پیاوانی دەوڵەتن .. یا پیاوانی دەسەڵاتن ؟! گۆڕینی : رەزا رەزا شوان

لە راستییەکانی رۆژانەوە دەستپێدەکەین و ، دەپرسین : ئایا ئێمە لە سایەی دەوڵەتێکدا دەژین .. ؟! ئایا پیاوانی دەوڵەتمان هەن .. ؟! چونکە جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ، دەسەڵاتپەروەران و بنیاتنەرانی دەوڵەتدا .. دەسەڵات کەسانن و ، دەوڵەتیش پرۆژەیە ، دەوڵەت یاسا و دەستوور و دامەزراوە و نەریتە ، کە دەستووری بڕیاردراو جێبەجێ دەکات .. بەڵام دەسەڵاتپەرستان شەیدای وەرگرتنی دەسەڵاتن ، ئەوانەن کە دوای سامان و گیرفان پڕکردن و خوبزەزیادکرن کەوتوون .. بەڵام دەوڵەت لە لایەن کەسانی نیشتمانپەروەرەوەری شارەزاوە دادەمەزرێت .. کە هەست و هزر و هۆشیان دەیان بزوێنێت و ، و دڵسۆزی و ئینتیمابوون بۆ نیشتمانیان ئاراستەیان دەکات ، نەک خرۆشی هەوەسبازی و ئارەزووەکانیان .

لە ئەمڕۆدا رووبارێکی خوێنی عێراقییەکان بە ناڕەوا دەڕژێت ، لە ئەنجامی بەردەوامیی ناکۆکی و ، ئەو ململانێ و مشتومڕانەی کە لە نێوان سیاسەتمەداراندا هەیە ، کە لە پێناوی وەرگرتنی دەسەڵات و پایەدا بەرپا بووە ، نەک لە پێناوی بنیاتنانی دەوڵەتدا .

کەواتە بەر لە هەموو شتێک ، پێویستە کۆڵەکەکانی ئەم دەوڵەتە هەبێت .. ئەم سێ پێویستە بنەماییانەن ، کە دەبێت هەبێت :

یەکەم / سەرکردایەتییەکی دانا

دووەم / ئابوورییەکی بەهێز

سێیەم / راگەیاندنێکی کاریگەر

لێرەدا مەبەستمان لە سەرکردایەتییەکی باش ، سەرکردایەتییەکی نیشتمانپەروەری دانا و خۆشەویستە بەلای گەلەوە .. سەرکردایەتییەک کە بتوانێت سەقامگیری و شکۆداری بپارێزێت .. پێویستییەکان و داخوازییەکانی  گەلەکەی دابین بکات .

بە بوونی ئابوورییەکی بەهێزیش ( ئەگەر نەشبێت ، ئەرکی سەرکردایەتییە ، کە لە پێناوی وەدەستهێنانی بنەماکانی ئابوورییەکی بەهێزدا ، کاربکات ، بۆ نموونە ، وەکو هاندان و یارمەتیدانی کەرتی : کشتوکاڵ ، پیشەسازی ، گەشتوگوزار .. )

سەرکردایەتییەکی دانا ، خزمەتگوزارییەکان دابین دەکات ، زانایان هاندەدات و یارمەتیی گەشەکردنی زانیاری دەدات ، سۆپا چەکدار دەکات و مەشقیان پێدەکات ، بۆ پاراستنی وڵات لە هەر دەستدرێژییەکی دەرەکیدا ، نەک بۆ سەرکوتکردنی گەلەکەی ، پۆلیسی ناوخۆش رادەهێنێت و ئامادەی دەکات بۆ پاراستنی ناوخۆ لە گێرەتێکدەر و خراپەکاران و، بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان .. دەزگایەکی ئاسایی بەهێزیش هاوکارییان بکات .

ئەنجامێکی تری بوونی ئابوورییەکی بەهێز ، دەتوانرێت میدیا و راگەیاندنێکی بەهێز دابمەزرێت .. کە بتوانێت رۆشنبیریی گشتی بڵاوبکاتەوە ، هەستی جەماوەر ببزوێنێت .

کاتێ کە کۆمەڵگایەکی شارستانیی وریا و تێگەیشتوو دروست دەبێت .. ئەوە بزانێت کە مافەکان و ئەرکەکانی چین .. ئەوسا ئامادەیە کە پارێزگاریی لە پیرۆزییەکانی بکات .

کەواتە گرنگترین فاکتەر ، بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز ، کە بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت .. بوونی سەرکردایەتییەکی دانا و هۆشمەندە .. کە بتوانێت بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی لەبەرچاو بگرێت و ، داکۆکی لە مافەکانی بکات ، سنوورەکانی بپارێزێت ، پارێزگاری لە خاک و سەروەری و ، لە پیرۆزییەکانی بکات .

