بژی مافی خوێندن بە زمانی دایک

ئێمە داوای مافی منداڵەکانمان دەکەین!
دژایەتیی زمانی دیکە ناکەین!
بزووتنەوەیەکی بەرین بۆ فێربوونی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند ساڵ لەوە پێشەوە دەستی پێکردووە.

خوێندن بە زمانی دایک زیاتر لە جاران بووەتە جێگەی سەرنج.

ژمارەیەکی زۆر لە دایک و باوکەکان لەو ڕاستییە ئاگادارن کە بێبەشیی منداڵەکانیان لە خوێندن بە زمانی دایک، بێبەشبوونیانە لە ئیمکانی یەکسان بۆ فێربوون و بەهرەمەندی لە ناسنامەی شارۆمەندی ئازاد.

ئێمە، بە ڕێز و بایەخەوە دەڕوانینە ئەو بزووتنەوەیە و پشتیوانیی لێدەکەین.

ئەو بزووتنەوەیە بە پشتیوانیی زیاتری جەماوەری ئازادیخواز و ڕۆشنبیران دەتوانێ بە شێوەیەکی ئامانجدارتر و کاریگەرتر هەنگاوەکانی خۆی دیاری بکا لە هەمانکاتیشدا، بە پەرەگرتنی ئەو بزووتنەوەیە، دەستوپێوەندە فەرهەنگی و ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کەوتوونەتە نیگەرانی‌دەربڕین و چارەجۆیی بۆ پێشگرتن بەو ڕەوتە..

ڕایانگەیاندووە کە بەهرەمەندیی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران لە مافی خوێندن بە زمانی دایک، دەبێتە هۆی لاوازبوونی زمانی فارسی و بەمجۆرە هەوڵ دەدەن دژایەتیی بەشێک لە خەڵکی ئێران لە دژی ئەوانی دیکە هەڵخڕێنن.

ئێمە ئەو کردەوەیەی “فەرهەنگستانی زمانی فارسی” بە بەشێک لە هەڵوێست و سیاسەتی پاوانخوازانەی دەسەڵات دەزانین و مەحکوومی دەکەین.

ئێمە ڕادەگەیەنین کە ئەو بزووتنەوەیە، دژایەتی و ناتەباییی لە گەڵ هیچ زمان و نەتەوەیەک و لەگەڵ مافی هیچ گرووپێکی قەومی و نەتەوەیی دیکە نییە.

ئەو بزووتنەوەیە دژی بوونی زمانی هاوبەش بۆ دانیشتوانی ئێرانیش نییە.

داوای ئەو بزووتنەوەیە ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان لە مافی خوێندن بە زمانی دایک بەهرەمەند بن.

ئەوە ئەرکی حکوومەتە کە پێویستییەکانی خوێندن بە زمانی دایک بۆ شارۆمەندان دابین بکا. لە هەمان کاتیشدا، ئێمە دەزانین ئەو ڕەوتە کە لە ناخۆی کۆمەڵگەی کوردستانەوە دەستی پێکردووە، دەتوانێ لەو بوارەدا خۆی هەنگاوی کاریگەر هەڵگرێ. نووسین و دوان بە کوردی لە ڕۆژنامەکان و رادیۆ و تەلەڤزیۆنەکاندا لە هەر جێیەک دەرفەت هەبێ، لە تۆڕە کۆمەلاتییەکان و لە پەیوەندە کۆمەڵایەتی و تاکە کەسییەکاندا و لە نێو خێزاندا، دەتوانێ ئەو ڕەوتە بەرەوپێش بەرێ. دایک و باوکەکان دەتوانن یارمەتیدەری منداڵەکانیان بن بۆ فێربوونی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی دایک. ئەوە یارمەتییان دەدا بۆ باشتر فێربوون، بۆ خۆناسین، بۆ هەستکردن بە ناسنامەی کەسایەتیی ئازاد و خاوەنی مافی یەکسان و، بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە دەوروبەر.

ئێمە بە بایەخەوە دەڕوانینە کاری ئەو کەسانە کە هەوڵ دەدەن باس و لێکۆڵینەوە و سەرچاوەی پێویست و بەکەڵک بۆ فێربوونی خوێندنەوە و نووسینی زمانی دایک بخەنە بەردەستی شارۆمەندان.

بۆ پێشەوە بەرەو پەرەپێدانی بزووتنەوەی زمانی کوردی.

بەڵێنم بە دایکی نیشتمان داوە، تا ماوم دەی پارێزم…

تکایەناوه كانتان له م لينكه ى خواره وه بنووسن.

فەرموون ئێرە چرکە بکەن بۆ بەشداری کردن لەو هەڵمەتە نەتەوەی‌یە.