لەرۆژاوا کوردان قەڵاچۆدەکرێن، ”پارتی” و ”پێ کێ کێ” لەهەوڵی خۆسەپاندن بەسەر گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندان! سیروان کاوسی

راپەڕینی گەلانی سووریا لەدووساڵونیوی رابردوو لەدژی سیستەمی دیکتاتۆریی رژێمی بەعس بەسەرۆکایەتیی بنەماڵەی ”ئەسەد”، دەرفەتێکی زێڕین و مێژوویی بۆ کوردی رۆژاوای کوردستان خولقاند، کە دوای نێزیک بەسەدەیەک سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و پاکتاوکردنی

رەگەزیی، بانگی ئازادی و رزگاریی لە رۆژاوای کوردستان هەڵبدا.لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی جەماوەری وشەڕوپێکدادانی چەکداریی لەدژی رژێمی ئەسەد لەسەرتاسەری سووریا، لقی پارتی کرێکارانی کوردستان بەناوی پارتی یەکێتی دێمۆکراتی (PYD) بەسەرۆکایەتیی ”ساڵح موسلیم”، لەئەنجامی رێککەوتنێک لەگەڵ رژێمی سووریا توانی بێکێشە و خوێنڕشتن، زۆرینەی خاکی رۆژاوای کوردستان بخاتە ژێردەستییەوە، کە ئەمەش بێگومان بڕیارێکی نەتەوەیی و ژیرانەبوو، چۆنکە گەر PYD بهاتایە هاوکاریی ئۆپۆزسیۆنی سووریای بکردایە، ئەوا رۆژاوای کوردستان بەخێرایی دەبووە لانکەی دەزگەی ”میت”ی تورکیا و رێکخراوی تێرۆریستی ”قاعیدە” و لایەنەکانی سوننەی سەربە رژێمەکانی عەرەبی ناوچەکە و تورکیا، بەوەش پیلانی تورکیا و عەرەبی سوننە دژ بەکوردی رۆژاوا دەهاتەدی، کوردیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاردەهێنا و، دوای رووخانی رژێمی ئەسەدیش هیچ مافێکیان پێرەوانەدەبینی!

سەرۆکایەتیی پێ کێ کێ پێشچوونە نێو خاکی رۆژاوای کوردستانەوە، بەتەواوەتیی خۆی بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەلاتی سیاسیی ئامادەکردبوو، چۆنکە بەخێرایی لەهەموو بوارەکانی پەروەردە و ئاسایش و هێزی بەرگریی جەماوەری و دابینکردنی خواردەمەنی خەڵکی شار وگوندەکانیان رێکخست و هێزوپێگەیەکی جەماوەریی فراوانیان لەدەوری خۆیان کۆکردەوە. بەمەشەوە نەوەستان، دەسەڵاتی خۆیان بۆ قامیشلۆ و سەرێکانی پەرەپێدا کە لەڕووی حەشیمەت و توانای ئابوورییەوە بە دوو ناوچەی گرنگی سووریا دەژمێردرێن. ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەگەڵ رژێمی تورکیا، هەر لەسەرەتاوە هەوڵیاندا پارتی کرێکارانی کوردستان و PYD پشتگوێخەن و بیانخەنە پەراوێزەوە، ئەوەبوو چەند کۆبوونوەیەکیان لە تورکیا بەست و چەند حیزبێکی بچووکی کوردی رۆژاواشیان تێدا بەشدارکرد، بۆ ئەوەی وەک دەمڕاست و نوێنەری گەلانی سووریا لەئاستی دەرەوە و نێوخۆی سووریا بیدەنە قەلەم. بەڵام PYD بێگوێدانە ئەم پیلانگێڕی و گەمەسیاسییەی رژێمی تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بەردەوامبوو لەپتەوترکردنی بناخەکانی دەسەڵاتی جەماوەری و سەربازیی خۆی.

