با بە زیندوویی و لە کاتی کاردا ڕێز لە گەورەیی و کەسایەتی کەسەکانمان بگرین.

ئەوەی خوارەوە قەترەیەک لە دەریای بێ سنووری کارەکانی کاک ناسر قازی‌زادەیە، لە پێش دا داوای لێبوردن لە خۆی دەکەم و دواتر لەو کەسانەی چاکتر کاک ناسر دەناسن، بەڵام هیچی لە سەر ناڵێن و ناوبراویان بە خانەی فەرامۆشی باس نەکردن سپاردووە. بە هۆی ئەوە کاک ناسر کەریمی و عەبدوڵلا کەریمی لە سەردەشت و لە تاران شاگرد و قوتابی کاک ناسر و مەنسووری برای بوون لە کۆنەوە کاک ناسر قازی زادە وەک مامۆستا و هونەرمەند و نیگارکێش دەناسم، بەڵام سەرم لە کێشانەوە و نەخشاندنی تابلۆ و نیگار دەرناچی، تەنیا بە چاوی دڵ ڕوانیومەتە کارەکانی مامۆستا ناسر و کەیفم بە کارە بێ هاوتاکانی هاتووە و دێ.

کاک ناسر قازی‌زادە باوکی خەڵکی سەردەشت و دایکی خەڵکی شاری سەقز بووە، لە گەڵ کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ ی هەتاوی لە شاری سەقز لە دایک بووە، لەبەر ئەوە باوکی خەڵکی شاری سەردەشت بووە لە سەردەشت لەگەڵ ٢ برا و ٢ خوشکی دیکەی لە ئامیزی گەرمی بنەماڵەدا گەورە بووە، لە شاری سابڵاخ دیپلۆمی وەرگرتووە و بۆ درێژەدانی خوێندنی چۆتە تاران و لە یەکێک لە زانکۆکانی تاران لیسانسی وەرگرتووە. یەکەم پێشانگای هونەری خۆی لە کۆتایی ساڵی ١٣٥٧ ی هەتاوی لە تاران کردۆتەوە، شایانی باسەکە لەو پێشانگایەدا شەهیدانی پایەبەرزی گەلەکەمان کاک دوکتور قاسملوو، کاک دوکتور سەعید شەرەفکەندی و بەرێز کاک جەلیل گادانی و نەمر غەنی بلوریان و بەشێک لە کوردانی نیشتەجێ لە تاران و دەوروبەر بەشدار بوون و ئەوەش بۆ کاک ناسر وەک بیرەوەری‌یەکی لەبیر نەکراو و گەورە لە دڵ و دەروونی دا ماوەتەوە و ئاوات بۆ ئەو ڕۆژانە دەخوازێ و بەردەوام بۆ زیندوو ڕاگرتنی ئەو بیرەوەریانە خەریکی کێشانەوەی مێژووی گەلەکەیەتی. کاک ناسر ساڵی ١٣٦٢ ی هەتاوی بە ناچاری بە بێ ویستی خۆی لە گەرمەی ئێعدام و گیرانەکان دا لە ئێران دێتە دەر و لە پاریس پێتەختی وڵاتی فەرانسە دەگیرسێتەوە و لەو کاتەوە ژیان لە تاراوگە تێپەر دەکا.

کاک ناسر قازی زادە، مامۆستا و هونەرمەندی نیگارکێشی کوردی دانیشتووی فەرانسە، گەلێک تابلۆی چووک و گەورەی بە دەستە ماندوو نەناسەکانی خۆی کێشاونەوە و بە ڕەنج و شەونخوونی و بێ ماندووبوون، چەندین ساڵە کاری هونەری نیگارکێشان بەرێوە دەبا.

وێنەی بەناوبانگی جیهانی هەن، وێنەکانی لە جوانی، بەرزی، خۆشەویستی و وەفای کەسەکان دەدوێن، وێنەکانی لە مێژووی کورد، شیمیابارانی سەردەشت، هەڵەبجە و زەردەی کرماشان دەدوێن، وێنەکانی لە سرووشتی کوردستان، چۆم، ڕووبار، کوێستان و مەڕ و ماڵات، گوند و هەوارەکانی هەوارچیان دەدوێن، وێنەکانی لە مەسەلە کۆمەڵایەتی‌یەکان و دەرد و ئازاری زیندانیان و ئێعدامی بە کۆمەڵ دەدوێن. وێنەکانی لە بەرزی ناوی شەهید و پێشمەرگە و سەنگەر دەدوێن، وێنەکانی لە ئاوارەیی و شەڕ و نەبوونی دەدوێن و وێنەکانی لە جوانی ژن، گوڵ، هونەرمەندان و شەپۆلی دەریا و جێژنی نەورۆز و شایی و خۆشی و خەم و ئازارەکانی گەلەکەی و بە گشتی لە هەرچی سرنجی ڕاکێشا بێ دەدوێن. کاک ناسر پێشمەرگەی قەڵەم و فڵچە بە دەستی گەلی کوردە کە لە هەر ڕەنگێک دونیایەک درووست دەکا و نیگارکێش و پێشمەرگەی ئەو بوارەیە و سەری بەرزە بە قەد ناوی بەرزی هونەر و گەورەیی پێشمەرگە.

کاک ناسر لە ماوەی کار کردنی دا وێنەی جۆراوجۆری هەن و وێنەی لە کەسە دیارەکانی کۆمەڵگای کوردەواری کێشاوەتەوە و زەحمەتی زۆری لەگەڵ کێشاون و کورد گوتەنی وەک منداڵی خۆی پێیان ڕاگەیشتووە. سەرەتای شۆرشی ڕاپەرینی گەلانی ئێران، وێنە بەناوبانگەکەی شەهید مەلا ئاوارە سرنجی زۆربەی هەر زۆری خەڵکی کوردستانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا بوو و بە سەر دیواری شەقام و بەرگی ڕۆژنامەکانەوە دەدرەوشایەوە، دواتر وێنەی پێشەوای کوردان شەهید قازی محەممەد، نەمر شێخ عێزەدین حوسێنی و گولسرخی و پێشمەرگەی چەک لە شانی کورد و مەزاری شەهید و گریان و فرمێسک ڕشتنی دایک و خوشکی شەهید و کێشانەوەی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی کورد لە گرتووخانەکان دا بوونە تابلۆ بەناوبانگەکانی کاک ناسر. ئەو جۆرە لە تابلۆکانی بوونە وێنە و تابلۆی سیاسی و لە کۆمەلگا دا بە چاوی نیگارکێشی سیاسی کورد چاو لە مامۆستا ناسر قازی زادە کراوە، بە حەق کاک ناسر لەو بوارەدا پێشەنگی نیگارکێشەکانە و بە هیممەت و ئیرادەی خۆی دەرد و ئازاری گەلەکەی لە ساڵۆنە گەورەکانی پاریس و زۆرێک لە شارە گەورەکانی ئوروپا و لە سەر تەلەفزیۆنە بەناوبانگەکان نیشانی خەڵکی دەرەوەی وڵات و کوردانی نیشتەجێی ئەو وڵاتانە داوە، لێرەدا جێگای خۆیەتی ئاورێک لەو هونەرمەندە نیگارکێشە گەورەی کورد بدەمەوە، کە بەردەوام و بێ ماندوو بوون کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی‌یەکانی گەلی کوردی بە کێشانەوەی تابلۆکانی گەیاندۆتە نێو کۆڕو کۆمەڵە نێونەتەوەیی و گەلانی دیکەی جیهان.

مامۆستا ناسر قازی‌زادە کەسێکی مەشرەف خۆش و تا بڵێی کورد دۆست و نیشتمان پەروەرە و دڵی بۆ ئازادی گەلەکەی لێ دەدا و بەردەوام خولیای ئازادی گەل و نیشتمانەکەیەتی و لە کاتی قسە کردن و وتووێژ و چاوپێکەوتنەکان دا وێرای ئەوە باس لە تابلۆکانی دەکا، هاوکاتیش خەمی گەورەی خۆی لە دابەش بوونی کوردستان ناشارێتەوە و بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کورد نرخی ئاوارەگی و تاراوگەنشینی داوە و ساڵانێکی دوور و درێژە نیشتمان و زێدی لە دایکبوونی لە ڕووی ناچاریەوە بەجێ هێشتووە.

مامۆستا ناسر لە تاراوگە دا خەونەکانی کردوونە تابلۆ و ئارەزووی ئازادی نیشتمانی لە کۆتر و گوڵ و پسانی میلەی زیندان و کەلەپچە دا نیشان داوە. بۆ وەسەریەک خستنەوەی نیشتمان سنوورە دەستکردەکانی بە فڵچەی دەستی وەسەریەک خستوونەوە و نەخشەی کوردستانی گەورەی کێشاوەتەوە و بە چاو لێکردنی هەستی نیشتمانپەروەری خۆی و هێز و توانای زیاتری بە خۆی و گەل بەخشیوە. بە تێکەڵ کردنی ڕەنگەکان ئاڵای پیرۆزی کوردستانی نەخشاندووە و ئاگری نەورۆز و یەکگرتوویی و جێژن و شادی خستۆتە نێو چوارچێوەی تابلۆکانی و هاوکاتیش بە کێشانەوەی تابلۆ ڕەنگاورەنگەکانی سرووشتی جوانی کوردستانی بە بینەران و گەلانی دیکە نیشان داوە، هەموو ئەوانە نیشانەی خولیای کاک ناسرن بۆ گەورەیی و بە پەرۆشی کوردستان.

دەست خۆش کاک ناسر بۆ ئەو هەموو جوانی و دەست ڕەنگینیەت.

دەست خۆش کاک ناسر بۆ ئەو هەموو زەحمەت و شەونخوونی‌یەت.

دەست خۆش کاک ناسر بۆ ناساندنی دۆزی کورد بە نەتەوەکانی دیکە.

 هیوای سەربەرزی و سەرکەوتنی زیاترت بۆ دەخوازم.

خوێنەرانی بەرێز دەتوانن بۆ هەرچی زیاتر دیتنی کارە جوانەکانی مامۆستا ناسر سەردانی لاپەرەی فەیسبووکی ناوبراو بکەن و چێژ لە تابلۆ ڕەنگینەکانی وەر بگرن و هاوکاتیش بە لایک و بە نووسین ڕێز لە گەورەیی و شەونخونی‌یەکانی بگرین.

ئەوەش ئادرەسی فەیسبووکی مامۆستا ناسر

https://www.facebook.com/GHAZI1234

حەمەرەسووڵ کەریمی

چەند وێنەیەک لە کارەکانی مامۆستا ناسر قازی‌زادە لە ئاڵبۆمی خوارەوە چاو لێبکەن.