بایهەوابوون و خۆسانسوری لەپێناو کام بەرژەوەندیدا؟ ئێقباڵ سەفەری

رۆژی یەکشەمۆ ریکەوتی ٢٠١٣-١١-١٧ کاتی ماڵئاوایی یەکجاری لە خەباتکارێکی دێموکرات، بە نەتەوە ئازەری واتە “موهەندیس رەزا خەیاتی” بوو. ئەو کەسەی بەدەیان ساڵ لە هەمووکات وقۆناخەکانی هەرەدژواری خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کورد و لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتدا ئەرکی کارە فەننی و تەکنیکییەکانی رادیۆ دەنگی کوردستانی بەئەستۆ بوو.

بەم بۆنەوە نووسەری ئەم بابەتەش لەگەڵ چەندین هاوڕێی دێرینی دیکەی کۆچکردو “موهەندیس خەیاتی”، لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتدا، بەنیشانەی ئەمەگناسی و رێزلێنان لەو مرۆڤە تێکۆشەرە، لەسەر گڵکۆی بۆ دواماڵاوایی ئامادە بووین. بەجێهێنانی ئەم نەریتە کۆمەڵایەتیەشمان وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی و رێزدانان لە کەسایەتیی کۆچکردوو زانیوە. بێگومان هەتا ئێرە کێشەیەک نییە و بەو رێزلێنانەمان، رێزمان لە بنەماڵە، کەسوکار، هاوسەنگەران و فیداکاری موهەندیس گرتوە و ئەمەگناسی خۆمان بۆ ئەو هاوڕێیە دێرینەمان کە تەنانەت پاش لەتبوونیش پێوەندییەکانمان هەر بەردەوامبوون، نواند.

ئەوەی جێگای داخ و کەسەرە و هیچکات ناچێتە نێو بنەما ئەرزشییەکانی مرۆڤایەتی و داب و نەریتە کۆمەڵایەتی و پڕبایەخەکانی کۆمەڵگەوە، رووبەڕووبونەوەی نابەرپرسانەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو پێوەندییەدا بوو.

لە مەراسیمی بەخاک سپاردنی تەرمی موهەندیس خەیاتیدا لەلایەن هاوڕێیانی حدکا، بەناوی لێژنەی بەڕێوەبەری بۆنەکەوە، رێگە نەدرایە تیمی میدیاکاری تەلەفزیۆنی ئاسمانی”کوردکاناڵ” کە وێنە یان فیلم بگرن. ئەمەش وەک ئاوی روون دیارە و هەڵوێستی رێبەرانی پلە یەکی حدکا بوو، نە دەستەی بەناو بەڕێوەبەری بۆنەکە. ئەم هەڵویست و رووبەڕووبونەوە دەتوانێ هەڵگری کۆمەڵێک ئاماژە و بابەتی تایبەت بێ کە حدکای پێ پێناسە دەکرێ کە چۆن دەتوانێ پسپۆرانە خەم و تارماییەکان بڕەوێننەوە و شادی و دڵخۆشیان لەجێگا دانێن!.

هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد و دیترایش، ئێمە بەتێکڕا لەو بۆنەیەدا بەشدار بووین و وا تێکەڵ چنرا بووین کە بە هیچجۆرێ نەدەکرا جودامان کەنەوە، مەگەر بەو شێوازە داڕشتنە هەواڵەی کە لە پسپۆڕی ماڵپەڕی زمانحاڵی حدکادا باوە.

ئێوارەی هەمان رۆژی سەرەخۆشییەکە، وەک نووسەری ئەم بابەتە گەشتێکم بەنێو ماڵپەڕە کوردییەکاندا کرد و چاوم بەهەواڵی ئەم رێوڕەسمە ماتەمینە لە ماڵپەڕی کوردستانمیدیای زمانحاڵی حدکا کەوت. بەدیتنی وێنەکانی رێوڕەسمی کۆچکردوو موهەندیس خەیاتی، دیتم زۆربەی وێنەکان دەسکاری کراون، بەو ئاستەی وێنەگر و فیلم هەڵگرەکانی خۆیشیان نایناسنەوە.

بابزانین لەبەر کامە بەرژەوەندی؟

لە دونیای بەربڵاو و بەرفراوانی مەجازی ئەمڕۆدا هەروەها لە بواری رۆژنامەگەریشەوە کە رووداوی لەم چەشنەش بۆ شاردنەوە نابێ، وێنە بەشێکی گرنگە لە هەواڵ و راپۆڕتی میدیایی. لە ئاگرلەخۆبەردانێکەوە تا کوژرانی کۆڵبەرێک و هەروەها چاوپێکەوتنی حدک و حدکا و بەخاک ئەسپاردنی موهەندیس خەیاتی، وێنە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لە هەر هەواڵ و راپۆڕت و بەرنامەیەکی دکیۆمێنتاریدا.

هەنووکە پرسیار ئەوەیە، ئایا بەبڵاونەبوونەوەی دەنگ و ڕەنگی دواماڵئاواییمان لە موهەندیسی کۆچکردوو، لە تەلەفزیۆنی ئاسمانی “کورد کاناڵ”ەوە، چ شانازییەک بووەتە نەسیبی وەستاکانی ئەم جۆرە بڕیار و هەڵوێستە؟

بە واتایەکی دیکە، ئەگەر ئەو رێوڕەسمە بەدەنگ و رەنگەوە لە کورد کاناڵی زمانحاڵی “حدک”ەوە بڵاو کرابایەوە، چ زیانێکی بۆ بنەماڵە و هاوسەنگەرانی کۆچکردوو، بەدواوە دەبوو؟

یان ئەگەر وێنەی بەشێکی بەرچاو لە هاوسەنگەرانی دێرینی موهەندیس خەیاتی لەگەڵ وێنەکانی کادر و پێشمەرگەکانی حدکادا بڵاوکرابایەوە، ئایا لە بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردی رۆژهەڵات کەم دەبۆوە؟

ئایا ئەم هەڵوێست و کردەوە و چەندان هەڵوێستی هاوشیوەی لەو بابەتە لە رابردوودا کە درێژەدەری هەمان سیاسەتی ئینکار و چەقبەستووی فەرهەنگی زاڵی باڵادەستانە، هێندەی دیکەش “حدکا”لە راستییەکانی ئێستای نێو جەرگەی کۆمەڵگە دوور ناخاتەوە؟

بێگومان ئەو پرسیارەش لەمەڕ”حدک” دێتە ئاراوە، تاکەی دەیهەوێ لەبەرانبەر کردەوە و هەڵوێستە نابەرپرسیاریەکانی حدکادا، پەنا بۆ خۆسانسۆری ببات؟

ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە حدک بەخۆیدا بچێتەوە و ئەوەی لەو چەند مانگەی دواییدا سەبارەت بە دانیشتنە فەرمایشی و بێ ئاکامەکانی دیالۆگی نێوانیاندا بووەتە دەستکەوتیان، لەگەڵ خەڵک شەفافانە بدوێ و پێیان بڵێ:

“دابڕانەکان و بەتایبەت دوایین دابڕانیش، ئاکامی هەمان ئینکاری کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی و ناکارامەیی کەسایەتییەکان و خۆبەزلزانی نییە؟

ئایا ئیتر کاتی ئەوە نەهاتووە خەڵک لەوە تێبگەیەندرێن کە ئاکامی ئەو هەموو مانۆر و ژێست و فیگۆر گرتنەی بەردەم کامێراکانی راگەیاندن، چ ئاکامێکی لێ کەوتووەتەوە و کام بەرژەوەندیی وا دەکات بەمجۆرە لەپێناویدا خۆسانسۆری بکەن و شەفافانە هەموو شت ئاشکرا نەکەن؟

ئێقباڵ سەفەری

 18/11/2013