سوپاسنامەی بنەماڵەی نەباتی بە بۆنەی کۆچی دوایی حاجی خەجیجە مەعرووفزادەوە.

هەروەک ئاگادار بوون دایکی ئازیزمان حاجی خەجیجە مەعرووفزادە وەک کەسێکی خۆشەویست و دیاری بنەماڵەکەمان زۆر بەداخەوە بە هۆی نەخۆشی و بەساڵداچوویی حەوتووی ڕابردوو ماڵئاوایی یەکجارەکی لێکردین و ئەو کۆچەش بوو بە هۆی ئەوە کە تێکرای ئەندامانی بنەماڵەکەمان و دۆستان و ئاشنیانمان بەپەرۆش و نارەحەت بین بۆ لەدەستدانی حاجی خەجیجەی دایکمان.

دوای بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، خزمان و دۆستان و ئاشنایان و تێکرای ئەندامانی بنەماڵەکەمان و بە تایبەت خەڵکی خۆشەویستی شاری سەردەشت و دەوربەری بە شێوەی جۆراوجۆر و بە پێی ئیمکان لە ڕێگای ئێمیل، فەیسبووک، تەلەفوون و هەروەها بە سەردان لە کۆری پرسە و سەرەخۆشی و بە خاکسپاردنی حاجی خەجیجە مەعرووفزادە دا لە کوردستان و هولەند و فینلاند و فەرانسە بە گەرمی بەشداریان کرد. شەپۆلی هاوخەمی و هاودەردی بە ڕادەیەک زۆر بوو کە باری قورسی لە دەستدانی دایە خەجیجی لەگەڵ بەش کردین و بە هیممەتی خۆیان شانیان وەبەر قوەسایی ئەم کۆستە گەورەیە نا و نەیانهێشت بە تەنیا لە سەر شانی ئێمە بێ.

ئێمە وەک بنەماڵەی نەباتی بە گشتی ڕێز و سوپاسی خۆمان بۆ هەموو ئەو کەسانە دەر دەبرین کە هەر لەیەکەم چرکەکانەوە تا کۆتایی لەگەڵمان بوون، هەر بۆیە لە ناخی دڵمانەوە ڕێز و قەدرزانی خۆمان بۆ گشت لایەک دەردەبرین و ئاواتەخوازین کە ئێمە لە شادی و خۆشی ئێوە ئازیزان دا بەشداری بکەین و ئێوەی ئازیز تەمەن درێژ بن.

لەگەڵ ڕێز و وەفا و خۆشەویستی

زیبا نەباتی

عەلی ڕەحیمی

جەحفەر نەباتی

سولێمان نەباتی

هیوا نەباتی