به‌یادی مینه شه‌م، پیره هه‌لۆی ناوسه‌نگه‌ر. ئه‌حمه‌د مه‌كڵاوه‌یی
گه‌ر باس له پیره هه‌ڵۆ ده‌كرێ، ئه‌م وشه خۆشه كه هه‌میشه وێردی سه‌ر زمانی كه‌سانی نه‌ته‌وه‌په‌رست و شۆڕشگێره، پڕا و پڕ، پڕ به به‌ژنی تێكۆشه‌ری گیان به‌ختكردووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، مینه‌شه‌مە كه له ساڵه‌كانی 1346 و 1347ی هه‌تاوی دا زۆر لێبڕاوانه به‌رانبه‌ر به هێزه‌كانی رێژیمی شاهه‌نشاهی كه ئه‌و كات له رۆژهه‌ڵای نێوه راست دا به ئه‌رته‌شی خه‌لیج ناسر بوو، جه‌نگا.
بۆ نووسینی بابه‌ت و روونكردنه‌وه‌كه‌م ، كه پیره هه‌ڵۆ (مینه شه‌م) كێ بوو و، چی كردوو، بۆ ئێستاش ناوه‌كه‌ی وێردی سه‌ر زمانانه و، ئازایه‌تی و له خۆبوردووییه‌كه‌ی فه‌رامۆش نه‌كراوه ، ناچارم ورده ورده هه‌نگاون هه‌ڵبگرم و ، دۆڵ به دوڵ و، شاخ به شاخ و، پێده‌شت به پێده‌شت ، به‌رزایه‌كانی ره‌به‌تی هه‌میشه زیندوو‌و، ، سه‌رده‌شتی سه‌ر سه‌وز و ، ئاواره‌ی نه‌مرو، بانه‌ی مسته‌فا زاده‌و وێردیه‌كان و، به‌شێكی زۆر له گونده‌كانی بۆكان و مه‌هابادی وه‌ستا ئه‌حمه‌د و چرچه‌ی بارام میرزا و، سه‌رگورد عە‌باسی و، مه‌ڵبه‌ندی سه‌ید ره‌سووڵی بابی گه‌وره و، هێزی ئاواره و، سه‌رشیوی سه‌قزی ره‌حمان ئاخكه‌ندی ، بته‌قێنم و بۆ وه‌رگرتنی زانیاری زیاتر له سه‌ر ئه‌م پیره هه‌ڵۆیه، له هه‌ر بن به‌رد و، شاخ و، ده‌وه‌ن و، دار‌و سێبه‌ر و، لووتكه و شاخ و، هه‌وراز و لیره‌وارو، ئه‌شكه‌وتێكی ئه‌و شوێنانه‌ی ناوم بردن ، لابده‌م و، له سه‌ر پیره هه‌ڵۆ پرسیاریان لێبكه‌م و، بیروه‌ریه‌كانی ئه‌وان له گه‌ڵ خاڵه مینه دا بێنمه سه‌ر كاغه‌ز تا وه‌چه‌كانی ئێستا و دواتر، به وره‌ی ئه‌و كه‌ڵه پیاوه ئاشنا بكه‌م و، له مێژوو دا فه‌رامۆش نه‌كرێت و نه‌وەکانی داهاتوو له ره‌به‌تی خۆڕا گر و ناوچەکانی‌تردا دا كرده‌وه‌كانی بكه‌نه چرای رووناكی‌ده‌ری رێی خه‌باتیان .
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا كه ده‌مهه‌ویست به مه‌به‌ستی كاری حیزبیم به‌هه‌وارگه‌كانی بڵینده‌و مامه‌ركووژه‌ی مه‌ڵبه‌ندی پیره هه‌ڵۆ دا تێپه‌ڕ بم، له پڕ دا ده‌نگی خوڕه‌ی كانیه چاوێ هاته گوێم و، گوتێ: هۆ رێبواری رێی پیره هه‌ڵۆ، راوه‌سته‌و، كه‌مێك پێت بگره‌وه تا په‌یامی خۆشه‌ویسته‌كانی پیره هه‌ڵۆت بۆ دێنم.
