◾به‌یاننامه : له پێشوازی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا
داواکاران و هۆگرانی مافە نەتەوەیی و زمانییەکان لە کوردستان و سەرانسەری ئیران!
حیزبی دیموکراتی کوردستان، له سه‌ره‌تای دامه‌زرانییه‌وه تا ئێستا، به ڕه‌سمی ناسینی زمانی کوردی و خوێندن به‌و زمانه‌ی ، وه‌ک یه‌کێک له گرنگترین داخوازه کانی خه‌ڵکی کوردستان، سه‌یر کردوه. هه‌ر له ده‌رچوونی به‌یاننامه‌ی دامه‌زرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە هه‌تا ئه‌مڕۆ، داخوازی به‌ڕه‌سمی ناسینی زمانی کوردی، به‌شێکی جیانه‌کراو له به‌رنامه‌ی ئه‌م حیزبه بووه. له هه‌موو ئه‌و گه‌ڵاڵانه‌ش دا که حیزبی دیموکراتی کوردستان وه‌ک داخوازەکانی خه‌ڵکی کوردستان له قۆناغی جۆراوجۆر دا، به‌ره‌وڕووی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی کردوونه‌وه، به‌ڕه‌سمیناسینی زمانی کوردی و خوێندن له قوتابخانه به‌و زمانه و بەڕێوەچوونی کاروباری ئیداری له کوردستان به زمانی کوردی، یه‌کێک له خاڵه سه‌ره‌کییه‌کان بووه.
پرس و داخوازی خوێندن به زمانی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێران، هه‌تا هاتوه پتر له نێو نه‌ته‌وه نافارسه‌کانی ئێران دا، جێگای خۆی کردوه‌ته‌وه و ئێستا به خۆشییه‌وه نه‌ک هه‌ر له کوردستان، به‌ڵکوو له نێو ئازه‌رییه‌کان، به‌لووچه‌کان، عه‌ره‌به‌کان و تورکمه‌نه‌کانیش دا،چالاکانی سیاسی، مه‌ده‌نی و کولتووری و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، داوای خوێندن به زمانی نه‌ته‌وه‌که‌یان ده‌که‌ن. هێنانە گۆڕی ئه‌و داخوازه له هه‌لومه‌رجێک دایه که کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و په‌یماننامه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، لە مێژ ساڵه مافه نه‌ته‌وه‌یی و مافه زمانییه‌کانیان به ره‌سمی ناسیوه. جگه له‌مه‌ش هه‌ر له ئاستی ئێران و له به‌هاری رابردوودا، حه‌سه‌ن ڕۆحانی،به‌ربژێری پۆستی سه‌رۆک کۆماریی ئێران،له به‌یاننامه‌کانی سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردن دا به‌رعۆده بوو که ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، ئاوڕ له مافه نه‌ته‌وه‌یی و زمانییه‌کان دەداته‌وه و به‌نده پشتگوێخراوه‌کانی یاسای بنه‌ڕه‌تیی وڵات له باره‌ی ئه‌و جۆره مافانه جێبه‌جێ دەکا. هه‌ر به هۆی ئەم واده و به‌ڵێنانه‌ش بوو که ناوبراو زۆرترین ده‌نگی له نێو نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێران دا بۆ خۆی کۆ کرده‌وه.
ئێستا لە کاتێک دا بەرەو 21ی فێوریە، “ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک” دەچین کە نەک هەر نیشانەیەک لە جێبەجێبوونی وادە و بەڵێنەکانی سەرکۆمار لە پێوەندی لە گەڵ خوێندن لە قوتابخانەکان بە زمانی نەتەوە نافارسەکانی ئێران دیار نییە، بەڵکوو داواکان و هەوڵەکان لەم پێوەندییە دا، لە گەڵ دژایەتیی هێندێک ناوەندو دامەزراوەی نێو دەسەڵات بەرەوڕوو بوونەتەوە.ئەم دژایەتییانە لە ژیر ناوی دڵسۆزی بۆ زمانی فارسی و یەکپارچەیی خاکی ئێران و ئاسایشی وڵات دا، ئەنجام دەدرێن. نموونەی هەرە دیاری نوێترین دژایەتییەکان، هێرشی ژمارەیەک لە دەمڕاستەکانی بە ناو فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی بۆ سەر داوای ڕەوای خویندن بە زمانە نافارسییەکانی ئێران بوو.
