براگەورەی بەڕێزم کاک جەلیل گادانی
پڕ بەدڵ پیرۆزبایی هەشتایەمین ساڵوەگەڕی لەدایکبوونت لێدەکەم.
زۆرجار مرۆڤ لە هەڵبژاردنی وشە دا، سەبارەت بە درکاندنی مەبەستێک تێدەمێنێ و لە ڕاستی دا هەرچی دەکا ناتوانێ بە وشە و ڕستە ئەوەی دە دڵ و بیری دایە بیگەیەنێ. من ئێستا لە دۆخ و وەزعێکی ئەوتۆ دام.
دەمەوێ باسی ژیانی پڕ بەرهەمت بکەم، دەمەوێ باسی تێکۆشان، هەوڵدان، فیداکاری و لەخۆبووردووییت لە ماوەی دەیانساڵەی خەباتت دا بکەم، دەمەوێ باسی ئەو دەردەسەری و ئازار و کوێرەوەرییانە بکەم کە لە ماوەی ساڵانێکی دوورودرێژ، لە بەندیخانەکانی سەردەمی دەسەڵاتی شا دا تووشیان بووی، کێشاتن و قەتیش هاوارت نەهات و لە ڕێگای ئامانجەکەت دا بە دڵاواڵەییەوە قبووڵت کردن.
دەمەوێ باسی ئەو ساتانە بکەم کە سێبەری حوکمی ئیعدام بە سەرسەری تۆ و هاوڕێیانتەوە بوو، دەمەوێ باسی فیدابوونی ئەو باشترین ساڵانەی ژیانت بکەم کە لە هەڕەتی لاوەتیت دا پێیان دا تێپەڕی و لە جیاتیی ئەوەی بۆت ببنە سەردەمی چێژ لە ژیانوەرگرتن و ئاسوودەیی، خێزان و ماڵ و منداڵت تێدا بەجێهێشتن و قۆناخی هەرە تووش و دژواری ژیانی تۆیان پێکهێنا.
دەمەوێ باسی ئەو ساڵانە بکەم کە شانازیی هاوڕێیەتی، جیرانەتی و هاوکارییم لە ئۆرگانەکانی حیزب دا لە گەڵت هەبووە و هەموو ئەو تەنگانە و فەرحانی و ئەو بیرەوەرییە خۆش و ناخۆشانە بگێڕمەوە کە سەرچاوەیان دەچێتەوە سەرڕۆژە سەختەکانی ژیانی چیا و قامک بۆ ئەوە ڕادێرم کە چۆن خۆشییەکان و ناخۆشییەکانت لە گەڵ بەش دەکردین و چەند دە خەم و شادیی هاوڕێیانت دا شەریک بووی.
دەمەویست باسی بەرهەمە ئەدەبییەکان و مێژووییەکان، نووسینەکان و وەرگێرانەکانت بکەم. کە سەرەڕای کاری زۆری حیزبی زەحمەت و شەونخوونییت پێوە کێشاون و پێشکەش بە کتێبخانەی کوردییت کردوون.
دەمەویست باسی ماندوویینەناسی، لەخۆبووردوویی، وەفاداری، ئەمەگناسی، پاکی، دڵاواڵەیی و ویژدان و ڕاستگۆییت بکەم.
بەڵام براگەورەم، هاوڕیی بەڕێزم. نووسینی دەق و نێوەرۆکێکی ئاوا کە بتوانێ بەیانی هەمووی ئەوانە بکا و بارتەقای دڵسۆزی و گەورەیی تۆ بێ، ئەویش دەو دەرفەتە کورتە دا، بۆ من زەحمەتە.
بە ڕاستی پێمخۆش بوو لەو کۆڕە دا کە بە مەبەستی ڕێزلێنان لە تۆ پێکهاتووە، بەشدار بوایەم و بەو بٶنەیەوە باسی خزمەت، دڵسۆزی و فیداکارییەکانت بۆ نەتەوەکەمان و کۆمەڵی هاوڕییانت بکەم، بەلام بە داخەوە نە ئاگادار کراوم کە زووتر نووسراوەیەک بەو بۆنەیەوە بنێرم و نە بە هۆی دووری مەودا، ئەو ئارەزووەم پێکدەهات کە بەشدار بم. ئەڵبەت باوەڕم وایە ئەگەر هەموو ڕۆژەکانی ساڵیش یادت بکەمەوە، جێی خۆیەتی؟ کام ڕۆژی ساڵ هەیە کە خزمەت و خەباتی تۆی تێدا نەبووبێ.
با لە کۆتایی دا بڵێم. براگەورەم کاک جەلیل. وەک گوتم ژیان و خەباتی تۆ زۆر شتی بۆ لێفێربوون و سەرمەشقبوون تێدا بووە و یەکێک لەو شتانەش سەداقەت بووە. تایبەتمەندییەک کە زیاتر لە هەموو شتێک ڕێبەرێکی سیاسی، کەسایەتییەکی نەتەوەیی و ڕوومایەکی کۆمەلایەتی خۆشەویست دەکا و ناوی بە زیندوویی دێڵێتەوە. هیوادارم نەوەی نوێ پێش هەموو شتێک ئەو ڕاستی و دڵپاکییەت لێفێر بن.
هیوادارم دەیان ساڵی دیکەش بە لەشساغی و خۆشی بژی و قەت تووشی خەم نەبی!
برای بچووکت ئاشق