یادی پێنج ساڵەی جوانەمەرگێکی ئازیز. عومەر ئەمینی

پێنج ساڵ لەوە پێش لە روژێکی ئاوادا ، لە روژێکی ساردو هەتاویی پایزیدا لە باکووری ئوروپا لە فرۆکەخانەی شاری ستۆکهۆڵم، شاری جوانییەکان، شاری جەزیرەکان، شاری ئازادییەکان ، پێشوازیم لە کەسێکی زۆر تایبەت ، لە ئازیزێکی زور خۆشەویست، خانمێکی زۆر جوان و مێهرەبان دەگەڵ کۆرپە شیرینەکەی کرد.

رۆژی ١٨ی سیپتامبری ساڵی ٢٠٠٨ رۆژێکی پایزی مەیلەو ساردو هەتاوی خۆم ئامادە دەکرد بۆ رۆیشتن بۆ فرۆکەخانەی ستۆکهۆڵم هەتا دەگەڵ خۆم کەسێک بهێنمەوە کە دەمێک بوو حەسرەتی سەردانی من و هاوسەرەکەم و کیژە جوانەکانمی دەکرد.

مەودای شاری لینشۆپینگ و شاری ستۆکهۆڵم رێگاێکی ٢٠٠ کیلۆمیتری ئەتوبان و زۆر خۆشە و ٢ سەعاتێکی پێ دەچێت بیبری. لە ماەوی ئەو ٢ سەعاتەی رێگایەدا بۆ ستۆکهۆڵم کە رۆژێکی هەتاوی زۆر خۆش بوو هەر دەفکر و خەیاڵاندا بوم کە چۆن پێشوازی لێ بکەین و چۆن ئاسانکاری بۆ بکەین، ئاخر ئەوە ئەوەڵین جار بۆ کەسێکی ئاوا گەنج لە وەڵاترا سەردانی دەکردین هەرچەند پێشتر خودا لێخۆشبوان بابم و خەزورم سەردانی ئێمەیان لە سوێد کردبوو، بەڵام ئەو جارەیان فەرقی هەبوو. ئەو ئازیزە گەنجترین خوشکی خێزانم بو و دەگەڵ کچەکانم زۆر تەفاوەتی سینی نەبو و لە جیلی تازەی پێگەییشتوی گەلەکەمان بو، ئەو جیلەی دوای دەربەدەری ئیمە لەدایک ببو، ئەو جیلەی کە لە ژێر سایەی هەوری شوم و رەشی جمهوری ئیسلامی بەشی شەڕوشوڕ و تەقوتۆق ، ئاگروئاسن زیندان و سێدارە،  ئاوارەگی و فەقر و نەداری بو و زۆر تەجرووبەی تاڵ و شیرینی پێبوو کە دەگەل بنەماڵەکەم چەندها شەو دانیشتنیان پێدکەرد و هاودەمێکی باش دەبوو بۆ ئێمە.  هەر دەو فکر و خەیاڵانە دابووم کە جارجار شۆقی رۆژەکە کە لە پشت دارەکانی قەراغ جادەکە وە شووشەی ماشێنەکەم دەکەوت و دەچاوەم دەچەقی و خەیاڵی خۆش و پێشوازی گەرم و تەکبیر و تەدارەکی لێ دەپچراندم. کە وەخۆوهاتمەوە گەیشتبومە بەردەرکی فرۆکەخانە. ماشێنەکەم لە شوێنێکی گونجاو پارک کرد و چومە ژوور و چاوم لە سەرەی تەیارەکان کرد.  ئەو تەیارەی کە میوانی خۆشەویستی ئێمەی پێ بو لە تورکییە را بۆ ئەتالیا، و لەوێشرا بو سوێد دەهات.

تازە چەند چرکەیەک لەوەپێش تەیارەکە نیشت بو منیش بە دەستەگۆڵێکی گەورە و جوان چاوەرێم دەکرد کە دیتم لە ناو قەرەباڵغی موسافیرەکاندا ژنێکی باڵابەرزی چاوکاڵی قژلوول کە دەستی منداڵێکی چاورەشی گرتبو بە چاوگێران دەهات، من کە دیتم نەمناسی چۆن زۆر وە ئوروپیان دەچوو بەڵام ئەگەر لێی خوربومەوە ناسیمەوە چونکە چەندسال لەوە پێش لە شاری رانیەی باشووری کوردستانی دیتبووم.  کە بۆ لای دەچووم ئەویش منی دیتبوو بە بزەوە بەرەو روویی من دەهات. کە گەییشتینە یەکتر دەباوەشم گرت و زۆرم بە خێرهاتن کرد. دوای چاکۆچۆنی بەرەو شاری لینشۆپینگ وەرێ کەوتین، بەڵام لە ئەوەڵین دیدار دا لە بریسکەی چاوەکانیدا هەستم بە نیگەرانیەک کرد کە من پێم وابو ئی ماندویی رێگایە، کە لێم پرسی گوتی تۆزێک ئێش و ژانەسەرم هەیە.

هەر لە رێگادا بە تەلەفوون دەگەل کوردستان قسەمان کرد و خەبەری گەییشتنیمان راگەیاند. دەگەل خێزانیشم قسەمان کرد و ڕامان گەیاند کە میوان گەییشتوە وئەوە بەرێوەین بۆ لینشۆپینگ. لە تولی رێگادا ویستم بێدەنگی بپارێزم بۆ ئەوەی بەڵکو ئیسراحەت بکات و لە ماندوویی بحەسێتەوە. هەر چەند لە ماوەی یەک دوو سەعاتی رێگادا جارجار خەوی لێدەکەوت بەڵام هەستم کرد کە بە ئازارێکەوە دەناڵێنێت، هەر بۆیە بریارماندا کە گەییشتین دوای حەسانەوە رۆژی دووایی سەردانی نەخۆشخانەی گەورەی شاری لینشۆپینگ بکەین. ئەو ئێوارەیە بە تێکرایی بنەماڵەکەم کۆ ببونەوە، کچەکان لە رێی دوورونزیک هاتبونەوە و ئەستی لە رۆژان زووتر لە ئیش هاتبووە. دوای ماچومووچ و چاکوچۆنی، سەردانێکی ٢ سەعاتەی دەرەوە گەڕاینەوە ماڵەوە و ئەو شەوە هەتا بەیانی نەنوستین، هەر پێ کەنین و قسەی خۆش و خەبەر و باسی وەلات بوو، ئەو شەوە قەت لەبیر ناچێتەوە!

رۆژی ١٩ی سیپتامبر کاتژمێر١٠ی بەیانی سەردانی نەخۆشخانەی شاری لینشۆپینگ، بەشی تەواری (ئۆرژانس) مان کرد. دوای چەند سەعات بێنەوبەردەی کاری ئیداری و گەلێک پرسیارو جواب وەک کەنگێ هاتووی، چەندە دەمێنییە و خەرج  و مخاریجی نەخۆشخانە کێ وە ئەستۆی دەگرێ… ، ئاخری دوکتوور هات و چاومان پێ کەوت. دوکتوورەکە ژنێکی بە ساڵداچووی بە تەجرووبە و سەر دوکتوور بوو لە بەشی پشکنینی ناوەوە. دوکتوور دوای معاینە و پشکنینی زێڕنی هەمیشە لە یاد، من و ئەستی خیزانمی بانگ کرد و گۆتی ئەو نەخۆشەی من نەخۆشێکی ئاسایی نیە و دەبێ لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە و دەست بە جێ ژوورێکیان لە بەشی پشکنینی تایبەت بۆ دیاری کرد. کە قسەکانی دوکتوورمان بۆ زێڕن گێرایەوە نیگەرانیەکی گەورە رووخساری من و ئەستی داگرتبوو بەڵام بە ئیرادەیەکی لەخۆبردووانە و بە تەسەلوت بە سەر شێەوی گێرانەوەکەدا دڵەکوتە و نیگەرانییەکەمان بە نیسبەتێکی زۆر دابەزاند و بە شێوەیەکی مۆلایم و ئاسایی تر باسمان کرد، هەر چەند لە ناوەوە دەروونمان ئاگری گرتبوو و کۆژانەوی مەحال بوو. زێڕنی ئازیز و خۆشەویست دوای شەوێک مانەوە و میوانداری خوشک و زاوای گوێستییەوە بۆ ژووری پشکنینی تایبەت لە نەخۆشخانەی گەورەی شاری لینشۆپینگ .لەو رۆژە را واتە لە ٢٠ی سپتامبر را هەموو رۆژێک لە سەعات ٦ی بەیانی را من و ئەستی لە نەخوشخانە دەگەل زێڕن بوین. بۆ هەموو معاینەوە عەکسبەرداری و دەوا و دەرمانێک ئێمە دەگەڵی بوین و لە نزیکەوە پێی رادەگەییشتین .شەوانەش کچەکان بە نۆبە هەریەکەی حەفتەیەک لە لای پووریان بوون و هەموو کارەکانی شەوەانەیان دەگەل دەکرد و هەزاران قسەوباسی تاڵوشیرنیان دەگەل پووریان هەبووە و هەر یەکەی سەدان جار فرمێسکیان رشتووە و حەسرەتیان خواردوە. دەلێن بە گوزەشتی زەمان هەموو برینێک ساڕێژ دەبێت بەڵام ئەوە راست نیە چوونکە هێندێک برین هەتا کۆتایی ژیانی مروڤ لە ژێر خۆلەمێشی داتەپێودا بۆوی قرچۆو سووتاوی دێت.

رۆژەکانی نەخوشخانە زۆر سەخت و ناخۆش بوون و دەواو دەرمان ئیدامەی هەبوو بەڵام رۆژ بە رۆژ  زێڕن بەرەو خراپی دەچوو و هیچ ئۆمیدێک بۆ نەجاتی زێڕن نەمابوو. چەند رۆژەکانی ئاخری حەیاتی زێڕن هەوڵماندا بەڵکو بتوانین بنەماڵە بچکۆلەکەی لە دەوری کۆبکەینەوە و بە هیمەت و تەڵاشێکی زور ئێمە وەک بنەماڵە و یارمەتی هیهەت رەیسەی نەخۆشخانە توانیمان لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر هاوسەرەکەی بگەێنینە سوئێد. دوای ٤٨ سەعات کە گەییشتنی هاوسەرەکەی لە روژی ٢٠ی ئوکتوبری ساڵی ٢٠٠٨ لە نەخۆشخانە بە دۆنیایەک ئاوات و ئارەزوو و کۆلێک ئێش و ئازار ماڵ ئاوایی لێ کردین و لە ناو ئاپۆرەی کوردانی تارەوگە نیشتەجێی سوئێد و بە تایبەت کوردانی دڵسۆز و خۆشەویستی شاری لینشۆپینگ لە شوێنێ حەسانەوەی دایمی لیلائاسکەی ئەو شارەدا بە خاک سپێردرا و بەسەرهاتێکی ئەسفناک و عەمباری بۆ هەموو کوردانی دەرەوە و ناوەوەی وڵاتی بەجێ هێشت.

یادی بەخێر و روحی شاد بێ!

 ستۆکهۆڵم ٢٠ ئۆکتوبری ٢٠١٣

 عومەر ئەمینی