پێناسەیەکی کورتی ماددەی هۆشبەر. پەریزاد محەممەدیی

لەم کورتە نووسینەدا سەرەتا پێناسەیەکی کورتی ماددەی هۆشبەر دەکەم و دوایەش باس لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی لە کوردستان و جیهان و ئەمجار کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە و تاکەکانی بەگشتیی و ئافرەتان بە تایبەتیی دەکەم.

ماددەی هۆشبەر لە زمانی ئینگلیزییدا پیی دەگوترێ (Drug). ماددە هۆشبەرەکان بە گشتیی لە چەند بەش پێکدێن: ماددە ئارامبەخشەکان وەك تریاک، مۆرفین، هێرۆین و ئەو ماددانەی لە تریاک دەچن. بەشێکی دیکەیان ماددە وزەبەخشەکانن وەك ئەمفیتامین، کۆکاین، کراک، ئەفیدرینەکان و جۆرەکانی دیکەی وەك حەشیش.

دیاردەی بازرگانییکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، لە پاڵ تیرۆر و شەڕ و برسیەتیی، یەکێک لە قەیرانە گەورەکانی کۆمەڵگەی مرۆییە و، زۆرترین کێشەی بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان و وڵاتانی دونیا دروست کردووە. دیاردەی قاچاغیی ماددەی هۆشبەر بە کەڵکوەرگرتن لە گەشەی تەکنەلۆژیای ڕاگەیاندن و پیشەسازیی پەرەسەندنی بەرچاوی بەخۆوە دیوە. بەو هۆیانەوە باندەکانی مافیا و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان بە تەواویی لە جیهاندا بڵاوبوونەوە. ئێستا وای لێهاتووە کە دیاردەی گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان بە هەموو وڵاتاندا تەشەنەی کردووە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تا ئێستا چەندین بڕیارنامەی گرینگی دەربارەی ئەو دیاردەیە دەرکردوون. ئەوە جگە لەوەی کە چەندین جار لە ئاستی دونیادا کۆبوونەوە و کۆنگرەی گەورە بۆ باس لەو مەسەلەیە و چۆنیەتیی بنبڕکردنی بەکارهێنان و بازرگانییکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە گیراون. گرنگترین بڕیار لەو بارەوە، کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەری کردبێ، هەڵمەتێکی ١٠ ساڵە بوو لە ساڵانی ١٩٩٨-٢٠٠٨. مەبەست لەو بڕیارە کارکردن بوو بۆ بنبڕکردن و چارەسەرکردنی ئەو گرفتە گەورە، بەڵام ئەو هەڵمەتەش نەیتوانی ڕێ لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو کێشەیە بگرێ. بەپێی ئامارە جیهانییەکان لە ساڵی ٢٠٠٨دا زیاتر لە ٤٠٠ ملوێن گیرۆدەبووی ماددەی هۆشبەر هەبوون، کەچی ئەو ڕێژەیە ساڵی ٢٠٠٨ بۆ ٤٨٠ ملوێن کەس بەرزبۆتەوە، ئەوەش سەرنەکەوتنی ئەو پڕۆژە و پلانە جیهانییە بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە نیشاندەدا.

