کۆچی دوایی کاک مەلا محەممەد ئەمینی برای ٢ شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمرۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ ـ ١٠ ـ ٢٠١٣ کاک مەلا محەممەد ئەمینی کەسایەتی خۆشناوی شاری ڕەبەت و برای هاورێیانی شەهید کاک ڕەحمان سیروان و کاک عەلی ئەمینی و هەروەها برای تێکۆشەری دێرین و خۆشناوی ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک حەسەن غەمبار و کاک کەریم مەلا ڕەشەی بە هۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٦٣ ساڵی دا دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ مەرگ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

کاک مەلا محەممەد ئەمینی ساڵی ١٣٢٩ ی هەتاوی لە باوەشی بنەماڵەیەکی هەژارەی ناوچەی ڕەبەت لە دایک بوو، ئەو زۆر زوو شانی وەبەر کار قورس دا و وێرای برایەکانی دیکەی بۆ یارمەتیدانی بنەماڵە دەستی بەکار کرد. لەگەڵ ڕاپەرینی شۆرشی گەلانی ئێران بە دژی رژێمی شاهەنشاهی بە بنەماڵەوە هاتنە مەیدان و لەگەڵ ئاشکرابوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە گشتی لەگەڵ تێکرای برایەکانی بوونە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە نێو ریزەکانی حیزبدا بەوپەری سەخاوەتەوە خەباتیان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەست پێکرد و لە پێناو ئازادی گەلەکەی دا دوو برای بە ناوەکانی ڕەحمان سیروان و عەلی ئەمینی لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا شەهید بوون.

کاک مەلا محەممەد ئەمینی ماوەی ساڵێک زیاتر پێشمەرگە بوو و هاوکات وەک کادرێکی دەرمانی خزمەتی زۆری بە بریندارانی شەر و خەڵکی ئاسایی کرد و دوای ساڵێک و چەند مانگ پێشمەرگایەتی بە هۆی ئەوەی ٤ برای دیکەی پێشمەرگە بوون بە ناچار بۆ بەخێوکردنی بنەماڵەکەی گەرایەوە و دەستی بە ژیانی ئاسایی خۆی کردەوە. لەسەریەک لەبەر ئەوە هەموو برایەکانی کاری حیزبیان دەکرد و بەردەوام هێزی پێشمەرگە زەربەی لە هێزەکانی رژێم دەدا و بە تایبەت حەسەن غەمبار وەک کەسێکی دیار و هەڵسوور و پارتیزانێکی بەوەج بە تەواوی رژێمی داماو کردبوو، هەر بۆیە هەموو ڕۆژێک لە لایەن سوپا و جاش و بەسیجەوە گوشار دەخرایە سەر کاک مەلا محەممەد ئەمینی و بنەماڵەکەی و لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوو دا ١٢ جار لە زیندان کراو و لە ماوەی ئەو ١٢ جارە دا بە چەندین جار ئەشکەنجە و ئازار دراوە و هاوکاتیش بێ ڕێزی و بێ حورمەتی زۆری پێکراوە و ئەوەش هیچ کات لە ورەی کاک مەلا محەممەد ئەمینی دانەبەزاندووە و بەڵکوو بەردەوام شانازی بە برا شەهیدەکانی و برایەکانی دیکەیەوە دەکرد.

کاک مەلا محەممەد ئەمینی کەسایەتییەکی دیاری ناوچەی ڕەبەت و سەردەشت بوو، کەسێکی خۆشناو و جێ باوەری خەڵک و هاوکاتیش کەسێکی دڵسۆز و خەمخۆری گشت لایەک بوو، ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ بوو لە دووکانێک دا کاری دەرمانی و پێراگەیشتنی نەخۆشی دەکرد و لەو کارەشی دا خزمەتی زۆری بە نەخۆش و بە بریندارانی جۆراوجۆر کرد و بەردەوام خەمی لە ئازارەکانی خەڵک دەخوارد.

بەداخەوە کاک مەلا محەممەد ئەمینی دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی لە شاری مەهاباد کۆچی دوای کرد و بەو کۆچەی گشت لایەکی خەمبار کرد.

بەو بۆنەوە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ ـ ١٠ ـ ٢٠١٣ کۆرێکی پرسە و سەرەخۆشی لە وڵاتی نۆروێژ لە شاری فردیکستاد لە ئادرەسی خوارەوە لە لایەن کاک حەسەن غەمبارە و بنەماڵەکەیەوە بەرێوە دەچێ.

ڕێکەوت ٢٣ ـ ١٠ ـ ٢٠١٣

کاتژمێر ١٦:٠٠ تا ٢١:٠٠ ی شەو

شوێن: Lislebyveien 54

Fredrikstad

Lahellemoen misjonshus

تێ‌بینی:

داوا لە دۆستانی ڕێگای دوور و بە تایبەت دەرەوەی نۆروێژ دەکەین کە بە هۆی ساردی و سەرما و بۆ پێشگیری لە ڕووداوی هاتووچۆ و کارەسات لە هاتن بۆ سەرەخۆشی خۆ ببوێرن، داوای ئێمە تەنیا بۆ پاراستنی باری هاتووچۆ و رووداوی ناخۆشە، ئەگینا هاتنی ئێوە دەبێتە سوکنایی دڵی خەمباری بنەماڵەکەمان و هەموو دۆست و ئاشنایانمان.

لە ڕێگای ئەم ژمارە تەلەفوونانەی خوارەوە دەتوانن پەیوەندیمان پیوە بگرن و هاوخەمی خۆتان و بنەماڵەکەتان دەرببرن.

004746228236

004740586033

004740466588

لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستی بۆ گشت لایەک


بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک مەلا محەممەد ئەمینی لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێز و تێکۆشەری ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان دەکەم و بە تایبەت هاوخەمی خۆم بۆ بەرێزان کاک حەسەن غەمبار هاورێ و هاوسەنگەر و برای ڕۆژانی سەختی خەبات و کاک کەریم ئەمینی مەلا رەشەی زیندانی خۆراگری نێو بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی و کوێستان خان کچی کاک مەلا محەممەد ئەمینی و هەموو ئەندامانی بنەماڵەکانیان دەکەم و خۆم بە شەریکی ئەو کۆستە گەورەیە دەزانم. ڕووحی کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بێ و تەمەن درێژی بۆ گشت لایەکتان بە ئاوات دەخوازم.

حەمەرەسووڵ کەریمی