ئاگاداری کۆری پرسەو سەرەخۆشی لە لایەن کاک فایەق حەدداد لە شاری فرێدریکستادی نۆرۆژ

کۆچی دوایی کادری پێشووی دێموکرات و یەکێک لە زامدارانی شیمیایی شاری سەردەشت کاک ڕەحمان حەدداد. ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١٧ ـ ١٢ ـ ٢٠١٣ کاک ڕەحمان حەدداد خەڵکی شاری سەردەشت لە شاری ورمێ لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد. کاک ڕەحمان حەدداد لە ساڵی ١٣٢٠ ی هەتاوی لە شاری سەردەشت لە بنەماڵەیەکی دیار و خۆشناولە دایک بووە، لە ئامیزی گەرمی بنەماڵەدا تەمەنی منداڵی بریوە و وەک زۆربەی منداڵانی هاوتەمەنی خۆی لە ئیمکاناتی کەمی شار کەڵکی وەرگرتووە و لە لایەن بنەماڵەوە بۆ خوێندن نێردراوەتە قوتابخانە و توانیویەتی چەند پۆل درێژە بە خوێندن بدات و دواتر لەگەڵ گەورە بوونی شانی وەبەر کارو کاسبی داوە و ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و خەریکی ژیانی ئاسایی خۆی بووە. کاک ڕەحمان مرۆڤێکی دەستگر و دڵفراوان بوو و هەموو کات یارمەتی بە کەسانی هەژار کردووە و تا توانیویەتی دەستی نەدارانی گرتووە. کەسێکی مشوورخۆر و قسەخۆش و جێ باوەری خەڵکی شار و ناوچە بوو.

لەگەڵ راپەرینی شۆرشی گەلانی ئێران وێرای ئەندامانی بنەماڵەکەی دێتە سەر شەقام و بەگژ دام و دەزگا و هێزی شاهەنشاهی دا دەچێتەوە و لە هەموو خۆپێشاندان و مانگرتنەکان دا بەوپەری لەخۆبردوویەوە بەشداری دەکات. دوای ڕووخانی رژێمی شاهەنشاهی و خۆسەپاندنی کۆماری ئیسلامی بە سەر خەڵکی ئێران دا و ئاشکرابوونی حیزبی دێموکرات ناوبراو دەبێتە ئەندام و دواتر دەبێتە یەکێک لە هەڵسووراوانی دیاری حیزب.

دوابەدوای گیرانەوەی شاری سەردەشت کاک ڕەحمان بە بنەماڵەوە ڕێگای شاخ دەگرێتەبەر و چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە هێزی موعینی پێشوو دەکاتە شان و وەک پێشمەرگە و کادری کۆمیتە شارستانی سەردەشت کاری پێشمەرگایەتی خۆی دەباتە سەر و تا ساڵی ١٣٦٣ ی هەتاوی وەک پێشمەرگە دەمێنێتەوە و دواتر لە تەنیشت بنکەو بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە تاراوگەیی دا ژیان دەباتە سەر و ژیانێکی سەخت و دژوار تەحەموول دەکات. رژێم هەموو خانوو و دوکان و مڵکی کاک ڕەحمان زەوت دەکا و دەستیان بەسەر دا دەگرێ و خانووەکەی دەکەن بە پایەگای خۆیان. کاک رەحمان بە بێ گوێدان بەو زەوت کردنە لەگەڵ بنەماڵەکەی تا ساڵی ١٣٦٤ ی هەتاوی لە تاراوگەدا ژیان دەبەنە سەر و وەک شۆرشگێر و تێکۆشەر سەختی‌یەکانی ژیان بە دڵ و بە گیان تەحەموول دەکەن و دواتر بە هۆی ئەوە منداڵەکانی بچووک دەبن بە ناچار دەگەرێتەوە نێوخۆی وڵات و لە شاری سەردەشت نیشتەجێ دەبێ. ناوبراو لە ٧ ی پووشپەری ساڵی ١٣٦٦ ی هەتاوی وەک زۆربەی خەڵکی شاری سەردەشت زامداری شیمیایی دەبێ و ئەو زامەش تا کاتی کۆچی دوایی هەروا لەگەڵی بوو و زۆرجار تووشی تەنگە نەفەسی و ناراحەتی سیپلەک دەبوو.

دوای ئەو کارەساتە بنەماڵەی کاک ڕەحمان ماڵیان بار دەکەن و لە شاری ورمێ نیشتەجێ دەبن و خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیان دەبن. کاک ڕەحمان لەو ماوەیەش دا هەمیشە خەمخۆری گەلەکەی بووە و ماڵەکەی جێگای میوان و ڕێبوارانی شاری سەردەشت بووە و بەردەوام ئەو کەسانەی نەخۆش دەبوون و یا ڕێگایان دەکەوتە شاری ورمێ کاک ڕەحمان خزمەتی پێدەکردن و یارمەتی دەدان و لە خۆشی و ناخۆشی‌یەکانی خەڵکی دا بە دڵەوە بەشداری دەکرد.

بنەماڵەی بەرێزی فایەق حەدداد کوڕی خوالێخۆشبوو کاک ڕەحمان حەدداد لە شاری فردریکستاد کۆڕێکی پرسەو سەرەخۆشی بۆ ئازیزی لە دەستچووی لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٢ ـ ١٢ ـ ٢٠١٣ لە ئادرەسی خوارەوە پێک دەهێنێ.

ڕۆژی یەک شەممە ٢٢ ـ ١٢ ـ ٢٠١٣

کاتژمێر ١٦:٠٠ تا ٢٠:٠٠ ی ئێوارە

شوێن: Fredrikstad Ila all 18

ژمارە تەلەفوون: 004799270060

تێ‌بینی: تکایە ئەو دۆست و ئاشنا و خزمانەی کە ڕێگایان دوورە بۆ هۆی ساردی و سەرما و بۆ پێشگرتن لە کارەسات و ڕووداوی هاتووچۆ لە هاتن خۆ ببوێرن و دەتوانن لە ڕیگای ئێمێل وتەلەفوونەوە هاوخەمی و هاودەردی خۆیان دەرببرن.


بو بۆنەی کۆچی دوایی کاک ڕەحمان حەدداد تێکۆشەری ڕێگای ئازادی لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزی حەدداد لە شاری سەردەشت و لە دەرەوەی وڵات و بە تایبەت ئەندامانی بنەماڵەکەی لە کوردستان و لە دەرەوە دەکەم و ئاواتەخوازم کە تەمەنی ئەندامانی بنەماڵەی کاک رەحمان درێژ بێ و کۆچکردووش بە بەهەشتی بەرین شاد بێ. ڕووحی شاد

حەمەرەسووڵ کەریمی