یادێک لە هاوسەنگەری نەمرم کاک هەمزە سارتکەیی کوڕی ڕۆژی تەنگانە. ڕەحمان نستانی

زۆرن ئەو کەسانەی کە لە ریزی شۆڕشدا گیانی پیرۆزی خۆیان کرد پردەبازی نەتەوەکەیان و ناو و ناوبانگیان و کار و کردەوە شۆرشگێرانەکەیان بۆتە وێردی سەر زمانی نەوە دوای نەوە و هەروەها بوونە پاڵەوانی میللەتەکەیان و میداڵی شانازیان لە گەردنی بەرزی خۆیان و بنەماڵەکەیان کرد. زۆرن ئەوانەی کە لە مردن نەترسان و بۆ ئازادی گەلەکەیان بە پێشوازی مەرگەوە چوون و بۆ هەتاهەتایە وەک ئەستێرەیەکی پرشنگدار لە ئاسمانی ساماڵی کوردستان دەدرەوشێنەوە. سەدمخابن ڕەوتی شۆڕش و بزووتنەوە زۆرجار تووشی نەهامەتی و لێکدابران و ناکۆکی و نەحاوانەوە بوو و ئەو ڕەوتە نەخوازراوەش بۆتە هۆی ئەوە کە ئەو شێرەکوڕانە وەک خۆیان کە هەبوون باس نەکرێن و ببنە بەشێک لە مێژوو نەنووسراوەی گەلەکەمان.

بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو نەتەوەکەمان زانیاری لە سەر ئەو شۆرشگێرانە هەبێ پێویستە هەموو ئەو کەسانەی لەگەڵ ئەو شەهیدە سەربەرزانە لە سەنگەر خەبات و تێکۆشان دابوون بیرەوەری‌یەکانیان لەگەڵ ئەو نەمرانە بنووسنەوە و باس بکەن بۆ ئەوەی چیدی لە بن تەم و مژی ناکۆکی‌یەکاندا بە شاراوەیی نەمێننەوە. بێ‌شک ئەو کارە هەم ڕووحی شەهیدەکان شاد دەکا و هەم ویژدانی کەسەکان ئاسوودە دەکات.

لەم بەشەدا بۆ ئەوەی ئاوڕ لە بەشێک لە بیرەوەری‌یەکانم بدەمەوە پێویستە بگەرێمەوە دواوە و بگەرێمەوە نێو ریزەکانی شۆرش. لە ماوەی خەبات و تێکۆشان دا لەگەڵ یەکێک لە شۆرەسوارانی ڕێگای خەبات و تێکۆشان، فەرماندەی ئازا و بە جەرگ و چاونەترس، شەهید کاک هەمزە سارتکەیی ئاشنا بووم و مانەوەم لەگەڵ ئەو نەمرە هانی دام کە بە نووسینیش بێ ڕێز لە لەخۆبردوویی و بە ئەمەگی ئەو شەهیدە سەربەرزەی گەلەکەمان بگرم. ئەوەی لێرەدا دەنووسرێ بێ‌شک قەترەیەکە لە دەریای پڕ شەپۆلی بوێری و ئازایەتی‌یەکانی نەمر شەهید هەمزە سارتکەیی، لەو پەیوەندی‌یەشدا دڵنیام کە نووسینەکانم بێ کەم و کوڕی و بێ هەڵە نابن و هەر بۆیە داوا لە خوێنەر و دۆستان و ئازایزان دەکەم کە دەستنیشانی کەم و کوری و هەڵەکان بکەن و دڵنیاتان دەکەمەوە کە بە دڵێکی فراوانە بە پێشوازی پێشنیار و تێ‌بینی و نووسراوەکانتانەوە دەچم.

لە سەریەک ئەم کورتە نووسین و بیرەوەری‌یە، بۆ زیاتر ناساندنی شەهید هەمزەیە و دڵنیام بۆ ئەو کەسانەی کە هاورێ و هاوسەنگەر و ناسیاو و ئاشنای شەهید هەمزە بوون، ڕەنگ بێ گرینگی خۆی هەبێ بۆ زیاتر دەوڵەمەند کردنی باسەکە و هەروەها توانیبێتم سیمایەک لە گەورەیی و بوێری شەهید هەمزە بەو کەسانە نیشان بدەم کە تەنیا ناو و ناوبانگیان بیستووە و خوازیاری زیاتر ناسینی ئەو کەڵە شۆرشگێرەی نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمانن.

چۆنیەتی ناسینی شەهید هەمزە سارتکەیی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٣٦١ ی هەتاوی. شەهید هەمزە و هاورێیەکی دیکەی شەهیدمان کاک محەممەد ناسراو بە شەهید ڕێبوار بۆ درێژەدانی خەبات و پێشمەرگایەتی نەقڵی بنکەی پێشمەرگەکان لە گوندی نستان بوون. ئەو دوو لاوە جوان چاک و لێو بەخەندەیە زۆر زوو سرنجی گشت لایەک و بە تایبەت هاورێیانی پێشمەرگەیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا و لە ماوەیەکی کەم دا بووینە هاورێی گیانی بە گیانی یەکتر. زۆر بەداخەوە شەهید محەممەد ڕێبوار زوو ماڵئاوایی لێکردین و لە مەئموریەتێکی حیزبی دا و لە شەرێک لە نێوان گوندەکانی گرشیلان و برایم خەسار دا لەگەڵ پۆلێک لە هاورێیانی لە کەمینی بەکرێگیراوانی رژێم کەوت و شەهید بوو و ڕێگای خەباتی بۆ هاورێیانی بە جێ هێشت.

