کاوە گەرمیانی و شەهیدێکی تری قەڵەم و هزر. مەهدی خالید خەمبار

مایەی نیگەرانیە وڵاتیک نیشتیمانمان بێت کە تێیدا ڕۆژنامەنوس سۆرانی مامە حەمە لە بەردەرگای ماڵەکەی بدرێتە بەر ڕێژنەی گوڵە و شەهید بکرێت، بەڕۆژی ڕوناک خوێندکاری ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان بەزەبری هێز لە بەردەم حەرەمی زانکۆدا قۆڵ بەست بکرێت و بخزێنرێتە نێو ماشینی جام تاریکەوە و بە چەندین پرسگە و بەرچاویکراوەدا بڕەێنرێت، بە بیانوی جیاجیای شەرەفپارێزی دەیان ساکار و شۆخان و دوعا و کەژاڵ و نەسرین و خەندە شەهید دەکرێن کە پیاو تێیاندا بکەر و تاوانباری سەرەکیە کەچی هەر بەدەستی خۆشی سەر و دەست و پێی دەیان ژن و خانم  لە جەستەیان جیا دەکرێتەوە ، گوڵەباران دەکرێن ، دەخنکێرێن ، بەردباران و بلۆک کوژ دەکرێن ، دەسوتێنرێن ، ناچار بە خۆکوشتن و خۆسوتاندن دەکرێن ، ڕۆنی قرچاویان پێدا دەکرێ و پرێمزیان پیا دەتەقێنرێتەوە .

تیرۆری جەستەییی سەدان مرۆڤی بێتاوانی ئەم وڵاتە بێ قانونەی خەڵتانی خوێنکردوە ، لە بەشی زورینەیاندا دەستێکی ڕەش و قێزەوەنی تیرۆرستان و دوژمنانی بیری ئازاد و ژیانی ئازاد و بەرپرسی نابەرپرس و ترسنۆک بونیان هەیە !

نەبونی دادگایەکی دادپەروەرانە و بێلایەن بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکان و داڕشتنی سیناریۆی پێکەنیناوی ئەوتۆ کە هەزمکردنیان سانا نیە کە ئەو تاوانە لە ڕێگەی هێز و فیشارەوە  دەخرێتە ئەستۆی کەسانیک و هۆکارێک کە ناو و ناوبانگی دادگا و دادپەروەری شەرمەزاردەکات ، هەروەها لە بەشی زۆری کەیسەکاندا سەرباری بێدەنگی و چاوپۆشیکردن و پەردەپۆشکردنی تاوانەکان و حەشاردان و پرد بۆدروستکردن بۆ دەربازکردنی تاوانباران لە لایەن دەستڕۆیشتوانی ناو حیزبەکان و هەندێ مافیا کە لە کوردستاندا ڕۆژگار دروستیکردون، هەمو ئەمانە بونەتە مایەی پەرەسەندنی ئەم ڕەشەکوژی و کارەساتانەی هەرێمی کوردستان و ئەزمونی دیمکراسی و ئازادی تاک و هێمنی خستۆتە بەر مەترسیەکی گەورە و خەریکە تەکان بەم هەرێمە دەدات بەرەو ئاقارێکی ئەوتو کە خۆزگەی پێنەخوازرێت .

هەر لەم یەک دوو مانگەدا ئەوەندەی ئاگادار بین ، بەدەر لەو ئاشەی کە خوێنی ژنان دەیگێڕێت ، بەدەر لەو خۆکوشتنانەی کە گەنجانی گرتۆتەوە کە ئەمانەش کارەساتی خەماوین و ناکرێ بێدەنگیان لەبەرامبەردا هەڵببژێرین !

ئەمڕۆ خەریکە زونی سەوز کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە پلەی یەکەم لە بەڕێوەبردن و دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان بەرپرسە ، خەریکە ئەم تیرۆرکاریە دەگاتە ئاستێک کە ئیتر کۆنترۆڵکردنیان ڕەنگە ئاسان نەبێت و خەڵکی نەتوانیت پشت بە هێزە ئەمنیەکانی ببەستێت و ڕاڕا نەبێت لە ئەگەری پارستنیان . هەروەها دەبێت یەکێتی نیشتیمانی ئەوە بزانێت کۆی ئەم کارانەی لە زونەکەیدا کە بەدەستی ئەنقەستبن یان هەر هۆکارێکیتر ، یەکەم پریشکی نەرێنیەکانی بەر ناو و ناوبانگ و ئەخلاقیەتی شۆڕشگێری و مرۆڤدۆستایەتی و پێگەی جەماوەری یەکێتی دەکەوێت  ، ئەم تیرۆرکاریەی کە ئەمڕۆ لە سلیمانی و گەرمیان و قەڵەمڕەوی یەکێتیدا ئەنجامدەدرێن ، دەبن بە پەڵەیەکی ڕەش و لەکەیەکی گەورەی بە نێوچەوانی ڕابردو داهاتوی یەکێتیەوە، ئەو دەنگۆ و تۆمەتبارکردنانە تۆختر دەکەنەوە کە دەیان خستەپاڵ ی.ن.ک کە ناتوانێت ئیدارەی زونەکەی بە ڕێکوپێکی بدات .

بۆیە لە سەر یەکێتی وەک حیزب و هێزە ئەمنیەکان و دەزگا پەیوەندارەکان پێویستە کاری جدی و بە پەلە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تەقەکەران لە شاسوار عبدالواحید خاوەنی کۆمپانیاکانی نالیا و سەروەت حاجی ڕەشید بەرپرسی دەستەی پاسه‌وانە تایبه‌تەکانی  جەنابی مام ، ئەمڕۆش شەهیدکردنی کاکە کاوە گەرمیانی دەنگزوڵاڵ و نەترس و ڕۆژنامەنوس ، کە هەمویان لە کردەوەگەلێکی قێزەوەن و تەمومژاویدا ئەنجامدراون  .

ئەوەی کە لە میدیاکانەوە دەیبیستین و دەیخوێنینەوە ، ئاماژە بۆ دەستێک دەکەن کە دیار و شاراوە نەبێت ، لێدوان و بەیاننامەکانی بەرپرسە باڵا حیزبی و حکومیەکان و سەرۆکایەتی هەرێم وە لەو نێوەندەدەدا بەرپرسانی ی . ن. ک لە هەمو ئاستەکانی حیزبی و حکومی و دەزگا ئەمنیەکان ، سەرلەبەریان ئیدانەی ئەم کارە قێزەوەنە دەکەن و بە تێکڕا داوای بەسزای عادیلانە گەیاندنی بکەرانی ئەم تاوانە دەکەن .

گەلۆ ئەگەر ئەم هەمو دەنگە جیاجیایەی ناو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی لە دژی ئەم تیرۆرکاریە بە حەماسەتەوە دەیبەستنەوە بە تیرۆرکردنی ئازادی و دیمۆکراسی و دەنگی دژەگەندەڵیەوە ، بە تێکڕا داوای سزای عادیلانە دەکەن بۆ ئەنجامدەرانی ( کە پێم وایە سزای لە سێدارەدان ) ە کە منیش لەگەڵیدام ، تا ببێتە وانەیەک بۆ ئەوانەی نیازی ئەنجامدانی کردەوەگەلێکی لەو شێوەیەیان هەبێت تا سنورێک بۆ ئەم ڕەشەکوژیە دابنرێت کە وڵاتەکەمانی گرتۆتەوە ، ئەدی ئیتر ئەم بکوژانە چۆن دەبێت دەربازیان ببێت ؟؟

بەڵێ ئەرکی یەکێتیە لە پێناو گەڕاندنەوەی متمانە و ڕاستگویی نێوان خۆی و جەماوەرەکەی ، پێویستە ، چۆن لە ڕابردودا بکوژانی ( فەرەنسۆ حریری ) کە لە هەولێر دەستی وەشان و لە سنوری زۆنی سەوزدا دەستگیریان کرد ، ئاواش ئەم بکوژانە دەستگیر بکەن .