ئاگاداری کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی لە شاری تۆرکۆ لە وڵاتی فینلاند

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمرۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ ـ ١٠ ـ ٢٠١٣ کاک مەلا محەممەد ئەمینی کەسایەتی خۆشناوی شاری ڕەبەت و برای هاورێیانی شەهید کاک ڕەحمان سیروان و کاک عەلی ئەمینی و هەروەها برای تێکۆشەری دێرین و خۆشناوی ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک حەسەن غەمبار و کاک کەریم مەلا ڕەشەی  و باوکی کوێستان ئەمینی بە هۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٦٣ ساڵی دا دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ مەرگ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

کاک مەلا محەممەد ئەمینی ساڵی ١٣٢٩ ی هەتاوی لە باوەشی بنەماڵەیەکی هەژارەی ناوچەی ڕەبەت لە دایک بوو، ئەو زۆر زوو شانی وەبەر کار قورس دا و وێرای برایەکانی دیکەی بۆ یارمەتیدانی بنەماڵە دەستی بەکار کرد. لەگەڵ ڕاپەرینی شۆرشی گەلانی ئێران بە دژی رژێمی شاهەنشاهی بە بنەماڵەوە هاتنە مەیدان و لەگەڵ ئاشکرابوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە گشتی لەگەڵ تێکرای برایەکانی بوونە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە نێو ریزەکانی حیزبدا بەوپەری سەخاوەتەوە خەباتیان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەست پێکرد و لە پێناو ئازادی گەلەکەی دا دوو برای بە ناوەکانی ڕەحمان سیروان و عەلی ئەمینی لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا شەهید بوون.

کاک مەلا محەممەد ئەمینی ماوەی ساڵێک زیاتر پێشمەرگە بوو و هاوکات وەک کادرێکی دەرمانی خزمەتی زۆری بە بریندارانی شەر و خەڵکی ئاسایی کرد و دوای ساڵێک و چەند مانگ پێشمەرگایەتی بە هۆی ئەوەی ٤ برای دیکەی پێشمەرگە بوون بە ناچار بۆ بەخێوکردنی بنەماڵەکەی گەرایەوە و دەستی بە ژیانی ئاسایی خۆی کردەوە. لەسەریەک لەبەر ئەوە هەموو برایەکانی کاری حیزبیان دەکرد و بەردەوام هێزی پێشمەرگە زەربەی لە هێزەکانی رژێم دەدا و بە تایبەت حەسەن غەمبار وەک کەسێکی دیار و هەڵسوور و پارتیزانێکی بەوەج بە تەواوی رژێمی داماو کردبوو، هەر بۆیە هەموو ڕۆژێک لە لایەن سوپا و جاش و بەسیجەوە گوشار دەخرایە سەر کاک مەلا محەممەد ئەمینی و بنەماڵەکەی و لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوو دا ١٢ جار لە زیندان کراو و لە ماوەی ئەو ١٢ جارە دا بە چەندین جار ئەشکەنجە و ئازار دراوە و هاوکاتیش بێ ڕێزی و بێ حورمەتی زۆری پێکراوە و ئەوەش هیچ کات لە ورەی کاک مەلا محەممەد ئەمینی دانەبەزاندووە و بەڵکوو بەردەوام شانازی بە برا شەهیدەکانی و برایەکانی دیکەیەوە دەکرد.

کاک مەلا محەممەد ئەمینی کەسایەتییەکی دیاری ناوچەی ڕەبەت و سەردەشت بوو، کەسێکی خۆشناو و جێ باوەری خەڵک و هاوکاتیش کەسێکی دڵسۆز و خەمخۆری گشت لایەک بوو، ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ بوو لە دووکانێک دا کاری دەرمانی و پێراگەیشتنی نەخۆشی دەکرد و لەو کارەشی دا خزمەتی زۆری بە نەخۆش و بە بریندارانی جۆراوجۆر کرد و بەردەوام خەمی لە ئازارەکانی خەڵک دەخوارد.

بەداخەوە کاک مەلا محەممەد ئەمینی دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی لە شاری مەهاباد کۆچی دوای کرد و بەو کۆچەی گشت لایەکی خەمبار کرد.

بەو بۆنەوە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٠٣ ـ ١١ ـ ٢٠١٣کۆرێکی پرسە و سەرەخۆشی لە وڵاتی فینلاند لە شاری تۆرکۆ لە ئادرەسی خوارەوە لە لایەن کویشتان ئەمینی کچی کاک مەلا محەممەد و بنەماڵەکەیەوە بەرێوە دەچێ.

ڕێکەوت ٠٣ ـ ١١ ـ ٢٠١٣

کاتژمێر ١٦:٠٠ تا ٢١:٠٠ ی شەو

تێ‌بینی:

داوا لە دۆستانی ڕێگای دوور و بە تایبەت دەرەوەی فینلاند دەکەین کە بە هۆی ساردی و سەرما و بۆ پێشگیری لە ڕووداوی هاتووچۆ و کارەسات لە هاتن بۆ سەرەخۆشی خۆ ببوێرن، داوای ئێمە تەنیا بۆ پاراستنی باری هاتووچۆ و رووداوی ناخۆشە، ئەگینا هاتنی ئێوە دەبێتە سوکنایی دڵی خەمباری بنەماڵەکەمان و هەموو دۆست و ئاشنایانمان.

ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی ٠٣ ـ ١١ ـ ٢٠١٣

کاتژمێر ١٦:٠٠ تا ١٩:٠٠

شوێن: itäpellontie 2  Turkun