانی خۆی و ھەم وەک ڕێزگرتن لە مەقامی ئەدەب و پایەی کتێب دەناسێنێت.. دەکرێ ئەکادیمیای پێشنیارکراو، لە خەڵکانی شارەزا و ئەندامانی ئەکادیمیای کوردی و مامۆستایانی زانکۆ و ڕۆشنبیرانی دەستەبژێرو جدی و شێرکۆناسەکان پێکبێت و ڕاستەوخۆ پەیوەست بەسەرۆکایەتی ھەرێم یان ئەنجومەنی وەزیرانەوە بێت.. ئەوە جگە لە کردنەوەی مۆزەخانەی تایبەتی شێرکۆ بێکەس وەک (ماڵی شێرکۆ بێکەس) کە پێکبێت لە تەواوی شتە تایبەتەکانی ئەو زاتە وەک و چاویلکە قەڵەم و دەستنووسەکانی…تاد. کە ئەمە دواتر وەکو ماڵەکانی شێکسپیر و دۆستۆیۆڤسکی و لۆرانس دەبێتە جێگایەکی گرنگی گەشتیاریی بۆ توریست و ئەدەبدۆستەکانی جیھان.. لە پێناو ناسینی شێرکۆ بێکەس وەک شاعیرێکی جیھانی؛ ئاکادیمیای پێشنیارکراو کارەکانی شاعیر بۆ زمانە زیندووەکانی دنیا وەربگێڕێ، جگە لە کاری ھونەری و ڕاسپاردنی باشترین پەیکەرسازەکانی کورد بۆ دروستکردنی پەیکەری شیاو بۆ ئەو زاتە، بەجۆرێک ئەو ھێما نیشتیمانییەی ئێمە لە ھەموو شارەکاندا ببنیرێت..

ڕێزدار کاک مەسعود.. لەبەر ئەوەی ئێستا مام جەلال لە کۆڕی حازراندا نییە، با جەنابت لوتف بفەرمووی و ئەم ئەرکە بەحەق نیشتیمانییە و ئەم داوایەی من -وەک نووسەرێکی بچووک لە دووروڵات- بۆ خزمەتی کوردستانی گەورە و نیەتی بەدەنگەوەھاتنتان بۆ ئەدەبی نوێی کوردی، ئەم مێژووە تۆمار بکەن و ئەم پیێشنیارە قبووڵ بفەرموون..

حورمەتی دووبارە.

توانا ئەمین

٨-٨-٢٠١٣/ ستۆکھۆڵم