كه پێم گرته‌وه و، روو به‌رووی دوندی به‌رزایی به‌رده‌كووڕ راوه‌ستام، دیتم به‌رده‌كوڕ له ئاست وێنه‌ی پیره هه‌ڵۆی نیشتوو له سی و سێ ئه‌سحابه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ری گوندی سیسێر، سه‌ری رێزی نه‌وی كردوه و، كڕنۆش بۆ تاته به‌رده‌كانی لێواری كانیه چاوێ ده‌بات كه سه‌رده‌مانێك پیره هه‌ڵۆ نوێژی خێری له سه‌ر ده‌كردن.
كه ویستم سه‌ر به‌ره‌و خوار به‌ره‌و كانیه چاوێ داگه‌ڕێم، دیتم پیره هه‌ڵۆ له گه‌ڵ میرزا سمایل و حه‌مه كه‌ریمی مینه كه‌ڕی و حاجی حه‌مه‌ره‌ش، ده‌ستیان تێكگرتوه‌و له كانیه چاوێوه بانگ له رووناكبیره‌كانی گوندی سیسێر و ده‌وروبه‌ری ده‌كه‌ن كه بچنه سه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌و، پێكه‌وه كۆڕی بیروڕاگۆرینه‌وه بۆ ده‌ربازبوونی نه‌ته‌وه‌كه‌یان له ژێر ده‌ستی بگرن.
كه ئه‌وه‌م دێت، تاوێك دانیشتم و تێر له فكران راچووم، به‌ڵام پاش كه‌مێك فكر كردنه‌وه له زه‌وتكرانی ماف و ئازادییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌م، كه سه‌رم هه‌ڵێنا، دیتم بروسكه‌یه‌ك له قه‌ڵات و شاخی چه‌وانه‌وه، به‌ره‌و ئاسمانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره هه‌ستاو، گشت ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی رووناك كرد، كه لێیان ورد بوومه‌وه، دیتم ئه‌وه رووحی مردوه‌كانی ئه‌و گونده‌یه‌و ، وه‌ك گۆڵه‌جوتێره سه‌ریان له خاك ده‌رهێناوه و نووریان لێده‌بارێ و، بۆ پاراستنی پیره هه‌ڵۆو، یارانی داویانه له چه‌خماخه.
كه له خۆشی ئه‌وه باشتر لێیان ورد بوومه‌وه، دیتم پیره‌هه‌ڵۆ له خۆشیان ناوچاوانی وه‌ك لقی سه‌ر تڵۆفكی دار بناوه‌كانی دۆڵی ماڵان و، كانیاوه‌كانی ئاوێنان و‌مه‌زیرو، قه‌ڵاته‌شێر و دۆڵی مه‌ڵاسمایلان و، لووسوكان گه‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوه‌و، له به‌ر خۆیه‌وه فاتیحا بۆ رووحی پاكی مردوه‌كان ده‌خوێنێ.
دواتر كه ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌م به‌جێهێشت و، به‌ره‌وناوچه‌ی نه‌ڵێن كه‌وتمه‌رێ ، بینیم كه خاڵه مینه‌ی، پیره هه‌ڵۆی ناو سه‌نگه‌ری مه‌ردایه‌تی و، كوردایه‌تی و، سه‌ر لووتكه و هه‌ردان ، له گه‌ڵ پۆلێك له هاوڕێ تێكۆشه‌ر و به جه‌رگه‌كانی حیزی دێموكراتی، له بن دارگوێزه‌كانی سه‌ر كانیه خاڵه‌باد دانیشتوه‌و، بیره‌وه‌ریه‌كانی بۆ هاورێكانی ده‌گێڕێته‌وه‌وه‌و، باس له جگه‌ر گۆشه‌كانی ده‌كات كه چۆن سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی ماف و ئازادیه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌جێی هێشتوون و رێگه‌ی خه‌بات و تێكۆشانی گرتۆته‌ه‌ر.
