سەردانی پرۆفسور دوکتور بێشکچی لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی وییەن لەئوتریش!

لە رێکەوتی ١٣/٢/٢٠١٤ لە رێورەسمی بەسەر کردنەوەی مۆنۆمێنتی شەهید دوکتور قاسملوو و هاورێیانی لەلایەن پرۆفسور دوکتور بێشکچی دۆستی دێرینی گەلی کوردو کەسایەتی‌و نووسەری بەناوبانگی تورک ‌و شاندی یاوەری، وێرای بەشداری حیزب‌و کەسایەتیەکانی کوردستان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بانگهێشتن کرابوو.

لە لایەن نۆێنەری حدکا لە ئوتریش هیوا بەهرامی‌و هەروەها بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لەو وڵاتە جەزا ساڵحی، پەیامێک پێشکەش بە بەشدارانی ئەو مەراسیمە کرا، بەڵام جێگای سەرسورمانە کە ئەو پەیامەی لەبەردەم دوکتور بێشکچی ‌و بەشداران خوێندیانەوە هیچ باسێک لەسەر مێژووی دانانی مۆنۆمێنتی شەهیدانی وییەن نەکرا بوو، لەگەڵ ئەوەش سازکردنی ئەو مۆنۆمێنتە بەرهەمی کارو ماندوو بوون‌و تێکۆشانی ٦ ساڵەی پێشمەرگەی دێرین‌و کەمئەندامی حیزبی دێمۆکرات عەتا نەسیری‌و هاوسەری ئارەزوو کە لەو شەش ساڵەدا بێوچان یاریدەدەری عەتا بووە.

عەتا نەسیری لە پێناو ئازادی‌و بەدیهێنانی مافە رەواکانی نەتەوەی کورد لە شەر لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان لە ریزەکانی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا قاچێکی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کردوە. هەروەها شتێکی‌تر کە جێگای پرسیارە لە ڕاگەیاندراوەکانی حدکا بۆ مێدیاو سایتەکان هیچ باس‌و‌ ئیشارەیەک لە داهێنەرانی مۆنۆمێنتی شەهیدانی وییەن‌و بەشداریان لەو رێورەسمەدا نەکراوە.

لە کۆتایی رێورەسمی سەردان لە مۆنۆمێنتی شەهید دوکتور قاسملوو و هاورێیانی، چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ پرۆفسور دوکتور بێشکچی هەبوو، بەرێزیان پرسیاریان لەسەر چۆنیەتی دانانی مۆنۆمێنتەکەو ئیجازەدان لەلایەن وڵاتی ئۆتریشەوە کردو بۆیان جێگای سەر سورمان بوو کە بۆچی لە رێورەسمەکەدا نۆێنەری حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە ئوتریش هیوا بەهرامی‌و بەرپرسی کۆمیتەی حیزب جەزا سالحی هیچ باسێک‌و ناوێکیان لە داهێنەرانی مۆنۆمێنتی دوکتور قاسملوو و هاورێیانی نەبردوە.

لێرەدا جێگای خۆیەتی لە بەرپرسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئۆتریش پرسیار بکرێت : بۆچی باسێک نەکرا لە هەوڵ‌و تێکوشانی ئێمە لە پێناوی دانانی مۆنۆمێنتی شەهێد دوکتور قاسملوو و هاورێیانی کە دانانی ئەم مۆنۆمێنتە دەسکەوتێکی گەورە بوو بۆ نەتەوەی کورد و هەروەها زەربەیەک بوو لە حکوومەتی تیرۆریستپەروەی کۆماری ئێسلامی ئیران، بۆ ئەو باسە نەکرا؟ چونکە خەڵک دەبێ بزانن کە ئایا مۆنۆمێنتی دوکتور قاسملوو و هارێیانی لە وییەن پێتەختی ئوتریش کۆمیتەی حیزبی دێموکرات کوردستانی ئێران‌و بەرپرسانی ئەو حیزبە دایان ناوە یان عەتا نەسیری‌و هاوسەرەکەی ئارەزوو‌؟

ئارەزوو و عەتا نەسیری

وییەن ـ ئوتریش ١٦/٢/٢٠١٤