بەهار هەرچۆنێک بێ هەر دێ. ئاشق

بۆ ئەو کوردە دڵسۆزە ئازادبیرەی کە لە تەوژمی دەستی ساردوسڕی بەفر لە سەر گەرووی هەوارگەکان وەرەز و دڵبەخەم بوو، پێی‌خۆش بوو دەنگی مەلەکۆچەرەکان هەر بێ و بەهاری وەرزی جوانی و سەردەمی زیندووبوونەوی سروشت بگاتێ.

لە کۆنەوە گوتراوە و ڕەسمیش هەر وا بووە:”بەهار هەر دێ لە پاش زستان”، بەلام هەتاو دەبێ لە ژێر هەوران سەر دەرێنێ و ولات گەرم کا، بای وادە هەڵی‌کاتێ و قەمچی بە لەشی بەفر دا بێنێ، خاک لە خەوی داسەپاوی زستان ڕاچڵەکێ، خشت وخاڵ و چیلکەوچاڵی پاشماوەی بەفر لە سەرخۆی لادا و ڕێگا بۆ سەروەدەرنانی گۆڵ و سەوزە بکاتەوە. ئەو دەست دە دەستی یەکنانەی نێو بازنەی سروشتە زستان ناچار دەکا بارگە و بنە‌ی بپێچیتەوە و جێگا بۆ بەهاری جوان بەجێ‌بێڵێ.

بەفر ئەگەر سەربانی گرت،

بێڵێکی قایمی داربەڕوو و،

شانوباهۆیەکی بەهێز،

ڕای‌دەماڵێ.

هۆردووی بەفری کوێستانەکان،

تا هەتاوێکی بەهاریی گەرم نەبێ،

جێ چۆڵ ناکا بۆ ڕەشماڵێ.

دەنگی مەلەکۆچەرەکان،

بەڵام نابڕێ،

نابڕێ، هەر دێ.

بەرەوبەهار،

هەزار سروودان دەخوێنن،

لە نێو باغ و باغچەی بەردێ.

دڵنیا بە هاوڕیم ڕۆژێک،

هۆردووی بەفر،

دەست لە گەرووی کوێستانەکان دەکاتەوە.

سەرماوسۆڵیش هەرچۆنێک بێ،

دەبڕێ و زستان دەڕواتەوە.

ئەوکات،

هەوارگە و بانەمەڕ،

چیمەن، کانیاو، بنار، زەمەند،

چۆم و تاڤگە،

دەژینەوە.

ئەو دەمە ئێمەی تاسەبار،

ئێمەی کۆمەڵی دڵداران،

لە داوێنی سروشتی جوان و گەرم دا،

بە یەک دەگەین.

لە کۆری شایی و گۆوەند دا،

هەموو یەکتر دەگرینەوە:

“بەهاران خۆشە زمزیران

لە دۆڵ و شیو دۆست دەگیران”

ئاشق ١٢/٢/٢٠١٤