بەکارهێنان و بازرگانییکردن بە ماددەی هۆشبەر کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر کۆمەڵگە بە گشتیی و کەسی گیرۆدەبوو بە تایبەتیی هەیە. بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر ڕێژەی تاوانە جۆاروجۆرەکان لە کۆمەڵگەدا بەرزدەکاتەوە. تووندوتیژیی، لەشفرۆشیی، چوونەسەری ڕێژەی تەڵاق، کەمبوونەوەی ڕێژەی (زەواج) چەند نموونەیەکن لە گرفتە کۆمەڵایەتییەکانی کە لە ماددەی هۆشبەرەوە سەرچاوەدەگرن. لە لایەکی دیکەوە کاریگەریی خراپیی لەسەر خێزان و پەروەردەی منداڵ هەیە، کە لە ئەنجامی کەمتەرخەمیی پەروەردەیی لەلایەن ئەو خێزانانەی کە باوکەکە گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر بووە، دەبێتە هۆیە ئەوە منداڵەکانیشیان گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر ببن و سەرەنجام پەنا بۆ دزیی و جۆرەکانی دیکەی تاوان ببەن. هەژاریی، پەنابردن بۆ دزیی، کەوتنەزیندان لە کاریگەرییە خراپەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانن و، ئەوانیش کاریگەرییان لەسەر ئەندامانی خێزان و کۆمەڵگە دەبێ. لەناو کۆمەلێکدا کە ماددەی هۆشبەر بەکاردێ، هیچ کام لە بەها کۆمەڵایەتییەکانی وەک سۆز و خۆشەویستیی، نامووس، ئەخلاق و… نامێنن. هەروەها بەو هۆیەوە ڕێژەی کوشتن و نەخۆشی خەمۆکیی و نەخۆشییە دەروونییەکانی دیکە لە کۆمەڵگەدا بەرزدەبنەوە. بێمتمانەیی، بێهیوایی و کاڵبوونەوەی بەها کۆمەڵایەتییەکان بەشێکی دیکەی ئەنجامی پەرەسەندنی گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکانن.

بەپێی لێکدانەوەکان و سەرنجدان بە کاریگەریی تووشبووان، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر کاریگەریی لەسەر لەش و دەروونی مرۆڤ و ئەندامانی کۆمەڵگە دادەنێ، ئەویش بەو پێیە کە کەسی گیرۆدەبوو دەبێتە بار بەسەر کۆمەڵگەوە. یەکێکی دیکە لە کاریگەرییە نەخوازراوەکانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەسەر تاکی بەکارهێنەر ئەوەیە کە ئەو کەسە لاواز و ترسەنۆک و بێ ئیرادە و بێ هیوا دەبێ و هیچ ئامانجێکی لە ژیاندا نابێ جگە لە بەدەستهێنانی ماددەی هۆشبەر بە هەر نرخێک بێ. ئەو کەسە هیچ بەرپرسیارێتیی و ئینتیمای نەتەوەیی نامێنێ و، بۆ دابینکردنی ماددەی هۆشبەر پەنا بۆ زۆر تاوان دەبا. بۆ نموونە زۆر جاران زۆربەی گیرۆدەبووان لەلایەن بارزگانانی ئەو ماددانەوە ناچار بە دزییکردن و کوشتن و فرۆشتنی ئینسان دەکرێن.

هۆکارەکانی گیرۆدەبوون بە ماددەکانەوە هەمەجۆرن و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازن، بەڵام گرنگترین هۆکار بۆ بڵاوبوونەوەیان قازانجی زۆری ماددیی باند و قاچاخچییەکانی ئەو ماددانەن. خەڵکێکی زۆر لە وڵاتێکی هەژارنشینی وەک ئەفغانستان، بۆ دابینکردنی بژیو، ناچارن خەشخاش، کە یەکێک ماددە خاوەکانی ماددەی هۆشبەرە، بچێنن. بوونی شەڕ و نەبوونی ئەمنیەت و بڵاوبوونەوەی هەژاریی و نەبوونی دەسەڵاتێکی خزمەتگوزار، هۆکارن بۆ ئەوەی بەشێکی خەڵکی ئەو وڵاتە ڕوو لە چاندنی ئەو ڕووەکە بکەن.

لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا، بە تایبەتیی کە تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکان زۆر پێشکەوتووە و خەڵک لە ڕێگەی تەلەفون و ئینتەرنێتەوە پەیوەندیی دەگرن و کەمتر یەکتر دەبینن، هۆیەکی دیکەی چوونەسەری ڕادەی بەکارهێنان و گیرۆدەبوون بە ماددەیه هۆشبەرەکانە. هەروەها بێکاریی و هەژاریی و پەراوێزخستنی توێژێک یا چینێک لە کۆمەڵگە، دەستهەڵگرتن لە خوێندن و بە گشتیی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە هەموویان دەوریان لە بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و گیرۆدەبوون پێیانەوە هەیە.

ئەوەندەی پەیوەندیی بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەبێ، بە داخەوە زۆر جار دەبینین و دەبیستین کە ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجانی کوردی ئەو بەشەی وڵات گیرۆدەی ماددە هۆشبەرە جۆراوجۆرەکان بوون و، بەمەش زۆر کێشەی تەندروستیی و کۆمەڵایەتیی و لێکترازانی شیرازەکانی خێزانیان بە دوای خۆیاندا هێناوە. ئەوەی زیاتر جێی داخە ئەوەیە کە لەو نێوەدا ئافرەتان قوربانیی سەرەکیین و باجی هەڵەی گیرۆدەبوونی باوک و برا و مێردەکانیان دەدەن و بەو هۆیەوە بەرەوڕووی توندوتیژیی جەستەیی و ڕووحیی، وەك لێدان و تەڵاقدران و خەم و ئازار و خەفەت، دەبنەوە. بۆ نموونە کاتێک مێردی ژنێک گیرۆدەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەبێ، ئەو ژنە دەبینێ مێردەکەی لە ئەرکەکانی خۆیدا بەرانبەر خێزانەکەی وەک سەرپەرستیییکردن و دابینکردنی بژیوی ڕۆژانەدا کەمتەرخەمیی دەکا و بگرە لەوانەیە هەر هیچ شتێک لەو پێناوەدا نەکا و تەنانەت ئەوەی هەشیانە بۆ وەدەستخستنی ماددەی هۆشبەر خەرجی بکا، لە حاڵەتێکی وادا کێشە دەکەوێتە نێوان ئەو ژن و مێردە و سەرەنجام تەڵاق وەک دوایین ڕێگە دەگیرێتەبەر. بێگومان ئەوەش تێکچوونی خیزانەکە و سەرگەردانیی منداڵەکان و خراپتربوونی بارودۆخی ئەو کەسە گیرۆدەبووە لەلایەك و ژیانی گران و پڕ ئازاری دوای لێکجیابوونەوەیان بۆ ژنەکە بەدواوە دەبێ.

بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر کاریگەریی خراپی تەنیا لەسەر ئەو کەسە نییە کە بەکاری دەهێنێ، بەڵکو شوێن لەسەر خێزان و پەیوەندییەکانی بنەماڵەش دادەنێ. زۆرجار کچان بەبێ حەز و مەیلی خۆیان بەمێرد دەدرێن، ئەوەش بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە باوکیان یا برایەکیان گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر بووە و ئەوانیش لەپێناو پارە و پوڵدا کچ و خوشکەکانیان ناچار دەکەن مێرد بکەن، کە بە داخەوە دواتر زۆربەی ئەو ئافرەتانە خۆشیان گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر دەبن. گیرۆدەبوونی پیاو لە ماڵدا قورسایی زۆر دەخاتە سەر شانی ژن، چونکە ئەو ژنە دەبێ هەم خەمی پەیداکردنی بژیوی منداڵەکانی بخوا، هەمیش پەروەردەکردنیان. هەر بەو هۆیەشەوە منداڵەکانیش بە جۆرێکی دیکە دەبنە قوربانیی و سەرەنجام بە هۆی هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی باوکێکی نابەرپرس زیان بە منداڵەکانیش دەگا و وای لێدێ ئەو منداڵانە لە خوێندن دووردەکەونەوە و لە ڕێی ڕاستەقینەی ژیان لادەدەن و تووشی دزی و کوشتن و تاوانی دیکەی دەبن.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە داخەوە بەکارهێنان و بازرگانییکردن بە ماددە هۆشبەرەکان زۆر بڵاوە و ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان گیرۆدەی ئەو ماددانە بوون. ئەوەی لەو پەیوەندییەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ڕژیمی دەسەڵاتدار نەك هەر پلان و بەرنامەی بۆ ڕێگرتن و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی بەکارهێنان و بازرگانییکردن بە ماددەی هۆشبەر نییە، بگرە هەموو نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەو ڕژیمە لە ڕێگەی دامودەزگا و پێکهاتە و کاربەدەستانییەوە بە ئەنقەست و مەبەست برەو بە بازرگانیی بەو ماددانە و بڵاوکردنەوەیان لەناو گەنجان و لاوانی شار و ناوچەکانی ئێران و کوردستان بە تایبەتیی دەدا، ئەوەش وەك چەکێك دژی لاوانی کورد بەکاری دەهێنێت.

لە باشووری کوردستانیش باندە قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە جموجوڵ دان بۆ بردنەناوەوەی ئەو ماددانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ باشوور. بێگومان ئەوەش جگە لە چاوچنۆکیی بازرگانانی ئەو ماددانە، بەرنامەیەکی سەرەکی ڕژیمی تاران بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو ماددانە لە باشووری کوردستانە. جێگەی دەستخۆشییە کە دەزگا ئەمنییەکانی ئەو بەشەی کوردستان چاوکراوەن و زۆرجار بازرگانانی ئەو ماددانە دەستگیر دەکەن.

یەکێک لە ڕێگەکانی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بە تایبەتیی لەنێو لاواندا، ڕەخساندنی هەلی کار بۆیان و پەرەپێدانی چالاکیی وەرزشیی و بارهێنان و کردنەوەی دەورەی وشیارکردنەوە و پەروەردەکردنیان لە ڕێگەی قوتابخانە و ناوەندە ڕووناکبیرییەکانە و دەزگاکانی ڕاگەیاندنە. کردنەوەی سەنتەری چاودێریی و پێڕاگەیشتن بەو کەسانەی گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر بوون یەکێکی دیکە لە ڕێگەکانی خەبات دژی ماددەی هۆشبەرە. ئەوەی لەو پەیوەندییەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بە هاوئاهەنگیی و هاوکاریی هەمەلایەنی دەسەڵات و خەڵک و تاکەکانی کۆمەڵگە دەکرێ، بۆیە هەر تاکێکی کۆمەڵگە لەو خەباتەدا ئەرکدار و بەرپرسیارە.

ئاشکرایە کە لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری نائیسلامیی ئێراندا بە داخەوە نەك هەر خەمێک لەو بەڵایە لە لەلایەن دەسەڵاتەوە ناخورێ، بگرە وەک ئاماژەمان پێکرد کاربەدەستان و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە بڵاوکردنەوە و ڕەواجدان بەو ماددە هۆشبەرانە دەوری سەرەکیی دەبینن. هەر بۆیە ئەرکی سەرەکیی خەبات لەو پێناوەدا دەکەوێتە سەر شانی ڕۆڵەکانی کورد بە گشتیی و بنەماڵەکان بە تایبەتیی. بۆ ئەو مەبەستە وشیارکردنەوەی ئەندامانی خێزانی کوردیی، بە تایبەتیی ئافرەتان، زۆر گرنگە چونکە وەک هەر چۆن بە داخەوە ژنان و کچان قوربانیی گەورەی ئەو دەرد و بەڵایەن هەر واش دەبێ لە پاراستنی ئەندامانی خێزانەکانیان و منداڵان و مێرمنداڵانیاندا ڕۆڵی دیار و سەرەکییان هەبێ. هەر لەو بارەوە دەبێ ئەوەش بڵێین کە ئەرکی ئینسانیی و ئاینیی و نیشتمانیی کەس و ناوەندە ڕووناکبیرییەکان و ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و ڕێکخراوە سیاسیی و مەدەنییەکانە هەڵمەتێکی گەورە و هەمەلایەنی وشیارکردنەوە لەو پەیوەندییەدا دەست پێ بکەن و ناوەند و دامەزراوەی تایبەت بەو بوارەی خەبات دامەزرێنن.

بەو هیوایە تاکی کورد بە چاوکراوەیی و وریایی زیاترەوە لەو بەڵا و دەردە کوشندەیە بڕوانێ و گرنگیی تەواو بەو مەترسییە گەورەیە بدا و لە خەبات دژی بڵاوبوونەوەی ئەو ماددە هۆشبەرانەدا بەشداریی چالاکانە بکا تا کوردستان و کۆمەڵگەکەمان لە زیانە گەورە و قەرەبوونەکراوەکانی بپارێزرێ.

پەریزاد محەممەدیی