بەڵام ئەو راستییانەی لەسەر زەویدا ، بە پێچەوانەی نووسینەکانمانەوەن .. بەرتیل و دەمچەورکردن باوە ، فڕوفێڵ و تەزویر و قۆڵبڕین هەیە ، رۆژ رۆژی تایفەگەری و لایەن سیاسییە .. دەوڵەت و وەزارەتەکان ، لەسەر بنەمای تایفی و ، نەتەوەیی دابەش دەکرێن ، وەزارەتەکانی سونییەکان ، وەزارەتەکانی شیعەکان ، وەزارەتەکانی کوردەکان .. کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا زۆر کەمە .. ئەمانە و جگە لە گەندەڵییەکانی ئیداری و ئابووری و ، دزی و فیزی و لێدان ، جگە لە چەندین دیاردە زەقی تری گەندەڵی ، کە بوونەتە دیاردەیەک لە دەوڵەتی عێراقدا .. جگە لە حوکمڕانیی و دەسەڵاتی بنەماڵە و ، کوڕ جێگری باوکی و ، قورخکردن و دەستبەسەراگرتنی سەرچاوە گرنگەکانی ئابووری و ، دەستکەوتەکانی نەوت ، لە لایەن خزامان و ، نێزگبووەکان و ، هاوبەشەکانی دەسەڵاتدارانەوە .

 ئەمڕۆ عێراق بە گەندەڵترین وڵاتی جیهان ناودەبرێت .. عێراق دەوڵەمەنترین وڵاتە لە جیهاندا ، کەچی لە ئەمڕۆدا گەلی عێراق هەژارترین ژیانیان هەیە .. ئەو هەموو پارە و سامانەی عێراق چییان لێدێت .. ؟! دەچێتە گیرفانەکانی کێ و چ لایەن و حیزبێکەوە .. ؟! ئەی کوا لێژنەی پاکسازی و بە دواداچوونی گەندەڵی  .. ؟! تۆ بڵێی ليژنەکەش تووشی ئەم پەتا پیسە نەبووبێت .. ؟! ئەی بۆ لە هیچ لایەن و بەرپرسێکی دەسەڵات ناپێچنەوە ، کە چون لە هیچەوە و ، لە پڕێکدا دەوڵەمەندبوونە و ، شەق لە پارە دەدەن ..؟! بۆ لێیان ناپرسنەوە کە : ئەمەت لە کوێوە هانی .. ؟! . تا ئستا لیژنەی نەزاهە ، چەند بەرپرس و چەن دەسەڵاتداری دزی گەندەڵییان داوەتە دادگا و سزا دراون .. ؟! ئەگەر کردوویان بۆ دەترسن و ، بۆ راشکاوانە ئاشکرای ناکەن ..؟!  بەپێی چاودێری کردن و راپۆرتەکانی مەڵبەندە پەیوندارەکانی جیهانی .. عێراق لە هەموو روویەکەوە دواکەوتووە .. تەنها لە گەندەڵی و ، لە تیرۆرکردن و ، لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و نەبوونی خزمەتگوزاریدا ، پێشکەوتووە .

لە سایەی ئەو راستییانەی کە باسمان کرد ، باری ئابووری لە وڵاتێکدا ، کە فاکتەر و کۆڵەکەکانی دەوڵەتی سەردەمییانەی تێدا نەبێت .. چۆن گەشە دەکات .. ؟! بێگومان هەر وا دەمێنێتەوە .. دەشێت لەمەش خراپتری بەسەربێت .. یا کورد وتەنی : ” تا رەجەب سەرپاڵە بێت .. حاڵی عێراق خراپتر دەبێت باشتر نابێت .. ” چونکە هێچ تروسکەیەک بەدی ناکرێت بۆ بنیاتنی ئەم دەوڵەتە .. هەروەها سەرکردایەتییەکی داناشمان نییە .. ئەمەش دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی کۆڵەکەکانی سەرکردایەتی کردن و بەڕێوەبردنی ئەم دەوڵەتە .. ئەمەیە وامان لێدەکات،  کە لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەردەمییانەی تازەدا ، بەشداری بکەین .. لە میانەی بە گەرمی و بەشداری کردنمان ، لە هەڵبژاردنەکانی مانگی گوڵانی ( ٢٠١٤)  دا .. سا بەڵکو بتوانین نیشتمانێکی باشتر بنیات بنێین و ، حکوومەتێکی باشس دابمەزرێنین ، کە لە خزمەتی دەوڵەت و ، دامەزراوەکانیدا بێت .. نەک دەوڵەتێک بێت لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی حیزبەکان و چاوچنۆکەکاندا بێت .

( * ) ئەم باسە ، لە نووسینی ( محەمەد حەسەن ساعیدی) یە کە لە ( ٢٣/ ١١/ ٢٠١٣) لە ماڵپەڕی( کتابات)دا     بڵاوی کردۆتەوە .. بە دەستکارییەوە ، لە زمانی عەرەبییەوە ، گۆڕیومە بۆ سەر زمانی کوردی .