مێژووی هێرۆدۆت. 9 کتێب له 2 به‌رگدا. چاپی ده‌زگای موکریانی.وه‌رگێڕانی له یونانییه‌وه: عه‌لی فه‌تحی
مێژوو به‌باوه‌ڕی من ته‌نیا گێڕانه‌وه‌ی چیرۆک و به‌سه‌رهاتی ڕابردووی مرۆڤ نییه، به‌ڵکوو کۆڵێک ئه‌زموون و به‌ڵگه بۆ داهاتوویه و بۆیه وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌وه‌ج سه‌یری ده‌که‌م. حه‌زده‌که‌م زانیارییم له‌مه‌ر ڕه‌وتی ئاڵوگۆڕی چاره‌نووسی گه‌لان و وڵاته‌کانیان ده‌سکه‌وێ و که‌ند و کۆسپی دواکه‌وتنی ئێمه‌ی کورد و بێ کیانیی نه‌ته‌وه‌که‌م لێ روون بێته‌وه.
ئه‌و کتێبه‌ی له‌به‌ر ده‌ستی تۆی خوێنه‌ری به‌ڕێزدا، هه‌رچه‌ند سه‌باره‌ت به شه‌ڕی پارسه‌کان له سه‌رده‌می باستاندا، به‌ڵام وه‌ک مێژووی هێرۆدۆت ناسراوه. مێژووی هێرۆدۆت، پڕه له زانیاری و به‌ڵگه‌ی مێژوویی و هاوڵاتیانم ده‌توانن وه‌ک سه‌رچاوه‌ی توێژینه‌وه که‌ڵکی لێوه‌رگرن. سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه‌که له نۆ کتێب پێکهاتووه. هێرۆدۆت هه‌رکام له کتێبه‌کانی پێشکه‌ش به خواوه‌ندێکی سه‌رده‌می باستان کردوه و منیش وه‌رگێڕاوه‌که‌ی خۆم به‌ته‌واوی خه‌ڵاتی شه‌هیدانی گه‌لم ده‌که‌م.
ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵه نه‌چووبم، خوێنه‌ر و توێژه‌ری کورد تا ئێستا پتر سه‌یری ئه‌و مێژووه‌یان به زمانه‌کانی بێگانه کردوه. وه‌رگێڕاوی فارسییه‌که‌ی به‌لای منه‌وه جێگای متمانه نییه و ته‌واو ده‌سکاری کراوه. فارسه‌کان پێیانوایه مێژوونووسانی بێگانه ده‌بێ به‌خواست و حه‌زی ئه‌وانه‌وه بنووسن، ئه‌گینا ئه‌وه مێژووی ڕاسته‌قینه نییه و بۆ هه‌ر پاراگرافێک کۆڵێک بۆچوونی ده‌سکردی خۆیان به کتێبه‌کانه‌وه زیاد کردوه. من خۆم ئه‌و ده‌سکارییه‌ی خه‌ڵکانی وه‌رگێڕی فارسم پتر له‌و کتێبه و له کتێبی ئاناباسی گزنفۆن‌دا به‌دی‌کرد. گشت مێژوونووس و توێژه‌ر و خوێنه‌ری‌تر هێرۆدۆت وه‌ک باوکی مێژوو ده‌ناسن، له‌حاڵێکدا فارسه‌کان له‌و باره‌وه گومانیان هه‌یه، چونکه به‌حه‌زی ئه‌وان سه‌یری رووداوه‌کانی نه‌کردوه. سه‌باره‌ت به زمانه‌کانی‌تر وه‌ک تورکی و عه‌ره‌بی ناتوانم بۆچوونم هه‌بێ. هه‌ربۆیه، من خۆم هه‌ستم به‌و پێویستییه کرد که ئه‌و سه‌رچاوه مێژووییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌لێک ده‌وڵه‌مه‌نده، ڕاسته‌وخۆ له زمانی یونانییه‌وه وه‌رگێڕمه‌وه سه‌ر زمانی کوردی.
خوێنه‌ری به‌ڕێز! له‌کاتی خوێندنه‌وه‌دا ژماره‌یه‌کی زۆر ناو به‌رچاو ده‌که‌ون. من به‌نۆره‌ی خۆم هەوڵم داوه ئه‌وه‌نده‌ی بکرێ، له پاراگرافه‌کاندا روونکردنه‌وه‌ی کورت و پێویست سه‌باره‌ت به‌و ناوانه بنووسم، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه‌ی گرینگن. ره‌نگه جاروبار به‌سه‌ر شوێنێکی نه‌ناسراودا که‌وتبم که کوێره کانییه‌ک له‌وسه‌ری قاڕه‌ی ئه‌فریقیا بووبێ و ئه‌مڕۆ نه ئاسه‌واری مابێ و نه له‌باری مێژوویی و جۆغرافییه‌وه گرینگییه‌کی ئه‌وتۆی هه‌بێ، ئیتر نه خۆم به‌و شوێنه‌وه ماندوو کردوه و نه له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی‌تریش ناوی هاتووه تا من وه‌ک زانیاری بیخه‌مه به‌رچاوی خوێنه‌ر.
مه‌به‌ستێکی‌ترم له‌و وه‌رگێڕانه ئه‌وه بوو که زۆربه‌ی سه‌رچاوه مێژووییه‌کانی هێرۆدۆت، گزنفۆن، ستراڤۆن، پلوتارخیس و چه‌ندێکی‌تر، له زمانی ره‌سه‌نی یونانییه‌وه وه‌ک خۆیان وه‌رگێڕمه‌وه سه‌ر زمانی کوردی و کتێبخانه‌ی کوردیان پێ ده‌وڵه‌مه‌ندتر بکه‌م و خوێنه‌ر و توێژه‌رانی کورد چاو له‌ده‌ستی زمانه‌کانی بێگانه نه‌بن. هیوادارم به‌رهه‌مێکی به‌که‌ڵک بێ و تۆی به‌ڕێزیش چێژی لێوه‌رگری. بێ‌شک هیچ به‌رهه‌مێک بێ که‌موکوڕی نابێ و به تێبینی و هه‌ڵسه‌نگاندن و لێوردبوونه‌وه‌ت شادم بکه. هه‌ر لێره‌شدا ده‌ستخۆشی به کاک سۆران عه‌لیپور ده‌ڵێم که ئه‌رکی پێداچوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌که‌ی وه‌ستۆگرت و به‌دڵه‌وه سپاسی ده‌که‌م.
عه‌لی فه‌تحی
19ی مای 2012
ستۆکهۆڵم