سوپاسنامەیەک لە لایەن بنەماڵەی مەلا محەممەد ئەمینی یەوە

هەروەک ئاگادارن رۆژی دووشەممە کاتژمێر٩ی بەیانی بە کاتی کوردستان مەلا محەممەد ئەمینی برای دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان شەهیدان کاک ڕەحمان سیروان و کاک عەلی ئەمینی کۆچی دوایی کرد. بەم بۆنە ماتەمینیەوە بە هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی رەبەت و شاری سەردەشت بەشداری مەراسیمی بە خاکسپاردنی مەلا محەممەد ئەمینی یان کرد. بەشداری بەربەرینی خەڵک لەو بۆنە ماتەمینییەدا رێز و وەفای خەڵکی کوردستانی بە ئێمە و دۆستان نیشان دا بەرامبەر بەو کەسانەی کە ژیانی خۆیان بۆ گەلەکەیان تەرخان کردووە.

کاک مەلا محەممەد ئەمینی ساڵی ١٣٢٩ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕی ناوچەی رەبەت لە دایک بووە ناوبراو وێرای چوار برای تری لە ریزەکانی بزوتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان دابووە، دوای ماوەیەک پێشمەرگایەتی بە ناچاری و بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی گەرایەوە ناو بنەماڵەکەی، کاک مەلا محەممەد ئەمینی بە دەیان جار لە لایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانەوە ئازار و ئەزییەت دراوە بەڵام جار لە جار سوورتر بوو لە سەر هەست و بیری شۆرشگێری و کوردایەتییەکەی. کاک مەلا محەممەد ئەمینی دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لە گەڵ نەخۆشی لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد کە خەم و پەژارەیەکی زۆری خستە دڵی هەموو نیشتمان پەروەران، لە راستیدا ئەگەر خەم و پەرۆشی خەڵکی کوردستان و دۆستان و خۆشەویستانمانمان نەبا نەمان دەتوانی باری قورسی خەم و مەینەتی ئەو ئازیزە کۆچ کردوویەمان تەحەموول بکەین هەر بە بۆنەیەوە سوپاس و رێزی خۆمان پێشکەش بە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە دوور و نزیکەوە، یان بە هەر شێوەیەک بۆیان کراوە بەشداری خەم و کۆچی دوایی کاک مەلا محەممەد ئەمینی یان کردووە سوپاسی کوردکاناڵ، سایتەکانی کوردستان و کورد ، گیارەنگ، زمزیران، کدپ میدیا، رێگای کوردستان و سەرجەم لاپەرەکانی سەر فەیسبووک دەکەین کە هەواڵی کۆچی دوایی کاک مەلامحەممەد ئەمینی یان بڵاو کردەوە و ئاگاداری پێویستیان بە خەڵک دا.

بنەماڵەی خوالێخۆشبوو مەلا محەممەد ئەمینی