بۆ عەرەبی ناوچەکە بەگشتی و رژێمی تورک بەتایبەتیی، دەستبەسەرداگرتنی چالەنەوتەکانی ”سەرێکانی” لەلایەن PYDوە بەزەنگێکی مەترسیدارتر لەو دەسەلاتە کوردییە ئەژمارکرا کە لەباشووری کوردستاندا هەیە، چۆنکە وڵاتانی عەرەب بەگشتی، رۆژاوای کوردستان هەروەک باشووری کوردستان بەبەشێک لەنیشتمانی عەرەبی دەزانن و، سەرهەڵدانی هەر جۆرە دەسەلاتێکی کوردی لەرۆژاوا بەنیشانەی پێشێلکردنی یەکێتی خاکی سووریا و داگیرکردنی نیشتمانی عەرەب دەدەنەقەلەم، ئەوجا بۆ رژێمی تورکیاش کە بەدرێژایی زیاتر لە سیی ساڵ، سەرەرای هەموو پیلانگێڕی و پەلاماری سەربازیی بۆ لەنێوبردنی بزاڤی باکووری کوردستان، نەک هەر سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە، بەڵکو بەئازادبوونی رۆژاوای کوردستان لەژێر بەڕێوەبەرێتیی پێ کێ کێ دا، هێندەی دیکە ئەم پارتە لەئاستی کوردستان و ناوچەکە بەهێزتر بووە، ئازادبوونی رۆژاوای کوردستان، کاریگەریی لەسەر باکووری کوردستانیش دادەنیت کە لەهەردوو بەشەکەدا خاوەنی سەرکردەیەتییەکی هاوبەشن.

ئەم دۆخە چاوەڕواننەکراو و نەخوازراوە تورکیای ناچارکرد لەڕێگەی دەزگەی ”میت” وە بەناوی گوایە چارەسەرکردنی پرسی کورد لەباکوور و هاندانی PYD بۆ شەڕ لەدژی رژێمی سووریا، لەگەڵ سەرکردەیەتیی پێ کێ کێ لەهەردوو بەشی باکوور و رۆژاوا دەرگەی وتووێژ بکاتەوە! ئەوەبوو چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان ”میت” و PYDئەنجامدرا، پاشان سەرۆکی PYD(ساڵح موسلیم) رۆژی 26/7/2013 لەسەر بانگێشتی رژێمی تورک گەیشتە ئەستەمۆڵ. لەکۆبوونەوەکەدا، رژێمی تورکیا رایدەگەیەنێت، ئامادەیە چەند دەروازەیەک لەسنوور بکاتەوە بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆڤی و سەربازیی بە رۆژاوای کوردستان، بەمەرجێک PYDبکەوێتە نێو ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە و، لەدژی رژێمی ئەسەد شەڕ بکات! دیدار و دانیشتنەکان و، هاوکاتیش شەڕی HPG باڵی سەربازیی PYD لەرۆژاوا لەدژی چەکدارانی بەکرێگیرای سەر بە تورکیا و دەستەوتاقمی بەکرێگیراوی دیکەی عەرەب ئێستاشی لەگەڵ بێ، بەردەوامە، لەدواکۆبوونەوەی نێوان ساڵح موسلیم کە رۆژی 13/8/2013 لەئەستەمۆڵ لەگەڵ کاربەدەستانی ترک ئەنجامیداوە، باس لەوە دەکەن، لایەنی تورک دیسان گوتوویانە ئامادەن چەند دەروازەیەک بۆ ناردنی یارمەتی بەکوردی رۆژاوا بکەنەوە، بەمەرجێک هاوکاریی سوپای ئازاد بکەن. رژێمی تورک هەروەها ”ساڵح موسلیم” یان ئاگادارکردووە ئەو تانک و تۆپ و چەکوچۆڵە گەورە و زۆرانەی دوای کشانەوەی سوپای رژێمی سووریا دەستیکەتووە، نابێ بکەونە دەستی پێ کێ کێ! گەر بێتوو PYD بەمەرجەکانی تورکیا رازینەبێ، هێرشی سەربازیی دەکاتە سەری و، رۆژاوا داگیردەکات!

ئەم دیدار و قسەوباسە پڕوچڕانە تاکو ئێستا ئەنجامێکیان نەبووە و، بێگومان لەداهاتووشدا نایبێت.، چۆنکە بۆ PYD و نەتەوەی کورد و چاودێرانی سیاسیی، ئامانج و پیلانگێڕیی تورکیا لەشانۆگەریی ”وتووێژ”ی لەگەڵ سەرۆکایەتیی باکووری کوردستان زوو ئاشکرابوون، کاتێک لەگەرمەی کشانەوەی هێزی گریلا لەقووڵایی باکوورەوە بۆ دەرەوەی سنوور، سوپای تورکیا دەستیکرد بەسازکردنی پێگە و مۆڵگە بۆ هێزی جاش و بلاوەکردنیان لە شوێنەکانی گریلا. لەنێوخۆی کوردستان و لەئاستی تورکیاش هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرت بۆ خۆشکردنی زەوینەی ئاشتی و وتووێژ. ئەوجا لەرۆژاوای کوردستانیش هەموو هەوڵی خستەگەڕ بۆ پەروەردەکردن و پشتیوانیکردنی لۆجستیکی لە دەستەوتاقمی تێرۆریست و بکوژانی وەک ”جبهەی النوسرە” و ئەلقاعیدە” و ”سوپای ئازاد” و پڕچەککردنیان و ناردنیان بۆ کوشتن و دەستدرێژیکردن و سەربڕینی ژنومنداڵ و پیرولاوی کورد لەڕۆژاوای کوردستان. هاوکات لەگەڵ پیلانگێرییەکانی تورکیا، لەچەندین لاوە مەلا و پیاوانی ئاینیی عەرەب، فتوای کوشتنی کوردانیان بلاوکردەوە و، سەرەتای مانگی ئەگوست (خەرمانان) شاڵاوێکی دیکەی کوردکوشتن لە گوندی ”تەل ئێران” و، دەوروبەری لەرۆژاوای کوردستان ئەنجامدرا و، بەهۆیەوە سەدان ژنومنداڵ و پیرولاوی کورد رفێندران، سەربڕدران و لاشەی پارچەکراوایان بەکۆڵان و ماڵان و دەشتی ناوچەکە بلاوکرایەوە،

فتوای جیهاد و هێرشی عەرەبی سوننە بۆ سەر کوردان لەرۆژاوای کوردستان و، فەرمانی کوشتنی پیاوان و حەڵالکردنی ژنان و کچانی کورد لەلایەن مەلایانی تەنگەتیلکە و کۆنەپارێزی ناوچەکەوە لەدژی کورد، جارێکی دیکە شارستانێتی و کولتووری چەند گەلێکی داگیرکەری وەک عەرەب و ترک و فارسی خستەوەڕوو کە بەدرێژایی سەدان ساڵ بەم شێوازە دڕندانەیە، بەپشتبەستن بەئیدۆلۆژی و فتوای ئاینیی، هەوڵی پاکتاوکردنی رەگەزیی کورد و داگیرکردنی نیشتمانەکەیان داوە و، دەیدەن!

عەرەبی سوننە و شیعە و رژێمەکانی تورکیا و ئێران و زلهێزەکانی جیهان، لە سووریا و لەناوچەکە لەململانێدان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، ئەوی لەم نێوەدا لەبەرژەوەندی و ستراتیژی نەتەوەیی تێنەگەیشتووە و پێنەگەیشتووە سەرکردەیەتیی کوردە بەهەموو جۆر و نێو و پێکهاتەکانییەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم بارودۆخە هەستیار و چارەنووسسازەی تێیکەوتووین، لەباتی ئەوەی هەموو کوردستان بەگشتی و رۆژاوای کوردستان بەتایبەتیی دڵنیا و دڵخۆش بکات کە پشتوپەنای هەموو کوردێکە و بەرامبەر چارەنووسی بەشەکانی کوردستان و نەتەوەکەی وەکیەک خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ، کەچی وەکو رابردوو بەبیری چەوت و سەرلێشێوینی حیزبایەتیی، بەبیانووی جۆراوجۆرەوە سنوور بەڕووی هاووڵاتیانی لێقەوماوی رۆژاوای کوردستان دادەخات، چۆنکە PKK و PYD رێیاننەداوە، پارتی و یەکێتیی هێزی چەکداری لایەنگری خۆیان لەڕۆژاوا دامەزرێنن! ئەمە وەک ئەوە وایە حیزب و رێکخراوەی بەشەکانی دیکەی کوردستان، حکوومەتی هەرێم بەڕەسمی نەناسن چۆنکە ئەمانیان لەحکوومەت و بەڕێوەبەرێتیدا بەشدار نەکردووە.

بێگومان لەم دۆخە هەستیار و مێژووییەی ئێستادا، دەبوو ناوەندێکی یەکگرتووی کوردستانی، یان کۆنگرەیەکی سەرتاسەریی کوردستانیی، سەرپەرشتیی خەباتی سیاسی و جەماوەری و چەکداری ودیپلۆماسی نەتەوەی کوردی لەهەموو بەشەکانی بکردایە، بەڵام کاتێک دەبینین بەهۆی پێوەندیی ئاشکرا و نهێنیی بەداگیرکەرانەوە و، پاراستنی بەرژەوەندی کەسی و خۆپەرستی و پاوانخوازیی حیزبایەتییەوە کورد نەیتوانیوە لەبوونی دەزگەیەکی وا گرنگ و پێویست سوود ببینێت، با هەر پارتێک، یان چەند پارتێک توانییان پێکەوە هەر یەکێک لەبەشەکانی کوردستان رزگاربکەن، حیزب و رێکخراوە و گەلی کورد لەبەشەکانی دیکە پشتگیری و هاوکاری ئەو بەشە رزگارکراوە بەئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیان بزانن و بەکردەوە و لەهەر رێگەیەکەوە دەتوانن هەوڵی سەقامگیری و بەهێزکردنی بدەن، چۆنکە مانەوەی بەشەکانی دیکەی کوردستان لەبندەستی داگیرکەران، راگرتنی حکوومەتی هەرێم و پارێزگاریکردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە باشوور دژواتر دەکات، بەپێچەوانەوە، ئازادبوونی هەربەشێکی دیکەی کوردستان، دەبێتە هۆی سەقامگیریی زیاتری حکوومەتی هەرێم و، هیوای گەلی کورد بۆ یەکگرتنەوەی خاک و نەتەوەی دابەشکراوی پەرەپێدەدات. بۆیە لێرەدا ئەرکی سەرەکیی حکوومەتی هەرێم پاراستنی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و، رەچاوکردنی ئامانج و بەژەوەندیی گشتیی نەتەوەی کوردە. بیروباوەڕ و کردەوە و هەڵوێستەکانی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێم، پێویستە ببێتە وانە و نموونە بۆ حیزب و رێکخراوە و جەماوەری کورد لەسەرتاسەری کوردستان.

لەپێوەندیی لەگەڵ پێ کێ کێ ولقەکانی لەبەشەکانی دیکەی کوردستان، مخابن ئەو زەوینەهزری و سنگفراوانییەیان تێدانییە کە لەگەڵ باقی حیزب و رێکخراوەی رامیاری و ناڕامیاریی کوردی و کوردستانیی لەبەرەیەکی هاوبەش کاربکەن. پێ کێ کێ حیساب بۆ هیچ لایەن و هێزێکی دیکەی کوردی ناکا و هەروەک پارتی دێمۆکراتی کوردستان بۆ ئەوە تێدەکۆشێ سەرۆکایەتیی خەباتی نەتەوەی کورد بەگشتی بخاتە ژێردەستی خۆیەوە.. گەر بێتوو ئەم دوو حیزبە لەبەر خاتری رزگاریی نەتەوەکەیان لەسەر چەند خاڵێکی هاوبەش رێککەون، ئەوا هێزی ئابووری و سەربازیی کورد لەزۆرێک لەرژێمەکانی ناوچەکە زیاتر دەبێت، لەباتی ئەوەی لەبارەی داخستن، یان دانەخستنی سنوورەکانی رۆژاوا یەکتری بەدرۆ بخەنەوە، با پێکەوە بەهاوبەشیی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و حیزبەکانی دیکەی کوردستان و کەسایەتیی نەتەوەیی و پێکهاتەکانی دیکە، بناخەی کۆنگرەیەکی راستینەی نەتەوەیی داڕێژن، لەئاستی نێودەوڵەتی خاوەنی دیپلۆماسی و گوتارێکی هاوبەش بن، بەمەش دەتوانن خەبات و قوربانیدانی بێئەژمار و لەمێژینەی گەلەکەیان بخەنە سەرشاڕێی ئازادی و سەربەخۆیی!

بەڵام بەم حیزبپەرستی و سەرۆکپەرستی و دەسەلاتخوازییەی کە ساڵانیکی زۆرە بووە بەبەشێک لەکولتووری سیاسی و حیزبایەتیکردنی ئێمە، ئەم گۆڕانکارییە هزری و نەتەوەییانە روودەدەن!؟ ئەوا دەبێ چاوەڕوان بین، بزانین ئەو رۆژە کەی دێ؟!

sirwan.kawsi@gmail.co