حیزبی دیموکراتی کوردستان لە پێشوازی 21ی فێوریە دا، پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە هەموو دڵسۆزان، داواکاران و هۆگرانی مافە نەتەوەیی و زمانییەکان لە نێو نەتەوەی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران دەکا. هەر بەم بۆنەیەشەوە دەستخۆش و سوپاس و پێزانینمان بۆ ئەو بەڕێزانە دەنێرین کە ساڵانێکی زۆرە سەرەڕای هەڕەشە و گوشاری جۆراوجۆر، لە پاراستن وخزمەتی زمانی نەتەوەکەیان و هێنانە گۆڕی داخوازە نەتەوەیی و زمانییەکان، غافڵ نەبوون.سوپاسێکی تایبەتیشمان بۆ ئەو مامۆستا و فێرکارانەی بە کەمترین ئیمکان و سەرەڕای گرفت وکەند و کۆسپی جۆراوجۆر، شانیان داوەتە بەر ئەرکی پیرۆزی فێرکردنی خوێندنەوە و نووسینی کوردی لە نیو منداڵان و لاوانی کوردستان دا. بە پێویستیشی دەزانین وەبیر بێنینەوە کە خوێندن بە زمانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران، سەرەتاییترین و ڕەواترین مافی ئینسانی و نەتەوەیی ئەوانە نەک داوایەکی زێدەخوازانە. هەربۆیە، لە بەرامبەرهێرش و هەڕەشەی دەسەڵاتدارانی شۆڤێنیست و ناوەند و دامودەزگاکانی سەر بەوان دا، نابێ بکەونە پاشەکشێ وخاوبوونەوە، نەک هەر ئەمە بەڵکوو پێویستە ڕاشکاوتر، شێلگیرتر و یەکگرتووانەتر لە هەموو کات، داوای مافە نەتەوەیی و زمانییەکان بکەن.
چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە، نەک هەرتێکۆشەرانی هەر کام لە نەتەوە بندەستەکان لە نێو خۆیان دا، بەڵکوو سەرجەم داواکارانی مافە نەتەوەیی و زمانییەکان- لە هەر نەتەوە و زمانێکن- لە ئاستی ئێران دا، لە سەر بناغەی ئەم داوا ڕەوایانە یەک بگرن.نابێ چی دیکە ڕێگە بە نەیارانی سەرەتاییترین مافە نەتەوەیی و زمانییەکان بدرێ بە ناوی نیگەرانی لە داهاتووی زمانی فارسی و یەکپارچەیی وڵاتی ئێران، ئەو مافانە لە نەتەوە بندەستەکانی ئێران زەوت و سەرکوت بکەن. با بە ڕاشکاوی و بە دەنگی بەرز ئەم پەیامەیان بە گوێ بگا کە بەردەوامیی یەکپارچەیی ئیران و پێکەوەمانەوەی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئەو وڵاتە، لە گرەوی ڕێزگرتن لە زمان و ناسنامەی نەتەوەیی ئەوان و بە ڕەسمیناسینی مافەکانیان دایە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان، پشتیوانیی خۆی لە خەبات و تێکۆشانی چالاکان و هەڵسووڕاوانی نیوخۆ بە مەبەستی بەڕەسمی ناسرانی زمانی نەتەوەکانی ئیران و خوێندن بەو زمانانە لە قوتابخانەکان، ڕادەگەیەنێ. هیوادارین ئەم ویستە پیرۆزە هەوێنی هاوخەباتی، هاودەنگی و هاوکاریی ڕۆژبەڕۆژ زیاتری لایەنگران و داکۆکیکارانی مافە نەتەوەیی و زمانییەکان لە نێوخۆی ئێران دابێ و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵاتیش هاندەر و پشتیوانی خەبات بۆ ئەم مافە ڕەوایانە بن.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
17ی فێوریەی 2014
28ی ڕێبەندانی 1392