هەشتی مارس بەتەنیا لە ئافرەتان پیرۆز بێت. مستەفا شێخە
لە زمانی ئێمەدا ژن وشەیەکە زۆر زۆر زیاتر لە وشەی ئافرەت لەسەر زارو زمانانە. دیارە هەزار جار ماشەڵڵا زمانەکەشمان زۆر لەمێژە لە رووباری بە خوڕی بەستاندارد بوون پەڕیوەتەوە و خەریکە لەوبەر رووبارەکە خۆی رادەوەشێنیت و بە تەمایە جلەکانی ژێرەوەی بکاتەوە بەر. زمانی پێشکەوتووو گەشەکردوو، ئەو زمانەیە لەخەم ڕستووە و لە هەمووشێک لە خۆ بۆتەوە. زمانێک کە لێی خاترجەمین ناکەوێتە بەردەستی لەفەفرۆشو ساندویچ فرۆشەکانی سەر شەقامەکانی سەهۆڵەکەو شێخەڵڵا و ئیقباڵو مەلاجامی، ئیدی بۆ ئەوە نابێ خەمی بۆ هەڵبگرین. ئەم زمانە پوختو پاراوەمان دوور لە هەر چەشنە برژاندنو دەمارگرژییەک خەریکە زۆر بە خێرایی قۆناخەکانی پێشکەوتن دەبڕێت. لە سەروبەندی ساڵرۆژی هەشتی مارسدا وەک هەموو بۆنەو رێکەوتێکی دیکە، بابەتی تایبەت بەم رۆژە زیاتر دەکەوێتە سەر زارو زمانان. هەر بەم هۆیەشە لەم چەند رۆژەدا، ژنو ئافرەت بە هەوای سوێچکەییو سێپێییو شێخانیو داغەییو رۆینە لە سەر زمانی هەموو کەس هەڵدەپەڕن. ئەم هەڵپەڕکێیە جیاوازی بە زمانی نێرو مێ ناکاتو هەرکەسێک لەم دوو رەگەزە ئازیز و مێهرەبانە دەمی بکاتەوەو گۆشەیەکی زمانی دەرکەوێت، ئەوە هەڵپەڕکێیە دەست پێدەکات.
ئەم زمانە چەورو لووسو نەبرژاوە کە بەردەوام خەریکی هەڵپەڕاندنی ژنو ئافرەتە بۆ هەر کامیان سنووری بەرچاویشی دیاری کردووە. وێڕای ئەوەی ئەو مرۆڤانەی لە لایەن زمانەوە ئەم ناوانەیان بۆ لەبەرچاوگیراوە قەڵافەتی وەک یەکە، بەڵام جیاوزیی بەرچاویشیان هەیە. لێرەدا ئامادەم بە نوێنەرایەتیی زمانی پاراو و پێشکەوتوو ئاماژە بە هێندێک لە جیاوازییەکانی ژنو ئافرەت بکەم.
١- ژن لە دووپیتی «ژ» و «ن» پێکهاتووە و ئافرەتیش لە کۆمەڵە پیتی «ئـ»، «ا»، «ف»، «ر»، «ە» و «ت» پێکهاتووە. هەر بۆیەشە زۆربەی هەرە زۆری ئافرەتان جلەکانیان شۆڕ و درێژە و جوان دایاندەپۆشێ و وەک ژنان قاچ و قول رووت و سینگ دەرپەڕیو نین.
٢- لە کوردستانی گەرمێن کە جاران تەنیا ناوی گەرمێن بوو و ئێستا چەندین ناوی سەیرو سەمەرەی دیکەی وەک باشوورو هەرێم و شتی وای هەیە، هەر ژنێک لە ناوچەی سەوزەوە بچێتە ناوچەی زەرد، هەر لەخۆڕا دەبێت بە ئافرەتو هەر ئافرەتێکیش لە ناوچەی زەردەوە بچێتە ناوچەی سەوز، ئەوە بەشێوەیەکی ئوتماتیک واتە هەر لە خۆڕا، دەبێت بە ژن. ئەم خاڵی دووەمە تەنیا ئەو ژنو ئافرەتانە دەگرێتەوە کە بە جۆرێک لە جۆران لە کاروباری سیاسیدا دەمڕاستن یان خۆیان بە کاری دەملەپێشی هەڵدەستن. لێرەدا چونکە باسی هەڵپەڕینمان کرد، وشەی «هەڵدەستن» بە داتاشراو نازانرێتو تەواو لەجێگەی خۆی دایە. لە هەڵپەڕیندا کەسانی لای گاوانیو گۆرانیبێژی ناوەندی هەڵپەرکێکە بۆیان هەیە پڕ بەدەمیان هاوار بکەن و بڵێن هەستە دەی هەستە سەرچۆپی.
٣- لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ژن بۆ حاڵی خۆی لە ئافرەت وریاترە و ژن بێ ئەوەی پەرەمێزی لە دەستدا هەڵبچێتو ئاگر بگرێت، دەتوانێت رۆژانەو تەنانەت شەوانەش بە کەیفی خۆی بچێتە حەمامو بێ ئەوەی بسوتێتو بمرێت، درێژە بە ژیانی بدات. هەروەها لە خۆی رادەبینێت دەیان سەرەپەتو گوریسو داوی ئەستوورو باریک بدۆزێتەوەو خۆی بە هیچکامیانەوە نەخنکێنێت. بەڵام ئەم کارە زۆر بە زەحمەت لە دەست ئافرەت دێت. ئافرەت پێچەوانەی ژن زیاتر نەوت و کارەبا و دەواو دەرمانو تەنانەت بە دەنکە شقارتەیەکیش دەمرێت.
٤- لە بەرانبەر ئافرەتدا ژن بوونەوەرێکی دەستو پێ سپیلکەیەو زۆر کاری پێ ناکرێن. بۆ وێنە ژن بە زەحمەت دەتوانێ خۆی بەگژ هەوێیەکو دووهەوێو تەنانەت سێ هەوێشدا بکاتو لەگەڵیان لە ژوورێکدا چەنگە پرچەو شەڕەشەق بکات. هەر لەم بێ دەستەڵاتییەوە بە تەنیا لەگەڵ مێردەکەی دەژێتو توانای هەوێساریی نیە.
٥- ژنان رۆژی هەشتی مارس دەکەن بە جێژنو خۆشی و ئافرەتان پێیان فشەیە.
ئەم جیاوازیانەو چەندین جیاوازیی دیکەش لە ناو ژنانو ئافرەتاندا بەرچاون. وێڕای ئەمەش هاوسەرانی ژنانو ئافرەتانیش جیاوازیی بەرچاویان هەیە.
ئەو پیاوەی هاوسەری ژنە ترسنۆکەو ناوێرێ ژنەکەی تووشی هەوێساری بکات، بەڵام ئەوەی هاوسەری ئافرەتە وا نییەو لە خۆی رادەبینێت رادەی ئافرەتەکانی هاوسەری بگەیەنێتە چوار کەس کە بە خۆیەوە باری ئۆتۆمبێلێکی قەمەرەی پێنج کەسی دەبن کە دوانیان لەپێشەوە و سێ لەدواوە سواری بیلامانێ قەمەرەکە دەبن. (بەم تێبنیەوە تەنیا ئافرەتێک دەتوانێ لەگەڵ شۆفیرەکە لە پێشەوە دابنیشێت، سێ کەسەکەی دواوە واباشترە هەتا نۆبەی لە پێشەوە دانیشتنیان دێت، پێکەوە بسازێن).
ئەوپیاوەی مێردی ئافرەتە، هەروەها لەخۆی رادەبینێت لەم چوار ئافرەتەش هەرکامیانی بەدڵی نەبوو، تەڵاقی بدات و خێرا ئافرەتێکی دیکە لەخۆی مارە بکات. لێرەدا دەبێ پیاوانی بەڕێز ئەمەیان لەبەرچاو بێت کە پێویستە هەموو هاوسەرە هەوێکان ئافرەت بنو ئەگەر تەنیا یەک ژن بکەوێتە ناویانەوە ریسەکەی لێ دەبێتەوە بە خوری.
بەم هۆکارانەی سەرەوە و زۆر هۆکاری دیکەش کە یان بۆ باس کردن نابن یان بۆ ئەوە نابن لێرەدا بیانخەینە بەرباس، هەشتی مارس هەر لە ئافرەتان پیرۆز بێت.
له ژماره ٦٢٧ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه