پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆچی‌دوایی کرد

شەوی ١٢ی بەفرانبار فایەق عەلی‌نژاد خەڵکی گوندی کاژێ لە ناوچەی سەردەشت ناسراو بە فایەق کاژەیی بە هۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەک لە شاری کۆیە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
هاوڕێ فایەق لە دایکبووی ساڵی ١٣٤٧ی هەتاویی لە ناوچەی سەردەشت بە هۆی نیشتمانپەروەریی بنەماڵەکەیەوە لە ساڵی ١٣٧١ کاتێک کە سەرباز بوو، پێوەندی بە حیزبی دێموکراتەوە گرتووەو وازی لە خزمەتی ئیجباری هێناوەو هاتووتە ناو ڕیزی پێشمەرگەکان و تێکۆشەرانی دێموکراتەوە.
ناوبراو بۆ ماوەی ٢ تا ٣ساڵ لە هێزی کێلەشین و کومیتەی شارستانی شنۆ بووەو دواتر لە هێزی گیاڕەنگ و کومیتەی شارستانی سەردەشت دڕیژەی بە خەباتی خۆی داوە.
دوای دامەزراندنی ناوەندەکانی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ١٣٧٧ بوو بە پێشمەرگەی ناوەندی ٢.
لە ماوەی ئەرک لە ئەستۆ گرتن، هاوڕێ فایەق کاژەیی لەو ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکەکانی خۆی بە جێ ‌دەگەیاند و ماوەیەک وەکوو جێگری پەل و سەرپەل لە خزمەتی حیزب‌دا بەرپرسایەتی هەبوو.
دوای پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی لە ساڵی ١٣٧٨، “دەروون و دەریا ودڵنیا” سێ یادگاری ئەو ژیانە هاوبەشەن.
ناوبراو دوای دیتنی دەورەی کادری لە ساڵی ١٣٨٦ وەکوو کادرێکی خەمخۆر لە بەشی نیزامی و ئەمنیەتی حیزب دەستی بەکار کردو بۆ ماوەی دووساڵ وەکوو ئەندامی ناوەندی٢ بەرپرسی بەشی ئەمنیەتی ناوەندی ٢ بوو.
ئەو پێشمەرگە خۆنەویستە لە کاتی گەڕانەوەی کادر وپێشمەرگانی حیزبی دێموکرات بۆ ناوخۆی وڵات چەندین جار چاونەترسانە بەشداریی کرد و تا دوایین هەناسەی ژیانی نموونەی پێشمەرگەیەکی ئازا و فیداکار و حیزبدۆست بوو.
پێویست بە ئاماژەیە کە ئامۆزاوێکی ناوبراو بە ناوی حوسێن عەلی‌نژاد ناسراو بە حوسێن حاجی برایمی هەر لە سەنگەری خەبات گیانی پێشکەش بە ئازادی کوردستان کرد و، برایەکی دیکەی کاک فایەق کاژەیی ماوەی چەند ساڵ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە.
کاک فایەق کاژەیی دوای چەندین ساڵ خزمەت بە گەل و نیشتمان شەوی چوارشەممە ١٢ی بەفرانبار دڵە پڕ هیواکەی لە لێدان کەوت و سەنگەری خەباتی بۆ هاوسەنگەرانی بە جێهێشت.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچی ناوادەی هاوڕێ فایەق کاژەیی پرسە و سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە هاوسەنگەران و بنەماڵە و سەرجەم کەسوکاری هاوڕێ فایەق عەلی‌نژاد دەکات و، خۆی لە خەمیان بەشەریک و بەشدار دەزانێ.

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت