کیمیا بارانی هەڵەبجە و چەند بیرەوەریەک. ئەحمەد حوسێنی

وەک دەیان و سەدان هاوڕێ و هاوسەنگەرم لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات دا توشی زۆر ڕۆژی سەخت ونەهامەتی جۆراوجۆر هاتوم ، لە ساڵی 1366 کادر و پێشمەرگەکانی مەڵبەندی دووی حیزبی دێموکرات پێکهاتوو لە کۆمیتەکانی سەقز ، هەوشار و دیواندەرە و هیزی دووی ڕێبەندان لە گەل کۆمیتەی شارستانی بۆکان (هیزی بەیان) بۆ حەسانەوە و مانەوە لە بنکەی سابیت لە سەر بڕیاری دەفتەری سیاسی حیزب بنکە و بارەگامان لە نزیک شارەدێی بیارە لە ئاوایی هانەگەرمەڵەی ناوچەی هەورامان دامەزراند.

ئەو ناوچەیە شوێنێکی خۆش و دڵگیربوو، بەشێوەێک کە رژدی و بلیندی شاخ و کوێستانەکانی جێگای تێرامان بوو. لە بیرمە من و کاک حەمەنەزیفی قادری و شەهید عەلی حەسەن ئاغا (عەلی نەوزاد) پێکەوە ژورێکمان بۆ حەوانەوەی خۆمان خاوێن کردبۆوە، ئەو شوێنەی ئێمەی تێدا دەژیان ژێرەوەی تەویلە بوو هێستر و بارگینی خاوەن ماڵەکەمانی تێدا دەحەوایەوە. لەو ماڵەدا کە پێکەوە دەژیان سەرەرای ئەوەی بەشە خۆراک و پێداویستی هەر سێ کەسمان پێکەوە بوو کە حیزب دەیداینێ، عەلی حەسەن ئاغا کەمتر بە من و کاک حەمە نەزیفەوە دەنوسا . هەمیشە لە کاتی خەوتندا عەلی خۆی ون دەکرد تا ماوەیەک هەستمان پێنەکرد، بەڵام ئەمانزانی عەلی هەر لە ئوتاقەکەوە بە کونێکدا دەچێتە خوارێ نەماندەزانی بۆ کوێ دەچێ. رۆژیک لێم پرسی وتم : عەلی ئەوە تۆ لە کوێ دەخەوی مەگەر لە گەڵ ئێمە هاو مەنزڵ نیت وتی با، کوتم باشە ئەی بۆ کوێ دەچێ وا خۆت ون دەکەی. کوتی ئیوە چرا عەلادینێکی شکاوتان هەیە لە پڕ ئەکوژیتەوە و ژورەکە ساردە بۆیە من شوینی گەرمم دۆزیوەتەوە بۆ خۆم. منیش کاک حەمە نەزیفم ئاگادار کرد وتم عەلی شتێکی ئاوها دەڵێ و راستیش دەکا. کوتم ئەوە چرای عەشتار داهاتوە با عەشتارێک بکڕین هەم خاوێنەو هەم گەرمای زۆرە سەرمامان نابێ، ئەوەتا عەلی لە ترسی سەرما ئەڵی لە لاتان ناخەوم، لەو قسانەدا بوین کاک حەمە نەزیف لە عەلی پرسی وتی عەلی شەوانە کاتی خەو، خۆتمان لێ ون دەکەی پێمان نالێ بۆ کوێ دەچێ. وتی وەلا لە تەویلەی هیسرەکان ئەخەوم، وتی جا چۆن شتی وا ئەبێ ئەو هەموو ڕشک و ئەسپێیەش لە گەڵ خۆت دێنیەوە بۆ ژورەکەی ئێمەش ، هەرچی کردمان عەلی بە قسەی نەکردین بۆ خەو هەر دەچوەوە تەویلەی هێسترەکان تا ڕۆژیک وتمان با چرا عەشتاریک بکرین و بە هانەش لە عەلی ببڕین .

بەڵێ چرا عەشتارمان بۆ هات و دڵم زۆر پێێخۆش بوو. قەتم شتی وا بە خۆمانەوە نەدیبوو، ئیتر لە دەست دوکەڵی چرای عەلادین نەجاتمان بوو. دوای ماوەیەکی کەم ئەونەی نەخایاند خەبەرمان بۆ هات وتیان پێشمەرگەکانی حیزب لە ناوچەی هەورامان توشی شەر بوون و پێویستان بەوەیە پێشمەرگەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان بە هانایانەوە بچێ . کاک حەمەنزیف و کاک شاروخی مرادی (شەهید) لە گەل پۆلێک لە پێشمەرگەکانی مەڵبەندی دوو هەر وەها بەشێک لە پێشمەرگەکانی هیزی بەیان و کاک جەعفەری حامیدی بەرەو هەورامان رۆیشتن دڵمان هەر بە عشتارەکە خۆش بوو بەڵام بەو جۆرەش عەلی هەر تەویلەی هێسترەکانی پێ باشتر بوو. دەمەو بەیانی‌یەک هێشتا لە خەو دابوین لە درگای ژورەکەیان داین نگابانەکەمان بوو، وتی هەستن دەورمان گیراوە وتم دەوری چی؟ وتی لە خەڵکی ئاواییەمان پرسیوە وتویانە ئێران هێرش و پەلاماری دەست پێکردوە و بە نیازی گرتنی هەڵەبجە و پردی سیروانە. لەو ژورەی لە گەل کاک حەمەنەزیف و شەهید عەلی حەسەن ئاغا پێکەوە هەمان بوو تەنیا دڵم بە عەشتارەکە خۆش بوو، بیریکم لێکردەوە وتم خۆ بۆم ناچێ تەنیا ئەوندەم پێکرا کوژاندمەوە ولای خواروی ژورەکەوە دامنا وتم کە گەراینەوە ئەوە هەر هی خۆمانە ئەگەریش نا بەشکم کەسێک لە خەڵکی ئاوایی بیبات بۆ خۆی. ئێمە هەموو پێکەوە مەڵبەندی ٢ و کۆمیتەی بۆکان بەرەو بیارە و نزیک چۆمی سیروان کەوتینە ڕێ، گەیشتینە لای بیارە بنکەی پێشمەرگەکانی گوردانی شوانی کۆمەڵە لەوێ بوون ، ئەوانیش ئاگادری جم و جۆل و هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بوون، خۆیان کۆ کردبۆەوە و بە گەیشتنی ئێمە، ئەوانیش لە گەڵ ئێمە داگەران . هاوکات ئەرتەشی عێراقیش لە جیاتی شەر و بەرگری لە پێش ئێمەو کۆمەڵەوە بەرە و سیروان دادەکشان. لەبیرمە هەموو تیکەڵ ببوین لە ئەرتەشیەکانی عێراق دوو بێسیم چیان لە گەل بوو وەک ئێمە فارسیان دەزانی لە گەڵیان کەوتینە قسە کردن. هەر دەتکوت مێشێکیش میوانیان نیە کە ئێران هێرشی هێناوەو وڵاتی لێ داگیر کردوون بە پێکەنینەوە قسەیان ئەکرد و زۆر خۆشحاڵ بوون. هەر سێ لامان ئەرتەشی عێراق، کۆمەڵە و دێموکرات گەیشتنە نزیک سیروان وردە وردە رۆژ بەرەو ئاوا بوون دەچوو. هەر سێ لامان لە بیری پێوەندی گرتن بە سەرکردایەتی خۆمان و خۆ دەرباز کردن لەو بارودۆخە نالەبارە بووین ، نازانم ئەفسەر بوو ژنراڵ بوو ئەوندە دەزانم کابرایەکی درێژی باڵتە زەردی ئەستێرە و قوبە لە سەر شان مەسئولی عەسکەرە عێراقیەکان بوو، باش نازانم چەند کەس دەبوون بەڵام خۆی لە 2000 کەسێک ئەدا، ئێمەی دێموکراتیش ئەو بەشەمان 150 کەس دەبوین و وابزانم کۆمەڵەش دەوری 75 کەسێک دەبوون کۆمەڵەکان تراکتۆرێکیشیان لە گەل خۆیاندا هێنابوو لە نێو تریلی تراکتۆرەکە هێندێک کەل و پەلیان پێبوو. هەموو بەرزاییەکانمان لێگیرا بوو نە ئەرتەشی عێراق و نە ئێمە و نە کۆمەڵە یەک فیشەکمان نەتەقاند، لە راستیدا ئەو پەلامارەی ئێرانیش گاڵتەی پێ نەدەکرا، کاری ئێمە نەبوو دەرەقەتی نەدەهاتین. نزیک بوولێڵەی ئێوارە توانیمان لەگەل هێزو دەستەکانی دیکەی حیزبی بە بێسیم پێوەندی بگرین، سەرجەم هێزەکانی حیزبی دێمۆکرات کە لەو ناوچە پرمەترسیەدا مابوینەوە 800 کەس دەبوین هاوڕێکانمان ئاگاداریان کردین بەرەوە عەنەب وەرێ بکەوین. لە گەل ئەرتەشی عێراقیش لە پەنای یەک دابوین بیرمان لەوە کردەوە کە با ئاگاداریان بکەین کە ئێمە دەرۆین نەوەک تەقەمان لێ بکەن، لە هاورێکانم پرسی کێ عەرەبی دەزانێ یادی بە خێر کاک ساڵەی قەدیمی پێشمەرگەی مەڵبەندی دوو وتی من ئەزانم وتم بچۆ بە رەئیسی ئەو عەسکەرانە بڵێ ئێمە لێرە ئەرۆین . لە بیرمە ژنراڵەکە لە ناو کەپرێکی بچوک دا دانیشتبوو هەر خەریکی پێوەندی گرتن بوو کە کاک ساڵە نزیک بوەوە عەسکەریک وتی ” قیف” کاک ساڵەی راگرت پاشان ئاگام لێ بوو ساڵەی قەدیمی پێوت کارم بە ژنڕاڵە ئیزن درا چووە کەپرەکە و دوای ماوەێکی کورت هاتەوە وتی وەڵا کابرا دەڵێ هەر کەس لێرە بجوڵێ و نیازی رۆیشتنی هەبێ ئەوە بەخودا ڕەمی (دەیکوژم) ئەکەم، وتم بە خوا جوانە هەر ئەوەمان کەم بوو، ئێمە هەموومان پێشمەرگەی رۆژانی سەخت بوین ئەمانزانی بە تاریکی خۆ دزینەوە لەوانە زۆر سەخت نیە، بەرپرسی پێشمەرگاکانی بۆکان کاک سەلاح پورئەسەد لەوێ بوو منیش ئاگادارم کردو وتم با خۆمان بدزینەوە لەم ئەرتەشە و بڕۆین وپاشان وتم نەزەرت چۆنە با لە گەڵ کۆمەڵەش قسە بکەین ئەگەر هاتن پێکەوە بین باشە ئەگەر توشی شەر هاتین باشتر دەتوانین خۆمان رابگرین و بەربەرەکانی بکەین ، کوتی زۆر چاکە من رازیم. لە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەم پرسی کێ مەسئولتانە وتی کاک شٶکێ . وتم لە کوێیە دەستی ڕاداشت و بە ئیشارە حاڵی کردم چوم بۆ لای تماشام کرد نزیک 10بۆ 12 کەسی لە دەوری خۆی کۆکردبوەوە و ئاڵقەیان دابوو، وابزانم ئەوانیش خەریکی ڕا و تەگبیر بوون، وتم کامەتان کاک شٶکی‌یە بە زاراوەی سنەیی وتی بەڵای فەرموو. وتم ئێمە ئەچین بۆ لای بەشەکەی ترمان خەڵکی بەڵەدی ناوچەمان زۆر لە گەڵە وەرن لەگەڵمان با پێکەوە برۆین تۆزیک سەری داخست و ئەمجار سەری هەڵبری وتی مەممنون ئێوە بڕۆن ئێمە نایەن. بە داخەوە نەهاتن و بۆ سبەی ئەو رۆژە زیاتر لە 70 کەسیان شەهید بوون. ئێمە بە تاریکی خۆمان لە ئەرتەشی عئراق دزیەوە، بەرەو ئاوایی عەنەب وەرێ کەوتین کە گەیشتینە ئەوەێ ، ئەوەی هەبوو نەبوو چەند ماڵێکی لێ مابووەوە هەموو ئەترسان چرای لامپایان هەڵکردبوو بۆ ئەوەی زۆر روناکی نەبێ تەواو پلیتەکەیان داکێشابوە خوارێ، پێم وابێ هەموو لە دڵی دابوون سبەی چیان لێ بەسەر دێ . هاورێکانمان لە کۆمیتەی هەورامان گەیشتنە لامان و ئێمەیان لە گەڵ خۆیان برد چوینە شوێنێک لە نزیک شاری هەڵەبجە ماینەوە شیوەڵێک بوو چەند دارە بی‌یەکی تیا بوو ئاوێکی کەمیش بە شیوەکەدا ئەهاتە خوار، ئێمەش نزیکەی 800 کەس دەبوین کۆمەلێک بنەماڵەو ژن و منداڵی پێشمەرگەکانیشمان لە گەڵ دابوو. هەڵەبجە دەستی بە سەر دا گیروا وپاشان تەیارەی عێراقیش کەوتنە هاتوچۆو مانۆر دان، ئەوەندەمان ئاگا لێ بوو هەر دووکەڵی سپی بوو بەرە ئاسمان بەرز دەبۆەوە لە نێو ئێمەدا برێک کەس نازانم چۆنیان ئەزانی وتیان دەس و دەموو چاوتان تەڕ کەن ئەوە شیمیاییە خۆ تەڕ کردن باشە بەشیکمان ئەو کارەمان ئەکرد. ئەمجار فڕینی هێلی کۆپتێری ئێران بە سەر سەرماندا بۆ ناو هەڵەبجە دەستی پێکرد، دەهاتن هاوکاری خەڵکیان دەکرد ولە هاتوچو دابوون. ئێمەش چەند ڕۆژ بوو بژیومان نەبوو ئەوندەمان لە ڕەگی گژ وگیا خواردبوو دڵمان زعفی دەکرد. نەفەرێک لە کادرەکانی ئەو ناوچەیە کە زۆر بە مشوور بوو لە کۆڵە پشتیەکەیدا نان هەبوو خەریک بوو نەختە نەختە نانی دەخوار وتم تۆزیکم نان بەش دە، وتی بەشی خۆم ناکا نایدەم بەشی نەدام ئیستاش ماوە تەمەنی درێژ بێت. کاک حەمەنەزیف لە ناو شاری هەڵەبجە بوو لە پەیوەندی بەردەوامدا دابوو لە گەڵ بەرپرسانی یەکیەتی و حیزبەکانی دیکەی باشوری کوردستان بۆ ئەوەی هاوکاریمان بکەن بەڵام وا دیار بوو زۆر سەخت بوو بۆیان هاوکاریمان بکەن لە بەر ئێران دەترسان. من و کاک جەعفەر حامیدی و کاک حەمەعەلی عەنایەتی لە نزیک یەک دانیشتبوین یەکێک لە بێسیمچیەکان هات وتی کاک دوکتور سەعید ئەیەوێ یەکێکتان قسەی لە گەل بکەن ، کاک جەعفەر وتی کاک حەمە عەلی تۆ قسە بکە بێسییمچیەکە وتی بەڵام باتریمان کەم ماوە . کا ک حەمەعەلیش کەسیکی زۆر موحتەرەم و بە حورمەتە. کە ویستی قسە بکات هەر بە کاک دوکتور سەعیدی ئەوت .(ئیجازە هەس لە تەکتا قسە بکەم ) پێم وابی کاک سەعید لە لەهجەی کاک حەمەعەلی باش تێ نەدەگەیشت منیش وتم کورە قسەکە بکە ئیجازەی ناوێ وەڵڵا جاریکی تر دوبارەی کردوەوە بێسمچی وتی وەلا باتری تەواو ئیتر تەماس ناگیردرێ. لەو کاتەدا من دەستم کرد بە پێکەنین و کاک جەعفەر حامیدی تورە بوو بەرەو لام هات وتی لەو وەزعە سەختەدا بە چی پێدەکەنی. ئەگەر هاوڕێیان ساردیان نەکردایەتەوە وەک برای گەورەتر لە خۆم گەر یەک دوو زلەشم بەر کەوتاییە بێگومان هیچم نەدەوت. لە دوای کیمیابارانەکە زۆر دیمەنی سامناکمان بە چاوی خۆمان بینی بەشیک لە ئێمەش چاومان سورر هەڵگەرابوو بە هیممەتی هەموان و هاکاری چەند پێشمەرگەیەکی باشوور کەوتینە رێ بە نێو لەشکری سوپای ئێرانی دا بەرەو سەید سادق و ناچەی سلێمانی کەوتینە رێ ، ماشێنی لەشکری پەلاماردەری ئێرانی هەموو سروودی ئاهەنگەرنیان لێدابوو، بە بەردەوامی لە هاتوچوودا بوون، جارێ وابوو شۆقی چراکانیان بە تەواوی لێمان دەدرا. کەوتینە ڕیی چ وەرێ کەوتنێک دور و درێژ و قوڕو چڵپاو و پڕ لە مەرترسی و هەور و باران و تۆپ و تۆپ باران هەموو پێکەوە ئەوەندەی دیکە بارودۆخەکەی لێ ناخۆش کردبوین، لە هەمووشی مەترسیدارتر ئەوە بوو کە بە ناو کەمین و تیمە پێشرەوەکانی هێزەکانی ئێرانیدا تێدەپەرین . زۆر تاریک بوو بە بێ سیمە چوکەکان داوامان لە هاوریکانمان کرد لەو بەری ئاوی سیروان بە ئەرتەشی عێراق بڵێن نورئەفەکەنمان بۆ هەڵ بدەن پاش ماوەیەک چەند نورئەفکەن روویان لە ئاسمان کردو ولات ڕووناک بوەوە، هەر ئەونەمان خۆش بوو هێزەکانی ئێران نورئەفکەنی دیت پێوابوو ئەوە عێراق لە وێوە هجوم ئەکات تۆپ باران بۆ ئەو شوینەی ئێمە پێیدا تێدەپەرین دەستی پێکرد، بەتەواوی بارودۆخەکەی ئەوەندەی دیکە لێ خراپ کردین، لەو تەق وتۆقەدا کە رویدا تۆپێک لە نیوماندا تەقیەوە نۆ پێشمەرگەمان لێ بریندار بوو، ئەمجار وتمان پییان بڵێن حاشا بابە نورئەفکەنمان ناوێ. هەر لە سەروبەندی ئەو رۆژە ناخۆشانەدا بوو کە ساڵەی قەدیمی شێعری دەنوسی و دەیخوێندەوە. جارێکیان عەلی حەسەن ئاغا شێعرەکانی لە کاک ساڵە شاردبوەوە، کاک سالە هەر جنێوی دەدا و داوای دەکرد شێعرەکانی بدەنەوە عەلیش هەر لە هانە گەرمەڵە شێعرەکان فرێ دابوو. کاک ساڵەش بە تۆلەی شێعرەکانی چەکەکەی عەلی هەڵگرتبوو ، چەکیش هی حیزب بو عەلی خۆی لێ بێ دەنگ کردبوو ئەیزانی هی حیزبەوە لەو رۆژە سەختەش دا لە خوای دەویست کەسێک بۆی هەڵگرێ رێگە دور و کاک ساڵەش ماندوو بوو دوو تفەنگ بە شانەوە یەخەی منی گرت وتی ئەو فلانی فلان وا لێهاتوە( مەبەستی کاک عەلی حەسەن ئاغا) بوو. بۆم بدۆزەوەو حەتەمەن لێرە دەیکوژم ، عەلیش خۆی ون کردبوو ئەو گیچەڵەش بە ملی منەوە بوو هەر چۆنیکی بێ قەدیمیم بە قەناعت گەیاند مادام چەکەکە هی عەلی نیەو چەکی حیزبە بیداتەوە بە عەلی با لەوە زیاتر ماندو نەبێ لەوەم نەجات بوو پێشمەرگەیەک هات وتی وەڵڵا ڕەشید وەزعی خراپە قاچی لە قور چەقیوەو تاکێ لە کەوشەکانی بە جێماوە و ئیستا قاچی خوینی لێ دێ و ناتونێ بڕوا. نەم ئەزانی چی بکەم و تماشای لاقی رەشیدم کردو وەزعیم دی هیچ نەدەکرا وتم پشتوینەکەتی تی بئالێنە بەڵام دیسان هیچ فایدەی نەبوو، دیتم ماینێک بە پەناما تێپەری ژنێکی لە سەر بوو مناڵێک لە پێش و یەکێک لە پاشی لە گەل خۆی سوارکردبوو تەماحی کەوشەکانی گرتمی تماشای قاچی رەشیم کرد لە بیرمە لاقی راستی کەوشی تیا نەمابوو من لە بەری خواروو بوم چومە لای سەرەوە دوای ماین سوار کەوتم بێ ئەوەی بمهەوێ خۆم بناسێنم پەلاماری کەوشی ژنەم دا بە پای توند بوو بریک لاقەفرتەی کرد هەر چی هاواری کرد فایدەی نەبوو تاریک بوو نە ئەو زانی من کێم و نەم منیش، تاکە کەوشی لاقی راستەیم دەرهێناو دام بە رەشید لە پێی بکا ئەویش بەو جۆرە خۆی پێگەیاندە مەقسەد و بۆ سبەی پییان وتم وەلا کاک سەلیم وتویەتی ئەمشەو نازانم کام واوا لێهاتوو کەوشی لە پێێ خیزانم دەرهێناوە. تا ئیستا خۆمم ئاشکرا نەکردوە بەڵام بە هیوام گەر رێم کەوتە ئەو ولاتەی لێێ دەژین بچمە ماڵیان و گەردنی خۆمیان پێ ئازاد بکەم دیارە ئەو کۆچڕەوە زۆر بە سەرهاتی سەیرو سەمەرەی تێدایە کە کاری هەموو ئەو کەسانەیە لە گەڵ بوون، ئەو روداوەو ئاکامەکانی واتە کیمابارانی هەڵەبجە تراژیدیایەکی قورس و گران بوو بۆ میللەتی کورد بە گشتی و خەڵکی هەڵەبجە بە تایبەتی. بە هۆی گەورەیی کارەساتەکە بەشێکی زۆری لایەن و خەسارەکانی هەر بە نارونی ماونەتەوە وەک کەسێکی ئاگادار و تێکەل بەو نەهامەتیانە دوای 26 ساڵ ئیشارە کردنێک هەر چەند کورت بە لایەنەکای تری ئەو کیمابارانە بە پێویست دەزانم ، ئیستا بە خۆشیەوە لە کانالە TV یەکانەوە شادی و هەڵپەرکێی خەڵکی هەڵەبجە دەبینم کە بەهۆی بە پاریزگا بوونی شارەکەیان خۆشحاڵن . بە خۆشیەوە بەشی زۆری هاورێیانی بەشدار لەو بەسەر هاتە لە ژایاندا ماون و دریژە بە تیکۆشانی سیاسی خۆیان ئەدەن و بە داخم بۆ پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە بەر هەر هۆیەک بێت پێشنیارەکەمیان قەبول نەکرد و نەهاتن لە گەڵمان و گیانیان بەخت کرد.

خۆشی و شادی بۆ خەڵکی هەڵەبجەی زامدار ئافەرین و دەستخۆشی بۆ یەک یەکی پێشمەرگەکانی دێموکرات بەشداربووی کارەساتە کە پڕ بوو لە وەر وئیمان و ئازایەتی.

16.3.2014

ئەحمەد حوسێنی

لە فەیسبووکی کاک ئەحمەد حوسێنی وەرگیراوە