پاش تاوێك چاولێكردنیان كه هه‌ستام بڕۆمه لایان و، چه‌ند وشه‌و كرداری شۆڕشگێڕانه له پیره هه‌ڵۆی به ئه‌زموون فێر بم و، تاوێك ماندوو بوونی رێی خه‌باتم به وته شیرنه‌كانی له جه‌سته‌م ده‌ربكه‌م، دیتم وه‌ك پۆله كۆترێكی سپی دایان له شه‌قه‌ی باڵ و، به ئاسمانی سه‌ر به‌رزاییه‌كانی هه‌ڵاڵاوی و نێوكێل و فێره‌گ دا فڕین و له سه‌ری سپی ریزه‌وه، به ته‌ق لێدان به‌ره‌و ده‌راوی سه‌رچاوه‌ی سپی رێز شۆڕ بوونه‌وه‌و، ورده ورده له سه‌ر ئه‌و كانیاوه كه پر بوو له بێری باڵا به‌رزو چاوخوماری مه‌ڵه‌ندی نه‌ڵێن، نیشتن و، له گه‌ڵ پێشوازی گه‌رمی كێژه كوردان رووبه‌روو بوون و، له جوانی و پێكه‌نین و باڵای كیژه بیریه خاولاوه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌رنه كه تازه ئه‌وانیش له هه‌وارگه‌كانه‌وه داه‌زیبوونه سه‌ر كانیه سپی رێزی ، شاگه‌شكه بوون و تێر له ئاوی بێ گه‌رد و سازگاری كۆێستانی گونده‌كه‌ی گه‌رۆریان خوارده‌و، هه‌موو ماندوو بوونی خه‌باتی رێی رزگاری نه‌ته‌وه‌ی كوردیان له بیر چۆوه‌و حه‌سانه‌وه.
له خۆشه‌ویستی پیره هه‌ڵۆو، جوانی كیژان، زۆرم لێ روانین كه كات له به‌ر خۆشی، ساڵ به چركه تێپه‌ڕ ده‌بوو. به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌كی زۆر كه كیژان به‌ره‌و هۆبه‌و هه‌واره‌كان كه‌وتنه رێ، پیره هه‌ڵؤش پێش هاوڕێكانی كه‌وتوو، به هه‌وراز وبناری پشتی گونده‌كه‌ی گه‌رۆردا، رێی گرته‌به‌رو، به سه‌ری پانه سه‌رو، دووسه‌رندا تێپه‌ڕی و، ورده ورده به‌ره و مه‌ڵبه‌ندی سپی سه‌نگ كه‌وته رێ و له ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك دا ته‌واوی هاوسه‌نگه‌رو دۆستانی له‌و مه‌ڵبه‌نده‌ده‌ا به سه‌ركرده‌وه و، دوای چه‌ند رۆژێك كه ته‌واوی ئه‌وبه‌راو به‌ری نه‌ڵێنی پیرانشار‌و، سه‌رده‌شت و، ره‌به‌تی ته‌قاند، ورده ورده سه‌رێكی له سه‌ری گۆمێ و سه‌رچاوه‌ی ره‌سوه‌شێتی و ده‌شته‌كانی وه‌زنی و باژارو، لانك و گیاره‌نگ و، دووكانان و نۆڕی و، هۆمل دا و یارانی شۆڕشه‌كه‌ی به سه‌ر كردنه‌وه .
پاشان كه له گه‌شتی حیزبه‌كه‌مدا بووم، دیتم خاڵه مینه، پیره هه‌ڵۆی به ته‌جره‌به‌و كاركوشته، ورده ورده له ئالانی سه‌رده‌شته‌وه ، وه‌ری كه‌وتوه و، به‌ره‌و چۆمخركه و، چۆم په‌مۆ دێت تا له گه‌ڵ یارانی له‌وی كۆبیته‌وه‌و له سه‌ر دابه‌شبوونی كار و تێكۆشانیان له ناوچه‌كاندا راز‌و نیاز و دابه‌شینی كار بكه‌نه‌وه. هه‌ر ئه‌و رۆژه پاش ماوه‌یه‌ك دیتم چه‌ك له شان به‌ره‌و خوارێ داده‌گه‌ڕێ و، به‌ره‌و سه‌ردانی خاڵ مه‌حموود فه‌ره‌جی، قسه خۆشی گوندی وه‌یسكی و مامۆستا خۆراگره‌كه‌یان وه‌رێ كه‌وتوه‌و، ده‌یهه‌وێ به مه‌ڵبه‌نده‌كانی سوركێوو، بابۆس و، پاش ئاربه‌بادا بروات و، دیده‌نیه‌كی وێردیه‌كان و شه‌ریف زاده‌كان بكات و، چۆنیه‌تی ئیدامه‌كاری شۆرشه‌كه‌یان پی بڵێته‌وه و پێكه‌وه به‌رنامه‌یه‌كی تازه‌تر دابڕێژنه‌وه.
به دوای ئه‌وه‌شدا دیتم پیری گۆچان به ده‌ست، ورده ورده به هه‌ورازی حوجره‌ی فه‌قێیاندا سه‌رده‌كه‌وێت و، ده‌یهه‌وێت له وێرا بروانێته گشت شاری بانه‌و گونده‌كانی ناوچه‌ی حه‌وته‌وانان. به‌ڵام دوای تاوێك دیتم وه‌ك هه‌ڵۆی به‌رزه فڕی كه‌لێخانی كوێستانی كورد و، سووركێوی سه‌ربه‌رز، باڵی گرت و سه‌رێكی له سه‌ر شیوی سه‌قز دا‌و، به گوڕ، گه‌ڕایه‌وه ناوچه‌ی مه‌یدانانی بانه‌و، به به‌نده‌نی برایماغا و، زه‌رده‌گڵ و، ته‌رخان و، شابان و، جاتراوی و، بازگر دا هاته‌وه شوێنی له دایك بوونی و، تێر روانیه گشت ده‌ڤه‌ره‌كانی سه‌رده‌شت و ره‌به‌ت و، پاش چه‌ند ساتێك له سه‌رخۆ گه‌ڕایه‌وه به‌رزایی مه‌یدان چۆغه‌و، برایماغا و، سێوه سوورێ و، به‌ری پڕكانیان و، سه‌رێكی له مه‌یدان ئه‌سته‌ر و، ته‌ره‌غه‌ی شه‌ره‌فكه‌ندی دا‌و، پاش ماوه‌یك به مه‌به‌ستی حه‌سانه‌وه، له گه‌ڵ هاوڕێكانیدا گه‌ڕایه‌وه بناری شاخی هێڵوێ له پشتی گوندی قالوێی ناوچه‌ی مه‌هاباد، به‌ڵام داخه‌كه‌م له‌و كاته د ا كه ماندوو‌و شه‌كه‌ت بوون و، خه‌ریكی پشوودان بوون، خائینان به نیشتمان، له لای ساواك راپۆرتیان لێدان و زۆڵه كورد و ژاندارم و جاشه خۆفرۆشه‌كان هێرشیان بۆ ده‌به‌ن و زۆر به توندی گه‌مارۆیان ده‌ده‌ن كه دوای شه‌رێكی زۆر سه‌خت و گه‌رم ، خاڵه مینه، پیره هه‌ڵۆی شاخی چه‌وانی سیسێرێ، وێڕای كاك عه‌بدووڵای موعینی شێری نێو سه‌نگه‌ری كوردایه‌تی و مه‌ردایه‌تی و ئیدی ، شه‌هید ده‌بن و، ته‌رمه‌كانیان ده‌به‌نه گوندی قالوێ و، له به‌رده‌ركی مزگه‌وتی ئه‌و گونده دا، له خۆڵ و خوێنیان وه‌رده‌ده‌ن و، پاش چه‌ند كاتژمێر به‌ره‌و شاری مه‌هاباد ده‌یانبه‌ن و سه‌ر ئه‌نجامیش ته‌رمه‌كانیان بێ سه‌رو شوێن ده‌كه‌ن كه ئێستاش هیچ زانیاریه‌ك له‌م باره‌وە له به‌رده‌ست دانیه.
یادیان به خێر و رێگه‌یان پڕ رێبوار بێت و ئامانجیان بێته دی
ئه‌حمه‌د مه‌كڵاوه‌یی