لە ماوەی پێشمەرگایەتی و بە یەکەوە بوونمان دا زۆر گونجاو و تەبا بووین و لە ئەزموونی کاری کاک هەمزە کەڵکی زۆرم وەرگرت، هیچ کات دڵم لەو هاورێ خۆشەویستم نەهێشا و هەردەم بە یەکەوە بۆ کار و ئەرکی حیزبی زۆرجار وەک پێشەنگ و پێشرەومان بەرەو قوڵایی ناوچە دەرۆیشتین و ئەوەش زیاتر هەمزەی لە لای من و هاورێیان خۆشەویستر دەکرد.

بەهاری ساڵی ١٣٦٤ ی هەتاوی کاک هەمزە وەک سەردەستە دیاری کراو منیش وەک جێگر دەستەی ناوبراو دیاری کرام و ئەوەش زیاتر هاورێیەتی ئێمەی نزیکتر کردەوە. هەوڵ و تێکۆشان و خەباتی کاک هەمزە وایکرد بوو کە بەرپرسانی سەرەوە زیاتر سرنج بدەنە کاک هەمزە و بەرپرسایەتی زیاتر و گەورەتری پێ بسپێرن. شەهید هەمزە لە وەرگرتنی بەرپرسایەتی دا هیچ کات خۆی لێنەگۆرا و هەمیشە وەک سەرەتای ئاشنا بوونمان سادە و ساکار و خۆش ئەخلاق بوو.

کاک هەمزە تایبەتمەندی زۆری هەبوون، یەکێک لەو تایبەتمەندیانە هەڵس و کەوتی حیزبیانە و پێشمەرگانە بوو. بەردەوام لەگەڵ پێشمەرگەکان بوو، لە کاتی شەر و بەربەرەکانی دا شان بە شانی پێشمەرگە لە سەفی پێشەوەی شەرگە دا بوو. کار و ئەرکی وەک پێشمەرگەکان وەئەستۆی خۆی دەگرت، ئەگەر کەسێکی میوان و یا دەستەیەک پێشمەرگەی هێزەکانی دیکە لە تەنیشتمان با، کاک هەمزە قەت وای خۆنیشان نەدەدا کە بەرپرسی ئەو پێشمەرگانەیە و بەڵکوو وەک هاورێ و پێشمەرگە خۆی دەنواند.

شەهید هەمزە کەسێکی قسە لە ڕوو، مرۆڤێکی عادل و دادپەروەر بوو. ناعەداڵەتی لە هیچ کەس و لە هیچ بەرپرس و مەسئولێک قەبووڵ نەدەکرد. ئامادە بوو لە سەر هەموو ناعەداڵەتیەکان بەگژ هەموو ئەو کەسانە دا بێتەوە کە خەریکی حەق کوژی و ماف خواردنی کەسەکان بوون. بە هۆی گرفتێک کە لەگەڵ هاورێی بەرپرسی سەرووی خۆی لە سەر ناعەداڵەتی کە بۆی خوڵقا بوو، بە کێشە هات و زۆر حیزبیانە بەرخوردی لەگەڵ بەرپرسی سەرووی خۆی کرد. کاتێک زانی ناتوانێ بیروبۆچوونی بەرپرسی سەروی خۆی بگۆرێ و قەناعەتی پێ بێنێ، چەکی دەستەو لکی تەحویلی بەرپرسەکە دایەوە و خۆی ئامادە کرد کە بۆ درێژەدانی پێشمەرگایەتی بچێتە ناوچەی سەردەشت و لە هێزی گیارەنگ دا خزمەت بکات. ئەوکات هەر کە بەو هەواڵەم زانی منیش، چووم بۆ لای بەرپرسی ئەو کات و قسەم لەگەڵ کردو قسەکانی بەرپرسەکەم ڕەدد کردەوە و گووتم: کاک هەمزە هیچ کات ترسنۆک نەبووە و کەسێک نییە کە تاوانی ئەوەی لێبدەن کە لە ئەرک و کاری حیزبی و یا مەئموریەتی حیزبی خۆی دەدزێتەوە. دوای مشت و مڕێکی زۆری نێوان من و هەمزە و بەرپرس کاک هەمزەم ڕازی کرد کە هێزەکەمان بە جێ نەهێڵێ، ئەگەر کاک هەمزە بە قسەی نەکردبایەم ئەوە بە دڵنیایەوە هەر ئەو کات بۆ درێژەدانی خەبات لەگەڵ شەهید هەمزە خۆم نەقڵی هێزی گیارەنگ دەکرد.

داهاتوو نیشانی دا کە کاک هەمزە کەسێک نەبوو کە ترسنۆک و یا لە کار و ئەرکی حیزبی خۆی بدزێتەوە، لە درێژەی کاری حیزبی دا و لە سەر ئامانج و ڕێبازی شەهیدان لە قۆناخێکی گەلێک سەخت و دژوار دا گیانی خۆی فیدای گەل و نیشتمان کرد و وەک سەربازی وون، گۆر غەریب و بێ کێل و مەزار مایەوە. هەروەک چۆن لە هەموو سوپا و ئەرتەشی دونیا بۆ سەربازانی وونبووی خۆیان تاجە گوڵینە لە سەر گۆری سەربازی وون دادەنێن، ئێستا خەڵکی کوردستان و هاورێ و هاوسەنگەر و خۆشەویستانی لە هەموو کوردستان تاجە گولینە بۆ پێشمەرگە بێ‌سەرو شوێن بووەکانی کوردستان دادەنێن، هەر بۆیە ئەم پارچە پەخشانەی شاعیری گەورەی گەلەکەمان کاک عەوڵا پەشێو سەلمێنەری ئەو ڕاستی‌یە و پێشکەشە بە گیانی شەهید هەمزە و هەموو ئەو پێشمەرگە و شەهیدە بێ سەرو شوێنەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان .

ئه‌گه‌ر سبه‌ی وه‌فدێك بێته‌ وڵاتی من،

لێم بپرسێ:

كوانێ گۆڕی سه‌ربازی ون؟

ده‌ڵێم:

گه‌وره‌م!

له‌ كه‌ناری هه‌ر جۆگه‌یێ،

له‌سه‌ر سه‌كۆی هه‌ر مزگه‌وتێ،

له‌ به‌رده‌رگه‌ی

هه‌ر ماڵێ، هه‌ر كڵێسه‌یێ، هه‌ر ئه‌شكه‌وتێ،

له‌سه‌ر گابه‌ردی هه‌ر شاخێ،

له‌سه‌ر دره‌ختی هه‌ر باخێ،

له‌م وڵاته‌:

له‌سه‌ر هه‌ر بسته‌ زه‌مینێ،

له‌ژێر هه‌ر گه‌زه‌ ئاسمانێ،

مه‌ترسه‌! كه‌مێك سه‌ر داخه‌ و

تاجه‌گوڵینه‌كه‌ت دانێ!

شەهید هەمزە دژی خۆبەزلزانی و خۆفەرزکردنی بەرپرسان بوو، بەردەوام بۆ باشتر کردنی ژیانی پێشمەرگەکان لەگەڵ بەرپرسانی سەروی خۆی لە دیالۆگ دابوو. شانازی بە پێشمەرگەی ئازا و بە ئیمانەوە دەکرد و ئەو جۆرە کەسانەی وەک چاوی خۆی خۆشدەویستن، هەوڵی دەدا ئەو پێشمەرگانەی ئەزموونیان کەمە و یا بە هەر هۆیەک ناتوانن لە شەرگەکان دا بەشداری بکەن کاریان بۆ بدۆزێتەوە و فێری کار و ئەرکی دیکەی حیزبیان بکات، زۆرجار پێشمەرگە کەم ئەزموونەکانی کۆ دەکردنەوە و لە ئەزموونی خۆی و هاورێیانی بۆی باس دەکردن بۆ ئەوەی لە گۆرەپانی خەبات و تێکۆشان دا هەست بە کەمی و چووکەیی نەکەن.

کاک هەمزە پێشمەرگەکانی بە گشتی خۆشدەویستن، هەرکات هەستی بەوە دەکرد پێشمەرگەیەک هەژارە و ناتوانێ هەندێک لە شتە سەرەتایەکانی وەک سیگار و کەوش و گۆرەوی و شتی لەو بابەت دابین بکات، بۆ خۆی یارمەتی دەدا و نەیدەهێشت ئەو کەسە هەست بە ناخۆشی و نارەحەتی بکات. کاک هەمزە بۆ خۆی لە بنەماڵەیەکی تا رادەیەک مامناوەندی دا گەورە ببوو و هەستی بە مەسەلە کۆمەڵایەتی‌یەکان دەکرد و بە پێی خوێندەواری خۆی هەوڵی دەدا لە ڕێگای خوێندنەوە و گوێگرتن لە ڕادیۆ و هەواڵ و وتارەکان زانیاری خۆی و هاورێیانی بەرێتە سەر.

دایک و باوکی کاک هەمزە تا بڵێی کورددۆست و نیشتمانپەروەر بوون، بەر لەوەی هەمزە ببێتە پێشمەرگە ئەوان بەردەوام یارمەتیدەری شۆرشگێران بوون، هەر لەو کاتەشەو کاک هەمزە چەکی بەرگری و شەرەفی لە شان کرد زیاتر لەوە هاتنە مەیدان و هەموو پێشمەرگەی کوردستانیان خۆشدەویستن و یارمەتیدەری هەموو لایەک و بە تایبەت پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بوون.

لە هەوارە دڵگیر و جوانەکەی مەیدان چۆغە مابووینەوە، لەگەڵ شەبەقی بەیانی کاک هەمزە لە خەو هەستا، پاش چەند چرکەیەک گووتی: ڕەحمان خەونم بە دایکمەوە دیتووە و لە خەودا گلێی لێکردم کە بۆچی سەردانی ناکەم، بۆیە ئێستا هەندێک نیگەرانم و ئەگەر مەجالت هەبێ بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بە یەکەوە سەردانی ماڵەوە بکەین و دایکم لە چاوەروانی دەربێنم. لە ماوەی ئاشنایەتی لەگەڵ بنەماڵەی شەهید هەمزە و دیدار لەگەڵ ئەو بنەمالە سەربەرزە هەموو کات هەستم بەوە دەکرد کە وەک برای هەمزە و کوڕی خۆیان سەیرم دەکەن و لە دیدار لەگەڵ ئەو بنەماڵەیە دا دایکی شەهید هەمزە بەر لەوەی هەمزە لە ئامێز بگرێ باوەشی دایکانەی بۆ من دەکردەوە و سۆز و وەفای و مێهرەبانی بە سەردا دەباراندم، هەر بۆیە بە هەمزەم گووت: نیگەران مەبە، خۆت ئامادە بکەو بەیەکەوە با بەرەو دیداری ئازیزان برۆیین.

دوای وەرگرتنی ئیجازە بەرەو بنار داکشاین و لێرەوارە چڕو پڕەکانی دەوری ئاوایی سارتکێ‌مان بری و خۆمان بە دەریای مێهر و خۆشەویستی ئەو بنەماڵەیەدا کرد. کاتێک بێڵا و بانیژەی ماڵێ هەمزەمان بری و چووینە ژوورێ ، زۆر بە داخەوە دایکی کاک هەمزە زۆر ناساز و نەخۆش بوو، هەر کە گوێی لە ترپەی دڵ و هەست و خوستی لاقەکانی ئێمە بوو و چاوی بە باڵای بەرزی وەک چناری شەهید هەمزە کەوت، تەکانێکی لە خۆی دا و ڕاپەری و بە ئامێز و باوەشی دایکانەوە هەمزەی پێشمەرگە و منی هاورێی هەمزە لە باوەش گرت و ماچ بارانی کاکۆڵی خۆڵاوی ئێمەی کرد. هەستێکی خۆش و گەرما و تەزووی نوێی لە جەستە گەرا بوو، دەتگووت قەت نەخۆش نەبووە، بووک و کچ و منداڵەکانی بۆ کار و خزمەت ڕادەسپاردن، دوای نان و چا خواردن، مام حەسەن باوکی شەهید هەمزە بە زەردەخەنەیەکەوە گووتی: یارەبی بەخێر بێن، ئەوە چەند ڕۆژە هەر نانمان بۆ ناخوا و خۆی لێ نەخۆش کردووین.

دایکی شەهید هەمزە بە پێکەنینەوە گووتی: بۆ حەسەن نازانی پێشمەرگە چەندە گەورەن؟ نازانی ئەوان “شێخ”ن ڕوو لە هەر ماڵ و هەوارێک بکەن دەرد و بەڵا بەرێ دەکەن و خێرو بەرکەت و خۆشی دەبارێنن؟ ئەوە نابینی چۆن لە خۆشی ئەو کوڕانە جێگا و بانم بە جێ هێشتووە هیچ دەردم لە گیان دا نەماوە، ئەدی شێخ کێ‌ێە؟ ئەگەر ئەوانە نەبن؟

پاش ماوەیەک شەهید هەمزە خەونەکەی بۆ پیرەدایە و ماڵێ گێرایەوە و نیگەرانی و نارەحەتی دووری خۆی بۆ باس کردن. پیرەدایەی چاوەروان بە بیستنی خەونی شەهید هەمزە هەناسەیەکی هەڵکێشا و بە دەستە لەرزۆکەکانی گۆشەی چاوەکانی کە فرمێسکیان تێدا قەتیس مابوو سرینەوە و گووتی: کوڕم دەڵێی لە دڵی من دابووی تامەزرۆی دیتن و بۆن کردنتان بووم، ئارەزووم بوو کە دوای ماوەیەک دووری بتان بینمەوە و تاسەی دووریتان بە ماچ و باوەشێک بشکێنم کە ئۆخەی ئەوە ئارەزووەکەم هاتە دی و ئیستا هیچ دەرد و ئازارێک لە جەستەم دا نەماوە و یارەبی بەخێر بێن و خوا دەستتان بە عەمری‌یەوە بگرێ. پاش چەند چرکەیەک گووتی: ڕۆلە گیان ئەدی کوا پێشمەرگەکانی دیکە  و بۆچی بە تەنیان؟

بە پێکەنینەوە و لە سەرخۆ وەڵامم دایەوە:

باشە تۆ نەتگووت پێشمەرگە شێخ و مەشایەخن؟

ئەدی شێخ و مەشایەخ چۆن دەترسن؟

دوای دیدار نوێ کردنەوە و قسە گێرانەوە و گاڵتە و گەپێکی زۆری خۆماڵیانە، دەبوو خۆشەویستان بە جێ بێڵین. لە ماوەی مانەوەمان دا چەند دۆست و ناسیاوێک نیگەهبانیان لە ئێمە دەدا، ئاوایی سارتكی لە سەر جادەی مەهاباد ، سەردەشت هەڵکەوتووە و هاوکاتیش دوو مۆڵگەی رژێمی لێبوون. لە کاتی ماڵئاوایی کردن لەیەکتر دایکی شەهید هەمزە هاتە پێش و گووتی هەر ئەو ٥٠٠ تمەنەم بە دەستەوەیە بە یەکەوە خەرجی بکەن. پووڵەکەی لە دەستی هەمزە نا و لە ئامێزی گرتین. هەمزە بە پێکەنینەوە گووتی دایە ڕەحمان دەوڵەمەندە و هیچی نادەمی. دایکی گووتی: ڕۆڵە گیان فەرقی تۆ و ڕەحمان نییە، ئەدی کێ یارمەتی بە ڕەحمان بکا، خۆ بە ناشکوری نەبێ ڕەحمان دایک و باوکی نەماون، قسەی وانەکەی!

لە سەریەک قسەکانی دایکی هەمزە خستمیەوە بیری دایک و بابم و لە فکران ڕاچووم، تەمەنم ٧ ساڵ بوو کە بابم کۆچی دوایی کرد و لە تەمەنی ١٤ ساڵیش دا زۆر بەداخەوە دایکی خۆشەویستم ماڵئاوایی یەکجاری لێکردین و خەمێکی گەورە و قوڵ و گرانیان لە سەر دڵی من و ئەندامانی بنەماڵە بە جێ هێشت و بەداخەوە بە سەغیری گەورە بووم.

مانگانەی پێشمەرگەیەک کەمتر لە ٢٠٠ تمەن بوو، ئەو کات هەموو کەس پووڵی نەبوو، ٥٠٠ تمەن زۆر بوو و زۆر شتی پێدەکرا. هەر کات دەچوومەوە ماڵێ خۆمان کەس نەبوو وەک دایک و باوکی هەمزە یارمەتیم بدات، خۆزگەم دەخواست دایک و باوکم زیندوو بایەن و تەنیا سایەیان لە سەر سەرم بایە و هیچ کات یارمەتیان نەدابایەم، چوونکە بوونی دایک و باوک لە بنەماڵەدا گەورەترین سەرمایەن بۆ منداڵەکانیان، هەر بۆیە ئارەزوومە هیچ منداڵێک بێ دایک و باب و بێ ناز نەبێ.

بۆ ئەوەی سەرمامان نەبێ دوو پەتوومان لەگەڵ خۆمان هەڵگرتن و ئاواییمان بە جێ هێشت و خۆمان بە نێو دارستان و لێرەواری دۆڵی پشت ماڵان دا کرد و چاومان لە ئاسمانی پڕ ئەستێرەی سەر سەرمانەوە بری و تا خەومان لێکەوت خەریکی بیرەوەری گێرانەوە و قسەی خۆش بووین. دۆڵی کیکنی شوێنێکی خۆش و سازگارە و لە نێوان ئاواییەکانی سارتکێ و نستان دا هەڵکەوتووە، چیای کانی شیلان بە سەریدا شۆڕ بۆتەوە و بە دار و دەوەن داپۆشراوە. دەنگی مەل، قاسپەی کەو، فیتەفیتی شوان و بەعەی مەڕو ماڵات و قاقای شەنگەبێریان ئەو دۆڵە زیاتر ڕەنگین و دڵگیر دەکات و دڵی ڕێبوار و ئاشق و دڵداران زیاتر خۆش دەکات.

بەیانی دوای ئەوەی تێر خەو ببووین لە خەو هەستاین، پاش ماوەیەک شەهید هەمزە هاتوو گووتی ڕەحمان گیان ئەمن پێویستم بە پووڵەکە نییە و ٥٠٠ تمەنەکەی لە گیرفانی من ڕاکرد.

پێم گووت ئەوە چیدەکەی؟ گووتی: فەرموودەی دایکم جێ‌بەجێ دەکەم و نابێ قسەم لە عەرز بدەی. خوای نەخواستە دایکم شتێکی لێ بەسەر بێ، چۆن وەڵامی بدەمەوە؟

زۆر بە قەڵسی پووڵەکەم دەرهێنا و فرێم دایە سەر کۆشی و گووتم زۆر عەیبە، ئەمن وەک برا و هاوسەنگەر لەگەڵ جەنابت هاتووم. ئەمن ئەو پووڵە هەڵناگرم و نابێ دڵت بێشێ. هەستێکی ناخۆشم هەبوو، زۆرمان مشتومڕ کرد و پاشان سوێندی خوارد و سوێندی دام کە دەبێ ٢٠٠ تمەن بۆ کرینی سیگار هەڵبگرم، ئەگینا نێوانمان تێکدەچێ! بەهەر حاڵ ئەوەی ئاماژەم پێدا تەنیا لەبەر سەداقەت و ڕاستگۆیی و خۆشەویستی ئەو مرۆڤە بوو بە نیسبەت دایکی‌یەوە و نەیدەویست قسەی دایکی بشکێنێ و هاوکاتیش لە باری دارایی و ماڵیەوە کەسێکی دەست پاک و بێگەرد بوو.

لە سەریەک بیرەوەری ئەو شەوە لە ژیانم دا هەروا بە درەوشاویی دەمێنێتەوە و یاد و بیرەوەری‌یەکانی دیکەشی بۆ من ئاوێنەی ڕابردوویەکی پرشنگدارن کە هەموو کات هەمزەیان تێدا دەبینم.

سەبارەت بە فیداکاری و خۆنەویستی کاک هەمزە ئەوەندە بەسە کە بڵێم گیانی خۆی بۆ ئازادی گەلەکەی لە سەر لەپی دەست دانابوو و لەو پێناوەش دا بە سەخاوەتەوە گیانی خۆی پێشکەش بە گەل و نیشتمان کرد. شەهید هەمزە کەسێکی چاونەترس، بوێر، هەڵمەتبەر و سەنگەر شکێن بوو، هەر شوێنێک هەمزە سەنگەری لێ گرتبا، بێ‌شک دەبوو بە قەڵای لەگیران نەهاتوو و دوژمنی سەرشۆر و زەبوون دەکرد. لە کاتی شەر و بەربەرەکانی دا هەمیشە لە سەنگەری پێشەوە دا بەرگری دەکرد و لە کاتی هێرش و هەڵمەتیش لە پێش هەمووانەوە بوو، پارتیزانێکی بە تەواو مانا بوو، لە کوێستان و گەرمێن لە خڕ و دۆڵ و پێدەشتەکان، لە نێو لێرەوار و چڕ و بەستێنەکان دا، لە شاخی هەزار بە هەزار و هەڵدێر دا، دەیزانی چۆن هەنگاو هەڵدێنێتەوە، کوێ سەخت و پڕ مەترسی با تا بۆ خۆی تاقی نەکردبایەوە کەسی نەدەنارد، لە کاتی چوون بۆ نێو ئاوایی و گوندەکان دا لەگەڵ هاوڕێی گیانی بە گیانی و دۆست و برا و پشتیوانی هەمیشەیی، کاک کەریم ڕەحمان‌پوور ناسراو بە کەریمی حەمەشینی بە یەکەوە خۆیان دەکردە پردەباز بۆ ئەوەی پێشمەرگە و هاورێیان بە ساخی و سەلامەتی و بێ گرفت بچنە نێو ئاواییەکان. ئەگەر لە تەنیشت ئاوایی و یا نێو گوند دا تووشی شەڕ و کەمین بایەن ئەوە کارێکیان بە چڵپاوخۆران دەکرد کە با بە دەواری شڕی نەکرد بێ و دەرسێکیان بە دوژمن دەدا کە قەت لە بیریان نەچێ.

لە کاتی شەر و هەڵمەت دا ئەو کاتانەی دوژمن کەلاکی لە مەیدانی شەڕدا لە ترسان لێ بەجێ دەما، کاک هەمزە هەوڵی نەدەدا بۆ هێنانی تفەنگ و دەسکەوت، گیانی خۆی و هاورێیانی لە مەترسی بخا، مەگەر بە تەواوی دڵنیا با کە دەتوانێ ئەو دەسکەتانە بە دیاری بۆ هێز و کۆمیتە شارستان بێنێتەوە و نەوەی داهاتوو و پێشمەرگە تازەکانی پێ چەکدار بکات. هەمیشە دەیگووت گیان و خوێنی پێشمەرگەیەک بایەخی زۆر لەوە گرینگترە کە بۆ چەند دەسکەوتێک لە دەستی بدات و ئەوەش نیشانی دەدا کە کەسێکی بە مشوور و دووربینە و بەو کارەی دەیهەوێ خزمەتی زیاتر بە گەل و نیشتمان بکات و مانەوەی باشترە لەوەی کە بۆ چەکێک گیانی هاورێیەک لە مەترسی بخات.

لە مانگی بانەمەری ساڵی ١٣٦٤ ی هەتاوی دا هێزی مینەشەم و کۆمیتە شارستانی ڕەبەت لە گوندی کانی‌رەش لە ناوچەی مەهاباد لەگەڵ ناوەندی سپی سەنگ یەکترمان گرتەوە، دوای باس و خواستێکی زۆر دەبوو بۆ مەئموریەت بەرەو ناوچەکانی بۆکان و مەهاباد بچین، بەداخەوە ئەو کات گەرمەی شەڕی براکوژی نێوان دێموکرات و کۆمەڵە بوو، دوای ئەوە هەموو لایەک بەرەو مەئموریەت کەوتنە ڕێ، من و هەمزە بەرەو ناوچەی ڕەبەت گەراینەوە و خۆمان لەو مەئموریەتە پاراست و خۆمان گەیاندەوە کوێستانەکانی پشتی نستان.

دوو ڕۆژ دواتر ڕادیۆ دەنگی کوردستان پەیامی هێز و کۆمیتە شارستانی ڕەبەتی خوێندەوە و داوای لە کاک هەمزە سارتکەیی و هاورێیان کرد کە بە زووترین کات خۆیان بە هێز بناسێنن. هەر کە گوێمان لەو پەیامە بوو، شەهید هەمزە گووتی ڕەحمان خۆت ساز بکە با بە پەلە خۆمان بگەیێنینە هێز و ئەوان لەو نیگەرانی‌یە دەر بێنین. دوای قسە و باسێکی زۆر پێم گووت لەگەڵت نایەم و ئەمن لێرە دەمێنمەوە، نەمتوانی قەناعەت بە شەهید هەمزە بێنم و هەر ئەو ڕۆژە بە تەنیا ملی ڕێگای گرت و بەرەو ناوچەی بۆکان کەوتە ڕێ. وەڵام نەدانەوەی بە من نیشانەی ئەوە بوو کە هەر کات حیزبەکەی لە هەر شوێنێک بانگی کردبا، ئەگەر بە پێشکەش کردنی گیانیشی با حەتمەن خۆی دەگەیاندە شوێنی دیاری کراو و شوێنی مەبەست.

یەکەم مانگی هاوینی ساڵی ١٣٦٥ ی هەتاوی هێزی شەهید مینەشەم بۆ سازماندەیی نوێ دەبوو بچنە بنکەکانی دەفتەری سیاسی کە ئەو کات لە گەورەدێی دۆڵی جافایەتی باشووری کوردستان بوو. لەگەڵ یەکەم دابەش کردن و سازماندەیی نوێی هێز و کۆمیتە شارستانەکان، ناوی پەلەکان  و ناوی لکەکان لە شەهیدەوە کران بە ژمارە و دواتریش نێوی هێزەکان کە زۆربەیان بە ناوی شەهیدانەوە کرابوون بە ناوی کێوەکانی ناوچەکانیانەوە کران و هێزی شەهید مینەشەم بوو بە هێزی زمزیران و تەنیا هێزێک کە ناوی شەهیدی لە سەر مایەوە هێزی شەهید پێشەوا بوو لە ناوچەی مەهاباد.

لە سازماندەیی دا کاک هەمزە وەک جێگر لک دیاری کرا، هەموومان دەزانین کە هەمزە چەندە لیوەشاوە بوو، کاری ئەو لکە هەمووی لە سەر شانی هەمزە بوو، ئەو بۆی گرینگ نەبوو جێگرە یا فەرماندەیی ئەسڵی لکەکە، ئەوەی بە لای هەمزەوە گرینگ بوو، ڕووحی هاوکاری و تەبایی بوو، ئێمە هەموومان زۆرمان پێ خۆش بوو کە پلەی فەرماندەیی هەمزە چوو بوو بۆ سەرێ. لە ماوەی پێشمەرگایەتی دا چ لە بنکە و مەقرەکان دا و چ لە کاتی هەڵسووران و جەولەدا هەموو کاتی پێشمەرگایەتی لەگەڵ دەستەی ئێمە بوو، بە یەکەوە عادەتمان گرتبوو، بۆیە هات و گووتی وەک پێشمەرگەیەک لە پەلی خۆتان دەبم و ئەو مەسئولیەتە نوێیەش بۆ کارەکانی دیکەی حیزبی کەڵک لێ وەردەگرم. پەلەکەمان کوڕی چاک و پێشمەرگەی خۆشناو و بە هەڵمەت و قارەمانی تێدا بوون، لەگەڵ کەریم ڕەحمانپوور پەلەکەمان بەرێوە دەبرد و لە سازماندەیی نوێدا پەلەکان ئاڵو گوریان بە سەر دا هاتبوو، هەموو پەلەکان کادری دەرمانی، ئارپیچی‌زەن، بی‌کی‌سی و بێسمی تایبەت بە خۆیان پێدرابوو، پێشمەرگەکان دڵخۆشتر و ئامادەتر بوون، زۆربەی زۆری کارەکانی پەلەکەمان کاک کەریم ڕەحمانپوور بەرێوەدەبردن و ئەویش وەک شەهید هەمزە بۆی گرینگ نەبوو لە پەلەکەدا مەسئولیەتی لە خۆی گەورەتری تێدایە یا نا، ئەوەی بۆی گرینگ بوو ڕاپەراندنی ئەرکەکانی حیزبی بوو، کە بە راستی سوپاسی هەموو هاوکاری‌یەکانی دەکەم.

کاک هەمزە دوای وەرگرتنی ئەو بەرپرسایەتی‌یە نوێیە هات و گووتی کورینە ئەمن هەر هەمزەی جارانم و وەک جاران لە پەلەکەمان دا بۆ نیگەهبانی و بۆ کارەکانی دیکە دا بمنووسن و ئەرکم پێ بسپێرن و لە خزمەت پەل و لک و هێز دام، ئەوە نیشانەی ئەوە بوو کە هەمزە کەسێک نەبوو کە بە وەرگرتنی بەرپرسایەتی گەورەتر خۆی لێ بگۆردرێ و یا جێگای خۆی لە گەڵ پێشمەرگەکان جیا بکاتەوە و ئەوە سەداقەت و خاکی بوون و ڕاستگۆیی لە هاورێیەتی دا زیاتر لە کاک هەمزە نیشان دەدا کە لێرەدا هەموو کات بیر لەو ڕۆژانە دەکەمەوە کە بە قسە و جەفەنگ و نوکتەی خۆش لە پەل دا بە دەم زەردەخەنەوە کاتمان تێپەر دەکردن.

دەستی قەدەر وایکرد من و هەمزە و بەشێک لە کورەکان لێک هەڵببرێین و هەر کامەمان بەرەو چارەنووسی خۆمان هەنگاو هەڵبێنینەوە، کاک هەمزە هەروا لە سەنگەری بەرگری کوردستان لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا درێژەی بە خەبات دا و من و کەریم ڕەحمانپوور و بەشێک لە دۆستان ژیانی تاراوگە نشینیمان هەڵبژارد و بەشێک بەداخەو شەهید و کەم ئەندام بوون و بەشێکیش دەستیان بە ژیانی ئاسایی خۆیان کردەوە. دوای دابرانێکی زۆر و مانەوەم لە تاراوگە هەوای دیتنی شەهید هەمزە و دۆستان هاتە سەرم و لە ساڵی ١٣٨٧ دا سەفەرێکی کوردستانم کرد و بە دیداری ئەو نەمرە و دۆستانی دیکە شاد بوومەوە.

زۆربەی کاتەکەم لە لای شەهید هەمزە بردە سەر و لەو ماوەیەشدا لە ئەزموون و ڕابردووی پڕ لە شانازی خۆی زۆر شتی بۆ باس کردم و بیرەوەری زۆرمان گێرانەوە و ئاوپرژێنی دڵی پڕ لە غوربەتی خۆمم بە قسەکانی کاک هەمزە و دۆستان کرد. لە یەکێک لە دانیشتنەکانمان دا لەگەڵ هاورێیان کاک هەمزە سارتکەیی، شێرکۆ سەردەشتی، ڕەسووڵ لیلانەیی و عەوڵا پاراستی دا بە هەناسە ساردی‌یەوە گووتی: لەم شوێنە و لەو ساڵۆنەدا کۆنگرەی ١٣ حیزب گیرا، خەڵک هەمووی نیگەران بوو و دواتر بە گریانەوە گووتی ناخۆشترین کاتەکانی ژیانم ئەو کاتە بوو، سەرم وەسەر ئەژنۆکانم کرد و تێر گریام و زانیم چارەنووسی حیزب لە دوای کۆنگرەی ١٣ باش نابێ، ئەو بەشە قسەم بە ڤیدیۆ زەبت کردن و وەک یادگاری‌یەکی بەنرخی ئەو شەهیدە لە ئارشیوی بنەماڵەی خۆمدا پاراستوومە.

کاک هەمزە لە باشووری کوردستان بە هۆی ئەوە چەند منداڵێکی ورد و درشتی هەبوون وەزعی دارایی باش نەبوو، زۆربەی ئەو کاتانەی بێکار دەبوو دەچوو بۆ کرێکاری و بەم شێوەیە سەری خۆی بەرز ڕاگرت بوو و بژیوی بنەماڵەی دابین دەکرد. دەستەکانی قەڵشی بوون، پێم گووت چیدی مەچۆ کار و بەڵێنیت پێدەدەم لەگەڵ کەریم ڕەحمانپوور ئەو مانگانەی لێرە بە کرێکاری وەدەستی دێنی بۆت دابین دەکەین. لە وەڵامدا گووتی: تا ئێرە یارمەتی زۆرتان داوم و سوپاستان دەکەم و تا هەناسەم لەبەر بێ پێشمەرگە دەبم و بە شانازی دەزانم کە لەو ڕێگایە دا تووشی سەدان چەرمەسەری دیکەش بم. ڕاستە هەژارم، هەروەک دەزانی سەروەت و سامان بە لامەوە قەت گرینگی نەبووە، بەڵام زۆر دڵخۆشم کە منداڵەکانم ئێواران لە دەورم کۆدەبنەوە و جل و بەرگی کرێکاریم بۆ دەشۆن و بە پێکەنینەوە دەورم دەگرن. دواتر بەرە دەستی خۆی ماچ کرد و گووتی ئەو دەستانە ژیان بە خۆم ومنداڵەکانم دەبەخشن، تا ئەو دەستانەم هەبن و ساحەبی ئەو ئیرادەیە بم کار کردنم لە لا ئاسانە و ئەوەی بۆ من سەخت و دژوارە و زۆری خەفەت لێدەخۆم کەمرەنگ بوونەوەی خەباتە و مانەوەی زیاترمان لە گەرمێنە کە بە هۆی باری سیاسی و باردۆخی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە خوڵقاوە. لە دوایین قسە دا گووتی: سوپاستان دەکەم و تەنیا دۆستایەتی و هاورێیەتی و پشتیوانی ئێوە زیاتر گوڕ و تینم بۆ درێژەدانی پێشمەرگایەتی و کار کردن پێ دەبەخشێ و شانازیتان پێوە دەکەم.

دوای گەرانەوەم بۆ سوئێد بەردەوام بە تەلەفوونی قسەمان دەکرد. دوایین جار حەوتوویەک پێش شەهید بوونی لە گوندی نستان را تەلەفوونی بۆ کردم و گووتی ئەوە لێرەم و لە ئامێزی گەرمی خۆشەویستەکانم دام، ئەوە لێرە یادی تۆ و دۆستان دەکەمەوە، ئای چەند خۆشەو جێگات خاڵی، لێرە نیی تا ببینی ئەو خەڵکە چەندە تامەزرۆی دیتنی پێشمەرگەن؟ ئەوان دڵ و دەروونیان پەیکەری پێشمەرگەی لێ هەڵکەندراوە و بە یادی جارانەوە لە پێشوازی ئێمەدا سروودی وەتەن دەچڕن و دەسرەی چۆپی دەگێرن.

دوای قسەکانی هەمزە! هەر بە گورج و گوڵی پێم گووت: هەمزە گیان! تکایە ئاگات لە خۆت و هاورێیان بێ؟ تەنیا ئەو پەلە پێشمەرگەیە لە کوردستانن و دوژمن زووتر زەفەرتان پێ دەبا و پیلانتان بۆ دادەرێژێ، دەترسم لە کەمینتان بخەن و تووشی خەسارێکی گەورە بین کە قەت ئەو خەسارەمان بۆ قەرەبوو نەکرێتەوە.

دوای چەند خولەکێک قسە کردن گووتی: ڕەحمان! باوەشی ئەو خەڵکە ئەوەندە گەرم و پڕ لە خۆشەویستی‌یە. ناتوانم وا بە ئاسانی دەستیان لە ئامیز بکەمەوە، دڵنیا بە مەگەر لە کەمین بکەوم ئەگینا وەک جاری جاران دوژمن دەتاسێنین و گوڕ و تین بە خەباتی نوێمان دەدەین.

زۆر بەداخەوە چەند ڕۆژ دواتر لە کاتی گەرانەوە دا ئەوەی دەترسام ڕووی داو لە گوندی گردێنەی ناوچەی سوێسنایەتی سەردەشت لە کەمینی خۆفرۆش و چڵکاوخۆر و چەکدارانی خۆماڵی واتە جاشەکان کەوت و لەیەکەم تەقەدا بەداخەو بە تووندی بریندار دەبێ و دواتر لەگەڵ دوو هاورێی خۆشەویستی دیکە بە ناوەکانی قادر نەزمی و قادر قادری شەهید دەبن و تەرمەکانیان دوای بێ حورمەتی کردن بێ سەرو شوێن کران و بوونە سەربازی وونی گەلەکەمان.

شەهید بوونی هەمزە ئەوەندە گرانە کە هیچ کات لە یادی من و هاورێیان و خەڵکی ناوچەدا ناچێتەوە و هەمیشە لە یاد و دەروونمان دا زیندوو دەمێنێتەوە. شەهید هەمزە و هاورێیانی بۆ ئازادی کوردستان ژیان و گیانی خۆیان بەخشی، ئەوان بە جەستە لەگەڵمان نەمان بەڵام ڕووحیان لە گەڵ ئەستێرەکانی ئاسمان بە سەر سەرمانەوە دەترووسکێنەوە و هەروا چرای ڕووناکی دەری خەبات و تێکۆشانمانن.

ڕووحی هەمزە و هاورێیانی و تێکرای شەهیدانی کوردستان شاد و ڕێگای خەباتیان پڕ ڕێبورا بێ.

ڕەحمان نستانی

سوئێد

٢٢ ڕەشەمەی ١٣٩٢ ی هەتاوی

١٢ مارسی ٢٠١٤ ی زائینی