بۆ بەربەرکانی لەگەڵ بەرهەمهێنانو فرۆشتنی ماددەی شیشە، هەڵمەتێکی گشتی پێویستە. قادر وریا
بۆ بەربەرکانی لەگەڵ بەرهەمهێنانو فرۆشتنی ماددەی شیشە، هەڵمەتێکی گشتی پێویستە ماڵوێرانکەری تایبەت بە خۆیانن. زیانی بەکارهێنانی ئەو ماددانە، هەر بەبادانی سامانو دارایی بەکارهینەرانو بنەماڵەکانیان نییە، جەستەو رۆحی تووشبووانیش لە ئاکامی خواردنو کێشانو بەکارهێنانی ئەو ماددانەدا، بەرە بەرە دادەفەتێنو وێران دەبن. شوێنەواری وێرانبوونی جەستەو رۆحی تووشبوانیش بناغەی بنەماڵەکانیان هەڵدەتەکێنێ.
بەڵام ئەمە هەمووی کارەساتەکە نییە. بوونی ڕیژەیەکی بەرچاو کەسی تووشبووی ماددە سڕکەرەکان لە هەر گوندو شارێک، چوونە سەری ژمارەی بنەماڵە لێکهەڵوەشاوەکانو زیادبوونی ژنانو منداڵانی سەرپەرست لەدەستچوو، دەبن بە هەوێنو ماکەی زۆر کێشەی دیکە. جگە لەوەی زۆر نەخۆشیو کێشەی کۆمەڵایەتی لە سەر زەمینەی بوونی ئەم هەمووە مرۆڤە لێقەوماوە سەرهەڵدەدەنو گەشە دەکەن، کۆمەڵ لە تەواوەتیی خۆیدا گەشەو نەشەو زیندوێتیی خۆی لە دەست دەداو ئەگەر ڕەوتەکە بەری پێنەگیرێ، پاش ماوەیەک کۆمەڵ نەخۆش دەکەوێ.
**
کۆمەڵی ئێران، لە سێبەری دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرو توتالیتێرو بە هۆکاری سیاسی، فەرهەنگی، ئابووریو کۆمەڵایەتیی سەرچاوەگرتوو لە دەسەڵاتدارەتیو بەڕێوەبەرێتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی سێ دەیەو نیوی ڕابردوو دا، ئیستیعدادی سەرهەڵدان و گەشەکردنی قەیرانو کێشەی کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆری تێدا پێک هاتوە. بەڵام ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی ئەو ڕێژیمەدا، لانکەو ژینگەی بزووتنەوەی نەتەوەییو ئازادیخوازیو مەیدانی بەربەرەکانی لە گەڵ سیاسەتە کۆنەپەرستانەکانی ئەو دەسەڵاتە بووە. ئەم ڕاستییە لە لایەک هۆکار بووە بۆ بوونی وشیاریو بەرزبوونی ئاگایی گشتیی خەڵک بە تایبەتی لاوانو دووریکردنی ڕێژەیی ئەوان لە دیاردە نەرێنییەکانو یەک لەوان بەکارهێنانی ماددە سڕکەرەکان. بەڵام هەر بوونی ئەو گیانی بەربەرەکانیو ئازادیخوازییە لە نێو لاوانی کوردستاندا، لە لایەکی دیکەوە بووە بە هۆی ئەوە، دامودەزگاو دامەزراوە ئەمنییەتیو سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە مەترسییەکی گەورە بۆ دەسەلاتدارەتیی ڕێژیمەکەیانی بزاننو هەوڵی وێرانکردنو نەهێشتنی بدەن. دواخستنو پشتگوێخستنی بە ئەنقەستی کوردستان لە باری ئاوەدانیو تەرخان نەکردنی پرۆژەو بەرنامەی تایبەت بە بەرهەمهێنانو دامەزراندنو دابینکردنی کارو داهاتو بژیو، هەوڵێکی ئاگایانە بووە بۆدروستکردنی زەمینەی پاڵپێوەنانی لاوانی کوردستان بەرەو یەک لەم دوو چارەنووسە: ببن بە چەکدارو مۆرەو خزمەتکاری ئەم دامودەزگایانە، یا بەرەو ئیعتیادو نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بڕۆنو لە نێوەوە وێران بن! تەنانەت کاسپیی پڕزەحمەتو مەترسیداری کۆڵبەریو هێنانو راگواستنی کەلوپەل لە سنوورەکانیشیان پێڕەوا نابیننو بە ئاسانی دەیاندەنە بەر دەسڕێژ بۆ ئەوەی چارەنووسێکی دیکەی جیا لە هەڵبژاردنی ئەم دوو ڕێگایەیان نەبێ.
لە سەر ئەم زەمینەیە، جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە لاوانی کوردستانیش تووشی داوی ئیعتیاد بوون، ماوەیەکە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی ناوچەی سەردەشتو چەند ناوچەیەکی دەوروبەر، بوون بە مەڵبەندی بەرهەمهێنانو سادرکردنی پڕمەترسیترین جۆری ماددەی سڕکەر کە بە «شیشە» ناسراوە. ژمارەیەکی بەرچاو مرۆڤی هەلپەرستو بێویژدان خۆیان بۆ بەرهەمهێنانو فرۆشتنو بڵاوکردنەوەی ئەم ماددە خەتەرناکە تەرخان کردوە. زۆرماڵو ئەنبارو خانووی نێوباغو مووچە، تاقیگەو کەلوپەلی دروستکردنی ئەم ماددەیەیان تێدا جێگیر کراوە. چۆنیەتیی هاتنی ئەو دەرمانو ماددانەی «شیشە»یان لێدروست دەکرێ، شێوەکانی بڵاوکردنەوەو بەڕێکردنی بۆ شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستانو ئێران، داهاتی سەرسوڕهێنەری ئەم بازرگانییە ماڵوێرانکەرە، ڕۆڵو دەستتێدا هەبوونی کاربەدەستانو دامودەزگا ئیتلاعاتیو سەرکوتکەرەکان لەم بازرگانییەدا، ڕادەو ژمارەی قوربانییەکانی پەرەگرتنی مەسرەفی ئەم ماددەیەو خەسارە کورتخایەنو درێژخایەنەکانی مەسرەفی ماددە سڕکەرەکانو بە تایبەتی ماددەی شیشە، هەڵ دەگرێ هەڵمەتو کاری هەرەوەزیی لە ئاستی حیزبو ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانو راگەیەنەکانیان بە تایبەتی تەلەڤیزیۆنەکانیانو دامەزراوەو چالاکانی مەدەنیی نیوخۆو دەرەوەی کوردستانی لە سەر بکرێ.
**
غافڵبوون و بێتەفاوەتبوون لە زیانەکانی ئەو دیاردەیەو نەبوونی بەربەرەکانییەکی گشتیو هەمەلایەن لە گەڵ نیازی چەپەڵی کردنی کوردستان بە کارگەی بەرهەمهێنانو سادرکردنی ماددە سڕکەرەکان، کەمتەرخەمییەکی گەورەیە. کەمتەرخەمییە لە ئاست ئێستاو داهاتووی کۆمەڵو خەڵکێک کە خەریکە دەبن بە نێچیرو پارووی بازرگانانی فرمێسکو خوێن. لە سەر هەموو حیزبو ڕێکخراوێکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانو لە سەر گشت لایەنو تاکێکی وشیارو بەرپرس لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات پێویستە بەرامبەر ئەم هەڕەشەو مەترسییە، وەدەنگ بێن. هەڵویست هەبوونو هاتنە مەیدان بەرامبەر بەو هەڕەشەو مەترسییە، ئەرکێکی ئینسانیو ئەخلاقیو نەتەوەییە. کاتی ئەوە هاتوە بە هەموان ئیرادەیەک دروست بکەین بۆ وەڕێخستنی هەڵمەتێکی گشتی لە دژی دوژمنانو سووتێنەرانی سڵامەتیو زیندوێتیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان.